ستریندبێرگ و نۆرێن دەگەڕێنەوە بۆ ستۆکهۆڵم
دوو ژن و دوو مۆنۆدراما
ڕۆمانێکی بچووک
En liten roman
بینەران لە سێ لاوە لەسەر شانۆکە، بەرامبەر دیوارێکی ڕەش و دەرگایەکی نیوە کراوە، نزیک لە ئەکتەرەکەوە دانیشتون. تەنیا ڕووناکییەکی سپی، هێندەی دەلاقەی دەرگاکە ڕاڕەوێکی باریکی ڕووناک کردۆتەوە. ئەکتەرەکە لەو دەلاقەیەوە دێتە دەرەوە و لەنێو ڕووناکییەکی کز و تاریکییەکی ڕەشدا، بێ جووڵە و بێدەنگ دەوەستێت. مۆنۆدرامای “ڕۆمانێکی بچووک” هەڵکۆڵین و قووڵبوونەوەیە بە نێو یادەوەری و گەڕانەوەی ڕابردوویەکی پڕ لە ئازار و منداڵییەکی بێ ناز و سەرگەردان. ئەم یادەوەرییانە لەناو چەندین توێژاڵی هەست و نەستی ڕابردووی کارەکتەرەکەدا، بە چڕی کار دەکات و کاریگەرییەکی بەهێز بەسەر ئێستاشییەوە بەجێ دەهێڵێت؛ ئەم کاریگەرییانە فۆرمی جیاواز لە خۆ دەگرن، بۆ نموونە وەک دێوزمەیەکی ئاڵۆز، کە خەونەکان دەکاتە دۆزەخ، هەندێک جاریش لە شێوەی گێڕانەوەیەکی ڕاستەوخۆ و ڕوون و ڕەواندا، ئەوەمان پیشان دەدات، کە چۆن لە هەمان کاتدا، دەبینە قوربانی و نێچیری یەکتری.
لاش نۆرێن، بە ماوەیەکی کورت بەرلەوەی کۆچی دوایی بکات، کورتە ڕۆمانێکی نووسی، ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانەی لە کارەساتێکی واقیعییەوە وەرگرتووە. لەم ڕۆمانەدا باسی “لیزا مۆنتگۆمێری” دەکات، کە لە ساڵی ٢٠٠٤دا لە ئەمەریکا، ژنێکی دووگیان لە ماڵەکەی خۆیدا دەکوژێت و هەر لەوێدا سکی هەڵدەدڕێت و منداڵەکەی دەفڕێنت. ئەم تاوانە دەنگدانەوەیەکی زۆری دایەوە و “لیزا” دوای دادگاییەکی خێرا لە ١٣/١/٢٠٢١دا لە سێدارە درا. “لیزا” ژیانێکی تراژیدی هەبووە، لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە لەلایەن مێردی دایکییەوە بە بەردەوامی ئەشکەنجە دراوە و دەستدرێژی کراوەتە سەر. چوار منداڵی دەبێت، کە توانای پەروەردە کردنییانی نابێت و لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە لێی دهسهنرێت و خۆشی بەشێکی زۆری ژیانی لەنێو نەخۆشخانە دەروونییەکاندا دەباتە سەر.
ئەم ڕۆمانە لە ئامادەکردنێکی چڕدا بۆ شانۆ، وەک مۆنۆدرامایەک لەسەر شانۆی شار نمایش دەکرێت. “ئەنیکە هەلین”، کە دوا ژنی لاش نۆرێنە، بەرجەستەیەکی قووڵی توندوتیژی تراومایەکی سەختی دەروونی دەکات. خودی ئامادەکردنی ڕۆمانەکە، وەک چەند پریشکێکی بەهێزی هەست و نەستێکی تێکشکاو، لەناو ژیانێکی پڕ لە کێشەدا، لەنێو ئاستە دەروونییە جیاوازەکانی کارەکتەرەکەدا دەردەکەوێت و لە سەر شانۆ و لە نواندنی ئەکتەرەکەدا ڕەنگ دەداتەوە. لە ڕۆمانەکەی “نۆرێن”دا کات لە گۆڕانکارییەکی بەردەوامدایە و دراماتۆرگی ڕوداوەکان، بە بەردەوامی چەمکی کات و شوێن دەگۆڕێت و کارەکتەرەکانی تێکەڵاو دەکات، بەڵام لە نمایشەکەدا، کات و شوێن چڕکراوەتەوە و تەنیا یەک “من” لێرە و لە ئێستادا هەیە، کە بەرامبەر بینەران دەوەستێتەوە. بۆ سڕینەوەی سنوورەکانی نێوان (ئێمە و ئەوان) دیدی دەرهێنان سنوورەکانی نێوان تەختەی شانۆ و هۆڵی بینەرانی بەتەواوی لابردووە و بینەران و پانتایی شانۆی لە یەک شوێندا کۆکردۆتەوە.
ئامادەکردنی دەقەکە، لە ڕۆمانەوە بۆ شانۆ و دیدی دەرهێنان، لە پرۆسەیەکی یەکانگیریدا، قووڵکردنەوەی تراژیدیاکە و فراوانکردنی مەودا مرۆڤایەتییەکە، پرۆسە هونەرییەکە لە دیدێکی گشتگر و گەردوونییەوە کاریان کردووە، نەک تەنیا بەرجەستەکردنی چارەسەرە تراژیدیاکەی “لیزا مۆنتگۆمێری”. لەم ڕووەوە دەقەکە هێڵێکی لۆژیکی گێڕانەوە لەخۆ ناگرێت، بەڵکوو جیوەییە و لە گۆڕانکارییەکی بەردەوامی کات و شوێندایە.
“ئەنیکە هەلین” وەک “لیزا” وردەکارییە پڕ لە ئازارەکان دەگێڕێتەوە: ئەو خوێنەی بە منداڵەکەوەیە، وشک دەکاتەوە، ئەو گوریسە پەمەییەی دەیکڕێت، تا قوربانییەکەی پێ بخنکێنێت، هەڵدەگرێت. ئەوەی ترسناکە، ئەم “لیزا”یە لەناو ئەم قەسابخانەیەدا، جۆرە ئاساییبوونێکی ژیانی ڕۆژانەی بۆ خۆی دابین کردووە و ئەوەی دەیکات، هیچ کاریگەرییەکی نییە. توندوتیژی بووە بە تەنیا ئامڕازێک، کە ئەو دەتوانێت مامەڵەی لەگەڵ بکات. نمایشەکەیش ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە، مرۆڤ چی لێ دێت، کە بەهای خۆی لە دەست دەدات. هەندێک جار مرۆڤ لە یەک کاتدا، جەلاد و قوربانییە، ئەم کارەکتەرەیش نموونەیەکە، کە لە هەموو ژیانیدا قوربانی بووە، تا لە کۆتایدا دەبێتە جەلاد. خاڵێکی تری گرینگ، کە ئەم نمایشە کاری لەسەر کردووە، ئەوەیە: “چی لە کۆمەڵگەیەک دێت، کە قوربانی و بێهێزەکان بەجێ دەهێڵرێن بۆ چارەنووسی خۆیان.”
خودی ڕۆمانەکە، بە شێوەیەکی ترسێنهر دەیەوێت خودی خۆی لەنێو تراومایەکدا وێنا بکات، کە لەوانەیە دەوروبەرەکەی بەو شێوە ترسناکە نەیبینن. چ دەقەکە و چ نمایش و دیدی دەرهێنانەکەیش، دووپات لە ڕاستییەک دەکەنەوە، کە ئەو ژنە لەناو ژان و ئازارێکی بێ سنوور و دابڕانێکی تەواووەتیدا ژیاوە. ئەم ژنە، کە نواندنەکەش ئەوەمان بۆ بەرجەستە دەکات، ئەوەیە، کە تەنیا لە پێداویستییەکانی خۆیەوە توانیویەتی دنیا ببینێت و هەست بە شتەکان بکات. “ئەنیکە هەلین”، وەک ئەکتەر، لە پانتاییەکی تەواو بۆشدا، تەنیا بە جەستە، دەنگ و نواندنێکی ئاست بەرز، ئەوەمان بۆ بەرجەستە دەکات، کە چۆن ئەم ژنە، دوای ئەو هەموو کارەساتەی بەسەری هاتووە، بووەتە نامۆ بەرامبەر بە خودی خۆی. ئەو لەدەرەوەی خۆیەوە ڕەفتار دەکات، ئەوەی ئەو دەیکات لە میکانیزمی هەست و هۆشی ئەودا نەماوە و بووە بە نامۆیهك بەرامبەر بە خۆی و ئەو دەوروبەری هەڵسوکەوتی تیادا دەکات.
“ڕۆمانێکی بچووک” دوای مردنی لاش نۆرێن لە ساڵی ٢٠٢٤دا بڵاو کراوەتەوە.
تەنیا
Ensam
تەنیا، یەکێکە لە چیرۆکە دیارەکانی ستریندبێرگ، کە لە ساڵی ١٩٠٣ دا نووسیویەتی. ئەم چیرۆکە وێنەیەکی چڕی ژیانی ڕۆژانە و بێوگرافیای ستریندبێرگ خۆیەتی و لە قۆناخێکی پڕ کێشەی ژیانێکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆز و دەروونیدا نووسیویەتی. ستریندبێرگ دوای ساڵانێک لە تاراوگە و ژیانێکی کولەمەرگی لە ساڵی ١٨٩٨دا دەگەڕێتەوە بۆ سوید و پاش ماوەیەکی کورت عاشقی “هارییەت بوسە” دەبێت، کە ئەکتەرێکی گەنج و شۆخی دیاری ئەو دەمەی شانۆ دەبێت لە ستۆکهۆڵم. ستریندبێرگ تەمەنی بەرەو کۆتاییەکانی ژیان دەڕوات و “هارییەت بوسە” خانمێکی گەنجی جوان. پەیوەندییەکە بەردەوام نابێت و جیا دەبنەوە. ستریندبێرگ لەم بارودۆخەدا چیرۆکی “تەنیا” دەنووسێت. مرۆڤێکی تەنیا و گۆشەگیر، لە پەنجەرەی ماڵەکەیەوە چاودێری خەڵک دەکات و ڕۆژانە پیاسەیەکی دوورودرێژ بە شەقامەکانی شاردا دەکات و چیرۆک لەو کەسانە دروست دەکات، کە بەڕێکەوت دەیانبینێت. کارەکتەرە تەنیاکەی ستریندبێرگ، کە خۆیەتی، تەنیایی بە باشتر دەزانێت لە تێکەڵاوبوون بە دەوروبەرێکی ڕوکەش و دووبارەبوونەوە، لەبری ئەوە پەنا دەباتە بەر خەیاڵ و چاودێریکردن و بیرەوەرییەکان. ستریندبێرگ، کە خۆی بە کوڕی کارەکەرێک دەزانی و یادەوەرییەکانی بەناوی “کوڕی کەنیزەکە”وە بڵاو دەکاتەوە، بەڵام لەم دوا ڕۆژانەی ژیانیدا خۆی وەک ئەرستۆکراتێک دەبینی و لەگەڵ هەموو کەسێکدا لە کێشەدا بوو. تەواو خۆی گۆشەگیر کردبوو، کە دەیوویست ئەو گۆشەگیرییە بکات بە هزرێکی فەلسەفی، بەڵام لەو گێژاوەی تیا دەسووڕایەوە، لەناو ئەو هەموو کێشەیەدا، کە لەو ڕۆژانەدا هەی بوو، نەیتوانی بێتە دەرەوە.
“ئانە پێترشۆن”، کە بە خوێندنەوە ڕادیکاڵ و جیاوازەکانی بۆ شانۆنامەکانی ستریندبێرگ ناسراوە، ئەم کورتەچیرۆکە، لە ئامادەکردنێکی شانۆییدا، لە دەرەوەی هەموو جۆرە شوێن و کاتێکەوە، نمایش دەکات و تەواو لە ژینگەکەی خۆی دایدەبڕێت و شتێکی تری لێ دروست دەکات. ئەم دەرهێنەرە، وەک هەنگاوی یەکەم، کارەکتەری چیرۆکەکە، کە ستریندبێرگ خۆیەتی، کردوە بە ژنێک. ژنێک بە جانتایەکی گەورەی شانەوە دێتە سەر شانۆیەکی تەواو بۆش. ستریندبێرگ لە بێهیوایی و شەڕە بەردەوامەکانی خۆیەوە لەگەڵ چواردەورەکەی، بە کەل و پەلی ناو جانتاکەیەوە، دێتە نێو ئەم دنیا پڕ لە شەڕ و کێشە نوێیەی ئەمڕۆمانەوە؛ ئەوروپا و ناتۆ و دورگەی گرێونلاند.
ئەم ژنە ئەکتەرە، کە وێنایەکی تری ستریندبێرگ-مان لەم ساتە پڕ لە جەنگ و کاتە ئاڵۆزەی دنیادا بۆ دەکات، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بینەران دروست دەکات و ڕووبەڕووی چەندین پرسیاری سەختی بێ وەڵاممان دەکاتەوە. دەرهێنەری نمایشەکە، کە هەر خۆیشی چیرۆکەکەی ئامادە کردوە، لەپڕ ستریندبێرگ-مان بۆ دەخاتە نێو ژینگە خەونئامێزەکەی، خەونەنمایشێکەوە، شانۆنامە بەناوبانگەکەی ستریندبێرگ. کارەکتەرەکە وەک لە ئاسمانەوە هاتبێتە خوارەوە و لە ڕەوشی مرۆڤ بپرسێت: مرۆڤ جێگای بەزەییە، دەبێتە ڕوویەکی تری “کچی ئیندرای خواوەند”ی “خەونەنمایشێک”. ئەم دەرهێنەرە وەک مۆسیقا کار لەسەر جەستەی ئەکتەر دەکات، ئەو بۆ نموونە کار لەسەر بنەما سایکۆلۆژی و ڕاستەهێڵییەکەی تەکنیکی گێڕانەوە و چەمکی دراماکە ناکات، بەڵکوو لە شتە بچووکەکان دەگەڕێت و لە چەندین ڕیتم و تۆنی جیاوازدا دایندەڕێژێتەوە.
زۆرجار دەرهێنەرە شانۆییەکان و شانۆکاران پەنادەبەنە بەر بەکارهێنانی سینەما و تەکنیکە سینەماییەکان بۆ سەرقاڵکردنی بینەران و شاردنەوەی عەیب و عارەکانیان، لێرەدا بەکارهێنانی تەکنیکی سینەما دەبێتە بەشێکی گرینگ و چنینێکی وردی نێوان تەکنیکی نواندن، ئەکتەر و هەروەها هۆڵی بینەران و بینەر.
“تەنیا” نمایشیکی کورتی شانۆییە، کە بەرجەستەی تەنیایی مرۆڤ لە کاتێکدا دەکات، دنیا بە ڕەوشێکی مەترسیداردا دەڕوات و مرۆڤە تەنیاکانیش، لەنێو دڵەڕاوکێ و دوودڵیدا تەنیاتر دەبن، بە شێوەیەک توانای بەڕەنگار بوونەوەی هیچ شتێکیان نەماوە. ئەم مرۆڤە تەنیایانە، نە خۆیان ڕادەست دەکەن، نە دەشبنە بەشێک لەم پلانە نوێیەی دنیا؛ لەبری ئەوە دەستبەرداری ژیانی کۆمەڵایەتی دەبن و دەکەونە ناو جۆرێک لە تەنیاییەوە، کە خۆیان هەڵیانبژاردووە.

