(خه‌ڵاتی دانا ڕه‌ئووف) بۆ شانۆنامه‌ی کوردی

هه‌موو ساڵێک له‌ هه‌مان کات و ڕۆژدا ئه‌م خه‌ڵاته‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

بۆ ساڵی ٢٠٢٥، مۆڵه‌تی ناردنی شانۆنامه‌ (٢٠٢٤/١١/١ بۆ ٢٠٢٥/٥/١٥)

خەڵاتێک لە پێناوی شانۆ و شانۆنامەی کوردیدا! (ناوەندی بڵاوکردنەوەی کەپر لە پێناوی برەودان بە نووسینی دەقی شانۆیی و هاندانی شانۆنامەنووساندا خەڵاتێکی ساڵانە پێشکەش دەکات.)
نووسه‌رانی شانۆنامه‌ی کوردی، ئاگاداری کاتی دیاریکراوبن بۆ به‌شداری و ناردنی شانۆنامه‌کانتان.
لە ١ی مانگی ١١ی هەموو ساڵێکدا تا ١٥ی مانگی ٥ی ساڵی دواتر دەتوانن به‌شداربن.
شانۆنامەکانتان بۆ: info@danamarouf.com


مەرج و زانیاری بۆ ئەو نووسەرانەی دەیانەوێت بەشداری بکەن:

  1. خەڵاتی دانا ڕەئووف بۆ شانۆنامەی کوردی بۆ ئەو نووسەر و شانۆنامه‌نووسانه‌یه به ‌زمانی کوردی شانۆنامە دەنووسن. ته‌مه‌ن و شوێنی نیشته‌جێبوون گرنگ نین، هه‌موو که‌سێک ده‌توانێت به‌شدار بێت.
  2. نووسەر پێویسته دەقەکەی خۆی بە فایلی وۆرد و بە فۆنتی یونیکورد بنووسێت و لەگەڵ دەقەکەیدا، سی ڤیی خۆیشی هاوپێچ بکات.
  3. دەقی نێردراو نابێت پێشتر بڵاو کرابێتەوە یان نەمانیش کرابێت.
  4. گرنگ، ده‌قه‌که‌ نابێت له ٣٠ لاپه‌ڕه‌ی (A4) که‌متربێت.
  5. خەڵاتی دانا ڕەئووف بۆ شانۆنامەی کوردی گرنگییەکی زۆر بە زمانی کوردی دەدات. دەق دەبێت بە زمانێکی پاراو نووسرابێت و خاڵبەندی و ڕێنووسی دروستی کوردی ڕەچاو کرابێت.
  6. بەڕێوەبەرانی کەپر دەقەکان دەخوێننەوە و بیروبۆچوونی خۆیان تاوتوێ دەکەن. بە دەر لە بەڕێوەبەرانی کەپر، بۆ هەڵسەنگاندنی دەقەکان، پرس و ڕاوێژ بە نووسەران و پسپۆڕانی دیکەیش دەکرێت.
  7. شانۆنامه‌ی هه‌ڵبژێردراو به‌ بڕی (٥٠٠ دۆلار) خه‌ڵات ده‌کرێت، ئەمەیش وه‌کو پشتگرییه‌کی دارایییە بۆ نووسەر و ماندووبوونەکەی.
  8. ناوەندی کەپر لە هەموو ساڵێکدا، له ڕێوڕه‌سمێکی تایبەتدا ناوی دەقی براوە ئاشکرا ده‌کات.
    بێجگە لەو بڕە پارەیە کە بە دەقی هەڵبژێردراو دەدرێت، ناوەندی کەپر هەوڵ دەدات دەقەکەیش وەک کتێب چاپ و بڵاو بکاتەوە.
  9. په‌یکه‌ری خه‌ڵاته‌که‌ هه‌موو ساڵێک له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند (شوان که‌مال)ه‌وه دروست ده‌کرێت.


وتاری ناوەندی کەپر: شانۆ یەکێکە لە دێرینترین فۆرمەکانی هونەر، هونەرێکە چەندین هونەری تر لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە و ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی بینەران دەبێتەوە. هونەری شانۆ هونەرێکی زیندووە، لە پەیڤێکی بەردەوامدایە لەگەڵ ویژدانی مرۆڤایەتی و هونەرێکە پەیوەستە بە شارستانییەت و ئازادی ڕادە‌ربڕین.

دەقی شانۆیش، کە گرنگترین پایەکانی ئەم هونەرەیە، وەک خودی هونەرێ شانۆ دێرینە و دەتوانین بڵێن (دەقی شانۆیی) یەکێکە لە ژانرە ئەدەبییە سەرەتایییەکانی سەرهەڵدانی ئەدەب لە شارستانییەتی مرۆڤایەتیدا.

دەقی شانۆیی بەر لە هەموو ژانرەکانی تر: چیرۆک و ڕۆمان و تەنانەت شیعریش سەری هەڵداوە. دەقە شانۆییەکانی سێکوچکەی تراجیدیای گرێکی (ئێسخلیۆس، سۆفۆکلیس، یوربیدس) هاوکات ئەرستۆڤانیس، کە زیاتر لە دووسەد هەزار ساڵ لەمەوبەر نووسراون، تا ئێستا لەسەر شانۆکانی جیهان پێشکەش دەکرێنەوە. هاوکات ئەم شانۆنامەنووسانە، بە دەقە شانۆییەکانیان سروش بەخشیکی گەورە بوون بۆ هەزاران لە شانۆنووسەکانی دنیا. لەبەر ئەوە مێژووی دەقی شانۆیی، هێندەی مێژووی شانۆ دێرینە و کتێبخانەکان هەزارەها شاکاری گەورەی لە دەقی شانۆیی، لە هەموو سووچێکی دونیاوە بۆ پاراستووین و بەردەوام ئەم دەقە شانۆییانە و هەزارەها دەقی تری نوێ، کە لە هەموو دونیادا بە بەردەوامی دەنووسرێن و ڕەوتی شانۆی جیهانی دەوڵەمەند دەکەن، لەسەر شانۆکان نەمایش دەکرێن.

بەداخەوە شانۆی کوردی لە ڕووی دەقی شانۆییەوە ئێجگار هەژارە و تا ئێستا، هەر بۆ نموونە هیچ نووسەرێکمان نییە، کە بە تەواوی خۆی بۆ نووسینی دەقی شانۆیی تەرخان کردبێت؛ هەژاری شانۆکەیشمان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی و هەژاری دەقی شانۆیی، کە بە قەڵەمی نووسەرە کوردەکان نووسرابن. شوناسی شانۆکەشمان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پابەندە بە بوونی دەقی شانۆییەوە و ئەم ژانرە گرنگەی شانۆ ڕۆڵێکی گەورەی لە گەشە و دروست بوونی شووناسی تایبەت بە شانۆکەمان هەیە.

هەر لەم ڕوانگەیەوە، ناوەندی کەپر ساڵانە خەڵاتی دانا ڕەئووف بۆ دەقی شانۆی کوردی ڕاگەیاندووە، بەو هیوایەی لەپاڵ فیستیڤاڵ و پێشبڕکێکانی تری دەقی شانۆیی، هەر بۆ نموونە ئەو فێستیڤاڵەی ناوەندی تاڤ بۆ دەقی شانۆیی تەرخانی کردووە، برەو بەم بوارە گەورە و گرنگەی شانۆی کوردی بدات و ڕۆڵێکی هەبێت لە هێنانە کایەی دەقی دانسقە و برەودان بە ڕەوتی شانۆی کوردی.

ناوەندی کەپر، ساڵانە خەڵاتێکی ٥٠٠ دۆلاری بۆ براوەی ئەو خەڵاتە تەرخان کردووە، ئەمە جگە لەوەی دەقی براوە، لە بەرگێکی جوان و شایستەدا چاپ و بڵاو دەکرێتەوە، بەو هیوایەی ڕۆڵی لە گەشەی شانۆی کوردی و دەقی شانۆی کوردیدا هەبێت.

شانۆنامەى بێژەر
نووسین: ڕێبین خدر
(براوه‌ی خه‌ڵاتی دانا ڕه‌ئووف بۆ شانۆنامه‌ی کوردی ٢٠٢٣)
لەوانەیە ئەو سەردەمە تێپەڕى بێ باس لە سەرکەوتن و دواکەوتوویى لە شانۆ و کەمى شانۆنامەى کوردى بکەین، چونکە ئەمە بوارێکە بە چەندایەتى ناپێورێ بەڵکو بە چلۆنایەتى. دەشێ بۆ ئەدەبى فرانسى تەنیا مۆلیێر و ئەلبێر کامو و بێکێت هەموو دنیاى شانۆ و دراماى ئەوان بێ، لە کاتێکدا دەزانین سەدان نووسەر و هەزاران تێکستى شانۆییان هەیە. بۆ ئێمەش هەروایە، سەرەڕاى مێژووى سنووردارى شانۆى کوردى دەشێ تێکستێکى جوان ببێتە نموونەیک بۆ جیهانێکى دەوڵەمەند و تێسکتێکى شانۆیى تازە و هەموو مەرج و هەڵکەوتێکى تەکنیکى و درامى تێدابێ، واتە تێکستێکى سەرکەوتوو، تێکستێکى جوان کە بە چەشە و سەلیقەیەکى جوان نووسرابێ، ئەوا ئەم شانۆنامەیەیە: بێژەر لە نووسینى کام رێبین خدر.
ئەم شانۆنامەیە وەک ناوەڕۆک باس لە کۆمەڵێک بابەت دەکا کە پەیوەندییان بە ژیانى ئەمڕۆوە هەیە. ژیانى هاوچەرخ، ژیانى شار و کێشە کۆمەڵایەتییەکان، چۆن هەندێ جار یان بەردەوام مرۆڤ بە ئامانجى سوودى ماددى دامەزوراوە و کەسایەتییەکان، بچووک دەکرێتەوە، لە پێناوى ڕواڵەتبازییەکى سەیر بەکاردەهێندرێ، دەکرێ بە شت، نووسەر ژیانى ژنە بێژەرێک دەگێڕێتەوە، بێگومان ئەم گێڕانەوەیە بە دیمەن و دیالۆگى شانۆیى و دروستکردنى هەڵکەوتى دراماییین، هەر دیمەنێک تێما و دیمەنێک یان جیهانێکن، لەهەر یەکێکییانیش کێشەکان بە ئاستى پێویست تێدەپەڕن، دراما و ڕووداو لە گەشەسەندنن تا کۆتایى. شانۆنامەکە دەوڵەمەندە بە دیالۆگى رێک و سەرنجراکێش، کە دواجار هەمووى بەرەو ئەو تێمایە دەچێ ئەو پرسیار بکرێ: ژیان بۆ ئاوا سەخت بووە، ئێمە بەرەو کوێ دەچێن.
من دەمێکە کاک رێبین خدر دەناسم، ئەوسا کە تازە یەکەم کۆمەڵە شیعرى خۆى بڵاوکردەوە بە تاسەوە خوێندمەوە، هەستم کرد ئەگەر بەردەوەام بێ ئاییندەیەکى گەشى دەبێ، ئەمەتە ئەم ئاییندەیە جارێکى دى لەم تێکستەوە دەرکەوتووە، ئەمەش ئومێدێکى خۆشمان پێدەبەخشێ دیسان هیواى تر بخوازین و چاوەڕێى تێکستى هێشتا لەم جوانتریشى لێبکەین. هەر سەرکەوتوو بێ.
موحسین ئەحمەد عومەر (ئه‌ندامی دادوه‌ری خه‌ڵاتی دانا ڕه‌ئووف بۆ شانۆنامه‌ی کوردی)
وتاری ڕێبین خدر بۆ خەڵاتی دانا ڕەئووف
سڵاو و خۆشەویستیی زۆرم ئامادەبووانی هێژا!
بەڕێزان ڕێکخەرانی کێبڕکێی خەڵاتی دانا ڕەئووف بۆ شانۆنامەی کوردی، ئەندامانی ناوەندی کەپر، لیژنەی هەڵسەندگاندن، سوپاستان دەکەم و زۆر خۆشحاڵم بە وەرگرتنی خەڵاتەکە، خۆشحاڵتر کە خەڵاتێکە بۆ شانۆنامە و پەیوەستە بە دنیای ئەفسوونئامێز و جادوویی شانۆ و نمایشی شانۆیی. دنیایەک بە ڕادەیەکی زۆر لە هەمان چاڵ دەچێت (ئەلیس) ئەو دەمەی دوای کەروێشکەکە کەوت، کەوتە ناوی. شانۆش بەهەمان شێوە چاڵێکی خەیاڵبزوێن و سەرسوڕهێنە، بەڵام ئۆسکار وایڵد گوتەنی واقیعی تریشە لە خودی ژیان خۆی.
دنیای شانۆ، دنیایەکە دەرفەت بە مردووان دەدات دووبارە نان بخۆن، دووبارە ئەویندار ببن، دووبارە ئایسکرێم بخۆن و هەست بە ئازاری ددانەکانیان بکەن. ڕێ بە تارماییەکان دەدات بێنە ناو گەمە و ململانێیەکانی ژیان، خواوەندەکان دابەزنە سەر زەویی و – تەنانەت شانۆ پاسپۆرتێکشمان پێ دەدات بتوانین بە کامی دڵی خۆمان بەناو زەمەندا گەشت بکەین. کاتێک دەچینە دنیای شانۆوە، ڕابردوو و داهاتوو دراوسێمانن، لە یەک کاتدا دەتوانین منداڵ بین و پیریش، مرۆڤ بین و باڵندەش. هەموو ئەمانەش زۆر زیندوو، زۆر زیندوو و بەرجەستە، زۆر نزیک!
منیش بێگومان شەیدای ئەم ئازادییە ڕەهایەم، شەیدای ئەم شێتییە هەڵاییساوە و بزۆزەم کە شانۆ دەیبەخشێت، بەتایبەت ئەو دەمەی دەبینم لە نووسینی شانۆنامەدا پێویست ناکات لە ژانرەکانی دیکەی ئەدەب داببڕێم.
شانۆنامە دەبێتە خوانێک یا سەکۆیەک هەموو ژانرە ئەدەبیی و هونەرییەکان لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە. بۆ کەسێک دڵی بە ڕێ کردن لەگەڵ زمان، بە گەمەکردن لەگەڵ زمان خۆش بێت، شانۆنامە چەشنی سەیرانێکە، جۆرێکە لە سەرکەشیی و گەیشتن بە دۆخە زۆر زۆر هەستیارەکانی نووسین. زۆر هەستیارە ئەو دەمەی تەنیا دیالۆگی نێوان کارەکتەرانت لەبەر دەستە تا بتوانی چیڕۆکێکی زیندوو، ژیانێک بخوڵقێنیت، زۆر هەستیارە ئەودەمەی جیاواز لە نووسینی چیڕۆک و ڕۆمان پێویستت بە کۆمەڵێک چاوە بۆ ئەوەی لە کاتی نووسیندا هەم چاودێری تەختەی شانۆ، هەمیش بینەران، هەمیش فەزایەکی دیکە بکەیت لە دەرەوەی کاغەز.
بۆ نووسینی شانۆنامەی (بێژەر) هەوڵمدا بۆ ساتێک لە ئەشکەوتی کاغەز بچمە دەرەوە و لەگەڵ کارەکتەرەکانم بچمە سەر تەختەی شانۆ. هەڵبەت تەختەیەکی ئەندێشەیی، بەڵام زۆر ڕوون لەبەر چاوانم.
بۆ منێک پێشووتر شیعر، چیڕۆک، ڕۆمانم نووسیون ئاسان نەبوو ئەشکەوتی کاغەز جێ بهێڵم، بەڵام دەرچوون لەو خەڵوەتە و بوون بە خاوەنی چەند چاوێکی دیکە، کە شانۆنامە دەیبەخشێت، چێژبەخش بوو، ئەزموونێکی دیکە بوو.
(خەڵاتی دانا ڕەئووف) دەتوانێت ڕۆڵێکی زۆر باشی هەبێت لە هەڵگرتنی ئەم دیوارە لەنێوان کاغەز و تەختەی شانۆدا. کەشێکی وا درووست بکات نووسەران بە دیوە نەبینراو و گرنگەکانی شانۆ، بە جیهانی جادووئامێز و خوڵقێنەری دەرهێنان ئاشنا بکات. ئەمەش بە قازانجی شانۆنامەی کوردی و شانۆی کوردیە.
بەڕێزان من لەم دوورەوە لەوە زیاتر ناڵێم. بڕیار نییە باس لە شانۆنامەکەم بکەم، چونکە من بۆ ئەوە نووسیومە، تا باسی نەکەم. دووبارە سوپاسی ئەو کەسانە دەکەم لەپێشدا سوپاسم کردن، ڕێز و خۆشەویستیی زۆرم بۆ ئامادەبووان،
هەر بژین!

به‌ناوی ناوەندی که‌پر، ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ران و دادوه‌رانی خه‌ڵاتی دانا ڕه‌ئووف بۆ شانۆنامه‌ی کوردی، پیرۆزبایی له نووسه‌ری شانۆنامه‌ی (بێژەر) ڕێبین خدر ده‌که‌ن.
بەشانازییەوە ئەوە لێرەدا دەڵێین: خەڵاتی دانا ڕەئووف بۆ شانۆنامەی کوردی، ساڵانەیە و بە پەیکەرێک (کاری شوان کەمال) و بڕی (٥٠٠ دۆلار) براوە خەڵات دەکرێت، ھەروەھا چاپکردنی شانۆنامەی براویش.

پۆسته‌ری خه‌ڵاتی دانا ڕه‌ئووف بۆ شانۆنامه‌ی کوردی

به‌ڕیوه‌چوونی خەڵاتی دانا ڕەئووف بۆ شانۆنامەی کوردی ٢٠٢٢

ڕۆژی ١٣ی چواری ٢٠٢٢، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا، لە شاری سلێمانی و لە تەلاری هونەر/ هۆڵی چێوار بەڕێوەچوو.

دوای خۆئامادەکردنی ستافی بەڕێوەبەرانی (خەڵاتی دانا ڕەئووف بۆ شانۆنامەی کوردی) بۆ ساڵی ٢٠٢٢. کە ٢٠٢١/١٠/١٥ یەکەم ڕۆژی مۆڵەتی ناردنی شانۆنامەی بەشداربوو، تاوەکوو ٢٠٢٢/٢/١٥ مۆڵەت درابوون، شانۆنامە بەشدارەکان لەلایەن ناوەندی کەپرەوە وەرگێڕان و ناوی نووسەری شانۆنامەی بەشداریان لەسەر لابردن و ژمارەیان بۆ دانان، تاوەکوو دادوەران نەزانن کێ نووسەری کام شانۆنامەی بەشدارە. پاشان بۆ لیژنەی دادوەری خەڵاتیان ناردن، بەو جۆرە لە مانگی سێی ئەمساڵدا سێ شانۆنامەیان لێ هەڵبژاردن، پاشان بە کۆی دەنگ شانۆنامەی (بێ وچان تا تایمز) بۆ براوەی خەڵاتەکە دەستنیشان کرا.

ناوەندی کەپر شانۆنامەی براوەی (بێ وچان تا تایمز)ی بە چاپ گەیاند و نووسەری شانۆنامەکەی بە بڕی ۵۰۰ دۆلار خەڵات کرد، ئەمەش وەکوو پشتگیرییەکی داراییی بۆ نووسەر و ماندووبوونەکەی. هەروەها پەیکەری خەڵاتی دانا ڕەئووف بۆ شانۆنامەی کوردی پێشکەش کرد، پەیکەرەکە لەلایەن هونەرمەند (شوان کەمال)ەوە لە کەرەستەی برۆنز لە وڵاتی سوێد دروستکراوە.


شانۆنامەی بێ وچان تا تایمز

ساڵی ٢٠٢٢ محەمەدعەلی دەستماڵی (دانیشتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) براوەی خەڵاتی دانا ڕەئووف بۆ شانۆنامەی کوردی. بە ئامادەبوونی دانا ڕەئووف و شانۆکاران و دۆستانی هونەر و ئەدەب ئاهەنگەکە بەڕێوەچوو، پاشان موحەمەدعەلی دەستماڵیی نووسەری (بێ وچان تا تایمز) خەڵات کرا.

بەرنامەی ڕۆژی ڕاگەیاندنی خەڵاتەکە به‌مجۆره‌بوو:

  • پێشکەش کردنی پارچە مۆسیقایەک له‌لایه‌ن گرووپی میوزیکی سنه‌وبه‌ر.
  • گوتاری ناوەندی کەپر
  • گوتاری وەزارەتی ڕۆشنبیری
  • گوتاری بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەر
  • ڕاگەیاندنی دەقی براوە و پێشکەش کردنی خەڵاتەکە
  • گوتاری کەسی براوە (محه‌مه‌دعه‌لی ده‌ستماڵی)
  • خوێندنەوەی بەشێك لە شانۆنامەکە (بێ وچان تا تایمز) لەلایەن چەند ئەکتەرێکەوە
  • گوتەیەکی نووسه‌ر و شانۆکار دانا ڕەئووف
  • ڕاگەیاندنی خەڵاتەکە بۆ ساڵی داهاتوو
  • واژوکردنی کتێبی شانۆنامە براوەکە لەلایەن نووسەرەوە.
  • ناوەندی کەپر دەستەی بەڕێوەبەرانی خەڵاتی ئەمساڵی بە چەندیین کتێبی ناوازە، کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا چاپ کرابوون خەڵات کرد.

دانا ڕەئووف نووسەر و شانۆکار و دراماتۆرگ، لە بەغدا هونەری شانۆی تەواو کردووە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی شانۆی ئەزموونگەری کوردی و لە ساڵی ١٩٩٢ وە لە ستۆکهۆڵم دەژی. لە سوێدیش خوێندنی شانۆیی پراکتیکی و شانۆی پێداگۆگی خوێندووە. لە ستۆکهۆڵم تیپی شانۆی تایبەت بە خۆی (شانۆی پریشکی نێونەتەوەیی) هەبووە و وەک ئەکتەر و دەرهێنەر بە سوێدی و لەگەڵ شانۆی سوێدی کاری کردووە. بۆ ماوەی شەش ساڵ لە شانۆی پادشایەتی لە ستۆکهۆڵم و دوو ساڵ لە شانۆی گەل و شانۆی دەوڵەت کاری کردووە. لە دوو کتێب دا، یەکێکیان بە ئینگلیزی و ئەوی تریان بە سوێدی لەلاین پسپۆڕانی زانستەکانی شانۆوە، لێکۆڵینەوە لەسەر کار و چالاکییەکانی کراوە. تا ئێستا ٤٥ کتێبی لە بواری شانۆدا چاپ کردووە، چەندان دەقی شانۆیی و لێکۆڵینەوەی لە زمانی سوێدییەوە کردووە بە کوردی، هاوکات سێ کتێبیشی بە سوێدی بڵاو کردووەتەوە. یەکێک لە کتێبە سوێدییەکانی (ڕەوش و داهێنان) لە زانکۆی ستۆکهۆڵم و زۆربەی پەیمانگاکانی هونەری شانۆ، وەک مەنهەجی خوێندن بەکار هێنراوە، شایانی باسە، ئەم کتێبە کارین هیلاندەر، پرۆفیسۆر لە زانستەکانی شانۆ، زانکۆی ستۆکهۆڵم پێشەکی بۆ نووسیوە. لە پەیمانگای هونەری نواندن لە ستۆکهۆڵم وانەی گوتووەتەوە، هاوکات مامۆستای شانۆیە، هەروەها چەندان سیمیناری لە سوێد و لە کوردستان سەبارەت بە شانۆ، بە سوێدی و بە کوردی پێشکەش کردووە. بەشداری چەندان کۆڕ و سیمیناری لە سوێد، دانیمارک و ئینگلتەرا کردووە. جگە لە نووسین و وەرگێڕان و کتێبە تیۆرییەکانی بیست دەقی شانۆیی نووسیوە.
دانا ڕەئووف سەرپەرشتی بڵاو کراوە شانۆییەکانی کوردستان کردووە، بۆ نموونە گۆڤاری شانۆ و زنجیرەی دەقی شانۆیی بیانی لە دەزگای ئاراس، ئێستا سەرپەرشتی دە‌رکردنی گۆڤاری (تاڤ) دەکات، کە تایبەتە بە شانۆ و لە سلێمانی دەردەچێت.

محەمەد عەلی دەسماڵی لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٧ی زایینی لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، هەتا ئێستا ٢ کۆمەڵە چیرۆک و یەک کۆمەڵە شیعری بە فارسی بڵاو کردووەتەوە. هەروەها لە زمانی تورکییەوە کۆمەڵە شیعری هاوچەرخی لەژێر ناوی (قاوەی تاڵ)دا، بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە. بە کۆمەڵە چیرۆکی (ددانی حەزرەتی ئەشرەف)، خەڵاتی دووەمی ئەدەبی سادق هیدایەتی پێ بەخشراوە.

محەمەدعەلی دەستماڵی بێجگە لە کاری نووسینی چیرۆک، لە مێژە سەرقاڵە بە ڕۆژنامەوانی و کارناسی پرسەکانی تورکیا و سووریا و هەرێمی کوردستانەوە. هەروەها چەندین وتار و ڕاپۆرت و هەڤپەیڤینی ناوازەی لە میدیا ناوخۆیییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گۆڤار و ڕۆژنامە جیهانییەکان بڵاو کردووەتەوە.


 

وتاری ناوەندی کەپر: شانۆ یەکێکە لە دێرینترین فۆرمەکانی هونەر، هونەرێکە چەندین هونەری تر لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە و ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی بینەران دەبێتەوە. هونەری شانۆ هونەرێکی زیندووە، لە پەیڤێکی بەردەوامدایە لەگەڵ ویژدانی مرۆڤایەتی و هونەرێکە پەیوەستە بە شارستانییەت و ئازادی ڕادە‌ربڕین.

دەقی شانۆیش، کە گرنگترین پایەکانی ئەم هونەرەیە، وەک خودی هونەرێ شانۆ دێرینە و دەتوانین بڵێن (دەقی شانۆیی) یەکێکە لە ژانرە ئەدەبییە سەرەتایییەکانی سەرهەڵدانی ئەدەب لە شارستانییەتی مرۆڤایەتیدا.

دەقی شانۆیی بەر لە هەموو ژانرەکانی تر: چیرۆک و ڕۆمان و تەنانەت شیعریش سەری هەڵداوە. دەقە شانۆییەکانی سێکوچکەی تراجیدیای گرێکی (ئێسخلیۆس، سۆفۆکلیس، یوربیدس) هاوکات ئەرستۆڤانیس، کە زیاتر لە دووسەد هەزار ساڵ لەمەوبەر نووسراون، تا ئێستا لەسەر شانۆکانی جیهان پێشکەش دەکرێنەوە. هاوکات ئەم شانۆنامەنووسانە، بە دەقە شانۆییەکانیان سروش بەخشیکی گەورە بوون بۆ هەزاران لە شانۆنووسەکانی دنیا. لەبەر ئەوە مێژووی دەقی شانۆیی، هێندەی مێژووی شانۆ دێرینە و کتێبخانەکان هەزارەها شاکاری گەورەی لە دەقی شانۆیی، لە هەموو سووچێکی دونیاوە بۆ پاراستووین و بەردەوام ئەم دەقە شانۆییانە و هەزارەها دەقی تری نوێ، کە لە هەموو دونیادا بە بەردەوامی دەنووسرێن و ڕەوتی شانۆی جیهانی دەوڵەمەند دەکەن، لەسەر شانۆکان نەمایش دەکرێن.

بەداخەوە شانۆی کوردی لە ڕووی دەقی شانۆییەوە ئێجگار هەژارە و تا ئێستا، هەر بۆ نموونە هیچ نووسەرێکمان نییە، کە بە تەواوی خۆی بۆ نووسینی دەقی شانۆیی تەرخان کردبێت؛ هەژاری شانۆکەیشمان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی و هەژاری دەقی شانۆیی، کە بە قەڵەمی نووسەرە کوردەکان نووسرابن. شوناسی شانۆکەشمان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پابەندە بە بوونی دەقی شانۆییەوە و ئەم ژانرە گرنگەی شانۆ ڕۆڵێکی گەورەی لە گەشە و دروست بوونی شووناسی تایبەت بە شانۆکەمان هەیە.

هەر لەم ڕوانگەیەوە، ناوەندی کەپر ساڵانە خەڵاتی دانا ڕەئووف بۆ دەقی شانۆی کوردی ڕاگەیاندووە، بەو هیوایەی لەپاڵ فیستیڤاڵ و پێشبڕکێکانی تری دەقی شانۆیی، هەر بۆ نموونە ئەو فێستیڤاڵەی ناوەندی تاڤ بۆ دەقی شانۆیی تەرخانی کردووە، برەو بەم بوارە گەورە و گرنگەی شانۆی کوردی بدات و ڕۆڵێکی هەبێت لە هێنانە کایەی دەقی دانسقە و برەودان بە ڕەوتی شانۆی کوردی.

ناوەندی کەپر، ساڵانە خەڵاتێکی ٥٠٠ دۆلاری بۆ براوەی ئەو خەڵاتە تەرخان کردووە، ئەمە جگە لەوەی دەقی براوە، لە بەرگێکی جوان و شایستەدا چاپ و بڵاو دەکرێتەوە، بەو هیوایەی ڕۆڵی لە گەشەی شانۆی کوردی و دەقی شانۆی کوردیدا هەبێت.