لە کلاسیکەوە بۆ مۆدێرن
دانا ڕەئووف
لە کلاسیکەوە بۆ مۆدێرن
نووسەر: دانا ڕهئووف
بابەت: لێکۆڵینهوهی شانۆیی
چاپی دووهم: ٢٠٢٢
بەرگ و دیزاینی ناوەوە: ناوەندی بڵاوکردنەوەی کەپر
پڕۆژەی قەفتان و ناوەندی کەپر
لە بری پێشەکی
ئەم کتێبەی بەردەستتان گەشتێکی هەمەلایەنە بەنێو دراما و شانۆی جیهانیدا؛ لە شەکسپیرەوە بۆ ستریندبێرگ، ئیبسن و چێخەف و تا دەگاتە لاش نۆرێن و یۆن فۆسە. لە کلاسیکەوە بۆ هاوچەرخ و مۆدێرن.
گوتارەکانی ناو ئەم کتێبە ڕاڤه و لێکۆڵینهوهن له هزری شانۆ، تەکنیکی نووسینی شانۆیی، گوزەرکردن بە ڕاڕەوەکانی مێژووی شانۆ، ههروهها ڕیزکردنی ژیان و بەرهەمەکانی شانۆنامهنووسانی جیهانین، لە هەمان کاتدا، ئەم کتێبە پێداگۆگییە و دەکرێت سوودمەند بێت لە بواری خوێندن و فێرکردندا.
ئەم گوتارانە بەر لە ئێستا و وەک پێشەکی بۆ ئەو شانۆنامانە نووسراون، کە ڕاستەوخۆ لە زمانی یەکەمەوە کراون بە کوردی و لە زنجیرەی شانۆی جیهانیدا بڵاو کراونەتەوە. لێرەدا سەرلەنوێ پیایاندا چوومەتەوە، هەندێک شتم لابردووە، کە لەگەڵ بەرگی ئەم کتێبەدا ناگونجێن، هەندێک شتم زیاد کردووە، کە باسەکان دەوڵەمەندتر دەکەن و بە پێویستم زانیون، هەروەها لە ڕووی ڕێنووس و زمانیشەوە گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە.
هیوادارم ئەم لێکۆڵینەوانە دەروازەیەک بن بۆ پەیبردن بە ناواخن و ڕیشاڵە قووڵ و گرینگەکانی بەشێکی پڕ بەهای شانۆی جیهانی، لە هەمان کاتدا وێنەیەکی ڕوون و ئاشکرای گەشەکردن و بەرەوپێشەوەچوونی پایە گرینگەکانی ڕەوتی شانۆ بن لە کلاسیکەوە بۆ مۆدێرن و نووسەرە گەورەکانی ئەمڕۆی شانۆ. مەبەست لە بڵاو کردنەوەشیان لە بەرگێکدا، کۆکردنەوەی ئەو ڕەوتە پێشڕەوەی شانۆیە، ئەمە جگە لەوەی ئاسانکردنی گەڕانەوە و سوود لێوەرگرتنیانە، چ بۆ شانۆکاران و چ بۆ قوتابییانی هونەری شانۆ.
خوێنەر دەتوانێت بۆ خوێندنەوە و پیاچوونەوەی هەر شانۆنامەیەکیش، کە لەم کتێبەدا باسی لێوە کراوە، بگەڕێتەوە بۆ زنجیرەی شانۆی بیانی، کە لە دەزگای ئاراس بڵاو کراونەتەوە.
دانا ڕەئووف
٣٠/١١/٢٠٠٩
ستۆکهۆڵم