مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان

لە  “مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان” دا دەستم بۆ مەسەلەیەکی هەستیار بردوە، کە لەوەوبەر بە هیچ شێوەیەک کارم لەسەر نەکردوون؛ ئەویش مەسەلەی “تاوان و سزا”یە، هاوکات پەیوەندی ئەم دوو چەمکە بە مەسەلەکانی دەسەڵات و دەسەڵاتێکی توتالیتارەوە. پێنج کارەکتەر لە بەندیخانەیەکدا، هەریەکە و بە هۆکارێک گیراون، کە ڕووبەرووی دەسەڵاتێکی ڕەها و ستەمکار و توتالیتار دەبنەوە. لەم دەقەیشدا، وەک دەقەکانی ترم کارم لەسەر دەروونی مرۆڤ کردووە، بەڵام بە ئاڕاستەیەکی تر، بۆ نموونە ئەم کارەکتەرانە چەندە دەتوانن بەرگەی ئەشکەنجە و ئازار بگرن. هەروەها باسی ئەوە دەکات، دەسەڵات چەندە دەتوانێت، بێ ئەوەی بە خۆت بزانی بتگۆڕێت و تێکت بشکێنێت. لەم ڕووەوە کارەکتەرەکان لەنێو چەند ئەڵنگارییەکی جودادا لە پەیوەندیدان بە دنیای بەندەکانی تری بەندیخانەکەوە، هەروەها وێناکردنی ئەو واقیعەی لە دەرەوە دەگوزەرێت. لە ڕوویەکی ترەوە، بەندەکان لە گەمەیەکی ترسناکدان لەگەڵ خۆیان و لەناو خۆیاندا، ڕۆڵەکانیان دەگۆڕنەوە و دەبنە جەلاد و قوربانی بۆ یەکتر. ئەم بەندانە، تەنیا ڕۆڵەکانی خۆیان بۆ یەکتری نابینن، بەڵکوو ڕۆڵەکانی یەکتریش دەبینن، هاوکات ئەم گەمەیە بەوەو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییان دەبات، بە تایبەتی لای کارەکتەری “یادگار”، کە ئەنجامەکەی ترسێنەر و چارەنووسسازیشە.


بەهیوای خوێندنەوەیەکی پڕ لە چێژ.

١٥/٦/٢٠٢٤

ستۆکهۆڵم