ئهزموون و داهێنان، دیدار لهگهڵ دانا ڕهئووف
ئامادەکردنی: شۆڕش محەمەد حسێن
بڵاوکەرەوە: ناوەندی بڵاوکردنەوەی کەپر | دەزگای جەمال عیرفان، ٢٠٢١
دانا ڕهئووف: “لەسەرەتاى نەوەدەکانى سەدەى رابردوودا ئەو کاتەى خوێندکارى بەشى شانۆى پەیمانگەى هونەرەجوانەکان بووم و تازە کوردستان لە بەهارى راپەڕیندا بوو، هێشتا تەکنەلۆژیا و ئەنتەرنێت نەگەیشتبووە ئێرە، خۆم و هاوڕێکانم بۆ دەستکەوتنى بابەت و وتارى شانۆیى تاقى کتێبخانەکانى ئەو دەمەى شارمان تەى دەکرد و لەو گەڕان و پشکنینانەدا بۆ یەکەمجار لە ڕێگەى کتێبێکەوە لەبارەى دەرهێنەرى جیهانى ئەنتۆنین ئارتۆ (شانۆی توندوتیژیی لەنێوان تیئۆر وپراكتیكدا) ئاشناى ناوى دانا ڕەئووف بووم و لەخوێندنەوەى کتێبەکەیدا بە شارەزایى ورد و قووڵى ئەم نووسەر و شانۆکارەى کورد، ئاشنا بووم.”
دانا ڕەئووف لە کتێبەکەیدا هێند بە لێزانانە و شارەزایانە کتێبەکەى بەرهەمهێنابوو، کە بە خوێندنەوەى دونیابینییەکى تەواوەتى لە بارەى ئەو دەرهێنەرە بەناوبانگە بۆ خوێنەر فەراهەم دەکرد، لە کاتێکدا لەو سەردەمەدا تەنانەت کتێبێکى لەو شێوەیە لەبارەى ئەو دەرهێنەرەوە بە زمانى عەرەبیش بەو قووڵییە و وردبینییە، لەئارادا نەبوو.
تامەزرۆیى نووسین و شیکارییەکانى دانا ڕەئووف واى کرد، کە هەر زوو پەیوەندییەکى هاوڕێیەتى لەنێوانمان دروست بێت و خۆشبەختانە لە سەرەتاى دوو هەزارەکاندا لە شارى سلێمانى بەدیدارى شادبووم و دیدارەکەش بووە هەوێنى دیدارێکى هەمەلایەنە و پڕۆژەى کتێبێک.
دەمەوێت دان بەوەدا بنێم، کە جگە لە نووسین و وتارەکانى، هەموو دیدارێکى ئەم شانۆکارە خۆى لەخۆیدا خوێنەر ئاشنا دەکات بە ڕوخسار و تایبەتمەندى یەکێک لە رەوتەکانى شانۆى جیهانى، بەو واتایەى خوێندنەوەى دیداریکى شانۆیى دانا ڕەئووف لەبارەى هەر یەکێک لە کایەکانى شانۆ بەسە بۆ ئەوەى خوێنەر ئاشناى تەواوى ئەو کایە شانۆییە بێت و خوێنەر بە روخسار و تایبەتمەندییەکانى ئەو شانۆیە ئاشنا بێت. کە دانا لەبارەى شانۆى سویدى دەدوێت بە جۆرێک شیکردنەوە و لایەنە پەنهانەکانى دەخاتەڕوو، خوێندنەوەى دیدارەکە خوێنەر بەتەواوى ئاشناى بۆ نموونه شانۆى سویدى دەکات و پێویستى بەوە نابێت سەرچاوەى دیکە بخوێنێتەوە.
دەشبێت دان بەوەدا بنێم یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانى توانایى دانا ڕەئووف لەو بوارەدا بۆ خۆ تەرخانکردنى دەگەڕێتەوە بۆ شانۆ، بەو واتایەى کە دانا و شانۆ بوونەتە دووانەیەکى یەکدانەبڕاو، ئەوەیش واى کردووە دانا ڕەئووف بتوانێت بەو قووڵیی و هەناسە درێژییەوە لەبارەى هەر چەمک و رەوتێکى شانۆ، بدوێت.
ماوەتەوە ئەوە بڵێم، کە دەمێک بوو بیرۆکەى ئەوەم هەبوو کۆ دیدارى ئەم شانۆکارە کۆبکەمەوە و لە دوتوێى کتێبێکدا بیخەینە بەردەستى فێرخوازانى شانۆ و خوێنەران، بەڵام بەهۆى ناسەقامگیرى دۆخى هەرێمى کوردستان لەو چەند ساڵەى رابردوو ئەم ڕۆژەیە دواکەوت. گومانم لەوەیش نییە، کە کتێبەکە دەبێتە سەرچاوەیەکى باشى ئەکادیمى بۆ کتێبخانەى شانۆیى کوردى و فێرخوازانى بەشى شانۆى پەیمانگەکانى هونەرەجوانەکان لە کوردستان.