دانا رەئووف: نووسەر و شانۆکار و دراماتۆرگ

لە بەغدا هونەری شانۆی تەواو کردوە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی شانۆی ئەزموونگەری کوردی و لە ساڵی ١٩٩٢ وە لە ستۆکهۆڵم دەژی. لە سویدیش خوێندنی شانۆیی پراکتیکی و شانۆی پێداگۆگی خوێندووە. لە ستۆکهۆڵم تیپی شانۆی تایبەت بە خۆی (شانۆی پریشکی نێونەتەوەیی) هەبووە و وەک ئەکتەر و دەرهێنەر بە سویدی و لەگەڵ شانۆی سویدی کاری کردووە. بۆ ماوەی شەش ساڵ لە شانۆی پادشایەتی لە ستۆکهۆڵم و دوو ساڵ لە شانۆی گەل و شانۆی دەوڵەت کاری کردووە. لە دوو کتێب دا، یەکێکیان بە ئینگلیزی و ئەویتریان بە سویدی لەلاین پسپۆرانی زانستەکانی شانۆوە، لێکۆڵینەوە لەسەر کار و چالاکییەکانی کراوە. تا ئێستا ٣٥ کتێبی لە بواری شانۆدا چاپ کردووە، چەندان دەقی شانۆیی و لێکۆڵینەوەی لە زمانی سویدییەوە کردووە بە کوردی، هاوکات سێ کتێبیشی بە سویدی بڵاو کردۆتەوە. یەکێک لە کتێبە سویدییەکانی (ڕەوش و داهێنان) لە زانکۆی ستۆکهۆلم و زۆربەی پەیمانگاکانی هونەری شانۆ، وەک مەنهەجی خوێندن بەکارهێنراوە، شایانی باسە، ئەم کتێبە کارین هیلاندەر، پرۆفیسۆر لە زانستەکانی شانۆ، زانکۆی ستۆکهۆڵم پێشەکی بۆ نووسیوە.

لە پەیمانگای هونەری نواندن لە ستۆکهۆڵم وانەی گوتۆتەوە، هاوکات مامۆستای شانۆیە، هەروەها چەندان سیمیناری لە سوید و لە کوردستان سەبارەت بە شانۆ، بە سویدی و بە کوردی پێشکەش کردووە. بەشداری چەندان کۆر و سیمیناری لە سوید، دانیمارک و ئینگلتەرا کردوە. جگە لە نووسین و وەرگێڕان و کتێبە تیۆرییەکانی دە دەقی شانۆیی نووسیوە.

دانا رەئووف سەرپەرشتی بڵاو کراوە شانۆییەکانی کوردستان کردوە، بۆ نموونە گۆڤاری شانۆ و زنجیرەی دەقی شانۆیی بیانی لە دەزگای ئاراس، ئێستا سەرپەرشتی دەکردنی گۆڤاری (تاڤ) دەکات، کە تایبەتە بە شانۆ و لە سلێمانی دەردەچێت.