شانۆیی لێکترازان

شانۆیی لێکترازان
نووسین و دەرهێنانی: دانا ڕه‌ئووف
شانۆنامه‌یه‌که‌ له چوار به‌ش پێک هاتووه، به‌شه‌کان به وه‌رزه‌کانی ساڵ دەستنیشان کراون، له‌م شانۆنامه‌یه‌دا زه‌مه‌ن له‌ ئاراسته‌ ئاسۆییه‌که‌ی خۆی لایداوه‌ و به‌شێوازێکی ئه‌بستراکت ڕووداوه‌کان به‌ڕێوه‌ده‌چن.
لە ئایندەیەکی نزیکدا – لە شاری سلێمانی
بۆ زانیاری زیاتر سه‌ردانی په‌یجی شانۆیی لێکترازان بکە: لێکترازان

شەماڵی عەبەڕەش
ئەکتەر لە نمایشی (لێکترازان)دا
ڕاستە ئەم دەقە بە دەقێکی خۆماڵی هەژمار دەکرێت، بەڵام شێوازی دەقەکە جیاوازە لەو دەقانەی، کە من لەوەوپێش لە دەقە خۆماڵییەکاندا کارم تیا کردووە. ئەوەی ڕاستی بێت کاکە دانا یەکێکە لەو کەسانەی لە هەموو کارەکانیدا، لە نووسینەکانیدا، لەو کارانەیدا، کە کردوونی، هه‌میشه‌ هەوڵی داوە تازەگەرییان تێدا بکات و بە شێوەیەکی ئەزموونگەرانە کار بکات. ئەم دەقەیش یەکێکە لەو کارانەی کاکە دانا، کە وەك گوتم خۆماڵییە، وەك نووسین، بەڵام لە شێوازدا جیاوازە. من خۆشبەختانە، کە ئەم ساڵ هاتوومەتەوە، لە دوو کاردا بەشدار دەبم، کە هەردووکیان جیاوازن لە هەموو ئەو کارانەی تا ئێستا کردوومن. ئەم کارەی کاکە دانا لە ڕووی شێواز و کارکردنەوە لە شانۆدا جیاوازە، ئەو کارەکتەرەی دەیبینم جیاوازە لەو کارەکتەرانەی پێشوو بینیوومن. ئەم کارەکتەرەی لە “لێکترازان”دا ڕۆڵه‌که‌ی دەبینم کارەکتەرێکی سەختە، بەردەوامیی کارەکتەرێکی ترە. واتە من بەتەنیا ڕۆڵی ئەم کارەکتەرە نابینم. ئێمە دوو کەسین، کە ڕۆڵی ئەم کارەکتەرە دەبینین، لە دوو زەمەنی جیاوازدا؛ کەواتە، دەبێت لە هەڵسوکەوت و تێگەیشتنماندا بۆ کارەکتەرەکە، نزیکییه‌ك له‌نێوان ئه‌و دوو ئه‌کته‌ره‌ی، که‌ ڕۆڵی کاره‌کته‌ره‌که‌ ده‌بینن، هەبێت. خۆشبەختانە گەنجێکی جوانی وەک کاکە “حەمە” دەوری نیوەی من دەبینێت، زۆر خۆشحاڵم، کە لە ڕووی نواندنەوە، نزیکین لەیەکەوە. هیوادارم بتوانین لەم کارە نوێیەدا، کە بۆ خۆشم نوێیە، ئەزموونێکی وا بۆ خۆم، پێش هەموو کەس و بۆ بینەریش بەدی بهێنم، کە جێگای سەرنج و ڕەزامەندی خەڵک بێت.

گۆران نامیق
ئەکتەر لە نمایشی شانۆیی (لێکترازان)دا
من لەم نەمایشەدا ڕۆڵی “باوک”م لەناو خێزانێکدا هەیە. هەرچەندە شانۆنامەکە لە ڕووی داڕشتن و فۆرمەوە، شانۆنامەیەکی تقلیدی نییە، بەڵام لە ڕووی کارەکتەرسازییەوە، من ڕۆڵی باوکم لەناو نەمایشەکەدا هەیە. ئێمە ڕۆژانە نزیکەی سێ سەعاتێك یان زیاتر پرۆڤە دەکەین. وا نزیکەی مانگێکە پڕۆڤە دەکەین و ڕەنگە پرۆڤەکانمان زیاتریش درێژ بێتەوە تا مانگی دە بخایەنێت.
ڕۆژانە خەریکین، دەگەڕێن بۆ ئەوەی بتوانین کارەکتەرەکانمان بدۆزینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین فۆرمێکی نوێ و هونەری بدۆزینەوە بۆ کارەکەمان، بۆ ئەوەی بتوانین بینەری پێ ڕازی بکەین. ئەم شانۆنامەیە، هەر وەک گوتم لە ڕووی فۆرم و داڕشتنەوە، ڕەنگە هەندێك جیاواز بێت لەو شانۆنامانەی، کە من پێشتر کارم تیا کردوون، چونکە ناتقلیدی دەڕواتە پێشەوە، شتێکە لە شانۆی ئەزموونگەری، کە هیوادارم سەرکەوتووبین.

ڕەوەند ئەحمەد
ئەکتەر لە نمایشی (لێکترازان)دا
بەدڵنیاییەوە زۆر خۆشحاڵم کە وەك ئەکتەر لەم نمایشەدا بەشدارم، لەبەر ئەوەی هەم کاك شەماڵ، کە ئەکتەرێکی زۆر بە ئەزموونە، هەم مامۆستا گۆران نامیق، کە مامۆستای خۆم بووە لە پەیمانگا; بەشدارن. لەبەر ئەوە ئەزموونێکی زۆر تایبەت دەبێت بۆ من، چونکه‌ دەتوانم دووبارە وەک قوتابی ئەو، لەگەڵ مامۆستا گۆران نواندن بکەم. هەروەها کەسایەتی کاک شەمالێش زۆر خۆشحاڵم دەکات. لە هەمووشی گرینگتر ئەوەیە، کە لەم نمایشەدا کارەکتەرەکان، هەموویان یەکتری تەواو دەکەن؛ چەندێك کاک شەماڵ، بۆ نموونە، وەك ئەکتەر پێویستی بە منە، منیش دوو هێندە پێویستم بەوە. ئەکتەرەکانی تریش بە هەمان شێوە. بەڵی ڕاستی سیاقی دەقەکە، با بڵێین ئەو کۆنتێکستەی کە کاک دانا دەقەکەی تیا نووسیوە، کۆنتێکستێکی پۆستمۆدێرنیزمە و لەو قۆناخەدایە کە دەقی هاوچەرخی تێیدا دەنووسرێت، مەبەستم لە بونیادی گێڕانەوەکەیەتی. بۆ ئەم جۆرە دەقانەیش نواندن پێویستی بە ئەو جۆرە لە چوونە ناو کارەکتەرەوە نییە، هێندەی کارەکتەرەکانی لەوپەڕی سادەیی خۆیاندا گوزارشت لەناو ناخی خۆیان دەکەن، دەربڕینەکانیش بە هەمان جۆرە. هەر لەبەر ئەوە، کە ئەکتەرێك لەم دەقەی کاک دانادا ڕۆڵ ئەگێڕێت، ئەوەندەی ئەندێشەی لای پەیوەندی ئەوانی ترە، ئەوەندە لەناو خۆیدا نییە، واتە هێندەی سەرقاڵی بونیادی درامییە لەگەڵ کارەکتەرەکانی تردا، هێندە لەگەڵ خۆیدا سەرقاڵی ئەو جۆرە لە هەڵچوون نییە، کە شانۆیەکی تەقلیدی داوای دەکات. بۆیە بە جۆرێك لە جۆرەکان، کارکردن لەم دەقانەدا سەخترە، بەڵام وەك ئەتمۆسفێر، کەشێکی زۆر خۆش بۆ نمایش دروست دەکات، بۆ گوێی بینەران، تەنانەت بۆ ئەوەی دەیبینێت.

دیاری عومەر
ئەکتەر لە نمایشی شانۆیی (لێکترازان)دا
هەر خۆی کارکردن لەم شانۆییەدا و لەگەڵ کاك دانا هەنگاوێکی تازە دەبێت بۆ ئێمە. بە ڕاستی ئه‌م کاره‌ تا ئاستێك بۆ ئێمەی ئەکتەر زۆر تازەیە، دەتوانم بڵێم سەختە؛ لەبەر ئەوەی کاک دانا دەیەوێت ئێمە لە کۆمەڵێك شت داماڵێت. ئەو وەرزانەیشی باسی دەکەن، هەموو وەرزەکانی ساڵە، بەڵام ڕەنگە بینه‌ر بە مانا واقیعیەکەی وەرزەکانی ساڵ نەبینێت، بەڵکوو بە شێوازێکی تر بیبینێت. لەبەر ئەوە بە هیوام کاتێك دەڕۆینە ناو نەمایشەکه‌وە، بینەر دێت و کارەکەمان دەبینێت، هەم وەرزەکان دەبینێت و هەم تێپەڕینی ئەو کاتانە، کە ئێمە لەو زەمەنەدا کاری تیا دەکەین. بێگومان شێوازێکی زۆر تازە دەبێت، کە زۆر دوورە لەو کارانەی پێشووتر من کارم تیا کردووە. بۆ نموونە لە هەموو چیرۆکە واقیعییەکان، شانۆییەکانی با بڵێین، شەکسپیر و چێخەف و هەر یەك لەوانەی من کارم تیا کردوون، جیاوازترە. کاک دانا بە ستایلێکی زۆر تازە کار دەکات، بە ستایلێکی زۆر تازە نووسیویەتی و تەنانەت کاری دەرهێنانەکەی، کە بۆ ئەم شانۆییە کردوویەتی، هەر بە شێوازێکی زۆر تازە کار دەکات. لەبەر ئەوە، بۆ ئێمە بە ڕاستی، کە یەکەمجار هاتین، سەخت و گران بوو، لەبەر ئەوەی ئێمە فێر بووین بە جۆرێك نواندن بکەین، ئێستا نواندنی ئێمە ئەو شێوازەیە، کە کاک دانا کاری لەسەر دەکات. هەتا ئێستایش هەندێك شتمان تیاماوەتەوە، وەک نواندنەکانی پێشوومان، بەڵام هەوڵ دەدەین چاکی بکەین و بە ستایلێکی زۆر نوێ بینەر بمانبینێتەوە.