سامۆیل بێکێت و شانۆی پووچگهرایی
نووسینی: دانا ڕەئووف
بابەت: لێکۆڵینەوە
بڵاوکەرەوە: ناوەندی بڵاوکردنەوەی کەپر | دەزگای جەمال عیرفان، ٢٠٢١
تاکوو ئێستا بە ههزاران لێکۆڵینەوە و کتێب لەسەر ژیان و نووسین و دەقە شانۆیییەکانی بێکێت، بە هەموو زمانەکانی دنیا نووسراون و بڵاو کراونەتەوە، هاوکات بە هەزاران نامەی دکتۆرا و بڕوانامەی خوێندنی باڵای لە هەموو زانکۆکانی جیهاندا، لەسەر نووسینەکانی بێکێت کراوە. مێژووی یەکەم بڕوانامەی خوێندنی باڵا و ئەکادیمی، لەسەر بێکێت، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٧ لە یەکێک لە زانکۆکانی ئەڵماندا، بە زمانی ئەڵمانی نووسراوە. لەوانەیە بێکێت یەکێک بێت لەو نووسەرە دهگمهنانهی سەدە ڕابردوو، کە بووهته جێگای سەرنجی لێکۆڵەرەوان، تیۆریست و ئەکادیمیستەکانی جیهان و شانۆکاران، هەروەها خوێنەرانیش.
بێکێت لە ئەدەبی جیهانیدا، لەسەر ئاستی جێمس جۆیس و کافکا و نووسەرە گەورەکانی تری سەدەی بیستەم هەژمار دەکرێت. لە شەستەکانیشدا، لێکۆڵەرەوەکان پێشبینیی ئەوەیان کردووە، کە بێکێت تا ساڵی ٢٠٠٠، لە دوای مەسیح، ناپۆلیۆن و ڤاگنەر-ەوە زۆرترین قسەی لەسەر دەکرێت. ئەوەی جێگای تێڕامانە، بێکێت لەسەرەتادا کتێبەکانی هیچ ڕەواجێکیان نابێت و دەزگاکانی بڵاو کردنەوە بەردەوام، ڕۆمانەکانی ڕەت دەکەنەوە و هیچ دەزگایەک ئامادەی بڵاو کردنەوەی نووسینەکانی بێکێت نابێت، ئەوەی بڵاویش دەکرێتەوە بە نەفرۆشراوی لەسەر ڕەفەی کتێبفرۆشییەکان دەمێنێتەوە و تۆزیان لهسهر دهنیشێت، تا سەرکەوتنەکانی شانۆنامەی بە دەم چاوەڕونیی گۆدۆوە، لەسەر شانۆکانی دنیا، کە ناوبانگێکی گەورەی جیهانی بۆ بێکێت بە دەست دەهێنێت.
بێکێت، جگە لە شیعر و ڕۆمان و چیرۆک و دەقە شانۆنامە درێژەکانی، نزیکەی ٣٠ کورتە دەقی شانۆیی و سیناریۆئامێزی تری نووسیوە، کە هەندێکیان لەسەر شانۆ، تەنیا چرکە ساتێکی کورت دەخایەنن، ئەمە جگە لە لێکۆڵینەوە ڕەخنەیی و ئەدەبییەکانی. بە داخەوە لای خۆمان و بەزمانی کوردی هیچ ئاوڕێکی ئەوتۆ لە بێکێت نەدراوەتەوە، ئەمەیش کەلێنێکی گەورەیە لە کتێبخانە و کایە و بواری کولتووری و ڕۆشنبیریی ئێمەدا. پرکردنەوەی ئەم کەلێنەیش هەروا ئاسان نییە، من لێرەوە هەوڵێکی بچووک دەدەم بۆ کۆکردنەوە و بەسەرکردنەوە و خوێندنەوەیەکی گرینگترین دەقە شانۆیییەکانی و تیشکی سەرنج خستنە سەر ژیان و بەرهەمەکانی، بەو هیوایەی ئەمە دەستپێک بێت و لە ئایندەدا بتوانین ئێمەیش بێکێت باشتر و قووڵتر بە خوێنەر و شانۆکار و ڕەخنەگر و کایەکانی تری کولتوور و ڕۆشنبیری خۆمان بناسێنین، هاوکات بەرهەمەکانی بکەینە کوردی.
کتێبەکەی ئێمەیش گەڕانێکە بەو ڕەوتە جیاوازەی بێکێت و ئەو گۆڕانکارییانەی لە ڕەوتی شانۆی جیهانیدا، بە دیدە تایبەتمەند و دەقەکانی بەرپای کردن.