ئێوارەی بەر لە کۆتایی
نووسەر: دانا ڕەئووف
“دەمێك بووم بیرم لە نووسینی شانۆنامەیەك بۆ سێ کارەکتەری ئافرەت کردبووەوە. بیرۆکەکە لە مێشکمدا گەڵاڵە بوو، دەمهێنا و دەمبرد، تاوهکو له خهیاڵی خۆمدا تهواوم کرد، بەڵام کاتێکی زۆری ویست تا دهستم به نووسینهوهی کرد. دواتر لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا شانۆنامەی (تارمایی و سێبەرەکان) لە دایك بوو.
پاش چەند مانگێك و چەند جار خوێندنەوەی دەقەکە، هەندێك گۆڕانکاریی بەسەردا هات، هاوکات هەستم کرد، ئەم کارەکتەرە ئافرەتانە لە شوێنێکی تردا کۆ دەبنەوە، پەیوەندییەکانیان شێوەیەکی تر لە خۆ دەگرێت، هاوکات لە ڕووی دەروونییەوە زیاتر قووڵ دەبنەوە. لەگەڵ ئەم بیرکردنەوانەدا، لە خهیاڵمدا کەوتمە نووسینی دەقەکە؛ پاشان شهوێک تەنیا بە یەك سەعات (ئێوارهی بهر له کۆتایی)م نووسی. ئەم دەقە تووشی گومانی کردم. هەستم کرد هەر سێ ئافرەتەکە، هەمان کارەکتەرەکانی (تارمایی و سێبەرەکان)ن و لە ڕەوشێکی تایبەتیدا لە یەك خۆش بوون، پێکەوەن و لە یەکتری دەپێچنەوە، هەروەها چەند نیگەران و نائومێدن، هێندەیش لە سەرفرازی و هێمنییەکی ڕۆحییەوە نزیك بوونەتەوە.
ئەو گومانەی ئەم دەقە لای دروست کردم، بیری شێواندم. دەبوو بە بەشێکی تر ئەو چیرۆکە تەواو بکەم، بەڵام چۆن… نەمدەزانی! بیرم لە ژیانی ئەو کارەکتەرانە دەکردەوە، تووشی گومان بووم، گومان لە چیرۆکێکی خۆشەویستی کە ناگات بە هیچ شوێنێك. لهم بیرکردنهوانهدا بووم، کارەکتەری مینا و پیاوەکە سەرلەنوێ قوت بوونەوە. ئەم دوو کارەکتەرەم لە شوێنێکی تر و لە ڕەوشێکی تردا بینی. هەردووکیان پێکەوە لە ماڵێکدا، بەڵام هەردووکیان تەنیا و دوور لە یەکترییەوە، کە خەریکە (بێدەنگی) دەیانخوات. بێدەنگی و دوورهپهرێزی ئەم دوو کارەکتەرە لە یەکترییەوە تەواو ماندووی کردم، بێ ئەوەی بتوانم هیچ بنووسم. ئازاری دەروونی کارەکتەرەکان ئازاریان دەدام و نەمدەوێرا بیر لە چارەنووسیان بکەمەوە. کەوتمە نووسین و تەنیا دیمەنی یەکەمم نووسی. دیمەنێکی پر لە گومان. دوای ئەوە وەستام. نەمتوانی بەردەوام بم.
کاتێکی زۆری ویست تا بچمەوە سەر دەقەکە، بە دڵەڕاوکێ و هەستێکی پڕ لە گومانەوە دیمەنی دووەمیشم نووسی و سەرلەنوێ لێی دوورکهوتمهوه. نەمدەزانی چارەنووسی ئەم دوو کارەکتەرە بەچی دەگات. هەندێك شەو خەوم لێ نەدەکەوت، بە ڕۆژ بیرم لێ دەکردنەوە، کە دەشم ویست تەواوی بکەم، هیچم بۆ نەدەنووسرا…
لە شەوێکی زستانی سارد و باران و تاریکدا، گەیشتمە کۆتایی و (ئاوازێکی بێدەنگ)م نووسی.
ئەم سێ شانۆنامەیە، وەك سێینەیەك یەکتری تەواو دەکەن، کارەکتەرەکان هەمان کارەکتەرن، بەڵام لە هەمان کاتدا هەر بەشەی دەقێکی سەربەخۆیە و دەکرێت، وەك شانۆنامەیەكی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.”
لە پێشەکیی کتێبەکەوە