چاپکراوی نوێ؛ دادگاییکردن
ئەم شانۆنامەیە، دەقێکی دۆکیومێنتاریی و مێژووییە، هەروەها دەچێتەوە سەر ئەو تێکستانەی وەک بەڵگەنامەیەکی دادگایی لە ناو مەلەفەکانی دادگادا پارێزراون، لەسەر شانۆیەک جارێکی تر دەگێردرێنەوە.
ئەم تێکستە شانۆییە، چیرۆکی ئەو کەسانەن هەڵگری ڕۆژانێکن وەک ئەوەیە لە دۆزەخێک گەڕابێتنەوە و باس لە ڕووداوی سوتاندن و لاقەکردن و ئازاردانیان دەکەنەوە، تاوانەکەیشیان تەنیا ئەوەبووە داگیرکەرێک هاتووە، دەستدرێژی کردۆتە سەر ڕەسەنایەتی نەتەوەیەک و هەوڵی قەلاچۆکردنیانی داوە. هەر لەبەر ئەوەیشە من هیچ ناوێکم بۆ قوربانییەکان دانەناوە، لەبەر ئەوەی ئەم ڕووداوە لە زۆرترین ناوچە و لەگەڵ ژمارەیەکی ئێجگار بەرفراوان لە منداڵ و ژن و پیاوی بێ تاوان بوونەتە قوربانی، شوێن و کاتی دیاری کراویشی نییە، چونکە لە مێژوودا ئەم قەلاچۆکردن و جینۆسایدەی کورد لە دێرینەوە هەر هەبووە و هەر دووبارەش بۆتەوە، دیاریش نییە جارێکی تر دووبارە نابێتەوە؟ بەڵام ئەوانەی خاوەنی ئەجندا و دارێژەری ئەو ئۆپەراسیۆنە بوون و ئەو تاوانە گەورەیەیان کردووە، ناوەکانیان هەیە و لە مەلەفی دادگادا وەک خۆیان دامناونەتەوە، وەک بەڵگەیەکیش لەم شانۆنامەیەدا ناوی تاوانبارەکان بەتۆمار کراوی بمێنێتەوە هەرگیزا و هەرگیز لەیاد نەچن.
زۆر کات قوربانییەکان یاخود شایەتحاڵەکانی ئەنفال، لە دۆخێکی دەروونی داڕما و بێ چارە پێشاندراون، بەڵام لەم شانۆنامەیەدا وەک پاڵەوانێکی شایەتحاڵی کەسوکار و پرسی نەتەوەیی و بەرپرسیارییەتی کوردبوونیان، دەستی تاوان بۆ تاوانبارەکان ڕادەکێشن و تۆڵەی خۆیان لە ڕێگەی دادگاوە دەکەنەوە.
بە هیچ شێوەیەک بیرۆکەی نووسینی ئەم شانۆنامە دیوکۆمێنتارییەم نەبوو، بیرم لە هیچ شتێکی وەها نەکردبووەوە، گەر هاوینی ساڵی ٢٠٢٥ لە سلێمانی نەبوومایە، ئەم شانۆنامەیە هەرگیز لە دایک نەدەبوو. ئەم تاوانە گەورەیە، خۆی هات و لە دەرگاکەمی دا و یەخەی گرتم و داوایلێکردم بینووسم.

