ساڵێك لەگەڵ کیژۆڵەکەم
ساڵێك لەگەڵ کیژۆڵەکەم
نووسینی: دانا ڕەئووف
بابەت: یاداشتنامە
چاپی: دهزگای ڕۆشنبیری جهمال حیرفان
پیرهژنێك دێتە لای دەرگاکەوە، دالیا خێرا سەری بۆ بەرز دەکاتەوە، ژنەکەیش بە گۆچانەکەی دەستی ئاماژەیەکی بۆ دەکات؛ دالیا دەیەوێت قسەی لەگەڵ بکات. من نازانم دالیا مەبەستی چییە؟ بەڵام پیرهژنەکە خێرا زمانی جەستە و ئاماژەکانی دالیا دهخوێنێتهوه، سەیرێکی من دەکات و بە زمانی دالیا دەڵێت:
“نەخێر، من نامەوێت لێرە دابنیشم.”
کە ئەم داپیرەیە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، لەوانەیە بە مێردەکەی بڵێت: (چ منداڵێکی رۆحسووكم دی، بیرتە ئێمە یەکەم منداڵمان بوو! ئەو ڕۆژانەت لە یادە!).
لە یاداشتەکانەوە
سەرەتایەک
لە مانگی هەشتی ساڵی ٢٠٠٨ دا، دوای شهش ساڵ پێوهندیی خۆشهویستی لەگەڵ “لیسا”ی هاوڕێمدا، کچێکی قژڕهشی چاوشین، هاتە ژیانمانەوە. لهدایکبوونی ئەو کۆرپەیە هەموو ڕەوشی ژیانمانی له بنهڕهتهوه گۆڕی، لە پڕ خۆمانمان لە بارودۆخێکی جودای ژیانی ڕۆژانەماندا بینییەوە. بۆ یەکەم جار هەستم بە لێپرسراوی بەرامبەر بە ژیانی کەسێکی تر کرد، کەسێک بێ یارمەتی من، بێ پەروەردەکردن و بهدهنگهوههاتنی من و دایکی، هەرگیز ناتوانێت بەردەوامی بە ژیانی خۆی بدات.
کە مرۆڤ منداڵی دەبێت و ناچار دەبێت ئەو منداڵە ساوایە پەروەردە بکات، گەشتێکی جیاواز و گەورە لە ژیانیدا دەست پێ دەکات؛ دەبێتە مامۆستای ئەو منداڵە و هەر لە دەستپێکی ژیانەوە فێری هەموو شتێکی دەکات، لە هەمان کاتدا ئەو منداڵەیش لە زۆر ڕووەوە دەبێتەوە بە مامۆستای ئێمە و زۆر شتمان فێر دەکات. هەر لەم گەشتەدا و لەگەڵ ئەو منداڵە ساوایەدا، ئەو گەشتەی خۆیشمان بەرەو دونیای گەورەکان، بۆ گەورەبوون و بۆ هەموو شتەکانی تر بیر دەکەوێتەوە: دڵخۆشبوون بە شتە بچووکەکان، حەزکردن بە فێربوون و خۆدانهدهست دنیایەکی نادیار. هەر لەم دەروازەیەوە منداڵ پەروەردەکردن، هەر وەک ئەوە وایە، کە تۆ سەرلەنوێ شانسێکی ترت بۆ ژیان پێ بدرێتەوە؛ گەمەکردن، چاوشارکێ، میاو میاو و چوونە دەرەوە و رێکردن لەگەڵ هەنگاوە بچووکەکانی منداڵێکدا، گەڕانەوەی خۆمانە بۆ دنیای منداڵی و سەرلەنوێ منداڵبوونەوە. منداڵ ئێمە ناچار دەکات، کە لە ئێستادا، لەم چرکەساتەدا بژین، هەر لەم چرکەساتەیشدا ڕاوەستین، وچانێک بدەین و بە چاوێکی ترەوە سەیری خۆمان و دەوروبەرەکەمان بکەین.
کچەکەمان ناونا (دالیا): ناوێکی کوردی، لە هەمان کاتدا سوێدی و ئینگلیزی و ئاسان بۆ سەر زمان و تێگەیشتن.
من و لیسا هەر لەسەرەتاوە لەسەر ئەوە ڕێککەوتین، که ههریهکهمان ساڵێك له ژیانی خۆی بۆ پهروهردهکردنی دالیا، تا تەمەنی دەگاتە دوو ساڵی، تهرخان بکات، ئینجا بچێتە باخچەی ساوایان. ئێمە هەردووکمان لەو بڕوایه دابووین، کە دالیا، ئەو منداڵە ساوایەی هێشتا ناتوانێت لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێت و قسە بکات، نەک هەر بەشێکی گرینگە لە پێوەندییەکانمان، بەڵکوو بۆتە خودی پێوەندییەکەمان. بوون بە (فەرزەندە)یش شووناسی ژیانمان دەگۆڕێت و دەبێت کار بۆ ئەو شووناسە نوێیەی ژیانمان بکەین.
کە دالیا یەک ساڵی تهمهنی بهسهرچوو، لیسا گەڕایەوە بۆ سەر کارەکەی خۆی و ژیانی ڕۆژانەی ڕەوتی جارانی لە خۆ گرتەوە، لە بری ئەو، من وازم لە کارەکەم هێنا، ماڵئاوایم لە هاوڕێ و هاوکارەکانم لە شانۆی (گەل) کرد و گەڕامەوە بۆ ماڵەوە تا بەدیار ڕۆژەکانی دالیاوە، سەیری هەنگاوەکانی، دارەدارەکەی، نانخواردن، گروگاڵەکەی… بکەم. هەر لەسەرەتایشەوە بڕیارمدا ڕۆژانە یاداشتەکانی ژیانم، ئەم ژیانە تازەیە لەگەڵ دالیا تۆمار بکەم، بەو هیوایەی بتوانم لە نزیکەوە دالیا بناسم، هەروەها شتێکی تر لە ژیانی خۆم لە دالیاوە فێر ببم. من لەو بڕوایەدام، کە هەست و سۆزی منداڵێک، بوونی منداڵێک بە شێوەیەکی تر ڕووبەرووی ژیانمان دەکاتەوە، ئێمە دەتوانین یان دەکرێت، دایک و باوکی ناوەوەی خۆمان، هاوکات سەرلەنوێ منداڵیی ناوەوەی خۆمان بدۆزینەوە؛ منداڵ ئەوەمان دەهێنێتەوە یاد، کە چ شتێک لە ژیاندا گرینگە. مامەڵەکردن و بەخێوکردنی منداڵێکی ساوا سەردەمی منداڵیی خۆمانمان لا زیندوو دەکاتەوە و دەگەڕێینەوە بۆ سەر هەمان پێوەندی، هەمان ڕەوشی ژیان، بێگومان لە ڕۆڵێکی تر و نوێ و جیاوازدا. منداڵ و گەورە پێکەوە، لە نزیک یەکترەوە، بە تەنیشت یەکترەوە گەورە دەبن. من لە ماوەی ئەو ساڵەدا بە شێوەیەکی تر چوومه تەمەنەوە، بە شێوەیەکی تر گەورە بووم، بە شێوەیەکی تر لەخۆم گهیشتم و سەرلەنوێ لە منداڵیی خۆمدا ژیامهوه.
کە، لەگەڵ دالیا دهبووم، بێ ئەوەی هەست بە خۆم بکەم، ئەو شتانەی دەیانڵێم، تەنها بە منداڵی گوتومن. کە بەدیار دالیاوە دهبووم، ههستم دهکرد لە هەمان بارودۆخی منداڵیی خۆمدا دەژێمەوە، بێگومان ئێستا رۆڵێکی ترم هەیە: باوکم.
ئەم یاداشتانە بهشێکن لەو گەشتە، ئەم نووسینە بەشێکە لە من لە دەرەوەی شانۆوە، لە دەرەوەی خەون و هیوا هونەرییەکانمەوە، تەنانەت لە دەرەوەی کەسایەتیشمەوە، بەڵام بە هەموو شێوەیەک نووسینێکە لە ناوەوەی خۆمدا، لە هەستێکی قووڵی ئاگاییمەوە، کە بە هەموو شێوەیەک بۆتە بەشێکی گرینگی ژیانم لەناو شانۆ و نووسین و خەون و هیواکانمەوە.
دانا ڕەئووف
١٥/١/٢٠١٣