ئازارەکانی “مەدام بۆڤاری” لەنێوان فۆرم و ناوەڕۆکدا

,

ڕۆمانی فەڕەنسی، لە ١٨٠٠کاندا بە ڕۆمانی “مدام بۆڤاری” پێ ده‌نێته‌ قۆناخێکی نوێوە. ئەم ڕۆمانە، کە لە نووسینی “گۆستاڤ فلۆبێر”ە ١٨٢١ – ١٨٨٠ نەک تەنیا ڕۆمانی فەڕەنسی، بەڵکو ژانری ڕۆمانی لە ئەدەبی ئەوروپیدا بە ئاقارێکی تردا برد و یەکێک بوو لەو نووسەرانەی دەرگای مۆدێرنیزمی بەرووی ڕۆمانەدا، لە ئەدەبی ئەوروپیدا کردووە. فلۆبێر ڕۆمانێکی نووسی، کە فۆرم و زمان لە چەقدا بوون، نەک گرێچنی و ڕووداوەکان. بەمەیش، بۆ نموونە ڕۆمانی لە تەکنیکە باوەکانی گێڕانەوە ڕزگار کرد و بەرەو فۆرمێکی هونەریی وەک شیعر برد، کە ستایلێکی جیاواز، لە ڕیتم و دەنگ ڕۆڵێکی گرینگیان بینی. بەم شێوەیە، مادام بۆڤاری بوو بە بەرهەمێکی پێشەنگ، کە “چۆن دەنووسیت” گرینگتر بوو لەوەی “دەربارەی چی دەنووسیت”، هاوکات ڕۆمانه‌که‌ به‌ شۆڕشێك داده‌نرێت له‌ مێژووی ڕۆماندا، چونکه‌ یه‌که‌م جار بوو پێگه‌ و خواستی ژن به‌و شێوه‌یه‌ ئازادانه‌ پیشان بدات – ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ ناسنامەی ڕۆمانی مۆدێرن.

“ئێما بۆڤاری”، وەک پاڵەوانی ئەم ڕۆمانە، لە مێژووی ئەدەبدا بارێکی قورسی کەوتە سەر شان. ئەم پاڵەوانە ژنە، هەر لە ساڵی ١٨٥٧ەوە ئەوەی پێشان دا، کە چۆن ژیانی چینی ناوەند دەبێتە هۆی خنکاندن و لەناوبردنی ژن. پیاوانی جۆراوجۆر “ئێما” وەک ئامرازێک بۆ ئارەزووەکانیان دەبینن، بەڵام ئەو هاوکات دەبێتە قوربانی “بەکڵاکردن”، جلوبەرگ و شتومەک، کە وەک بەڵگەی سەرنجڕاکێشیی خۆی بەکاردێنێت.

ئێما، کە پاڵەوانی ئەم ڕۆمانەیە، هاوسەرگیری لەگەڵ دکتۆر “چارڵس بۆڤاری” دا دەکات، بەو هیوایەی ژیانی گۆڕانکاری بەسەردا بێت و دەرگای ژیانێکی خۆشی بۆ بکرێتەوە، بەڵام گۆڕانکارییەکان، بەپێی خواست و ئارەزووەکانی “ئێما” نابێت و لێرەوە چارەنووسی ژیانی شتێکی تری بۆ ئامادە دەکات. “ئێما” هەست دەکات لەنێو خێزانێکی، یان لەنێو ژینگەیەکی بۆرژوازی بچووکدا، ناتوانێت بجووڵێت.

 فلۆبێر دیدێکی جیاوازی بۆ هونەر هەبوو، کە زیاتر لە مەسەلە ئێستاتیکییەکاندا خۆی دەبینییەوە، هەرچەندە گرینگی  بە تەکنیک و ئێستاتیکا دەدا، بەڵام پەیامە مۆدێرنەکەشی، کە خۆی لە ئازادی ژندا دەبینییەوە، زۆر گرینگە. لە هەمان کاتدا کارەکتەرێکی وەک دەرمانساز “هۆمێس”ی بەکارهێنا بۆ نیشاندانی عەقڵانییەتی سەردەم بە شێوازێکی تەنزئامێز و گرۆتیسک. مادام بۆڤاری لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ “مادام هۆمێس”، بێزاریی خۆی لە سنوورداریی ئازادیی ژنان دەردەبڕێت و ئارەزووی ئەوە دەکات کوڕێکی ببێت – نەک لەبەر خودی کوڕەکە، بەڵکو بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەوەوە، ئەو ئازادییە تاقی بکاتەوە، کە لە خۆی زەوت کراوە.

ئێما: من کوڕێکم دەوێت.

مادام هۆمێس: کوڕێک؟

ئێما: کوڕێک.

مادام هۆمێس: بەڵام ئێما، بۆچی؟

ئێما: بۆچی؟ لێم دەپرسیت بۆچی کوڕێکم دەوێت؟

مادام هۆمێس: بەڵێ، بۆچی؟

ئێما: بۆ ئەوەی هەرگیز پێویست نەکات هەست بەوە بکات، کە لەناو کۆرسێتێکدا کۆت کراوە، یان لەو ژوورە خنکێنەرانەی، کە ژنان تێیدا وەک گوڵی وشککراوەی ناو کتێبەکان هەڵدەوەرێن.

مادام هۆمێس: ئەی تۆ لەوە چیت دەست دەکەوێت، ئێما؟

ئێما: لە ڕێگەی ئەوەوە ژیانێک تاقی دەکەمەوە، کە تێیدا دەرفەتەکان مافێکی زگماکین، نەک تەنها ئاوات. ئەو دەبێتە بەرجەستەکردنی ئازادییەک، کە من هەرگیز ناتوانم داوای بکەم، ئەمەش خۆی لە خۆیدا شکۆ دەبەخشێتە ئەو ژیانەی هێناومەتە بەرهەم. بوونی ئەو دەبێتە یاخیبوونە بێدەنگەکەی من، ڕێگەیەک بۆ ئەوەی چێژ لەو ئازادییانە وەرگرم، کە لێم قەدەغە کراون.

مادام هۆمێس: نا، نا. ببورە. تەنها پێم سەیر بوو – کە تۆ دڵخۆشی لەوەدا بدۆزیتەوە منداڵێک هەڵبگریت کە ڕۆژێک لە سەرووی تۆوە بێت، تەنها لەبەر ئەوەی پیاوە.

ئێما: ئەی چ هەڵبژاردنێکی ترم هەیە؟ (بێدەنگی) ئەوەی بوونەوەرێک بهێنمە دنیاوە، کە پێشوەختە دیاری کراوە بۆ چەوساندنەوەم، یان ڕۆحێک، کە حوکمی کۆیلایەتیی بۆ دراوە؟

کە ئەم ڕۆمانە لەسەر شانۆی پادشایەتی لە ستۆکهۆڵم لە دەرهێنانی “ئۆلیڤەر فرڵجیک” نمایش دەکرێت، لە فۆرمێکی مێتاشانۆییدا، دادەڕێژڕێتەوە، کە لە بنەماکانی شانۆیەکی هاوچه‌رخدا بەرجەستە دەبێتەوە. “ئێما” لەم نمایشەدا، تەنها ڕووبەڕووی خۆی، وەک ژنێک لە فەڕەنسای سەدەی نۆزدەهەم نابێته‌وه‌، بەڵکو دەبێتە سمبولێک بۆ خەونە مۆدێرنەکان و  وێنەی خود و ئازادیی ژنان. “ئێما” لەناو خەونەکانی خۆیدا بۆ عەشق و ئازادی ون دەبێت تا لە کۆتایدا واقیع دەیکوژێت. تامەزرۆیی ئەو بۆ شتێکی گەورەتر – ژیانێک لە دەرەوەی بازنە خۆڵەمێشییەکانی ژیانی ڕۆژانە – هەنگاو بە هەنگاو بەرەو لەناوچوونی دەبات.

لە نمایشەکەدا، ئەمە لە ڕێگەی مێتافۆری ئاوێنەی گەورەی باڕۆکی، بازنە و دووبارەبوونەوەوەی جووڵەکانەوە بەهێز کراوە: پانتایی شانۆکە، بەردەوام لە سوڕانەوەدایە و دیمەنەکان، یەک لە دوایی یەک دەهێنێتە پێشەوە. لەو ڕێگایەوە، کارەکتەری “ئێما” دەچێتە ناو چیرۆکەکەی خۆیەوە. دادگاییکردنی “مەدام بۆڤاری”یش، لە نمایشەکەدا، دادگاییەکی خودگەرایی پاڵەوانێکە، کە بۆ سەربەستی خۆی دەجەنگێت.

“ئۆلیڤەر فرڵجیک”، کە هەر خۆی دەقەکەیشی لە ڕۆمانەکەوە ئامادە کردووە، وەک لەوەوبەر ئاماژەم بۆ کردووە، بە بەکارهێنانی ئاوێنەی زۆر گەورە و مۆسیقا “مادام بۆڤاری” لەسەر شانۆ بەرجەستە دەکات. ئەم ڕۆمانەی فلۆبێر، دەبێتە یارییەکی خەونئامێزی چڕ، کە هەموو سنوورەکانی شانۆیەکی داب و نەریتخواز تێک دەشکێنێت و ڕوومانەکەیش لە فۆرمێکی گرۆتیسکدا نمایش دەکات. لە تاریکیدا، دیمەنەکان، یەک لە دوای یەک، لە شێوەی تابلۆیەکی هونەریدا، بە کۆمەڵێ ئەکتەری بە تواناوە، لە ڕیتمێکی خێرادا دەردەکەون. ژیانی مەدام بۆڤاری، لەسەر تەختەی خەوەکەیەوە، بۆ ساتی مەرگەکەی، لەسەر هەمان تەختەی خەو، لە ئاوێنە گەورەکاندا پانتایی زەمەنێکی هەتاهەتایی پێ ده‌به‌خشێت و وێنەکەی لە چرکەساتێکدا، لە بری یەک وێنە، بە سیحری ئاوێنەکان دەکاتە چه‌ندین وێنە و ڕادەستی ئێمە، لەم ساتەدا دەکات، کە لە هەمان کاتدا خۆشمان، لەنێو ئاوێنەکاندا دەردەکەوینەوە و دەبینە بەشێک لەو تراژیدیایه‌ی کۆتایی بە ژیانی “مەدام بۆڤاری” دەهێنێت.

ئایا هەموو ئەو ژنانەی بە دوای سەربەستیدا دەگەڕێن و بۆ پەیامێکی یەکسانی کار ده‌که‌ن، دەبێت بمرن؟ ئەم دەرهێنەرە، گۆستاڤ فلۆبێر ڕووبەرووی ئەو پرسیارە دەکاتەوە. بێگومان، کاتی خۆیشی، کە فلۆبێر ڕۆمانەکەی بڵاو کردەوە، لە دادگا بە لەکەدارکردنی مۆڕاڵ و بێرێزکردنی ئاین تاوانبار کرا. دادگا فلۆبێری ئازاد کرد، بەو بیانووەی، کە پاڵەوانی ڕۆمانەکە، “مەدام بۆڤاری” لە کۆتایدا کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت. ئەم خۆکوژییەی “مەدام بۆڤاری” بنەمایەکی گرینگە بۆ سەرلەنوێ خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، لە کات و شوێنی جیاوازدا. هەندێ بە تاوانی کوشتنی ئەدەب ئاماژەی بۆ دەکەن، لەو ڕووەوەی، هەر ژنێک وەک “ئێما پۆڤاری” بۆ یەکسانی و سەربەستی ژن کاری کردووە، لە ئەنجامدا بە کوشتن سزا دەدرێ، یان ناچاری خۆکوژی دەکرێت.

ئەم دەرهێنەرە، لەوەوبەر و لە ساڵی ٢٠٢٢ دا، لەسەر هەمان شانۆ “تاوان و سزا”ی دۆستۆێڤسکی نمایش کرد، ئێستا گەڕاوەتەوە و لە “مادام بۆڤاری”دا ستایلێکی جیاواز بەکار دەهێنێت، کە خۆی لە دیمەنی کورت کورتی تابلۆئامێزدا دەبینێتەوە. دیمەنەکان کورتن و بە خێرایی دەگۆڕێن. هەندێک جار دیمەنەکان پڕ دەبن لە ئاوێنەی گەورە، کە ڕەنگدانەوەی ئێمەی بینەرانە، بەو شێوەیەش بینەران دەکات بە بەشێک لە نمایشەکە.

ئەکتەرەکان کار لەسەر جەستەیان، بە شێوەیەک دەکەن، زیاتر نزیکە لە سەمایەکی مۆدێرنەوە، وەک لە نواندنێکی تەقلیدییەوە، بەڵام هەندێک جار دەبنە قوربانی سینۆگرافیایەکی قەبە و قەرەباڵغ. “ئێلیکترا هۆڵمان”، کە ڕۆڵی “مەدام بۆڤاری” دەبینێت، بە لێهاتووییەوە شەڕی مان و نەمان، لە دژی تەڵەی دایکایەتی و ژنبوون دەکات.