چیرۆکەکانی “با” یان چیرۆکی ئادەم و حەوا

,

هێراکۆ ئازاد


چیرۆکەکانی با

نووسینی دانا ڕەئووف

بڵاوکردنەوەی ناوەندی ڕەهەند و ناوەنی کەپر، ٢٠٢٥

چیرۆکی ئادەم و حەوا، چیرۆکی دوو بونەوەری نامۆن، کە لەژێر ناوی مرۆڤبووندا لێک ئاڵێنراون. ئادەم و حەوا، کە دەگەن بەیەکتری، یەکەمین شت سەیری نێو چاوەکانی یەکتری دەکەن، لە جەستەی یەکتر و پاشان جەستەی خۆیان ورد دەبنەوە. وەک بڵێی دەستبەجێ هەست بە جیاوازی لە نێوان خۆیاندا بکەن، هەست بە سەیریەک بکەن لە ڕووکاری دەرەوەیاندا. ئەو هەستکردنە پشتاوپشت چەکەرەیکرد، بەڵام لەبری ئەوەی شیبکرێتەوە ئاڵۆزتربوو. ئەوەندە ئاڵۆز کە جیاوازیەکان لە مامەڵە و هەست و دەنگ و تەنانەت غەریزەکانیشدا هاتنە ئاراوە. ئەو چەرمەی بەبەر مرۆڤدا کرا نەیتوانی سنوری جیاوازیەکانی نێوان دوو ڕەگەزەکە، تەنگ و تەسک بکاتەوە. دەکرێت، ئەم بۆچوونە بەسەر شانۆنامەی “چیرۆکەکانی با”ی دانا ڕەئووف بسەلمێنرێت.

“چیرۆکەکانی با”  لە دوو کارەکتەری سەرەکی پێکدێن بە نێوی (سان و ساندرا) کە هەر یەکێکیان نوێنەرایەتی ڕەگەزێک دەکەن. چیرۆکەکە خۆی لە دە بەشی پوختدا دەبینێتەوە، کە هەر بەشەی، کار لەسەر کەشفکردنی چەند هەقیقەتێک و نیشاندانی چەند جیاوازیەکی سادە، بەڵام ئاڵۆزی نێوان دوو ڕەگەزەکە دەکات، کە لەژێر یەک ناودا پەردەپۆشکراون ئەویش “مرۆڤ”بوونە.

سەرەتای چیرۆکەکە بە نازونوزی مێینەیی دەست پێ دەکات، کە ساندرا داوا لە سان دەکات: چیرۆکەکانی “با”ی بۆ بگێڕێتەوە. لێرەدا مەبەست بە تەنها گێڕانەوەی چیرۆکەکە نییە، بەڵکو داواکردنێکی ناڕاستەوخۆیە بۆ گرینگی پێدان، ئافرەت هەمیشە حەزدەکات پێگە و جێگەی خۆی لە چاوی بەرامبەردا ببینێتەوە. ساندرا لە زۆر شوێنان ڕاشکاوانە باسی ترسەکانی دەکات، هەتا لە جێیەکدا باسی ئەو یادگاریە ترش و تاڵانەی منداڵی خۆی دەکات، باسی ئەو ئازارانە دەکات کە بەهۆی دوورکەوتنەوەی هاوڕێکانی منداڵی چەشتوویەتی، وەک ئەوەی کە دوێنێ بووبێت ماڵی داپیرەی لە گەڕەکەکە ڕۆیشتبن. ئەمەش هەستیاری ڕەگەزی مێینە دەردەخات بەرامبەر بە ڕووداوەکان، هەروەکو لە دیمەنێکدا دەڵێت” هەندێک جار، واهەست دەکەم لەناو دوو شوێنم، لەنێو دوو سرووشت دام.” مێینە پەیوەندیەکان بە قووڵی وەردەگرێت، هەر ئەو بە قووڵی وەرگرتنەشە کە لەکاتی پچڕانی پەیوەندیەکە تاوەکو سەر ئێسقان ئازار دەچێژێت. هەر ئەو هۆکارەشە کە وا لە ڕەگەزی مێینە دەکات کە هەرگیز و لە هیچ بارودۆخێکدا ئارەزووی دەسپێشخەری نەکات. هەروەکو لە بەشی نۆیەمدا جەخت لە هەمان گلەییکردنی بەشەکانی سەرەتای دەکاتەوە و بە سان دەڵێت “زۆر چاوەڕێم کردیت” . ترس لە دەستپێک، نەک بەتەنها بەرەو چاوەڕوانیەکی دژواری دەبات، بەڵکو زۆربەی جار وای لێدەکات کە ئەو پەیوەندیەی چاوەڕوانیەتی، بێتە پێشی و کەچی ڕەتی بکاتەوە! هەروەکو چۆن ڕەگەزی نێرینە لە یەکێک لە دیمەنەکاندا داوای هاوسەرگیری لێدەکات و ئەویش وەک خۆدزینەوە، بە بزەیەک تێیدەپەڕێنێت. لەبەر ئەوە نا کە ئارەزووی پێناکات هەرخۆی ڕاشکاوانە لە چەند دیمەنێک پێشتر بە تامەزرۆیەوە دەڵێت: “پەیوەندیم لەگەڵ هیچ نێرینەیەک نەبەستووە و هیچ کەسێک بە ڕووتی منی نەبینیوە.”

هەرچی “سان”ە. ڕەگەزێکی بەهێزی هەیە، بەڵام بەهێز لەگەڵ مێینەدا. هەروەکو خۆی ڕاشکاوانە لە دیمەنی دووەمدا بە ساندرا دەڵێت”من هەمیشە بۆتۆ گەڕاوم”. لە دیمەنێکی تردا وەک تەواوکەری ئەو قسەیەی خۆی دەڵێت: “دەچمەوە ئەو شوێنانەی کە بەیەکەوە بۆی ڕۆیشتووین، سەردانی ئەو شوێنانە دەکەمەوە بەتەنیا” لێرەدا لاوازی ڕەگەزی نێرینەمان بۆ دەردەکەوێت بەرامبەر ڕەگەزی مێینە. کە بەبێ مێینە ژیانێکی ڕوکەشی و دوور لە چێژ دەگوزەرێنێت. سان، زۆر ڕاشکاوانە بە ساندرا دەڵێت: “زۆر دەترسم لەوەی شەوێک بخەوم و چاوەکانم بکەمەوە تۆ نەمابیت”. ئەمەشیان ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی نێر چەند بە هێز و بازووبێت، دواجار ترسی نەمانی مێینەیەک سەرتاپای دەهەژێنێت و بێهێز و لاوازی دەکات. وەک ئەوەی زووتر پەی بە ڕاستیەکان ببات و چاونەترسانە لە ساندرا دێتە پێشەوە بۆ هاوسەرگیری. هەروەکو لە دیمەنێکی تردا، دوابەدوای چێژبینین لەو ڕەگەزە دەڵێت: “وامدەزانی لە سەرگوزەشتە و داستانێکی شەڕەنگێزدا دەژین و کچێکی گەنج سیحری لێکراوە لەگەڵ ئێسکوپروسکی جەستەیەکی بێگیاندا دەژی و خۆشەویستی دەکا، تەنیا شتێک کە ئەو نایبینێ، جەستە ترسناکە بێگیانەکەی منە.”

کە گەیشتمە دواپەڕی شانۆنامەکە، هەستم کرد گوزەرێکی خێرام بەنێو ژیاندا پێکراوە! وەک ئەوەی لەسەرەتای دروستکردنی دوو ڕەگەزە نامۆیەکە، لەوێدا وەستابم و تا کۆتا هەڵتەکاندنی زەوی و بەرزبوونەوەی گڕی دۆزەخ، من هەر لەوێ ئامادەبووبم تاوەکو لە جیاوازیەکانیان وردببمەوە.

چیرۆکەکانی”با”

کارێکی زۆر سەرسوڕهێنەرە، وە زۆریش دەوڵەمەندە، من ئەو دەستپێشخەریەم خۆشدەوێت.


هیراکۆ ئازاد