شانۆنامەکانی سۆفۆکلێس لە چاپێکی نوێدا
هەر چەندە شانۆنامەنووسی گرێکی، “سۆفۆکلێس” ٤٠٦-٤٩٧ پ ز بەر لە زیاتر لە دووهەزار و پێنج سەد ساڵ مردووە و تەنیا حەوت شانۆنامەی، بەتەواوی بە دەستمان گەیشتووە، لەگەڵ ئەوەیشدا تا ئێستا دادەنرێت بە یەکێک لە گەورەترین شانۆنامەنووسەکان لە مێژوودا.
وهشانخانهی مۆدارنیستە Modernista لە ستۆکهۆڵم لە بەرگێکی جوان و بە وەرگێڕانێکی نوێوە، هەر حەوت شانۆنامەکەی سۆفۆکلێس: ئەنتیگۆنە، ئاجاکس، ئۆدیپی پادشا، ئێلێکترا، ژنەکانی تراکیس، فیلۆکتس و ئۆدیپۆس لە کۆلۆنۆس بڵاو دەکاتەوە. ئەمەیش دەرفەتێکی باش بۆ شانۆکاران و شانۆکان، هەروەها ناوەندە ئەکادیمیستەکانیش دەڕەخسێنێت.
بێگومان یەکێک لە دیارترین شانۆنامەکانی “سۆفۆکلێس” چارەنووسی ئۆدیپی پادشایە، کە چیرۆکی ئۆدیپی پادشا و ئەو کارەساتانەی بەسەر خۆی و بنەماڵە و چەند نەوەیەکی خێزانەکەیدا دێن، دەگێڕێتەوە. چارەنووسی ئەم پادشایە، لەوەدا کۆدەبێتەوە، کە بێ ئەوەی بزانێ باوکی خۆی دەکوژێ و دایکی خۆی دەخوازێ و چەند منداڵێکشی لێ دەبێت.
تراژیدیای گرێکی لە ئەفسانە و داستانە دێرینەکانەوە سرووشتی وەرگرتووە و هزری خۆیان لە فەلسەفە و سیاسەتدا بەرجەستە دەکەن و لە دیدێکی شانۆییەوە دەیانکەن بە بەشێک لە ڕووداوە تراژیدیییهکانی نێو دەقە شانۆییەکانییان. ئەفسانە و داستانەکان ڕۆڵێکی گەورەیان لە ژیانی گرێکییەکاندا گێڕاوە و بەشێک بووە لە ڕەوتی ژیانییان، کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە فەلسەفە و شانۆکەشیاندا ڕەنگی داوەتەوە. ئەوان لەو ئەفسانانەوە فێری ئەوە بوون، کە چۆن و بە چ شێوەیەک ڕەفتار بکەن، هەروەها ئەوەشی فێرکردوون بۆچی ڕەوش و یاساکانی ژیان، دەسەڵات و حوکمڕانی بەو شێوەیەن. هەر لەم دەروازەیەوە شانۆنامەنووسەکانییان، لە داستانەکانی ئەلیادە و ئۆدیسەوە، کە هۆمیرۆس بۆی تۆمار کردوون، چیرۆکی دەقە شانۆییەکانییان وەرگرتووە و دواتر بەو شێوەیەی ویستویانە دایانڕشتۆتەوە؛ لەم داستان و ئەفسانانەوە هێزی گەردوون دەردەکەوێت، کە وزەیەکی گەورەیش بە دەقەکان دەبەخشێت و سەرلەنوێ بە یۆنانییەکانی بەخشیووەتەوە. تراژیدیای گرێکی لە سەرەتاکانی ئەم شارستانییەتەوە، بنەماکانی شانۆیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، دەروونی و فەلسەفیش ڕۆ دەنێن، کە تا ئەمڕۆیش کاریگەرییان ماوە و دەمێنێ. بۆ نموونە دەقە شانۆییەکانی سۆفۆکلێس، کە لەم کتێبەدا کۆکراونەتەوە: “ئەنتیگۆنە، ئێلێکترا و ئۆدیپی پادشا” لە دیدێکی فەلسەفییەوە، سیاسەتی دەرەوە و ناوەوە دەخەنە ڕوو، ڕاڤەی بنەما ئەنترۆپۆلۆژییەکان دەکەن، ڕێسا و یاسا دینییەکان و موڕاڵ، لە بنەمایەکی ترەوە، بە یەکترەوە دەبەستن و لە هەمان کاتدا دەیانکەن بە بەشێکی گرینگی گرفتەکانی کۆمەڵگە.
“ئەنتیگۆنە” وێنای دیدێکی سیاسی و حوکمڕانی دەکات، کە لەو بنەما حوکمڕانییەدا، جومگەکانی دەسەڵات یاسا دەسەپێنێت. لەم جۆرەی حوکمڕانی دەسەڵاتدا، کە ئەنتیگۆنە، وەک کەسێکی تەنیا و بە تەنیا ڕووبەرووی دەسەڵات دەبێتەوە؛ خێزان و دەوڵەت ڕووبەرووی یەکتر دەکاتەوە. “ئەنتیگۆنە” لای سۆفۆکلێس، وەک ئیندڤیدێک، بێ گوێ دانە هیچ بەرئەنجامێک یاسا نووسراوەکانی دەوڵەت، کە “کریۆن”ی خاڵی سەرۆکایەتی دەکات، پێشێل دەکات و ئەو یاسا و ڕێسایە، ڕووبەرووی یاسا نەنووسراوە خواوەندییەکان دەکاتەوە.
لە هەردوو شانۆنامەی “ئاجاکس” و “فیلۆکتس”دا دوو لە پاڵەوانەکانی جەنگی تەڕوادە، لە چەقی ڕووداوەکان دان و ئەم پاڵەوانانە داینەمۆی ڕووداوەکانن. بۆ نموونە “ئاجاکس” یەکێک بووە لە پاڵەوانەکانی میتۆلۆژیای گرێکی و دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکەکانی ئەلیازەی هۆمیرۆس. لای سۆفۆکلێس، دوای مردنی “ئەکیلیس” کێشە و ململانێی ئەوە سەرهەڵدەدات، کێ چەک و تفاقی ئەو پاڵەوانەی بە میرات بۆ بمێنێتەوە، کە ئەمەیش سمبۆلی جەنگاوەر و ئازایەتیە. لەم کێشەیەدا، هەردوو جەنگاوەر “ئاجاکس” و “ئۆدیسیۆس” لە پێشبڕکێ ئەوەدان ئەم میراتییە بۆ کامیان بێت. ئۆدیسیۆس دوای ئەوەی گوتارێک بۆ سەرکردەکانی گرێک پێشکەش دەکات، دەتوانێت بە قسەکانی قایلیان بکات و ئەو میراتە دەباتەوە. بەمەیش ئاجاکس هەست بە سوکایەتی دەکات، لەبەر ئەوەی خۆی، وەک جەنگاوەرێکی ئازا و چاونەترس بە شایەنی ئەو میراتە دەزانێت. لەبەر ئەوە، ئاجاکس پیلانی کوشتنی ئۆدیسیۆس و سەرکردەکان دادەڕێژێت، کە پیلانەکەیش شکست دەهێنێت، بە شمشێرەکەی خۆی کۆتایی بە ژیانی دەهێنێت.
لە هەردوو دەقی “ئێلێکترا” و “ژنەکانی تراکیس”دا باسی ئەو ژنانەمان بۆ دەکات، کە ئامادەن خۆیان بکەنە قوربانی خۆشەویستی و یاسا دادوەرییە بەرزەکان. دەکرێ ئاماژە بەوەیش بکەین، کە “ئێلێکترا” نموونەیەکی ترە لەو شاکارانەی لەسەر بنەمایەکی فەلسەفەی سیاسی و بیرکردنەوەیەکی قووڵی فەلسەفی ڕۆنراوە. ڕووداوەکانی تراژیدیاکەیش مێژوویەکی دێرینی هەیە و چیرۆکەکە لای گرێکییەکان زۆر ناسراو بووە. هۆمیرۆس لە داستانەکانیدا بە وردی و چڕی گێڕاویەتییەوە و جێگای گرینگی پێدانی گرێکییەکان بووە. سۆفۆکلێس ئەم تراژیدیایەی لەسەر بنەماکانی ڕقێکی ئەستوور، فەلسەفە و پرەنسیپی تۆڵەسەندەنەوەیەکی ڕەها دادەڕێژێت. ڕەخنەگر و ئەکادیمیستەکان ئەوەیان دووپات کردۆتەوە، کە “ئێلێکترا” لە زۆر ڕووەوە لە کارەکتەری هاملێت-ەوە نزیکە، ئێلێکترا هاملێتێکی ژنە و لە مەدارەکانی هاملێتدا، بە هەزارەها ساڵ، بەر لە شەکسپیر لە کێشەیەکی گەورەی بوون و نهبووندا بووە.
ئەرەستۆ، هەر لەو سەردەمەدا و لە کتێبی “هونەری شیعر”دا باسی “ئۆدیپی پادشا” وەک دەقێکی درامی گشتگر و تەواو دەکات و بنەما درامییەکانی، لە ڕووی دراماتۆرگییەوە دیاری دەکات. لەو دەمەوە، ئەم پادشا چارەڕەشە، وەک ناوەندێکی گرینگی کولتووری ئەوروپی دەرکەوتووە، هاوکات ئەو چارەنووسە وەک سمبۆل بووهته پاڵنهر بۆ لێکۆڵینەوە مۆدێرنە دەروونشیکارییەکان.
ئەم کتێبە، کە هەر حەوت دەقە شانۆییەکەی سۆفۆکلێس لەخۆ دەگرێ و لە چاپێکی جواندا بڵاو کراوەتەوە، بۆ ئەمڕۆی شانۆ گرینگە، بۆ کۆمەڵگە مۆدێرن و پڕۆسە لەرزۆکەکەی حوکمڕانی زۆربەی وڵاتانی دنیاش جێگای سەرنجە. ئەم دەقانە چەندان وانەی پڕ بەهایان سەبارەت بە خێزان، موڕاڵ، دەسەڵات و شەڕی دەسەڵات، دەوڵەت، دیموکراسیەت، تەنانەت ژیان و مەرگیشی تیادایە و دەکرێ لەم کاتە شپرزە پروپوچەی ئێستاماندا شتی زۆری لێوە فێربین.
سەرچاوە:
Sofokles, De sju bevarade dramatiska verken. Översättning av: Johan Bergman och Emil Zilliacus. Modernista, Stockholm 2025

