لە بەستێنی (مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان) دا

,

کارزان عەلی


 دەقی شانۆیی (مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان) لە نوسینی کاک دانا ڕەئووف، لە ساڵی ٢٠٢٥ دا بە هاوبەشی لە لایەن هەردوو ناوەندی ڕەهەند و کەپرەوە لە دووتوێی ١٠٠ لاپەڕەدا بڵاوکراوەتەوە. هاوپێچ لەگەڵ دەقەکەشدا، وتارێکی نوسەر کراوە بە پاشکۆی کتێبەکە و تێیدا ئەزموونی خودی نوسەر ڕوون دەکرێتەوە.

  دەقی شانۆییەکە لە یەک پەردە پێک دێت، ڕاستتر بڵێم دەقێکی سەربەخۆیە و لە هەندێک شوێندا، ئاماژە بە (تاریکی) دراوە، دەکرێت وەکو پەردە وێنای بکەین. دەقەکە لەوەدا گرنگە، کە خودی نوسەر، وەکو یەکێک لە باشترین نوسەر و لێکۆڵەر و تیۆریستی بواری شانۆ، پێگەیەکی گرنگ و پێشینەیی هەیە لە ڕیزی شانۆنووسانی هاوچەرخی کوردیدا، جگە لەوەی مامۆستای بواری شانۆیە و خاوەنی چەندین توێژینەوەی گرنگە لەمەڕ شانۆ و شانۆی جیهانی بە گشتی.

  ئەوەی لێرەدا هەوڵی خوێندنەوەی دەدەم، دەقی شانۆیی (مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان)ە و یەکێکە لە نوێترین دەقەکانی نوسەر. لە ڕاستیدا بە گرنگی دەزانم سەرەتا ئاماژە بە یەکەمین بەرکەوتن بدەم لەگەڵ ئەم کتێبەدا، ئەویش (گەر بکرێت چەمکەکە لە زانستی سۆسۆلۆژیا و سایکۆلۆژیا وەربگرین) ناونیشانی سەرنجڕاکێشی دەقەکەیە. (مرۆڤی خۆڵەمێشی) وەکو ئەوەی لە زانستی سۆسۆلۆژیا و سایکۆلۆژیدا ئاماژەی بۆ دەکرێت (مرۆڤێکە ڕاڕا و نیگەران، دوودڵ و لەنێوان) واتە کائینێکە لە نێوان دوالیزمی چاکە/خراپە، دژ/لایەنگر، ڕەش/سپی و تا ناکۆتا، هەڵواسراوە. مرۆڤێکە نە تەواو چاکە نە خراپ، نە دژە نە لایەنگر، بەڵکوو دۆخێکی تایبەتی مۆلەق دەژێت. مرۆڤێکە لەنێوان شتەکاندا دەمێنێتەوە، بڕیاری بۆ نادرێت جەللاد و قوربانی جیا بکاتەوە و پشتگیری لێ بکات.

 لە سەروو ئەم ناونیشانەوە، وێنەی سەربەرگ، کتومت دۆخی ئاڵۆز و یەکلانەبووی دەروونی ئەم مرۆڤە بەدی دەکەین. چەندین مرۆی خۆڵەمێشی بە ڕەنگی خۆڵەمێشی و دەست و قاچ و سەر و لاشەیان، هەریەکەی بە لایەکدا دەسووڕێت، وەک ئەوەی بەدوای کەناری ئارامی و پشوودا بگەڕێن. مرۆگەلێکی خۆڵەمێشیی نیگەران، کە هاوار دەکەن و دەقیژێنن، دەست ڕادەوەشێنن، لە قاڵبێکدا جێناگرن و ناسرەون.

   ئەم ناونیشان و تابلۆیە بەسەر بەرگی کتێبەکەوە، لە ڕەگی قووڵی لێزانین و شارەزایی نوسەرێکەوە هاتووە کە بە وریاییەکی زۆرەوە لە بوارەکەدا، دەقی شانۆییمان بۆ بەرهەم دەهێنێت. لێرەوە ئێمە بەر کارەکتەرانی ناو دەقەکە دەکەوین، بە شتێک لە بەرچاوڕوونی و زانین، کە دواتر لە ڕۆحی تێکشاوی چەند زیندانییەکدا، کاریگەرییەکانی دەبینینەوە. دەقەکە حەوت کارەکتەری سەرەکی لەخۆ دەگرێت، پێنج زیندانی و دوو پاسەوان. هەر لە دیمەنی یەکەمدا “ژووری زیندانێکە لە بەندیخانەیەکی گەورەدا. دەرگایەکی ئاسنین…لا ٩”. دیمەنەکە لەبەرچاومان ڕوون دەبێتەوە.  خۆمان لە ژوورێکدا دەبینینەوە، کە بەشێکە لە زیندانێکی گەورەتر، زیندانییەکان هەریەکە بە تاوانێک تۆمەتبارن، بەڵام لەنێوان تاوان/سزا دا هێشتا مۆلەق، هەڵواسراو و چاوەڕوانن. کۆمەڵە زیندانییەک وا دەردەکەوێت لە دۆخێکی خراپی نیگەرانی و دوودڵی، سەرما و برسێتی و فەرامۆشکردندان، بە تایبەتی لە هەندێک دایەلۆگدا، هەست دەکەن خۆیان توشی بیرچوونەوە بوون و لە دەرەوەش (یاسا/کۆمەڵگە) دا بیرچوونەتەوە.

   لە میانی تێکەڵبوون و دایەلۆگدا، هێدی هێدی بۆمان دەردەکەوێت هەر تۆمەتبارە و بە چ تاوانێک بەندکراوە، دۆخی ئاڵۆزی دەروونی و پەشیمانبوونەوە، تەنانەت گەڕانەوە بۆ یادەوەرییە خۆش و ناخۆشەکانی سەردەمی منداڵی، باسکردنی خودی تاوانەکە، لەمانەش گرنگتر، دۆخی ئومێد و ڕۆشنایی سەرتاپای ئەم بەرهەمە پێک دەهێنێت، بەڵام وەک (مرۆڤی خۆڵەمێشی) هیچ یەکێک لەم کارەکتەرانە ناتوانن بگەنە دۆخی دڵنیایی تەواو، یەکلابوونەوە و چەسپاندن.

   دۆخی خراپی کارەکتەرەکان، سزای بانگکردن و لێدان لە لایەن دوو پاسەوانەکەوە، تەنانەت پەیوەندی هەموو ئەم دۆخە خراپە و بەردەوامبوونی چاوەڕوانی، دەبێتە هۆی دروستبوونی شەڕ و ناکۆکی لەنێوان هەندێکیاندا، بە شێوەیەک ئەم پەیوەندییە دەچێتە دۆخێکی ئاڵۆزیی دەسەڵاتداریی و ملکەچکردن و تەنانەت شەڕی نێوان زیندانییەکان خۆشیان، وەک لە شەڕ و دەمەقاڵێی نێوان (کاکەسوور و عەزیز) دا دەیخوێنینەوە. دۆخی دەروونی ئەم پێنج کارەکتەرە، لە ڕاستیدا تا ئاستێکی زۆر لە کارەکتەری ناو شانۆ و ڕۆمانەکانی سامۆیل بیکێت، لە ڕووی پوچی و بێهودەییەوە (بە تایبەتی لای سابیر و خڕە) و کارەکتەرەکانی کافکا (بە تایبەتی کارەکتەری یادگار) دەچن، وەک ئاماژە بۆ جەختکردنەوەیەک، کە نوسەر ئیشێکی وردی لەسەر یەکێک لە فەرامۆشکراوترین توێژەکان کردووە، کە توێژی ناو زیندان و بەندیخانەکانە.

   کارەکتەری (یادگار) یەکێکە لە کافکاویترین کارەکتەرەکانی ناو ئەم دەقە شانۆییە. (یادگار) گەنجێکە لە زانکۆ و پەیوەندی لەگەڵ کچێکدا هەیە، بەڵام لە کاتی هاتنەدەرەوەی لە دەرگای زانکۆ، دەگیرێت و فڕێی دەدەنە ئەم ژوورەوە. بە درێژایی دەقەکە، (یادگار) ئەو پرسیارە دووبارە دەکاتەوە کە بۆچی گیراوە، لەسەر چی گرتوویانە و لێرەیان ئاخنیووە. پرسیارێک، کە لە ڕۆمانی (دادگایی) دا کافکا ئیشی وردی لەسەر دەکات، و لای دانا ڕەئووف هەمان ئاریشە و پرسیار، ژیان و خەیاڵی (یادگار) و تەنانەت زیندانیانی تری ناو ژوورەکەش بە خۆیەوە سەرقاڵ و نیگەران دەکات. پرسیاری گەورەی یادگار ئەوە نیە بۆچی لێرەیە، بە پێچەوانەی (کارەکتەری کاکەسوور، پیاوێک کە ژنەکەی خۆی کوشتووە. کارەکتەری خڕە، دز. کارەکتەری عەزیز، جار جار وتاری ڕەخنەیی نووسیوە، کارەکتەری سابیر، کە بازرگانە و تۆمەتی قاچاخچییان داوەتە پاڵی) هەموو کارەکتەرەکانی ترەوە. پرسیاری بەردەوامی (یادگار) پرسیارە لە فەرامۆشیی، هۆکاری گرتنی، تروسکاییەکی کەم بە ئازادبوون، هیوایەکی گەورەی ژیاندۆستی و دواجار دەگەڕێتەوە سەر هەمان پرسیار، کە نازانێت بۆچی لەم ژوورەدا زیندانی کراوە.