“ئاڕاستەیەک بۆ تێگەیشتن لە دەقی شانۆیی”

,

لێکۆڵینەوەیەکی تیۆرییە، لە هەردوو دەقەکانی “بەرەو کەنار” و “لێکترازان”ی دانا ڕەئووف

نووسینی: عەلی عوسمان یاقووب

ئەم کتێبە ئاوەڕدانەوەیەکی هزری و ئێستاتیکییە، لە ژێر ڕۆشنایی چەمکە مۆدێرن و پۆستمۆدێرنەکان بۆ لێکۆڵینەوە و شڕۆڤەکردنێکی نوێ بۆ هەردوو دەقی “بەرەو کەنار” و “لێکترازان”، کە لە دوو کاتی جیاوازدا نووسیومن. کاک “عەلی”، کتێبەکەی دابەش کردوە بە سەر دە بەشدا و لەم بەشانەدا، زۆر بەوردی پەی بە بونیادی درامی دەقەکان و ئەو دراماتۆرگییە مۆدێرنەی لەم شانۆنامانەدا هەن، بردووە، کە ئەمەش جێگای دەستخۆشییە، هاوکات بەرچاو ڕوونییە بۆ کەسانێک، کە هێشتا لەم دراماتۆرگییە ناگەن و بە فۆرمێکی شانۆیی ئەوروپی، نەک کوردی لە قەڵەمی دەدەن.

هەر خۆم، ماوەیەک لەمەوبەر لە دیدارێکی زۆت کورتدا، بەم شێوەیە باسم لە دیدی خۆم کردبوو بۆ فەزای دەقە شانۆییەکانم و مەسەلەی جیهانی و لۆکاڵی: “ئەدەب و هونەر خاوەنی زمانێکی جیهانین، باس لە کێشەکانی مرۆڤ دەکەن؛ جا ئەو کێشانە کێشە فەلسەفییە خودگەراییەکان بێت، یاوەخود کێشە کۆمەڵایەتی، دەروونی، سیاسیەکان، بێگومان کێشە ئەزەلییەکانی تریش هەر دەگرێتەوە، وەک کێشەی ژن و پیاو و شەڕی نەوەکان. کارەساتە گەورەکانی میللەتانیش هەر بەشێکن لەم کێشانە و دەکرێت لەنێو فۆرمی ڕۆمان، دەقێکی شانۆیی، تابلۆیەکی هونەری، میلۆدییەکی مۆسیقیدا بەرجەستە بکرێت. گەر لەم سۆنگەیەوە باس لە ئەزموونی خۆم بکەم، بۆ نموونە لەو چەند دەقە شانۆییەی تا ئێستا نووسیومن، تیشکی سەرنجم خستۆتە سەر کێشە خودگەراییەکان لەلایەک و لە لایەکی تریشەوە، سەر پەیوەندییەکانی ژن و پیاو، دابڕان، ڕاکردن و تاراوگە، ڕۆڵی ژنان و مەسەلەی نەوەکان، خۆشەویستی و خێزان… هتد، کە هەر هەموو بابەتی دەقەکانم لە کۆمەڵگەی کوردییەوە وەرگرتووە. من توانیوومە لە فۆرمە نوێیەکانی دەقی شانۆیی جیهان بگەم، توانیوومە ئەو فۆرمە لە کێشە مرۆڤایەتییە گەورەکاندا بەرجەستە بکەم، توانیوومە یان ئەو هەنگاوەم بێ سڵەمینەوە ناوە، کە لە جیهانییەوە بگەڕێمەوە بۆ لۆکاڵی، بۆ ئەوەی لە لۆکاڵیدا پیشانی بدەم، کە من لە فۆرمێکی جیهانیدا کێشەی مرۆڤی کۆمەڵگەکەی خۆم دەخەمە ڕوو. بەڵێ من جیهانیم، دوای ئەوە لۆکاڵیم! نموونەمان زۆرە: جۆرج شحادە لوبنانی بوو، بە فەرەنسی لە فۆرم و ستایلی شانۆی جیهانیدا دەینووسی، بوو بە جیهانی، دوای ئەوە عەرەبەکان لە بەرگە جیهانییەکەدا ناسییان و دەقەکانیان وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی. بێکێت ئیرلەندی بوو، لە فەرەنسا بوو بە جیهانی، یۆنێسکۆ ڕۆمانی بوو، ئەدامۆڤ ڕووسی بوو، فێرناردۆ ئاراباڵ ئیسپانی بوو ئەمانە لە فەرەنسا بوون بە جیهانی و بە جیهانییەوە گەڕانەوە بۆ نێو ئەدەب و شانۆی میللەتەکانی خۆیان. بێگومان لە ئێستایشدا نموونە زۆرە، دیاریترینیان وەجدی معەوەد-ە، کە لە لوبنان لەدایک بووە و بە فەڕەنسی دەنووسێت و لە مۆتریال دەژی.”

ئەوەی کاک “عەلی عوسمان یاقووب” لەو کتێبەیدا کاری لەسەر کردووە، ئەو چەمەکە مۆدێرن و پۆستمۆدێرنەیە، کە لەم دەقانەدا، بە بڕوای من، بنەمایەکی تر بۆ ئایندەی شانۆی کوردی دادەڕێژێت. هیوادارم و دڵنیاشم، ئەم هەوڵەی کاک “عەلی” هەوڵی تریشی بەدوادا دێ و دەرگایەک دەکاتەوە بۆ لێکۆڵینەوەیەکی ورد و ئەکادیمی بۆ دەقی شانۆی کوردی.


لە بڵاوکراوەکانی دەزگای سەردەم، ٢٠٢٥