خۆشەویستی و دابڕان لە چوارینەی “وه‌ك ئەوەی ژیان لەوێ بێت”
ئەژین فەهمی
شانۆنامەی “وه‌ك ئەوەی ژیان لەوێ بێت” یەکێکە لە بەرهەمە نوێكانی نووسه‌ر و شانۆکار “دانا ڕەئووف”، ئەم بەرهەمە نوێیەی نووسەر، وه‌ك هونه‌رێكی درامیی به‌رز ده‌رده‌كه‌وێت. شانۆنامەکە لە چوار بەشدا: “له كازیوه‌دا تاریك داهات، له خۆرئاوابووندا له‌وێ بووم، وه‌ك ئه‌وه‌ی ژیان له‌وێ بێت، وه‌ك من نه‌بووبم.” ژیانی ژن و مێردێك ده‌گێڕێته‌وه.
“دانا” وه‌ك به‌رهه‌مه‌كانی تری چووه‌ته قووڵایی كۆمه‌ڵگه‌وه، هه‌مدیسان متمانه، خۆشه‌وییستی، خیانه‌ت و لێكترازان پاته ده‌بێته‌وه، هاوکات کارەکتەرەکان مۆرکێکی خودگەرایی بەهێز لەخۆ دەگرن، له‌م ڕێگه‌یه‌وه هه‌نگاویناوه‌ته چه‌ندین پرسی گرنگی کۆمەڵایەتی و مرۆییەوە.
نووسەر توانیویەتی، لە ڕێگەی دەیالۆگی قووڵ و کارەکتەری زیندوو و زۆر جاریش به چه‌شنێك لە بێده‌نگی له‌گه‌ڵ خۆیاندا بدوێن. ده‌كرێ بڵێین هه‌ر به‌شێك له‌م “چوارینەیە” سه‌ربه‌خۆیه، به پێچه‌وانه‌یشه‌وه، به‌ڵكوو پێوه‌ندییان پێكه‌وه هه‌یه و ته‌واوكه‌ری یه‌كترین و هێڵێكی گێڕانه‌وه‌یی له‌هه‌ر چوار به‌شەکەدا هه‌ن، شتگه‌لێك پێكه‌وه د‌ه‌یانبه‌ستێته‌وه و وێنه‌یه‌كی ته‌واو درووست ده‌كه‌ن.
نووسه‌ر پێشتر له کتێبی (چیرۆكه‌كانی با.) دا، له سێینه‌یه‌كدا (له كازیوه‌دا تاریك داهات، له خۆرئاوابووندا له‌وێ بووم، وه‌ك ئه‌وه‌ی ژیان له‌وێ بێت)ی بڵاو کردووه‌تەوە، به‌ڵام ئێستا و لەم کتێبە نوێیەیدا به‌شی چواره‌می (وه‌ك من نه‌بووبم)ی بۆ زیاد كردووه، ئه‌م زیادكردنه ده‌قە شانۆییه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڵكشاوتر ده‌بات و مەودایەکی زەمەنی قووڵیشی پێ دەبەخشێت. بێگومان ئه‌وه مانای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت نووسه‌ر دوای ساڵانێك ده‌ستبه‌رداری چیرۆكی نێو شانۆنامه‌كه نابێت، لەگەڵ کارەکتەرەکانیدا دەژی و دەگەڕێتەوە بۆ لایان و بەردەوامی دەبەخشیت بە ژیانییان. بۆ نموونه ئه‌و پیاوه‌ی، مەستانە بۆ ئەو واز لە سیامەند دەهێنێت، بێ ئەوەی دەربکەوێت، ئامادەبوونێکی بەهێزی له‌به‌شی یه‌كه‌مدا هەیە، مەستانە هەندێ جار ونە و هەندێک جاریش لە چەندین زەمەنی جوداوە دەردەکەوێتەوە. لەبەشی دووەمدا، مەستانە و نەشمیل، لە بەشی سێیەمدا، سیامەند و نەشمیل دەردەکەون. لە بەشی چوارەمدا، کە زەمەن تێپەڕیوە، سیامەند لە ژیاندا نەماوە، مەستانە چووه‌تە تەمەنەوە، قاچەکانی لە دەستداوە و لەسەر عەرەبانەی کەمئەندامانە و نەشمیلیش ژنێکی ٣٥ ساڵە، هەر لەم بەشی چوارەمەدا، ئەو پیاوەی لە هەر چوار بەشەکەدا، بێ ئەوەی دەربکەوێت، ئامادەبوونی هەیە، دێته سه‌ر شانۆ، بۆ ئه‌وه‌ی دواجار جه‌سته‌ی مردووی مه‌ستانه به‌رێتە دەرەوە.
کێشە ڕاستەقینەکانی نێو شانۆنامه‌كه بە شێوەیەکی هونەری داڕێژراون، كه تێیدا نووسەر، توانیویەتی بە شێوازێکی زیرەکانە و کاریگەر، گرفتەکانی کۆمەڵگه بخاتە ڕوو، ته‌نانه‌ت ناوه‌ڕۆك و تایتڵه‌كان پێكه‌وه خۆیان گونجاندووه.
گه‌ر لە دەیالۆگی کارەکتەرەکان ورد بینه‌وه، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، کە کارەکتەرەکان لە دنیای خۆیاندا دەژین و زۆرجار گوێ له یه‌كدی ناگرن و قسه‌كانیشیان ته‌واو ناكه‌ن، ته‌نانه‌ت ته‌واوی بابه‌ت هێنانه‌وه و چوونە ناو چیرۆكی جوداوه، وا ده‌كات ده‌قه‌كه به‌های خۆی له‌ده‌ست نەدات.
له هه‌ر به‌شێكدا په‌رته‌وازه‌یی خێزانی ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه و كاریگه‌ری به‌سه‌ر هه‌ڵسووكه‌وتیاندا هه‌یه و سرووشتی باس كراوه، بۆ نموونە ده‌بینین چه‌ندین جار مه‌ستانه، ده‌یه‌وێت بڕوات و كه‌چی سیامه‌ند هه‌ر جاره و به بیانووێكه‌وه ڕایده‌گرێت. لاپەڕە ٣٤ و ٣٥
سیامه‌ند
حه‌زم له‌و ژنانه‌یه، كه دڵنیانین.
مه‌ستانه
ماندووم.
سامه‌ند
بنوو، بڕۆ بنوو.
مه‌ستانه
تۆ ده‌ڵێی من قسه زۆر ده‌كه‌م.
سیامه‌ند
چه‌ند حه‌زده‌كه‌م سه‌یرت بكه‌م، كه قژت شانه ده‌كه‌ی.
(پێده‌كه‌نێ.)
(بێده‌نگی.)
مه‌ستانه
من هیچ نهێنییه‌كم نییه و نه‌متوانیوه هیچ بشارمه‌وه.
سیامه‌ند
چه‌ند حه‌زم له بێده‌نگی به‌یانیانه.
مه‌ستانه
ڕقم له نهێنییه.
سیامه‌ند
من نامه‌وێ هیچ نهێنییه‌كم لا بدركێنی.
مه‌ستانه
نهێنی؟!
له‌م دەیالۆگه‌دا كڕۆكی ژنبوونمان بۆ باس ده‌كات، بەتایبەتی له‌و ڕووه‌ی هه‌ركاتێك به‌هه‌ر مه‌به‌ستێك بێت، گه‌ر ژنێك بیه‌وێت بڕوات ئه‌وا هیچ هێزێك نییه بیوه‌ستێنێت، ئه‌و بێ گوێدانه به‌ها و په‌رته‌وازه‌یی خێزانی و ته‌نانه‌ت جێهێشتنی كیژه یه‌ك ساڵانه‌كه‌یشی، دەڕوات.
لێره‌دا ئه‌وه‌ی گرنگه، باسكردنی هه‌ر چوار به‌شی شانۆنامه‌كه نییه، كه باسی خۆشه‌ویستی ژن و پیاوێك ده‌كات، به چه‌ندین ئاسته‌نگه‌وه، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی لام گرنگه ته‌كنیكی ئه‌م ده‌قه شانۆییه، كه له‌سه‌ر بنه‌ماکانی مۆدێڕنە ڕۆنراوه، نه‌ك به شێوه‌یه‌كی ته‌قلیدی، گه‌ر سه‌رنج بده‌ین ڕوونه، كه ته‌واوی دەیالۆگه‌كان بە تەکنیکێکی تەقلیدی دانەڕێژراون. شتێك ونه و خۆی نادات به‌ده‌سته‌وه، له هه‌ر چوار به‌شدا پاته ده‌بێته‌وه و ناڕوونه، مه‌ستانه دوای پیاوێک ده‌كه‌وێت، ئه‌م به‌دواكه‌وتنه‌ی مه‌ستانه بۆ پیاوه‌كه و پشت كردنه نه‌شمیل و سیامه‌ند، وا له نه‌شمیل ده‌كات، هه‌میشه وه‌ك گله‌یییه‌ك ڕووبه‌ڕووی دایكی بكاته‌وه، كه جێی هێشتووه، به‌ڵام له به‌شی چواره‌مدا كاتێ پیاوه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت و خۆی ئاشكرا ده‌كات، بۆ نموونە لە لاپەڕە ٢١٥ دا، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە مەستانە هەرگیز نەیتوانیوە، بەتەواوی دڵی بدات بەو پیاوە.
پیاوه‌كه
وازت له سیامه‌ند هێنا و له‌گه‌ڵ من ڕۆیشتیت… به‌ڵام هه‌رگیز نه‌تتوانی منت خۆش‌بووێت. ئێمه پێكه‌وه بووین بێ ئه‌وه‌ی نزیك بین… هه‌موو شتێك وه‌ك ئه‌وه وا بوو به زۆر بێ… هه‌موو شتێك له‌پڕ وای لێ هات. هه‌میشه له‌یه‌ك توڕه بووین!
(وچانێكی كورت.)
ته‌نیا به جه‌سته له‌گه‌ڵ من بوویت. هه‌ر زوو ده‌رگای دڵت داخست و…
(وچانێكی كورت.)
لێره‌دا هه‌ر ڕوون نابێته‌وه بۆچی مه‌ستانه سیامه‌ند جێدیڵێت، به‌ڵام گه‌ر له ده‌قه‌كه ورد بینه‌وه، له‌ڕێی دەیالۆگه چڕه‌كانه‌وه، دوای خوێندنه‌وه‌ی زیاتر له جارێك هۆكاری جێهێشتنی سیامه‌ندمان پێده‌ڵێت. له ئه‌نجامی ئه‌وه‌ی نه‌شمیل هه‌ر له منداڵی بێ دایك ده‌مێنێته‌وه، وابه‌سته‌ی باوكی ده‌بێت، به خه‌یاڵی خۆی عاشقی مامۆستاكه‌ی بووه، ته‌نانه‌ت زۆر جاریش هزری ئه‌وه ده‌كات، پیاوێك بدۆزێته‌وه شێوه‌ی له باوكی بچێت، لاپەڕە ١٩٤، ١٩٥
نه‌شمیل
ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریم تێپه‌ڕاندبوو، تا ئه‌و ساته‌یش جگه له مامۆستاكه‌م… كه وه‌ك منداڵێك سه‌یری ده‌كردم و من عاشقی بووم، هیچ پیاوێك سه‌رنجی ڕانه‌كێشابووم… هه‌ستم ده‌كرد هیچ پیاوێك سه‌رنجم ڕاناكێشێت… هه‌ستم بۆ پیاو نه‌بوو. باوكم…
(وچانێكی كورت.)
(له عه‌ره‌بانه‌کەی مه‌ستانه دوور ده‌كه‌وێته‌وه.)
باوكم بۆ من هه‌موو شتێك بوو.
مه‌ستانه
(سووراوه‌كه‌ی ده‌رده‌هێنێـت و سووراو ده‌كات.)
ده‌بێت ژیان به‌رده‌وام بێت.
نه‌شمیل
تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌وم بینی.
(وچانێكی كورت.)
به‌رله‌وه‌ی ده‌م بكاته‌وه… به‌رله‌وه‌ی یه‌ك وشه له‌ده‌می بێته ده‌ره‌وه، هه‌ستم به ئازارێكی گه‌وره كرد… ئازارێك له‌سه‌ر سنگم. نه‌مده‌توانی هه‌ناسه بده‌م. هه‌ستم ده‌كرد، هه‌موو ژیانم گۆڕانكاری به‌سه‌رداهات… چاوم ئه‌رزه‌كه‌ی نه‌ده‌بینی. له‌به‌رخۆمه‌وه ده‌مگوت من ئه‌م پیاوه‌م ده‌وێ… له خودا پاڕامه‌وه، خودا ئه‌و ئاواته‌م بۆ بێنێته دی… نه‌یهێنا.
(وچانیكی كورت.)
حه‌زم نه‌ده‌كرد… كه‌س هه‌ست به‌وه بكات شڵه‌ژاوم و ترس دایگرتووم.
(وچان.)
له‌م گفتوگۆیه‌ی نێوان (مه‌ستانه و نه‌شمیل.)دا، گرێی ئه‌لێكترا له‌سه‌ر هێڵێكی كاڵ خۆی نیشان ده‌دات، به‌ڵام خۆماڵییانه و له‌نێو خێزاندا ما‌وه‌تەوە. درامای گرێکی لەسەر کێشەکانی خێزان درووست بووە، ئەم دەقەی “دانا ڕەئووف” گەڕانەوە و گەشتێکی مۆدێرنە بۆ درامای گرێکی و بەردەوامییەکی ئەو ڕەوتەیە.
سه‌رچاوه:
وه‌ك ئه‌وه‌ی ژیان له‌وێ بێت.
نووسینی: دانا ڕه‌ئووف.
بڵاوكه‌ره‌وه: ناوه‌ندی ڕه‌هه‌ند و ناوه‌ندی كه‌پر. ٢٠٢٥