ئێرڤین پیسکاتۆر و شانۆی سیاسیی
جەنگی جیهانی یەکەم کۆمەڵگەیەکی توندوتیژی خوڵقاند و گوزەرانی خەڵکی سەرلەبەر ئاوەژووکردەوە. ئەم ژیانە نوێیە هەلومەرجێکی وای دروست کرد، کە ڕق و برسێتی و بێئومێدی و ڕەشبینی، وەکوو دەرئەنجامێکی ئەو شەڕە، باڵ بەسەر گوزەرانی خەڵکیدا بکێشن و ژیان ڕێچکەیەکی تر وەربگرێت. ئەم ڕەوشەیش بەشێکی زۆری شانۆکارەکانی ناچاری ئەوە کردوە، کە بەشێوەیەکی ڕادیکاڵانە دید و هزر و بیروباوڕەکانیان بگۆڕن، تا لەگەڵ ئەو هەل و مەرجە تازانەدا بگونجێن. لەم سەردەمەدا کەسێکی وەک ئێرڤین پیسکاتۆر ١٨٩٣-١٩٦٦ دەردەکەوێت، کە گوزارشتێکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرای (شانۆی سیاسیی) لەنێوان هەردوو جەنگی جیهانیدا دەکات.
پیسکاتۆر لە سەرەتادا فەلسەفە و مێژووی هونەر لە میونیخ دەخوێنێت، لە ساڵی ١٩١٤ەوە بڕیار دەدات وەک ئەکتەر کاربکات و پەیوەندی دەکات بە شانۆکانەوە و هەر زوو لەگەڵ دەرهێنەرێکی بە ئەزموونی وەک (ماکس ڕاینهارت) دەکەوێتە کار، بەڵام لە ساڵی ١٩١٥دا شانۆکان بەهۆی یەکەم جەنگی جیهانییەوە دادەخرێن و لەبری ئەوە لە بەرەکانی جەنگ دەگیرسێتەوە.
پیسکاتۆر وەکوو ئەکتەرێکی سەرباز لە بەرەکانی شەڕدا دەبێت و نەمایشی شانۆیی لە سەنگەرەکانی پێشەوە بۆ سەربازەکان پێشکەش دەکات و دواتر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە وێنە خوێناوییەکانی جەنگ و بەشداری و هەست و سۆز و کاردانەوەی کاریگەرییەکانی ئەو جەنگە ڕێچکەی ژیانی گۆڕیووە و هەر لەژێر ئەو کاریگەریەدا، ڕووی کردۆتە شانۆی سیاسیی. پیسکاتۆر ئەوەی دووپات کردۆتەوە، کە لە دوای جەنگەوە بۆ ئەو زۆر گران بووە، بەشێوە ئاساییەکەی خۆی کار لە شانۆدا بکاتەوە. بۆیە شانۆ بۆ ئەو لە دوای ئەو جەنگەوە هونەرێکی سیاسییە و پەیامێکی سیاسیی ڕوون و ئاشکرایشی هەیە، خۆیشی دەبێتە چالاکوانێکی سیاسیی و دەیەوێت هونەر بخاتە خزمەتی ململانێی چینایەتییەوە. ئەم شانۆ سیاسییەیش بۆ پیسکاتۆر لە ڕووی دیدی فەلسەفی و شێوازی هونەرییەوە چەندین مانای گەیاندووە، بۆ نموونە ئەو وشەی (هونەر) و (سیاسەت) بەتەواوی لە یەکتر جیادەکاتەوە؛ تێکەڵاوکردنی ئەم دوو زاراوەیە بەرەو چەمکێکی گشتگر و ناڕۆشنمان دەبات.
پیسکاتۆر نایەوێت ڕۆڵی هونەرمەند ببینێت، بەڵکوو ڕۆڵێکی سیاسیی، بە تایبەتیش پەیوەست بێت بە مەسەلە و ململانێ چینایەتییەکانەوە: دیارە بۆرژوازییەت بە درێژایی مێژوو پێی وابووە، کە شانۆ لە نێوەندێک بۆ سەیرکردن و چێژوەرگرتن زیاتر هیچی تر نییە، بەڵام پیسکاتۆر ئەم ئاڕاستەیەی گۆڕی و شانۆی هێنایە سەر ڕێچکەیەکی تر، کاتێک لە پاڵ چێژوەرگرتندا، کردی بە ناوەندێک بۆ هۆشیارکردنەوەی بینەر و هەستکردن بە ڕاستی شتەکان، بە تایبەتیش لەبەر ئەوەی زۆربەی بینەرەکانی ئەو لە چینی کرێکار بوون.
پیسکاتۆ لە یادەوەرییەکایندا باسی ئەو بەرپەرچە ناوەکییە بەهێزەی بۆ جەنگ و گرینگیدانی بە سیاسەت و بەستنەوەی بە هونەر بەشێوەیەکی گشتی و شانۆ بە تایبەتی دەکات. پیسکاتۆر بۆ ئەم مەبەستە لەنێوان ساڵانی ١٩١٩-١٩٢٠ (شانۆی پرۆلیتار) وەکوو شانۆیەکی گەڕۆک، لە بەرلین دادەمەزرێنێت، ئەم شانۆیەیش یەکێک دەبێت لە شانۆ ئەماتۆرە چالاکەکانی ئەو دەمە. پیسکاتۆر ئەکتەرەکانی ئەم شانۆ پرۆلیتارە دەباتە کارگە و شوێنی کار و ناو خەڵکی ئاسایی سەر شەقام و کۆڵانەکان، نەمایشی ساکاری ڕیالیزمی سەبارەت بە پرسە هەنووکەیی و ڕووداوە سیاسییەکان و کارەساتەکانی جەنگ و گوزەرانی کرێکاران پێشکەش دەکەن و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بینەراندا دروست دەکەن.
شانۆی پرۆلیتار شانۆیەکی ئایدۆلۆژی دەبێت، کە وشەی هونەر و دەرهێنان و ستایلی هونەری تێک دەشکێنێت و دەبێتە ئاڕاستەیەکی تەواو پێچەوانەی تەوژمە ئێکسپروشیونیستەکانی ئەو دەمە. پیسکاتۆر لەم بارەیەوە لە یەکێک لە مانیفێستەکانیدا دەڵێت: (ئەو ستایلەی، کە ئەکتەر و نووسەر و دەرهێنەر بەتەواوی دەسەڵاتییان بەسەردا دەشکێت، دەبێت بە شێوەیەکی گشتگر کۆنکرێتی بێت. ئەوەی دەوترێت، دەبێت دوور بێت لە هەموو جۆرە ئەزموونکارییەکەوە و نابێت سەر بە ڕێبازی ئێکسپروشیونیستەکان بێت، ساکار و دیاریکراو و پەیامێکی شۆڕشگێڕانەیشی هەبێت. بەم شێوەیەیش هەموو ڕۆمانتیکێکی نوێ، ئێکسپروشیونیست و ستایلی لەو چەشنە، کە لە پێویستییەکانی هونەرمەندە خودگەرا بۆرژوازییەکانەوە سەریان هەڵداوە، وەلاوە بنرێت.) ئەمەیش لە دەرەوەی سنوورەکانی ڕووسیایەکی شۆڕشگێر دەبێتە یەکەم هەوڵە ساکارەکانی شانۆیەکی سیاسیی، کە لە هەوڵی دروستکرن و بوونیادی شانۆیەکی پرۆلیتار و شۆرشگێردا بوون. هەرچەندە پیسکاتۆر خۆی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە ئەو ئاگای لە شانۆی ڕووسی نەبووە، بەڵام شۆڕشی ئۆکتۆبەر و شانۆی شۆڕشگێری ڕووسیا کاریگەرییان بەسەر فۆرم و شێوازەکانی پیسکاتۆرەوە هەبووە، ئەم کارتێکردنە لەگەڵ گەشە و بەرەوپێشەوەچوونی باری ڕامیاری ئەڵمانیا گۆڕاوە. بەتایبەتیش، کە ڕەوش و بارودۆخی سیاسیی ئەڵمانیا بارودۆخێکی جیاوازتری لە بارودۆخی سیاسیی ڕووسیا لەخۆ گرتووە.
پیسکاتۆ لە یەکێک لە مانیفێستە بەراییەکانیدا دەڵێت: (ڕابردوو، ڕابردووە و بەسەر چووە، ئێمە لە ئێستادا دەژین، لە قۆناخێکدا گۆڕانکارییە سیاسییەکان خێرا و بەردەوامن، هەر لەبەر ئەوەیش “سیاسەت” بە پلەی یەکەم لە گرینگی پێداندا دێت و هەموویشمان لەژێر چەترەکەیدا کۆدەکاتەوە. کەواتە، بۆچی دەبێت ئێمە داوای شتێکی تر لە شانۆ بکەین، جگە لە پروپاگەندەی سیاسیی؟ شانۆی گرێکی هەمان شتی دەکرد. ئێمە پێویستە هەر باسی (واقیع) نەکەین، بەڵکوو پێوێستە لەسەرمان “بیگۆڕین” کاری شانۆی شوڕشگێریش ئەوەیە، کە واقیع وەک خاڵی دەستپێک وەربگرێت تا لە وێووە جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان روون بکاتەوە، لە وێووە بنەماکانی ڕەخنەیەکی کۆمەڵایەتی دابڕێژێت و بانگەشەی شۆڕش بکات و ستراکتوری سیستێمێکی نوێ دەستەبەر بکات.) بەڵام ئەمە بۆ پیسکاتۆر بەو مانایە نەبووە، کە پشت بکاتە کولتووری شانۆی جیهانی و شانۆی کلاسیکی پەراوێز بخات و تەنها پشت بە پروپاگەندەی سیاسیی ببەستێت؛ پیسکاتۆر دید و دیمایەکی قووڵی بۆ کولتوور و مێژووی شانۆ هەبووە و هەمیشە تیروانینیکی دیالێکتانەی بۆ ئەم هونەرە هەبووە. لەم ڕووەوە سەبارەت بە شانۆنامەی هاملێتی شەکسپر گوتویەتی: (تراجیدیای هاملێت پەیوەندییەکی پتەوەی بە ئێمەوە هەیە، تراجیدیایەک نییە، کە تەنها پابەندی کات و شوێنێکی دیاریکراو بێت. ئەم تراجیدیایە پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە لەبەر ئەوەی بەردەوام گوزارشت لە زۆر لە شتە هاوچەرخەکانمان دەکات، هەر لەبەر ئەوەیش دەبێت ئێمە بگەڕێن بە دوای ئەو ڕێگایانەدا، کە وا دەکات هاملێت گوزارشت لە ئێمە بکات: لەبەر ئەوە لەسەر دەرهێنەرەکان پێویستە، کە دراماکە لە کەش و ژینگە مێژووییەکەیەوە بگوێزنەوە بۆ نێو کەش و ژینگەیەکی هاوچەرخ، بە مانایەکی تر وای لێ بکەن، کە نوێ و هاوچەرخە.) پیسکاتۆر لەم ڕێگایەوە ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە لەم سەردەمەی ئێمەدا پەیوەندییەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگە، جێگای پەیوەندییەکانی مرۆڤ و چارەنووسی سەردەمە دێرینەکانی گرتۆتەوە.
پیسکاتۆر لە نەمایشەکانی سەرەتای ڕەوتەکەیدا، جۆرە بەزم و گەمە و مۆسیقا و گۆرانی تێکەڵاوی دیمەنی پڕ لە بێشەرمیی و ساتیر و پروپاگەندەی سیاسیی دەکرد و لە شوێنە گشتییەکاندا پێشکەشیان دەکرد، بەڵام ئەم هونەرمەندە، هەر لەسەرەتاوە لە هەوڵی ئەوەدابوو زمانێکی هونەری و تەکنیکێکی تایبەت بەخۆی و فۆرمێکی جیاواز بۆ شانۆ سیاسییەکەی بدۆزێتەوە. لەم بارەیەیشەوە گوتویەتی: (ئەو شانۆ سیاسییەی، کە لە هەموو پرۆژەکانمدا جەختم لەسەر کردونەتەوە، نە شتگەلێکە من دامهێنابێت و نە پەرچەکردارێکی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانی ساڵی ١٩١٨ن، بەڵکوو ڕەگ و ریشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەکانی ڕابردوو.) ئەم سەرەتا ساکارە، وەک فۆرمێکی شانۆیی لە بڵاو کردنەوەی پەیامێكی سیاسیی و شوێنێکی بەهێزی گفتوگۆ و کۆبوونەوەی بینەران، بۆ پیسکاتۆریش لە ١٩٢٠ەکاندا بووە ئامڕاز و دیدێکی ئێستاتیکی. تەنانەت، کە پیسکاتۆر بووە دەرهێنەرێکی دیار و بەرپرسیاری شانۆ گەورەکانی دەوڵەت لە بەرلین، بۆ نموونە (شانۆی گەل) و دواتریش شانۆی (پیسکاتۆر) ئەو دراماتۆرگییە چڕ و پەیامە سیاسیی و بەشداریپێکردنەی بینەران، شانە گرینگەکانی کار و پرۆژەکانی پێک هێناوە.
پیسکاتۆر بە جۆرێکی تر لە هونەری نواندن دەڕوانێت و دەیەوێت بە شێوەیەکی وا کار لەگەڵ ئەکتەرەکانی بکات، کە لەگەڵ دید و چەمکە سیاسییەکەی بگونجێت. شانۆ پێویستی بە جۆرێکی تری ئەکتەرە، ئەکتەرێک نە سەر بە شانۆی سرووشتگەرایی و نە سەر بە شانۆی ڕیالیزم بێت؛ ئەکتەرێک هەست و هۆشی تێکەڵاوی ڕۆڵەکەی نەکات، بەڵکوو کۆمێنتی لەسەر ئەوەی پێشکەشی دەکات هەبێت و هەمیشە هۆشیاربێت بەرامبەر بە ڕۆڵەکەی و بەرامبەر بە ئامادەبوونی بینەران. لەسەر ئەم ئەکتەرە نوێیە پێویستە، کە تەنها بەرئەنجامێکی دیاریکراو نەخاتە ڕوو، بەڵکوو ئەو هزرەی بەرئەنجامەکەی خوڵقاندووە.
پیسکاتۆر دوژمنێکی سەرسەختی شانۆی سرووشتگەرایی دەبێت. شانۆی سرووشتگەرایی لە هزری شانۆ سیاسییەکەی ئەوەوە، ناتوانێت گوزارشت لە پێداویستییە سەرەکییەکانی بینەران بکات، لەبەر ئەوە ئەو شانۆ نوێیەکەی لەسەر بنەما پێشکەووتووەکانی تەکنیک و زانست، کە هاتبوونە نێو شانۆوە دادەڕشت، بۆ نموونە: ڕووناکی کارەبایی، دیمەنی بزۆز، توانا کارەباییەکان بۆ بەرزکردنەوە و نزمکردنەوەی ئاستەکانی تەختەی شانۆ، شانۆیەکی هەمیشە بزۆز و بازنەیی، بەکارهێنانی سینەما و دۆزینەوەی فۆرمێکی تری شانۆ، کە زیاتر لە (ڕۆژنامەگەرییەوە) نزیک بووە، بەڵام ڕۆژنامەگەرییەکی پڕ لە جووڵە و زیندوو و بەرجەستەکراو.
برێشت چەندین جار لە کتێبی (شانۆی داستان)دا باسی پیسکاتۆری کردووە، بۆ نموونە دەڵێت: (ئێمە کاتێک باس لە شانۆی سیاسیی دەکەین، بەتایبەتی لەو لایەنەوەی پەیوەستە بە خەبات و ژیانی چەوساوەکانەوە، پیسکاتۆرمان دێتەوە یاد، چۆن شانۆی لە هۆڵە داخراوەکان هێنایە دەرەوە و نەمایشەکانی گواستەوە بۆ ناو جەماوەر لە کارگە و کێڵگەکان، بێجگە لەمەیش، پەنای بردە بەر نوێترین تەکنیکی دۆکیومێنتاری سەردەم.) برێشت ددان بەوەدا دەنێت، کە لە زۆر ڕووەوە سوودی لە پیسکاتۆر وەرگرتووە و ئاماژە بۆ ئەوەیش دەکات، کە پیسکاتۆر یەکێکە لەو شانۆکارانەی لە هەموو سەردەمێکدا پێگە و گرینگی خۆی دەبێت. لە یەکێک لە سیمینارەکانی ساڵی ١٩٣٣یشیدا دەڵێت: (شێوازەکانی پیسکاتۆر کاری نووسەری شانۆنامە و ئەکتەر و سینۆگرافی، لە ڕوانگەی تێکشکاندنی هەموو داب و نەریتەکانەوە گۆڕیووە.) هەروەها برێشت پێی وابووە، کە پیسکاتۆر بە هیچ شێوەیەک دەرگای گفتوگۆی لە بارەی شێوەوە (تەکنیکی شانۆیی) نەکردۆتەوە، هێندەی ئەو باسانەی دەوروژان، کە پەیوەندی بە مەسەلەی ناوەڕۆکەوە هەبووە.
پیسکاتۆر شانۆنامەنووس نەبووە، هەروەها خاوەنی تیۆرێکی شانۆیش نەبووە و بەو ئاڕاستانەدا کاری نەکردووە، بەڵکوو ئەو بە پلەی یەکەم دەرهێنەر بووە، بەڵام وەک دەرهێنەر هەمیشە دیدێکی ئێستاتیکی هەبووە و توانیوویەتی دیدە شانۆییەکەی لە فۆرم و شێوازە جوداکاندا بەرجەستە بکات و زمانێکی تری جەستەیی بە ئەکتەرەکانی ببەخشێت.
پیسکاتۆر بە دراماتۆرگێکی تەکنیکیش ئاماژەی بۆ دەکرێت، چونکە توانی هەموو ئەو تەکنیکانەی لە بونیادی شانۆ و خانووبەرەی شانۆ نوێیە ئەوروپیەکاندا هەبوون، بەشێوەیەکی کردەیی و پڕ لە فەنتازیا بۆ مەبەستەکانی خۆی بەکاریان بهێنێت. ئەم دەرهێنەرە ڕەوتی گەشەی ڕووداوە درامییەکانی بەشێوەیەک دابەش کردووە، کە هاوکات لەسەر چەند شوێنێکی جیاوازی باڵەخانەی شانۆکەدا پێشکەش بکرێن؛ زۆرجار دیمەنەکانی وا دابەش کردووە، کە ڕووبەرووی یەکترببنەوە یان ببنە تەواوکەری یەکتر. پیسکاتۆر توانیویەتی ریتمێکی بزۆز و پڕ لە جووڵە لە ژوورە دراماتیکییەکانی، لە شوێنە جیاوازەکانی نواندندا بخوڵقێنێت و پێکەوەشیان ببەستێتەوە، لەم بارەیەیشەوە دەڵێت: (هەموو ئەو ڕێگایانەی، کە لە تەکنیکدا بەکارم هێناون، تەنها لە پێناوی داهێنانی شتێکی نوێدا نەبووە، بەڵکوو گرینگیدانم بە تەکنیک دەگەڕێتەوە بۆ خودی گەشەی مێژووی تەختەی شانۆ.) پیسکاتۆر ئەم گەشەی تەختەی شانۆیە دەبەستێتەوە بە بەرەوپێشچوونێکی دیالێکتیانە لە ئەدەبی شانۆ و بەرهەمهێنانی پرۆژەی شانۆگەریدا.
پیسکاتۆر لە ماوەی چەند ساڵێکی دیاریکراودا، توانی کۆمەڵێک گۆڕانکاری بنەڕەتی لە هونەری شانۆدا بکات و چەندین ئامڕاز و تەکنیکی نوێ بەکاربهێنێت و بەم شێوەیەیش بیانخاتە شانۆوە و شانۆ بەرەو ڕەوتێکی مۆدێرن بەرێت: پیسکاتۆر یەکەم کەسە، کە شاشە و فیلمی سینەمایی و وێنەی فۆتۆگرافی خستە ناو شانۆوە، سینۆگرافیای کردە بەشێکی جیانەکراوە لە ڕووداوەکان، ئەو ڕێگایەی بۆ شانۆیش کردەوە، کە بتوانێت قووڵاویی تەختەی شانۆ بۆ بەکارهێنان و نەمایشکردنی بەڵگەنامە و دۆکیومێنت و زانیارییە ستاتیکییەکان و ڕووداوە هەنووکەییەکان بەکاربهێنێت. بۆ نموونە لە یەکێک لە نەمایشەکانیدا، بەهۆی نەوتی ئەلبانی و کاریگەرییەکانی بەسەر بازاڕی دراوەوە، لەسەر تەختەی شانۆ ئاژاوە دەکەوێتە ناو کارمەندانی بۆرسەوە. لەم کاتەدا لە قووڵاوی سەر شانۆ و لەسەر شاشەیەک کەشتی جەنگ پێشان دەدات، کە بە دەریادا دەڕوات بۆ ناچارکردنی وەستانی کرێکارانی نەوت لە بیرە نەوتەکاندا. ئەمەیش گەشەیەکی گەورە بوو بۆ ئەو ڕۆژگارە و ئاستی شانۆ و بەکارهێنانی تەکنیک و ئامڕازە جیاوازەکان.
پیسکاتۆر لە ساڵی ١٩٢٤دا نەمایشێک سەبارەت بە مانگرتنی کرێکارانی شیکاغۆ بەرامبەر بە خاوەن کارگەکان، کە مافی ڕەوای هەشت کاتژمێری کاریان خواردبوون، پێشکەش دەکات. دەقی نەمایشەکە زیاتر دۆکیومێنتاری بووە و لە هەموو بنەما ئاسایی و تەقلیدییەکانی شانۆ بەدەر بووە، لەبەر ئەوە بۆ بەرجەستەکردنی تەنگەژە ئابووری و پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان کرێکاران و خاوەن کارەکە، بە پرۆژێکتۆر وێنەی فۆتۆگرافی دۆکیومێنتاری بەکارهێناوە، هەروەها پەنای بردۆتە بەر دەرخستنی چەندین وێنە و پێشاندانی فیلمی ئامادە و تۆمارکراو، کە لەگەڵ ڕووداوەکانی شانۆگەرییەکەدا گونجاون. لەم ڕووەیشەوە توانیویەتی ئەو وەهمە بەهێزەی نەمایشەکەی بارگاوی کردبوو، بشکێنێت و نەمایش و هۆڵی بینەران پێکەوە ببەستێتەوە.
لە ڕووی مێژووی شانۆوە، ئەم بەرهەمە بە یەکەمین نەمایش دادەنرێت، کە سینەمای تیا بەکار هێنراوە، بە تایبەتیش لەو ڕووەوە، کە جگە لە لایەنە فیکری و ئێستاتیکاکەی توانیوویەتی بەهایەک بە رۆنانی دراماکەی ببەخشێت و بەهێز و بەرگێکی ترەوە پێشکەشی بکات. بەم شێوەیەیش بنەمایەکی پێداگۆگی بە نەمایشە شانۆییەکە بەخشیووە؛ ئامانجی شانۆ تەنها کات بە سەربردن و چێژوەرگرتن نییە، بەڵکوو وریاکردنەوە و فێرکردن و پێدانی زانیارییە.
هەر لە ساڵی ١٩٢٤دا بە شانۆنامەی (نەمایشە سوورە پڕ لە هات و هاوارەکە)، کە لە هۆڵی کۆبوونەوەی کرێکارانی پارتی شیوعی نەمایش دەکرێت، چەمکەکانی دید و هزرە سیاسییەکەی زیاتر قووڵ دەکاتەوە. لەم نەمایشەدا وێنەی سەربازەکانی بەرەی شەڕی وەکوو سواڵکەر و بێلانەکان خستۆتە ڕوو، بەڵام سەرکردەکان دەوڵەمەند و بەشێوازێکی کاریکاتۆری و بە جلوبەرگە فەرمییەکانیانەوە براوەی هەمیشەیی شەڕەکەن. لەم نەمایشەدا گۆرانی و سەما و فیلمی سینەمایی بەکارهێناوە، هەر لەم نەمایشەدا لەبری پرۆگرامی شانۆنامەکە، بەیاننامەی پروپاگەندەی سەبارەت بە ناوەڕۆکی شانۆنامەکەوە، لە شێوەی نامێلکەی بچووکدا بەسەر بینەراندا دابەش کردووە. پیسکاتۆر هەر بە بۆنەی پێشکەش کردنی (نەمایشە سوورە پڕ لە هات و هاوارەکە)وە، ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە شانۆی سیاسیی شانۆی پروپاگەندەی سیاسییە، شانۆی فێرکردن و ئیستفزازی سیاسییە، دەبێت شانۆیەکیش بێت بۆ لەپێناوی چینی کرێکاران و بۆ کرێکاران کار بکات.
پیسکاتۆر لە ساڵی ١٩٢٩دا پوختەی ئەزموونە شانۆییەکەی لە کتێبێکدا بە ناوی (شانۆی سیاسیی)ەوە لە بەرلین بڵاو دەکاتەوە و دید و بۆچوونە شانۆییەکانی، فۆرم و هزرە سیاسییەکەی بۆ ئەو شانۆیەی، کە زیاتر لە چارەکە سەدەیەک هەوڵی بۆ دابوو، دەخاتە ڕوو. کتێبەکە لە پێشەکییەک و بیست و دوو بەش پێک هاتووە و بەش بە بەش چەمک و شێوازە فیکری و هونەرییەکانی ئەو شانۆ سیاسییەی ئەو ڕابەرایەتی دەکرد باس دەکات، بۆ نموونە: لە هونەرەوە بۆ سیاسەت، مێژووی شانۆی سیاسیی، شانۆی پرۆلیتار، شانۆی ناوەندگەرایی، ڕەوشی شانۆی گەل، ئاڵاکان، درامایەکی دۆکیومێنتاری، تێڕوانینێک لەسەر شۆڕشی ڕووسی، ئەو دەسەڵاتەی کە نابێت وابێت، دامەزراندنی شانۆی پیسکاتۆر، ڕووبەڕووبوونەوەی کات، داستانێکی ساتیری “سەرکێشییەکانی شڤایکی سەرباز”… هتد. کتێبی (شانۆی سیاسیی) سەرچاوەیەکی گرینگیشە، کە سەرەتا بەراییەکانی (شانۆی داستانئامێز) دەخاتە ڕوو.
ئەم کتێبەی پیسکاتۆر لە ساڵی ١٩٣٣ لەلایەن ناشونالیزمە سۆشیالیزمەکان و لەگەڵ هەزارەها کتێبی تر دەسوتێنرێت، هەر لە هەمان ساڵدا لەلایەن دەسەڵاتی نازی ئەڵمانیاوە هەموو جۆرە کارکردنێکی لە بواری شانۆدا لێ قەدەخە کراوە. دوای ئەوە لە مۆسکۆ درێژە بەکار و چالاکییەکانی دەدات و لە ساڵی ١٩٣٠دا بۆ ماوەیەک دەبێتە بەڕێوبەری شانۆی نێونەتەوەیی لە مۆسکۆ، هەروەها لە پاریس و نیۆرک ژیاوە و کاری کردووە، لە ساڵی ١٩٥١یشەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیای ڕۆژئاوا و لە بەرلین دەبێتە بەرێوبەری شانۆی گەل.
پیسکاتۆر لە ساڵی ١٩٦٠دا پاشکۆیەک بۆ کتێبی (شانۆی سیاسیی) بە ناوی (پاشکۆیەک بۆ کتێبی شانۆی سیاسیی) بڵاو دەکاتەوە، لەم پاشکۆیەدا باسی ئەزموونی خۆی لەنێوان ساڵانی ١٩٣٠ بۆ ١٩٦٠ دەکات. بێگومان ئەم دوو کتێبە بە درێژی باسی سەفەری شانۆکارێکی گەورە و پەیامە سیاسیی و شانۆییەکەی بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەکات، کە چەندین قۆناخی سیاسیی توندوتیژی پڕ لە هەڵکشان و داکشان دەگرێتە خۆ.
پیسکاتۆر بەو مەبەستەی سەرنجی تەواوی بینەران بە ئاڕاستەی نەمایشە شانۆییەکە و گشت وردەکارییەکانیدا ڕابکێشێت و هەستێکی گشتگریان لەلا بورووژێنێت، دەیوویست بە یارمەتی ئەندازیاری بیناسازی بەناوبانگی ئەڵمانی (ڤاڵتەر گرۆپیۆس) شانۆیەکی گشتگر بوونیاد بنێت و لە ڕوانگەی تەختەی شانۆی بزۆزەوە، کە لە ژوورێکی گەورەی شانۆییدا بڵاو بکرێنەوە، نەمایشەکان پێشکەش بکرێن و بەهۆی دیمەنی بەهێز و وێنەییەوە، هاوکات لەگەڵ ڕەوتی گەشەی ڕووداوەکاندا کار لەسەر ئامادەبوونی بینەران بکرێت. ئەمە بەشێک بوو لە دیدە ئێستاتیکییەکەی پیسکاتۆر و هەمووی نەچووە بواری کردەیی و جێبەجێکردنەوە، ئەگەر تیۆرێکی درامیش لەوکاتەدا هەبووایە، دەکرا ئەو شانۆ و دیدەی پیسکاتۆر بە شانۆی داستانی سیاسیی هەژمار بکردایە.
پیسکاتۆر هەمیشە باسی شانۆی داستانئامێزی کردووە، بەڵام بەوشێوە و ڕێچکەیە نا، کە دواتر برێشت شێوازەکەی خۆی پێ ناوزەد کرد. زاراوەی شانۆی داستانیش لە دەرهێنەرێکەوە بۆ دەرهێنەرێکی تر و بە پێی بەکارهێنان و دیدی دەرهێنان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، کە پیسکاتۆریش ئەم چەمکەی بەکارهێناوە، لە پێش هەموو شتێکدا یەکەی کات و شوێنی، بەپێی چەمکی ئەریستۆ گۆڕیووە. بەم شێوەیەیش شانۆی داستانئامێز ئاماژەیەک بووە بۆ جۆرە نەمایشێک، کە لە داب و نەریتە واقیعییەکان ڕزگاری بووە، بە تایبەتیش لە ڕووی بنەما و پێودانگە درامییەکانەوە.
شانۆی داستان دەبێت بۆ مەسەلە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان پێناسەیەکی هزری بێت، نەک چوونە ناو ڕۆڵەوە. هەروەها چەمک و زاراوەی (شانۆی داستان) بۆ پیسکاتۆر مانای بە شانۆکردنی دۆکیومێنتارەکانی گەیاندووە، کە دەقە شانۆییەکە وابەستەی کردارێکی ئایدۆلۆژی بکرێت. پیسکاتۆر بڕوای وابوو، کە شانۆ دەبێت بەرجەستەی لۆژیکی پرسە هەنووکەییە سیاسیی و ئیکۆنۆمی و تەنگەشە و جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان بکات و لەو دەروازەیەوە کار لەسەر مەسەلە هونەرییەکان بکات. لەم ڕەوشەیشدا تەکنیکە باڵاکانی فۆرمی گێڕانەوە دەبێتە ئامڕازێکی گرینگ و بە بەهای ئەم شانۆیە.
برێشت دەڵێت: (ئەزموونەکانی پسکاتۆر لەسەرەتادا هەرا و پشێوییەکی تەواوی لە شانۆدا دروست کردووە، ئەگەر ئەم ئەزموونانە شانۆی کردبێتە هۆڵێکی میکانیکی، ئەوا هۆڵی نەمایشەکانی کردە شوێنی کۆبوونەوە. شانۆ بۆ پسکاتۆر وەکوو هۆڵی پەرلەمان وابووە و بینەرانیش ئەندامانی ئەو پەرلەمانەن و پسکاتۆریش گرفت و قەیرانە کۆمەڵایەتییە گەورەکانی، بێ هیچ ئاڵۆزییەک خستۆتە بەردەمی ئەم پەرلەمانەوە، ئەم قەیرانانەیش چاوەڕوانی چارەسەرێکی هەنووکەیی و ڕاستەوخۆبوون.) بێگومان ئەم شانۆیە ئامانجێکی هەبووە، کە بتوانێت ئەم پەرلەمانە و بینەرەکانی بگەیەنێتە ئاستێک تا پێکەوە و بەیارمەتی دۆکیومێنت و کارەکتەرە دیاریکراوەکانییەوە بڕیاری سیاسیی خۆیان بدەن.
لە بنەماکانی ئەم ئێستاتیکا و فۆرمە جیاوازەی شانۆوە، بەکارهێنانی فیلم بۆ پیسکاتۆر بووە مۆتیڤێکی بەهێزی تەکنیکی گێڕانەوە، کە لە هەمان کاتدا دەبووە تەواوکەری دیمەنەکان و بە بەراورد لەگەڵ چارەسەر و ئامادەیی ئەکتەران و بەرجەستەکردنی دیمەنەکانی تردا، ژینگەیەکی تری پڕ لە سەرنجی دەخوڵقاند. پیسکاتۆر باسی تەکنیکی فیلمی بەو شێوەیە دەکرد؛ وەک بوارێکی فێرگەیی، چ لە ڕووی دراما و چ لە ڕووی کۆمێنتەوە بۆ سەر ڕەوتی ڕووداوەکان. فیلمە دراماییەکان تێکهەڵکێشی ڕەوتی ڕووداوەکان و گەمەی نەمایشەکان دەبوون و دۆکیومێنتار و گرتە وێنەگیراوەکانیان هەم تێکەڵاو دەکرد و هەم بەجیا، وەک دوو هێڵی تەریب لەگەڵ ڕووداوەکاندا ڕۆیشتوون.
سینەما دەتوانێت بەردەوامییەکی تەکنەلۆژی نوێ بۆ جیهان بخاتە سەر ئەو شتەی لەسەر شانۆ بەرجەستە دەکرێت، لە هەمان کاتدا دەتوانین شریتی فیلمەکە لە ڕووی کاتەوە، بەوشێوەیە ئامادە و دیاری بکرێت، کە دووپات کردنەوەیەک بێت بۆ ڕووداوەکانی نەمایشەکە، بەرفراوانی بکات، قووڵی بکاتەوە و کۆمێنتیشی بۆی هەبێت. ڕۆڵی گرتە و دیمەنە سینەماییەکان لەم نەمایشانەدا، هەروەک ڕۆڵی کۆرسی تراجیدیای گرێکی وابووە، بۆ نموونە ڕەوتی ڕووداوەکان و ناوەرۆکی کێشەکانیان قووڵ کردۆتەوە، جووڵەی ئەکتەر و پانتایی شانۆکەیان پێکەوە گرێداوە و کۆمێنتییان لەسەر ڕووداوە گشتییەکان و ڕۆنانی درامی نەمایشەکە هەبووە.
هەندێک لە شرۆڤەکارانی شانۆی سیاسیی و پیسکاتۆر ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، کە بەکارهێنانی سینەما هێندەی کۆرسی تراجیدیای گرێکی چڕ و بەهێز و هەمەلایەن بووە. پیسکاتۆر خۆی گوتویەتی: (بەکارهێنانی فیلم گەمەیەکی تەکنیکی نەبوو، بەڵکوو کاتی گەشە و پێگەیشتنی فۆرمێکی تر بۆ شانۆ هاتبوو، کە دیدێکی ماتریالی-مێژوویی هاوبەشی بۆ ئێمە هەبوو.)
سینەما لەم نەمایشانەدا سێ ڕۆڵی بینیوە: فێرکردن، ڕاڤەکردن و خستنەڕووی کەش و ژینگە درامییەکە. کاری یەکەمیان، واتە فێرکردن لە ڕێگای فراوان بوونی بازنەی ڕووداوەکانەوە، کە لەسەر شانۆکە ڕوودەدەن، دێتە دی، بەشێوەیەک، کە ئەنجامەکە بەشێوەیەکی سرووشتی، هەر وەکوو ئەوەی لە ڕابردوودا ڕووی دابێت. ڕۆڵی دووەم لە ڕێگای وروژاندنی بینەرانەوە دێتە دی تا بتوانن ڕەخنەبگرن و پەنجەی تاوان بۆ هەندێک لە کەسایەتییەکان ڕابکێشن. سێیەمیشیان لەو ڕوانگەیەوەی، کە ئەوەی فیلمەکە پێشانی دەدات ئەڵتەرناتیڤی ئەو شتگەلەیە، کە ئەکتەرەکان ناتوانن لەسەر شانۆ پێشکەشی بکەن.
بەکارهێنانی فیلم ئەو دەرفەتە بۆ پیسکاتۆ دەڕەخسێنێت، ئەو بەشانە لە ڕووداوەکان جیابکاتەوە، کە هیچ ململانێیەک لەنێوان بەشداربووەکاندا لەخۆ ناگرێت، بەم شێوەیەیش پەیڤە بیستراوەکان کەمتر دەبنە رێگر و هەست و سۆزەکانیش بەشێوەیەکی ڕەها وەردەگرێت. فیلم ئەو دەروازەیەی بۆ بینەرانیش کردەوە، کە بەشێوەیەکی بێلایەنانە بڕوانێتە هەندێک ڕووداوی دیاریکراو، کە ئەمەیش ئەو بوارە بۆ کەسایەتییەکان دەڕەخسێنێت تا بڕیاری خۆیان بدەن، هەروەها ئەو بارودۆخە بۆ بینەران دەکاتەوە تا ڕووداوەکان لە دیدێکی ترەوە، نەک لە دیدی پاڵەوانەکانەوە، کە ڕووداوەکان دەیانخوڵقێنێت، ببینێت. لەبەر ئەوەی کارەکتەرەکان چیتر پابەند نابن بە بابەتیبوونی ئەوەی بۆ بینەران لە زانیاری و دەنگ و باسەکان پێشکەش دەکرێت، واتە کارەکتەرەکان دەتوانن بەوپەڕی سەربەستییەوە بیروڕای خۆیان دەربڕن: بیروباورەکانیشیان بەهایەکی گەورەی دەبێت. جگە لەمەیش دەکرێت جیاوازییەکانی نێوان واقیعە وێنەگیراوەکە بەشێوەیەکی ڕووکەش و وشە شەفافە تۆمارکراوەکە لەسەر فیلم بەهۆی فیلمی سینەمائییەوە، لەپێناوی بەرزکردنەوەی ئاستی گوزارشتئامێزی پەیڤەوە تا ئاستێکی دیاریکراو بەرز بکرێتەوە. بەم شێوەیەیش فیلم ڕێگا بۆ دراماکە دەکاتەوە. هەروەها فیلم لەسەر شانۆ بەهایەکی سمبۆلی هەیە، بۆ نموونە ئەگەر وێنەی ئەکتەر لەسەر شاشەکان لەگەڵ ئەکتەر لەسەر شانۆ بەراورد بکەین، بە تایبەتی لە ڕووی بارستە و قەد و قامەتی ئەکتەرەوە، ئەوە ئەکتەرەکانی سەر شاشەکە ئێجگار گەورەتر دەبینرێن، لەبەر ئەوە وێنەی سەر شاشەکان پێگەیەکی سمبۆلی لەخۆ دەگرن. ئەمە جگە لەوەی، کە بەکارهێنانی سینەما پانتاییەکانی نێوان شانۆ و سینەما تەسک و چڕ دەکاتەوە.
پیسکاتۆر لە کتێبی (شانۆی سیاسیی)یەکەیدا، هەوڵی داوە پێناسەیەکی دیما و دیدی هونەری خۆی بۆ بەکارهێنانی سینەما، بەم شێوەیە بکات: (ئەوەی دەمەوێت، بە خوڵقاندنی جۆرە پەیوەندییەک لەنێوان کردارەکانی سەر شانۆ و هێزە گەورە مێژووییەکاندا بە دەستی دەهێنم. بۆ ئەم مەبەستەیش چەند ئامڕازێک بەکار دەهێنم، کە مۆتیڤەکانی مرۆڤ و هێزە گەورە دەرەکییەکانی سەرەوەی مرۆڤ یان مرۆڤی تاک و کۆمەڵگە چینایەتییەکان پێشان دەدات. لەنێو ئەو ئامڕازانەیشدا فیلم یەکەیەکی هونەرییە، بەڵام جگە لە ئامڕازێک هیچ شتێکی تر نییە، کە ڕەنگە هەر بۆ ڕۆژی دوایی شتێکی لەو باشتر بەکاربهێنین.)
شانۆ داستانییەکەی برێشت کاری لەسەر دروستکردنی دابڕان و مەودایەک لەگەڵ بینەران دەکرد، بۆ ئەوەی ئەو بوارە بۆ بینەران بەجێ بهێڵێت تا بیربکەنەوە و هەڵوێست وەربگرن، بەڵام شانۆ داستانییە-سیاسییەکەی پیسکاتۆر دەیویست لە ڕوانگەی پرۆسە مێژووییەکانەوە وێنە خەونەئامێز و دۆخە سرووش بۆ هاتووەکانەوە بینەرەکانی وریا بکاتەوە و شتێکی نوێیان فێر بکات. هەر لەم ڕێگایەوە و لە بنەماکانی ئەو فۆرمە داستانییەی خۆیەوە لە چەمکەکانی شانۆی گەل نزیک دەبووە و خەونی بە شانۆیەکی گشتگری تەواوەوە دەبینی.
پیسکاتۆر ئامادەبوو، هەموو شتێک، کە زانستە نوێیەکان بەرهەمیان هێنابوو، لە پێناوی ئامانجەکانی خۆیدا بەکاریان بهێنێت. ئەکتەرەکانی، وەک ئەکتەری شانۆی گرێکی و ئەلیزابێسی، کە پانتایی شانۆکانیان لە ڕووی شوێنەوە دیاری نەکرابوو، سەربەستییەکی زۆری لە ڕووی شوێن و کاتەوە پێ دەبەخشین، ئەکتەری شانۆی داستانیش بەهەمان شێوە ئەو ئامادەییەی تیابووە، کە پانتاییە جوداکان: شانۆی بازنەیی، پەیژەی بزۆز، پردی دروستکراو، هەروەها ئەو پانتاییانەی، کە بەپێی پێویست توانراوە بەرزبکرێنەوە یان نزم بکرێنەوە. پیسکاتۆر دەیوویست تەختەی شانۆ بکات بە (ئامێرێکی بزۆزی پڕ لە جووڵە) یان لە ڕووی هزرەوە، شوێنێک بۆ ململانێ و کێشە دژوار و دژ بە یەکەکان.
پیسکاتۆر لە کتێبی شانۆی سیاسییدا و سەبارەت بە یەکێک لە نەمایشە شۆڕشگێرە گەورەکانی، بەناوی (لەگەڵ هەموو شتێکدا) دەڵێت: (ئەوانەی هۆڵی شانۆکەیان پڕکردبووەوە، خۆیان بەشێوەیەکی ئەکتیڤ بەشداری ڕووداوەکانی ئەم سەردەمەیان کردبوو، /…/ شانۆ بۆ ئەوانە بووبووە واقیع و ڕاستی و چیتر بۆ ئەوان نەبوو بە شتێک لەبەردەمی هۆڵی بینەراندا قووت بووبێتەوە، بەڵکوو بووە هۆڵێکی کۆبوونەوەی فراوان، گۆڕەپانێکی بەرینی جەنگ، یەک خۆپیشاندانی گەورە.) پیسکاتۆر لەسەر ئاستی ناوەڕۆکی نەمایشەکانیش، لەو بڕوایەدا بووە، کە شانۆی سیاسیی نابێت تەنها ڕووداوە خودگەرایی و پاڵەوانە مێژووییەکان بخاتە ڕوو، بەڵکوو دەبێت شیکاری بۆ ڕەنگدانەوە کۆمەڵایەتی و داراییەکانیشیان بکات.
پیسکاتۆر بەر لە برێشت کاری بۆ ئەوە دەکرد، کە بینەرەکانی بەشێوەیەکی ئەکتیڤ تێکەڵاوی ڕووداوەکان بکات و جیاوازییەکانی نێوان هۆڵی بینەران و تەختەی شانۆ نەهێڵێت. بەریەککەوتنی تاکەکانی ناو هۆڵی بینەران بکاتە لێشاوی خەڵکی و پێکەوە هەست بە ڕاستی بکەن و بەو شێوەیەیش خودی بینەران، وەکوو تاکێک ڕۆڵیان نەمێنێت و هەموو ببنە یەک دەنگ و ڕووبەڕووی یەک ڕاستی و یەک واقیع ببنەوە. شانۆی پیسکاتۆر کەیفی بە چەپڵەڕێزانی بینەران نەهاتووە، بەڵکوو ویستویەتی ڕۆڵێکی فێرگەیی بگێڕێت و گفتوگۆی چڕی هەمەلایەن بخوڵقێنێت.
پیسکاتۆر نەیویستووە بینەرەکانی باوەڕییان بە شتێکی دیاریکراو هەبێت، بەڵکوو لە چاوەڕوانی ئەوەدابووە، کە بڕیارێکی بەهێزی کردەیی بدەن و لەو پێناوەدا، بەشێوەیەکی چالاک و بەهێزتر بێنە ژیانەوە. یەکێک لە شێواز و تەکنیکەکانیشی کاری هەرەوەزی بووە. کار و بەرپرسیارێتی هەریەک لە نووسەر، دەرهێنەر، مۆسیقاژەن و ئەکتەرەکان، بەشێوەیەکی تەواو تێکەڵاوی یەکتر دەبوون. لەگەڵ نووسینی دەقەکەدا، بونیادی دیمەنەکان و مۆسیقایش دروست دەبوون، هەروەها لەکاتی مەشق و کاری کردەیی و دەرهێناندا، سەرلەنوێ کار لە ئامادەکردنی دەقەکەدا کراوەتەوە.
یەکێک لە گرینگترین پرۆژەکانی پیسکاتۆر، لە ڕووی فۆرم و ناوەڕۆکەوە، پێشکەشکردنی ڕۆمانە بەناوبانگەکەی نووسەری چیکی (یارۆسلاڤ هاشەک)ە ١٨٨٣-١٩٢٣ بەناوی (سەرکێشییەکانی شڤایکی سەرباز)، کە لەساڵی ١٩٢٨دا لەسەر شانۆی پیسکاتۆر نەمایش دەکرێت. پیسکاتۆر لەم نەمایشەدا، کە لە بیست و پێنج دیمەن پێک هاتووە، شاشە و فیلم، وەک ئامڕازێک بۆ بەرجەستەکردنی ئەو ڕووداوە جیهانییانەی لە ژیانی کارەکتەرە سەرەکییەکەیدا ڕوودەدەن، بێ ئەوەی کاریگەرییان بەسەریەوە هەبێت، بەکار دەهێنێت. ڕووداوەکانی ئەم چیرۆکەیش لە شڤایکی سەرباز دەدوێت، کە لە تیپە سەربازییەکەی ون بووە و نازانێت ڕووبکاتە کوێ: شڤایک پیاوێکی بچووکی ڕووخۆشە و سووربوونی خۆی سەبارەت بە خزمەتکردنی ئیمپراتۆریەتی نەمسا لە جەنگدا پێشان دەدات، بە ڕادەیەک هیچ کەسێک ناتوانێت بڕیار بدات ئاخۆ ئەو کەسێکی گێل و بێمێشکە یاخود دەیەوێت بە زۆرزانییەوە جەنگ ڕیسوا بکات. دواتر بەهۆی دەربڕینی هەندێک سەرنجی سیاسیی زۆر هەستیار، لەلایەن پۆلیسی نهێنییەوە دەستگیر دەکرێت و دەخرێتە بەندیخانەوە، بەڵام خۆی وا پێشان دەدات، کە شێتە و مێشکی تەواو نییە، بۆیە ئازاد دەکرێت. پاشان بانگ دەکرێتەوە بۆ خزمەتی سەربازی، بەڵام بە فرتوفێڵ هەوڵی خۆڕزگارکردن دەدات و چەندین سەرکێشی دەکات، کە گوزارشت لە دەبەنگی سوپا دەکەن. ڕەفتار و سەرکێشییەکانی شڤایک دەبێتە بابەتێکی سیاسیی بەهێز بۆ پیسکاتۆر تا جەنگی پێ ڕیسوا بکات.
پیسکاتۆر بۆ یەکەمجار لەم نەمایشەیدا، جگە لە بەکارهێنانی فیلم، دەمامک، بووکەڵە و بووکەڵەی ئێجگار گەورە و لێبوکی گرۆتیسکی بەکار هێناوە و لەگەڵ نواندنی ئەکتەرەکانیدا، یەکەیەکی هونەری بەهێزی دروست کردووە و توانیویەتی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و هەمەلایەن لەگەڵ بینەرەکانیشیدا بخوڵقێنێت. هەروەها وێنای پۆلیسی سیخوری بە دەمامکی یەک چاو و گوێچکەی گەورەوە کردوە. پیسکاتۆر بۆ بەرجەستەکردنی ڕۆڵی شڤایک و کارەکتەرەکانی تر، دوو شانۆی خڕی گەورەی بەکارهێناوە، کە بە پێچەوانەی یەکترییەوە خولاونەتەوە؛ یەکێک لەم شانۆ بازنەییە تایبەت بووە بە شڤایک و ئەویتریشیان کارەکتەرەکانی تری لەسەر جووڵاوەتەوە. هەموو پڕۆژەکە بۆ پیسکاتۆر دووپاتکردنەوەیەکی پراکتیکی و کردەیی بووە بۆ دەستەبەرکردن و کاریگەریی و ماناکانی بەکارهێنانی تەکنیکێکی دراماتۆرگی.
پیسکاتۆر لە کتێبی شانۆی سیاسییدا و لەو بەشەی، کە تایبەتە بەم ئەزموونە، دەڵێت: (من بە یارمەتی فیلم و بووکەڵە کارم دەکرد. ئەم بووکەڵانە لەلایەن منەوە هیچ جۆرە دیدێکی هونەری تایبەتمەند نەبوون، بەڵکوو وێنای ئەو فیگورە گرژ و ڕەق بووانەی ناو دنیای سیاسەت و ژیانی کۆمەڵایەتی وڵاتی ئوتریشی کۆنی دەکرد. لەگەڵ ئەوەیشدا دەتوانین جیاوازی لەنێوان ئاستەکانی بەکارهێنانی بووکەڵەکان بکەین: نیمچە بووکەڵە، فیگوری بە بووکەڵە کراو، نیمچە مرۆڤ، شڤایکیش بەرامبەر ئەم جیهانە پڕ لە فەنتازیایە، وەکوو تاکە بوونەوەرێک وەستاوە. ماوەیەک بیرم لەوە دەکردەوە ئەم دید و بیرۆکانە تا ئەو ئاستە بەرم، کە ڕێگا بە شڤایک بدەم، وەکوو تاکە ئەکتەر و بە تەنها هەر خۆی لەسەر شانۆ ڕۆڵەکە ببینێت، لە کاتێکدا وێنە گشتگر و وردەکارییەکانی تر و چواردەوری شڤایک و کارەکتەرەکانی تر لە ڕێگای فیلم، بووکەڵە و بڵندگۆوە میکانیزمی کارەکە بخوڵقێنێت.)
یەکێکی تر لە خاڵە گرینگەکانی ئەم نەمایشە ئەوە بووە، کە پیسکاتۆر نەهاتووە ڕۆمانەکەی (یارۆسلاڤ هاشەک) بۆ شانۆ ئامادە بکات و هەوڵی ئەوەی نەداوە ڕووداوەکان و کارەکتەر و بونیادی ڕۆمانەکە بگوێزێتەوە بۆ فۆرمی دراما و دەقی شانۆیی، بەڵکوو لەبری ئەوە هەوڵی داوە چەمکە گێڕانەوەییەکان و فۆرمی داستانئامێز، لەڕێگای ریزکردنی هەندێک لە بەشەکانی ڕۆمانەکەوە بەکاربهێنێت. ئەم ڕۆمانە لەگەڵ پرۆگرامە سیاسییەکەی شانۆی پیسکاتۆر دەگونجا و مەسەلە هەنوکەییەکانی جەنگ و کاریگەرییەکانی بەسەر کۆمەڵ و کاردانەوەکانیدا جێگای سەرنجی ئەو بوون.
پیسکاتۆر لە بەشێکی تری کتێبی (شانۆی سیاسیی)دا، بەتایبەتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە دەبێت مەسەلەکانی جەنگ لە دەروازە و فۆرمەکانی ساتیرەوە بەرجەستە بکرێن و وزەی شۆڕشگێری، وەکوو گەمەیەکی هونەری بخاتە ڕوو، ئەمەیش لە ڕێگای فیلمەوە بەرجەستە دەبێت. (بۆ خستنە ڕووی ژینگەی کارەکتەرەکان لە دۆزینەوە و بەرجەستەکردنی ستایلی شڤایکدا، بەکارهێنانی فیلم ڕۆڵێکی گەورەی گێڕا، بەڵام ئەم جارە نەمتوانی، بەتایبەتی لە ڕووی شێوازی بابەتەکەوە، تەنها بە بەکارهێنانی فیلمی دۆکیومێنتاری-ناتورالیزمی قایل بم. فیلمیش دەبێت لە هەموو نەمایشەکەدا، خۆی لەگەڵ کاریکاتۆر و مۆتیڤە ساتیرییەکان بگونجێنێت. هەر بە پێشنیازی منیش فیلمێکی ئەنیمەیشن سەبارەت بە ساتیرە سیاسییەکان، وەک پاشینەیەک بۆ ڕووداوەکان دروست کرا، لەو فلیمەدا سوپا، کەنیسە و پۆلیسە بووکەڵەکان، هەروەها جووڵانەوە توندوتیژە کۆمیدییەکانیان بەرجەستە دەکرد.)
پیسکاتۆر بە بەکارهێنانی فیلم توانیوویەتی “شڤایک” و کەش و ژینگە و دەوروبەرەکەی لە چوارچێوە مێژووییەکەی دەربهێنێت، بەم شێوەیەیش بیبەستێتەوە بە ڕووداوە هەنووکەییەکانەوە؛ پزیشکی سەربازی، ئەفسەر، داواکاری گشتی… هتد ئەو فیگورانە بوون، کە لە ئەڵمانیادا بوونیان هەبووە. پیسکاتۆر توانیویەتی بەم دەقە و نەمایشەکەی پەیامی خەبات و شۆڕشگێری بۆ ئاستی پلانە سیاسییەکانی ئەو ڕۆژگارە بگوێزێتەوە. جێگەی ئاماژە بۆ کردنە، کە برێشت ئەم ڕۆمانەی بە یەکێک لە ڕۆمانە سەرکەوتووەکانی سەدەی بیستەم داناوە و لە ساڵی ١٩٤٣دا، لەژێر کاریگەرییەکانی پیسکاتۆردا و هەر لەم ڕۆمانەوە، شانۆنامەیەک بە ناوی (شڤایک لە شەڕی دووەمی جیهانیدا) دەنووسێت.
پیسکاتۆر لەبنەما فیکرییەکانی مارکسەوە کاری دەکرد و هەر لەژێر ڕۆشنایی ئەو فەلسەفە مارکسییەوە شرۆڤەی بۆ ڕووداوەکان و دیدی نەمایشەکانی دەکرد، هەر لەو ڕوانگەیەشەوە کاردانەوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەهێزی ئاشکرای لە بینەرەکانی دەویست.
پیسکاتۆر لەسەرەتای ساڵەکانی ١٩٣٠دا، بەهۆی دەسەڵاتی نازییەکانەوە ئەڵمانیا بەجێ دەهێڵیت. سەرەتا ڕوودەکاتە ڕووسیا، دوابەدوای ئەوە دەکەوێتە گەڕان بە سەرانسەری وڵاتانی ئەوروپادا، هۆڵاند، بەلچیکا، فەرەنسا، ئیسپانیا، سوید و لەم وڵاتانەدا باس و لێدوانی هونەری پێشکەش کردووە و هەوڵی داوە چەمکی شانۆ سیاسییەکەی بڵاو بکاتەوە تا لە کۆتایدا بەتەواوی لە پاریس جێگیر دەبێت.
پیسکاتۆر بەر لە هەڵگیرسانی دووەم جەنگی جیهانی ئەوروپایش بەجێ دەهێڵێت و ڕوودەکاتە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. لە ئەمەریکا قوتابخانەیەکی درامی دادەمەزڕێنێت و چەندین شانۆکار و هونەرمەند و نووسەری گەنج لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە و لە ماوەیەکی کەمدا پێیان دەگەیەنێت. هەر بۆ ئەم قوتابخانەیە شانۆیەکی ئەزموونگەری بە ناوی شانۆی (ستۆدیۆ)ەوە بۆ قوتابیەکانی دەکاتەوە و کۆمەڵێک شانۆنامە، لەوانە (مەرگەساتی شالیر)ی شەکسپیر، هەندێک لە شانۆنامەکانی مۆلییر، (پرسە شایەنی ئێلێکترایە)ی ئۆژین ئۆنێل… هتد پێشکەش دەکات. هەر لەم شانۆیەیشدا، ڕۆمانەکەی تۆڵستۆی (شەڕ و ئاشتی) کە دەمێک بوو خۆی بۆ ئامادە کردبوو، پێشکەش دەکات. دواتر هەندێک لە قوتابییەکانی پیسکاتۆر دەبنە ناوی دیاری ڕەوتە هونەرییەکەی ئەوکاتەی ئەمەریکا و ڕۆڵێکی گرینگیان دەبێت، بۆ نموونە لەنێوانیاندا: شانۆنامەنووسی ئەمەریکی تێنسی ولیامز، ئەکتەری بەناوبانگ مارلۆن براندۆ و دەرهێنەر و شانۆکار یودیت مەلینە، کە یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی (شانۆی زیندوی) ئەمەریکی، لەم قوتابخانەیەی پیسکاتۆردا خوێندوویانە. شانۆی زیندوویش یەکێکە لەو گروپە شانۆییانەی، کە لە شەستەکاندا کاریگەرییەکی بێوێنەی بەسەر تێکرای بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری جیهانییەوە هەبووە و پەیامێکی بەهێزی سیاسییشیان هەبووە.
پیسکاتۆر، کە دوای شەڕ دەگەڕێتەوە لە بەرلینی ڕۆژئاوا جێگیر دەبێت و دەبێت بە بەڕێوبەری هەندێک لە شانۆ گەورەکانی ئەو دەمەی بەرلین. لە ساڵی ١٩٥٥یشدا سەرلەنوێ ڕۆمانەکەی تۆڵستۆی (شەڕ و ئاشتی) بە ئامادەکردنێکی ترەوە نەمایش دەکاتەوە، لەم نەمایشەدا حیکایەتخوان بەکاردەهێنێت، کە بەشداری ڕووداوەکانیش دەکات، بۆ نموونە دەبێتە لێپێچەرەوە، هەروەها جگە لەوەیش ڕۆڵی تەکنیککارێکی هونەری دیووە و ئەو سەربازانەی لە بووکەڵەی گەورە دروست کرابوون، جووڵاندوە. بەم شێوەیەیش بەردەوام بەنێو ڕووداوەکاندا تێپەریوە و ئامادەبوونێکی بەردەوامی هەبووە.
سەرچاوە:
1-Erwin Piscator, Das Politische Theater, Rowohlt Verlag GmbH,Reinbek bei Hamburg, 1963
2-Ingvar Holm, Den politiska teatern: En sammanfattning och förkortat variation, 1970
٣- ج. ل. ستیان، الدراما الحدیثە بین النطریە و التطبیق، ترجمە، محمد جمول. منشورات وزارە الثقافە فی الجمهوریە العربیە السوریە. دمشق ١٩٩٥