سڵاو کاک دانا

کتێبەکەتم خوێندەوە، دەستەکانت خۆش…

 

پەناهەندەیەک لەم ئیشەدا هەیە تەنیایە، ناتوانێ مەلە بکات، ناتوانێ خۆی بداتە بەر خۆری کەنار دەریا، ناتوانێ سەگی لە ژوورەوە هەبێت… خەو دەبینێت لە بەغدایە، لەسەر پردێکە کە پردی نیشتیمان و مەنفایەتی… دەیەوێ جەژن بکات، بەنزیکەیی هەمیشە نوستالۆژیا دەست دەنێتە بینی، بە تایبەتر کە تەنیا دەبێ، چیرۆکێکی جوانی حسن بلاسم هەیە باسی مۆتەکەی ڕابردوو دەکات بە ملی پەناهەندەوە لە خەوەکانیدا، کاراکتەرەکەی ئێوەش شەوانە لە خەونەکانیدا ڕابردوو وەک تاڵی داوی کۆلارەیەک، داوێکی مائیل بە پشتیەوەیەتی و ڕایدەکێشێ… بەیانی ئەو بێداردەبێتەوە و داو دەپسێ و سبەی شەو ئاسمانیکی تر و ئەم کۆلارەیەکی ترە…

ئەو چرکەساتەی لەپڕ دالیا لەبەردەم ئەسانسۆسەرەکەدا لە هۆتیلەکەی بەرلین لیسا دەبینێ و دەست دەکات بەگریان، خەریکبوو منیش بخاتە گریان. گریان ئەگەرچی لە پێکەنین خاوترە، بەڵام سویدی واتەنی پڵۆستیکە، من گریانی ئاوها کتوپڕم خۆش دەوێ… هەروەک ئەو کاتە لیسا لە گریکلاند دەگەڕێتەوە و دالیا لێی زویرە، لالوتە و دەیەوێ حەقی لێ بکاتەوە، بە غەریزەی سروشتی خۆی سەرزەنشتی دەکات و دوای دە دەقیقە وەک فریشتەیەک دەچێتە باوەشی دایکی؛ لە پارەگرافە جوانەکانی کتێبەکە بوون و وێنەگرە چیکۆسلۆڤاکییەکە و پەیوەندی ٤٠ هەزار کیلۆمەتری لەگەڵ کوڕەکەی! فیگەرێکی جوان و سەرنج ڕاکێش بوو.

دالیام خۆشویست کە لە کاتی توڕەییدا؛ لەبری لاستیکی مەمکەمژەکەی، گازی لە قەراغەکانی دەگرت، یان کە لایەکی کتێبەکەی لەبەردەم دەرگای حەمامەکەدا و لەسەر کورسییەکەی خۆی؛ لە چاوەڕوانی خۆشۆردنی تۆدا وەک مشک کرماندووە! سروشتی ڕاستەقینەی مرۆڤم واهاتە بەرچاو کە یەکمجار کرتێنەر بووبێتین هاهاها!

لە هەندێ شوێن هەر بەتەواوی ئەو هەستەم بۆ دروست بوو، کە ئینسان لە منداڵخستنەوە یان بەتایبەت لە پەروەردەکردندا؛ زۆر لە کات و حەقی خۆی دەخوات، دەکرا جێگا هەبێت منداڵ پەروردە بکات و هی حکومەت بێ، هی هەموومان، کەی ویستمان سەریان لێ بدەین و لایان بین و تێکەڵیان ببین… بەڵام ٣ ملیار دایک ‌و باوکی جیاواز، شتێکی بێ مانا دەرناکەوێ لای تۆش؟! پەروەردەی خواروخێچ، بێ پرەنسیپ، لابەلا، هەزارەها نەخۆشی دەروونی و چاڵی ڕۆحیی، کە لە ئینساندایە پەیوەست بە خێزانە، لەوانەیە خێزان خۆی هەڵەبێ!

بیربکەرەوە هێندەی ژن و پیاوەکان بە هۆی پەروەردەی منداڵەکانیانەوە کاتیان ڕۆیشتووە، -کە دەکرا دەزگایەکی نیشتیمانی بە کارمەندگەل و کرێکاری زۆرەوە ئەم کارە بکەن- لەبەرمبەردا دایک و باوکەکان خەریکی داهێنانی خۆیان بان، ئێستا دونیا لە قۆناغێکی تردا نەدەبوو…! سەرنجت ڕادەکێشم بۆ ئەو جێگایەی تۆ لەگەڵ دالیا و دایکی دەچیت بۆ پارکێک، کاتێ لیسا بانگهێشتی جۆلانەت دەکات، تۆ دەستەکانت دەخەیتە گیرفانتەوە و حیوارێکی ڕۆمانسی دەڵێی. شێوازی وەستان و جوڵەی دەموچاو، مگێزی تۆ دەڵێ؛ تۆ دەبا ئەم ئینەرژییەی لێرە و ئەم ڕۆژانە سەرفی دەکەی لە شتێکی تردا سەرفت کردبا، ئەگەرچی لە کاتی خوێندنەوەی ئەم ڕستانەدا هاوڕابیت و لە دڵەوە بڵێی وایە، ‌هێشتا زەحمەتە بۆت ئەم وایەیە بەدەنگی بەرز بڵێی لەبری ئەوە –بەوەدا مێشک فێڵزانە و پاساو بۆ قۆڕیاتەکانی خاوەنەکەی دەهێنیتەوە- لەوانەیە بڵێی نا، چێژی باوكێتی زۆر باڵایە و بلابلابلا… هەمان ئەو شتەی چوار میلیار ساڵە مرۆڤ دەیڵێ…

هەڵبەت من ناتوانم وەک خوێنەرێکی سەرەتایی بڵێم “ئافەرم زۆر تازەبوو تۆ وەک پیاوێ بەدیار ئەو مناڵەوە ساڵێک دانیشتوویت..” ئەوانە شتی پەڕاوێزیین و هەر پیاوێکی تر بە دیار منداڵێکەوە کە دروستی دەکات لەم سویدە ناچارە دانیشێت. ئەوە دیوە میکانیکییەکەی ئیشەکەیە… ئەوەی من دەیبینم و من دەمەوێ لەم کتێبەدا لەمە زیاترە..

تۆ خۆت حەزت کردووە کتێبەکە ببێت بەمە، بەڵام دەیتوانی ببێت بە شتی تریش.. بۆ من -بە ناونیشانی چیرۆکنووسێک- حەزم دەکرد کتێبەکە لەبری ئەوەی ‌هێندە ڕیاڵ و یاداشت بێ دوای چیرۆکی ئەو کوڕە کوردە بکەوێ، کە هاوژوورەکەی دایکت لە نەخۆشخانە سەرەتای گرێکەی دەکاتەوە؛ چاکەت و پانتۆڵێک کە دەتوانێ حیکایەتی خاوەنەکەی لە ماڵێکی بێگانەدا لە تاراوگە بگێڕێتەوە… چاکەت و پانتۆڵێک کە خۆی دیارە و خاوەنەکەی وەک کاسپێر نادیار!

تراژیدیای دایک لەم ئیشەدا سێبەرێکی زۆر قورسی بەسەر کتێبەکەدا کردووە… وا دەزانم هەموو نووسینێک پەردە لەسەر هەندێ دیوی ناوەوەی خاوەنەکەی هەڵدەداتەوە، من لە خوێندنەوەی ئەم کتێبەوە زانیم تۆ زۆر عاتفییت و ئەمەیش شتێکی مەزن و مرۆڤانەیە. هەروەتر ژیانی ئارامی منداڵیی دالیا و ژیانی جەنجاڵی منداڵیی باوکی دالیا، مەزاج تووندیی ئێمە و پێڕشتنێکی سەرپێی بە مامۆستا (ش) لە مۆزەفین جێی تێڕامان بوو… کوردبوون لەم یاداشتانەدا شتێکە وەک نەفرەت، وەک تەلیسمی جادوویەکی ڕەش کە لە مرۆڤی ئێمە نابێتەوە، منیش لەگەڵ ئێوەدا بیرم لە چارەنووسیی عەلی دەکردەوە لە گریکلاند…

بە کورتی ئەوەی لەم کتێبەدا جوانە زەردەخەنەکەی دالیایە دوای هەموو دیمەنێکی سەیر و نوێ… لەوانەیە ژیانیش هەر ئەو زەردەخەنەیە بێت…

دیسانەوە دەستخۆش و هەر سەرکەوتووبن.

 

توانا ئەمین