دانا ڕەئووف و من و تۆ لەگەڵ بادا
ھەر کارێکی ئەدەبی لەھەر بوارێکدا بنووسرێت، سەر بەھەر ژۆنرێیەک بێت، نووسەر دەیەوێت مەسیجێک بگەنێتە خوێنەرەکانی، پێم وایە ئەمە فەلسەفەی نووسینە… گەر تێکستێ ھەڵگری فەلسەفەیەک نەبێت، کە بونیادی دەقەکەی لەسەر دامەزراوە، بێگومان ئەو دەقە خاوەنی ھیچ گوتارێکی فەلسەفی نیە بۆ دامەزراندنی تێکستەکە…
کۆڵەکەی ئەم دامەزراندنە ئەوەیە، نووسەر دەوێت بڵێ چی؟
ناکرێ تێکستێ بخوێنینەوە نەزانی باسی چی دەکات!
گەر نەزانین تێکستەکە باسی چی دەکات، چۆن بزانین نووسەر دەیەوێت بڵێ چی؟
(من و تۆ لەگەڵ بادا) تێکستێکی شانۆییە، لە سێ بەش پێکھاتوە، ئەم سێ بەشە یەکتری تەواو دەکەن، ڕووداوەکانی نێو چیرۆکەکە دوو کارەکتەر بەرجەستەی دەکەن، ئەم دوو کارەکتەرە تەمەنی چڵ ساڵە پێکەوە ژیانیان دەگێڕنەوە…
دانا ڕەئووف نەھاتوە بەتەنھا تەمەنی ئەو چڵ ساڵەمان بۆ بگێڕێتەوە (من و تۆ لەگەڵ بادا) ژێرچیرۆکی تری ھەیە، دەکرێ ھەر یەکەمان خوێندنەوەی جودای بۆ بکەین. لەگەڵ ھێڵە سەرەکیەکەدا چەندین چیرۆک دەخوێنینەوە، کە دەبنە ھێزێک بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەران. چیرۆکە سەرەکیەکە خۆی لەسەر بەدحاڵیبوون دامەزراندوە، بەدحاڵیبوون لەنێوان دوو کارەکتەرەکەدا… دانا دەیەوێت بڵێت، ئەوەتا چڵ ساڵی پێکەوە ژیانیان نەیانتوانی زمانێکی ھاوبەش بدۆزنەوە، ھەریەکەیان لە دنیایەکدان، تەنانەت ناتوانن بەیەکەوە لەگەڵ سروشتدا ھەڵکەن، دەبینین یەکێکیان دەوێت خۆی بداتە بەر دەم با ئەویتریان ڕقی لە با یە.
دانا دوو کارەکتەرەکەی ناو نەناوە، دانا بە پیاو و ژن بانگیان دەکات، ئەگەر ناویان ھەبوایە لەو بڕوایەدام سحری فەنتازیای چیرۆکەکەی لەدەست دەدا… ئەوکات دەبووە چیرۆکێکی سارد و ساکار، کە باس لە تەمەنی چڵ ساڵەی پێکەوە ژیانی دوو کارەکتەر دەکات…
تەکنیک لە من و تۆ لەگەڵ با دا
نووسەر، کە دەیەوێت ئادیاکەی بنووسێتەوە، پێوویستی بە پرۆسەیەکی نووسینە، ئەم پرۆسەیە دەبێت نەخشە ڕێگایەکی ھەبێت تاکو بتوانێ ئادیاکەی تیا داڕێژێت…
ئاماژە بە چەند خاڵێک دەدەین، کە نووسەر بەکاری ھێناوە:
دووبارە بوونەوەی دیالۆگ لە دیمەنەکاندا، بۆ ئەوەی دیالۆگەکان مەبەستی خۆی بپێکێت دانا چەند دایەلۆگێکی دووبارە کردۆتەوە.
“تۆم دەوێت بۆ ژیان، نەک بۆ خۆشبەختی، تۆ خودی ژیانیت”
“ھەموو شادییەک ئازاری تایبەتی بەخۆی ھەیە، ھەموو ئازارێکیش بڕێک لە شادی تێدایە”
“تۆ خۆمم بیر دەخەیتەوە”
فەراهەمکردنی پانتاییەک بۆ ئەکتەر
نووسەر خۆیی کاری نواندنی و دەرھێنانی لە شانۆدا ئەنجامداوە، بۆیە کە ئەم تێکستەی نووسیوە بیری لەوە کردۆتەوە لە کوێدا توانای ئەکتەر بەدەرخات…
بۆ نموونە لەلاپەڕە 48 دا لەوپەڕی توڕەیدا پێدەکەنێ، ئەم گۆڕانکاریە لە کارەکتەرەکەدا توانای ئەکتەر نیشاندەدات…
سترەکچە
(من و تۆ لەگەڵ بادا) بە سترەکچەیەکی جیاواز لە سترەکچە باوەکان نووسراوە، ئەوەی کە جێی سەرنجە لە تێکستەکەدا نووسینی سترەکچەیەتی، تێکستەکە بە سێ بەش نووسراوە، بەڵام دانا نەھاتوە بە پێی ڕووداوەکان یەک لە دوای یەک بنووسێت، دانا پێچەوانەی کردۆتەوە; ڕوونتر لە بەشی یەکەمدا بە ناونیشانی { لەگەڵ با-دا بڕۆ} کارەکتەرەکان پیرن، لەبەشی سێیەمدا گەنجن…
دڵنیام ھەر خوێنەرێک ئەم تێکستەی خۆێندبێتەوە ئەو پرسیارە داگیری کردوە; ئایە ئەم ئاڵووگۆڕە تا چەند لە خزمەتی چیرۆکەکەدا بوو؟
دانا لە پێشەکی کتێبەکەدا ئاماژەی پێداوە، وەلێ ئەم تێکستە دەچێتە سەر ستەیج، بۆیە دەبێت ئێمە لەنمایشتەوە تێکستەکە بخوێنینەوە…
بۆ خۆم تووشی کۆنفیوز بووم، بۆیە چەند جارێکم خوێندەوە، پێم وایە ئەو سێ بەشە دەبوایە بەیەکەوە بچنرایە، تاکوو ھەرسێکیان یەکتریان تەواو بکردایە.
ڕاستە دەکرێ ھەر بەشەیان بە جیا نمایشبکرێ، چونکە ھەر یەکەیان خاوەنی خەسڵەتوو تیمپۆی خۆیانن، وەلێ ((جۆین)) کردنیان بەیەکەوە ھێند سانا نیە!!
ئەگەر ئەم جۆینانە سانا نەبێت، واتە ھێڵی دراما کلاسکیەکەی بۆ دانەمەزراوە، ھێڵی درامی دەبێت سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتای ڕوون بێت، وەلێ لە (من و تۆ لەگەڵ بادا) ئەم ھێڵە درامیە وونە، بەڵکو پێچەوانە بۆتەوە، وەکو ئاماژەم پێدا دانا نەھاتوە بەشێوە کلاسیکیەکە سترەکچەی چیرۆکەکە داڕێژێ، بەڵکو لە کۆتاییەوە بۆسەرەتا چیرۆکی تەمەنی چل ساڵەی دوو كارەکتەرمان بۆ دەگێڕێتەوە.
ئایە تا چەند ئەم دژە ئاراستەیە خزمەتی بە ھێڵە درامیەکە کردوە، چونکە دواجار دەبێت دانا شتێکمان پێبڵێت…
زمان لەناو من و تۆ لەگەڵ بادا
زمان لە تێکستی شانۆیدا یەکێکە لە ڕەگەزە ھەرە گرنگەکان، ئەوەی کە تێکستی شانۆیی جودا دەکاتەوە لە دراما، ئاخاوتنی کارەکتەرەکانە بە زمانێکی ئەدەبی بەرز، دانا لەم تێکستەدا ھەوڵێکی زۆری داوە بە زمانێکی شانۆیی بنووسێت، وەکو دلاوەر قەرەداغی دەڵێت; من و تۆ لەگەڵ بادا زاخاو دراوە بە شیعریەت…
ئایە من و تۆ لەگەڵ بادا تێکستێکی کوردیە؟
دانا کاتێ ئەم دەقەی نووسیوە بیری لەوە کردۆتەوە بەتەنھا بۆ کوردی نەنووسێت، بەڵکو لە ئایندەدا وەریگێرێتە سەر زمانەکانی دیکە… دانا ھەوڵیداوە باڵانسێک لەنێو کاڵچەرەکاندا دروستبکات، بۆ نموونە، گێڕانەوەی خەون لەبەردەم بەلوعەدا، ئەمە زۆر باوە لە نێو کوردەواریدا…
لە لاپەڕە 37 دا ژن دەڵێ: دایکم ھەمیشە ھەر وای دەگوت، بڕۆ بەلوعەکە بکەرەوە و خەونەکەت بەرە بەر ئاوەکە!
بەڵام گەر سەیری ئەو چیرۆکانە بکەین، کە لە دەرەوەی ڕووداوە سەرەکیەکەن ھیچیان کوردی نین، وەلێ لە خزمەتی ڕەووتی ڕووداوەکاندان… بۆ نموونە سەیری ئەم لاپەڕانە بکە: 76–74 17–16 26
گەر سەیری ئەم ڕووداوانە بکەین لەناو تێکستەکەدا ھەست بە نامۆیی چیرۆکان ناکەیت، لەبەر ئەوەی (من و تۆ لەگەڵ بادا) لە کەشێکی وەھادا نووسراوە ئەم چیرۆکانەی قبووڵە، من و تۆ لەگەڵ بادا، لە کەشێکی پڕ ململانێدا دانەڕێژراوە، بۆیە لەگەڵ ئەو چیرۆکانەدا یەک شەیپن، بەڵام لەنێو دیالۆگەلەکاندا کۆمەڵە شتگەلێک خۆیان حەشارداوە، کە ناتوانی بە سکانی چاو بیانخوێنیتەوە و دەبێت زۆر ووردبینەوە لە وشەکان…
یەکەم جارە تێکستێکی شانۆیی دانا دەخوێنمەوە، ھیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم، ھیوای بەردەوامی بۆ دەخوازم لە نووسینی تێکستی شانۆیدا، چاوەڕێی بەرھەمی تازەین لە نووسینی تێکستی شانۆیدا…
دارۆ ئەزیز
شانشینی یەکگرتوو
٩/٨/٢٠١٨

