سڵاو کاکە دانا
دووبارە سوپاس بۆ ناردنی تێکستە جوانەکەت، ئەم ئێوارەیە (من و تۆ لەکەڵ “با” دا)_م خوێندەوە. کە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا خوێندکاری قۆناغی یەکەم بووین، بەهنام میخایلی رەوانشاد پەروەردەکار و مامۆستای نواندنمان بوو، هونەری هاوڕێمان، کە بەشی سینەمای تەواو کرد و ساڵانێکی زۆرە لە ئیتالیا کاریکاتێریستە، ئەو کات عەرەبیەکەی تەواو خراپ بوو، نەیدەتوانی وەک پێویست ئەرکەکانی رایی بکات. رۆژێکیان لە کاتی وانە و پرۆڤەدا کارەکتەرێکی چیخۆفی بەباشی بەرجەستە کرد، ئێمە بێ ئاگا لە تێڕوانین و سەرنجی مامۆستا بەهنام، هاوارێکی ئەو رایچڵەکاندین و پۆلەکەی هەژاند، وتی: هەر ئەمڕۆ برووسکەیەک ئەکەم بۆ بارزانی و پێی ئەڵێم ئەکتەرێکتان تێدا هەڵکەوت.
دەبێ منیش بەو هەندە زانیاری و بەدواداچوونانەی خۆمەوە بۆ نووسەرانی شانۆنامەی کوردی، برووسکەیەک بۆ هاوڕێ شانۆکارەکانم بنووسم و پێیان بڵێم مژدانەم دەوێ، کە ئاگادارتان بکەم نووسەرێکی شانۆیی کورد لە دەرگایەکی زێڕینەوە خۆی کرد بە دنیای شانۆنامەدا و دەقێکی ناوازەی خستۆتە خەرمانی ئەدەبی شانۆییمانەوە، کە سەلیقە و سنعەت و ئەزموونی لەخۆ گرتووە.
لە ناخەوە دەستخۆشیت لێدەکەم و دڵخۆشم بڵێم، کەسێک خۆی لە پیشەیەکدا قاڵ کردبێ دەبێ بەرهەمەکەی وەستایەتی پێوە دیار بێ.

هیوادارم ئەم ئەزموونە تاقانە نەبێ و چەندین دەقی بەپێزی دیکە ببنە دەستەخوشکی.

فازیل قەساب
لەندەن
٩/٣/٢٠١٨