ئەنتوان چیخەف لە پلاتۆنۆفەوە بۆ باخی گێلاس, کتێبێک هاوشانی کتێبەکەی ژان کۆت (شکسپیر هاوچەخمانە)
نووسینی: سەدیق عەزیز
ئەم کتێبەی کاک دانا، لە کتێبەکەی ژان کۆت، ئەگەر زیاتر نەبێت بە دڵناییەوە کەمترنیە.
کورتە دیالۆگێکی نێوان من و کاک دانا لە (چاتێکدا)
دانا: جا حەزەکەم شتێکی تریشت پێی بڵێم: دوای سالێک و دە مانگ لە کارێکی بەردەوام لە کتێبێکی چوارسەت لاپەرەیی و لە هەشت بەشدا، سەبارەت بە دەقە شانۆییەکانی چێخەف بوومەوە.
سدیق: ئەی هاوار کاکە دانا، خەمی ئەوەمە مەرگ نە هێلیت ئەو کتێبە ببینم. بەهیوای زوو چاپک کردن و بلاو کردنەوەی.
دانا: هیوای هەزار ساڵ تەمەنت بۆ دەخوازم هاورێ گیان، سەیرە من لە کاتی نووسینی ئەو کتێبەدا ئەو ئیحساسەم هەبوو؛ نەمرم تا ئەم کتێبە تەواو دەکەم. بەهیوام ئەم ساڵ چاب بێت
سدیق: لەبەر ئەوەی چیخۆفە، بۆیە ئەو هەستە لای هەردوکمان دروست بووە، بەهیوای کاتێکی خۆش.
خۆشبەختانە کتێبەکە چاپکراو منیش فریایی خوێندەنەوەی کەتم، هەردووکیشمان لە ژیانداین، پشت بەیەزدان و تەمەنی درێژ لە چاوەڕوانی بەرهەمی نوێترداین.
(پیتەربروک) زۆر بەگرنگیەوە باس لە کتێبەکەی ژان کۆت( شەکسپیر هاوچەرخمانە) دەکات، بەشێوەیەک، کە ئەم کتێبە دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگ و کلیلێک بۆ کرندەوەی کودە شارەوەکانی دنیای شەکسپیر، ئیتر لێرەوە بروک بەقووڵی شۆڕدەبێتەوە بە ناو بونیاندە فەلسفەی و فکری و سایکۆلۆژیە نادیارکانی ئەو دیوی کەسایەتی و کارەکتەرەکانی ناو دەقەکانی شکسپیر. ئەم کتێبە گۆرانکاریەکی گەورەی لەسەر دنیابینی و ڕوئیای پیتەر برۆک دروستکردووە، لەرووی خوێندەنەوەیەکی نوێتر و تێگەیشتنێکی وردتر و تێروانینێکی قووڵتری کاری دەرهێنان لە دەقەکانی شکسپیردا.
ئەم کتێبەی کاک دانا بە هەمان شێوەی ژان کۆت، دەرهێنەر و ئەکتەر و شانۆکاری کورد، بەگشتی فڕیدەداتە ناو کیشوەرێکی گەورەوە و پانتاییەکی بێ سنور و فەزایەکی فراونتری ناو دنیای چێخەف، فەزایەکی سحراوی و نوێتر، کیشوەرێک کە تێیدا توانای وەبەرهەمم هێنانەوەی مەعریفە و زمانێکی نوێترە بۆ بونیادی دەق، بونیادی فەلسفەی و سایکۆلۆژیەتی دنیای چێخەف، لەناو ئەم فەزا نوێیەدا ئەکتەر و دەرهێنەر دەکاتە خاوەن کلیلێک بۆ کردنەوەی کودە شاراوە و نادیارەکانی ئەو دیوی دەق، تێروانین و دنیابینی تازە و خوێندنەوەیەکی قوولترو وردتر بۆ دنیای چێخەف، ئەم کتێبە کار ئاسانیەکی زۆری تێدایە بۆ ئەو شانۆکارانەی دەیانەوێت بەر دنیای چێخەف بکەون.
بە بروای من ئەم کتێبەی کاک دانا، کەشفکردن و دۆزینەوەی کۆمەلێک چەمک و رەهەندی نوێی ناو دەقەکانی چێخۆفە، لە ڕووی پێکهاتەی کەسایەتیەکان و پەیوەندی نێوان کەسایەتیەکان، سترکتۆری دراماتۆرگی و ئەو موتیڤانەی لەپشت نوسینی دەقەکانەوەن، بەستنەوەی جزء بە گشتیەوە، هەروەها پێجەوانەکەی.
کاک دانا زۆر بە وردی و بە قووڵی چۆنتە ناو نهێنی ئەبعادی کەسایەتیەکانەوە، بەتایبەتی لەڕوی لایەنی دەرونی و پێگەی کۆمەلایەتی کارەکتەرەکانەوە، تا ئەوەی هەندێک جار ئەوپرسیارەم لەخۆم دەکرد، ئەم تاقەتی نوسینە لەسەر ئەم هەموو وردەکاریە لە کوێوە هاتووە؟
یەکێک لە شتە جوانەکانی ناو ئەم کتێبە، نامەکانی چێخۆفە بۆ ستانیسلافسکی، ئەو دوو دنیا جیاوازەی، کە نوسەر و دەرهێنەری تێدایە، ئەو بەد حالی بونەی نێوان نوسەر/دەرهینەر، شکست و سەرکەتن، داڕمان و هەڵسانەوە، باوەربەخۆبن و بەردەوامی بەژیان، ئەمانە ئەو نهێنیانەیە، کە شتمان فێردەکەن و وادەکەن بەردەوامی بەژیان و بە شانۆ بدەین.
بە دڕیژای ئەو چەند ڕۆژەی ئەم کتێبەم بەدەستەوەبوو، من لەگەڵ چێخەف هەناسەم دەدا، خۆشەویستم دەکرد و لەگەڵ کەسایەتیەکانی ناو دەقەکان دەمخواردەوە و دەگریام و پێدەکەنیم و دەمنوسی و بە دوای جوانی و حەرامەکانی سێکسەوە بووم، ئیتر من لێرەوە یەک پارچە بوومە چێخەف، لەگەڵیدا دەکۆکیم و لە هەمان کاتدا خوێنم هەڵدەهێنایەوە، تا هەڵدانی دواپێکی شەمپانیا و دوا هەناسە، لە یەکێک لە هوتێلەکانی ئەلمانیا، من هەر لەگەڵ چێخەف بووم.
یەکێک لە جوانیەکانی نوسین لای کاک دانا، ئەوەیە کە کتێب و لێکولێنەوە و خوێندنەوەکانی بۆ دەقێک یان دەرهێنەرێک، بە تەنیکێک دەنوسیێت و بە شێوەیەک بابەتەکان ڕێک دەخات، هەروەک ئەوەی ڕۆمانێک بخوێنیتەوە، کە ئەم شێوە تەکنیکە چێژی خوێندنەوە زیاتر دەکات و بابەت لەدوای بابەت ڕاتدەکێشیت، وەک ئەوەی بتەوێت بە دوای چارەنوسی پاڵاوانێکەوەبیت .
کتێبەکە چەندێک جوانە وەک ناوەرۆک، هێندەی جوانیکەیشی هەست بەماندوبون و خەمخۆری و هیلاک بوونی کاک دانا دەکرێت، هیوای تەمەندرێژی و سەرکەوتنی بەردەوام بۆ کاک دانا دەخوازم.