دراماتۆرگ

 

لەم سی چل ساڵەی دوایدا، پیشەی دراماتۆرگ لە شانۆکانی ئەوروپادا دەبێتە توخمێکی گرینگ و ڕۆژ بە بەرۆژیش پێگەی دراماتۆرگ پتەوتر دەبێت و تەنانەت  ئێستا لە پەیمانگا و زانکۆکانی جیهاندا، وەک بەشێکی تایبەتمەند و سەربەخۆ دەخوێندرێت. دەستەواژە و چەمک و کاری دراماتۆرگیش، هەر لە سەرەتاوە و لە دەستپێکی شانۆی گرێکیدا هەبووە و (هونەری شیعر)ەکەی ئەریستۆ (٣٨٤-٣٢٢ پ.ز) یەکەم چەکەرەکانی بۆچوونە فەلسەفی و جوانکارییەکانی چەمکی دراماتۆرگ، دیاری دەکات.

دراماتۆرگ لەسەدەکانی حەڤدەدا لە ئەڵمانیا و لە دەروازەی کار و پرۆژە شانۆییەکانەوە سەرهەڵدەداتەوە و هەر لە ئەڵمانیاشەوە، چ لەڕووی تێوری و چ لە ڕووی پراکتیکەوە شێوازە مۆدێرنەکەی خۆی وەرگرتووە.

سەرەتای کاری دراماتۆرگ ئەوە بووە، کە خودی شانۆنامەکان لەسەر کاغەز، واتە نەخشەی هونەری و کاری ڕیژی و شیکردنەوەی کارەکتەرەکان بۆ ڕیژیسۆرەکان ئامادە بکەن و ئەوانیش، واتە ڕیژیسۆرەکان لەسەر ئەو پلانە بڕۆن و نەخشە و دیدو بۆچوونی دراماتۆرگەکان لەسەر شانۆ بەرجەستە بکەن. ریژیسۆرەکانیش هەریەکە و بەشێوە و شێوازێک پلانی دراماتۆرگەکانیان جێبەجێ کردووە، هەندێک یەکەو ڕاست پابەندبوون پێیانەوە و هەندێکی تریش هەوڵیانداوە، لە چوارچێوەی ئەو پلان و نەخشەیەوە داهێنانی خۆیان هەبێت و رۆحێکی تر بکەن بە بەری نەمایشەکانیاندا.

زۆرجار کاروپیشەی دراماتۆرگ لەکاتی جەنگ و پێکدادانەکاندا، بەتایبەتی لە جەنگی جیهانی دووەمدا و لە ئەڵمانیا، بۆتە سانسۆر و ئەو شانۆنامانەیان قەدەغەکردووە، کە بۆ ئەو ڕۆژەی ئەڵمانیا نەگونجاون.

کارو پیشەی دراماتۆرگ لە شانۆی هاوچەرخ و مۆدێرنی جیهانیدا، تەنها بەرپرسیارییەتی نییە سەبارەت بە بوار و لایەنە کردەییەکانی نەمایش و شیکردنەوەی تێکست و هاریکاری و یارمەتی ڕیژیسۆر و ئەکتەرەکان، بەڵکو کەسی دراماتۆرگ بەهۆی ئەزموونی زۆری خۆیەوە، شارەزاییەکی تەواوی بەسەر شانۆ و درامای کۆن و نوێدا هەیە و پەی بە هەموو لایەن و بنەماکانی هونەر و شانۆ دەبات.

دراماتۆرگ لە شانۆکاندا نوێنەرێکی بە ئەمەکی وشە و تێکستە، توانایەکی بەهێزی لە شیکردنەوە و لێکۆڵینەوەی شانۆنامەکاندا هەیە و بە ئاسانی دەتوانێت ئەو دیوی مانا و وشەکان و ناوەڕۆکی تێکستەکان دیاری بکات. دراماتۆرگ چەندە شارەزای مێژووی دراما و شیکردنەوەی تێکست و بیری شانۆییەکانە، هێندەیش کەسێکی شانۆکارە و لە بوارە کردەییەکاندا باڵادەستە. کەسی دراماتۆرگ تەنها پسپۆریی نییە لە شانۆدا، بەڵکو شارەزایەکی باشی بوارەکانی ڕامیاری، ئەنترۆپۆلۆژی، دەرووناسی و کۆمەڵایەتیشە و ئاگادارییەکی تەواوی گۆڕانە سیاسی و هونەرییەکانە و لەو نێوەندەوە بەئاڕاستە جیاوازەکان رێپۆرتواری شانۆکان دادەنێت و لەهەمان کاتدا ستراکتورە هونەری و فیکرییەکەی شانۆکان دەستنیشان دەکات، پێگەی شانۆکان لە ئێستا و ئایندەدا بەهێز دەکات و هەمیشە چاوێکی ڕەخنەئامێزی پڕۆژەکانە.

دراماتۆرگە زیرەکەکان دەستی ڕیژیسۆر دەگرێت و بەنێو تێکستە شانۆییەکاندا دەیانبات و هێماگەلە جیاواز و کۆدە نادیار و ئاڵۆزەکانی شانۆنامەکانیان بۆ دەکاتەوە. ئێستا و لە زۆربەی شانۆکانی جیهاندا دراماتۆرگ و ریژیسۆرێک بە بەردەوامی پێکەوە کاردەکەن و ئەم هاوکارییە درێژ و بەردەوامەیش لە ئەنجامی لێتێگەیشتنێکی ڕاستەوخۆی ئەم دوو کەسەوەیە، کە کارە هونەرییەکە دەگەیەنێتە ئاستێکی تری سەرکەوتوو.