سڵاو کاک دانا ئەمەوێت بڵێم ماندووبوونت جێی خۆی گرت و بەرهەمەکەت گەیشت. سوپاس کە بەو چڕی و پوختییە ژیان و کار و نماییشنامە گرنگەکانی چیخۆفت خستە بەردەستمان. دڵسۆزی و خزمەتەکەت شایانی ستایشە. کتێبەکەت شایانی بوونە سەرچاوەی مەنهەج و لێکۆڵینەوەیە. هەستێکی خۆش و گرنگە لە ڕێی کتێبەکەی تۆوە دەگەڕێمەوە بۆ زیاتر لە سەدەیەک بەر لە ئێستا، جوگرافیایەک کە من زۆر بە ئەدەبەکەیان سەرسامم، ڕووسیا!

شیکاریی دەقەکان و بەراوردی نێوانیان تەواو ڕازیکەر و لەجێی خۆیدایە. دان بەوەدا دەنێم، کەشفی زۆر لایەنی دەقەکان، بۆ من نوێ و مایەی سەرسامی بوو! بە تایبەت لە (سێ خوشک) و (باخی گێلاس)دا! ئەم شیکاری و جیاوازی و شوبهاندنەی نێوان چوار دەقە گەورەکە، بۆ من دەبێتە مۆتیڤ و سەرچاوەی نوسین. شیتەڵکردنی دەقەکان بەو وردییە خزمەتێکی گەورە بە هەر کەسێک دەکات بییەوێت لە نمایشنامە تێبگات یاخود بنوسێت! ڕاستە چیخۆف خۆی گەورە و دەوڵەمەندە، بەڵام دەبێت کتێبگەلی هاوشێوە هەبێت تاببێتە تەرجومان و ناسێنەری نوسەر، بە زمانێکی ئاسان و پوخت.

ڕاستی، ئێستا و دوای خوێندنەوەی (ئەنتوان چێخەف، لە پلاتۆنۆڤەوە بۆ باخی گێلاس) دەتوانم بەرچاوڕوونتر و جیاوازتر لە جاران بیر لە نوسین و بونیادنانی چیرۆکی شانۆییەکانم بکەمەوە. بۆ من ئەم کتێبە چەندە بۆ کەشفی دەقەکان جێی بایەخە، زیاتر لەوە بۆ ئەوە گرنگە لام، کە بیر لە خەیاڵی چیخۆف بکەمەوە، وەک نوسەر، لە ساتی نوسیندا. بیر لە گونجاندنی شێوازی نوسین و داڕشتنی کەسایەتی و سیمبول و ڕووداوەکان بکەمەوە! تەواو وەک مەدرەسەیەک بۆ فێربوونی نوسینی شانۆیی… سوپاسی ماندوبوونت دەکەم. خۆشحاڵ و سودمەند بووم بە خوێندنەوەی کتێبەکە. سەرنجێک / پێم وایە لە هەردوو لاپەڕەی ۳٤۲ و ۳٥۳ دا، لە نوسینی ساڵەکاندا هەڵەیەکی چاپ هەیە. ئەگەر وا بێت، ئەوا وا باشە چاک بکرێت.

دیسان ڕێز و سڵاو…