دانا ڕه‌ئووف له کتێبێکی لێکۆڵینه‌وه‌ی شانۆییدا بە زمانی ئینگلیزی
زنجیره کتێبی “شانۆنووسه نوێخوازه هاوچه‌رخه‌کان”، له‌لایه‌ن ده‌زگای”رۆتلێچ”، که سه‌ر به کۆمپانیای جیهانی “تێیله‌ر و فرانسیس”ه له به‌ریتانیا ده‌رده‌چێت. کۆمپانیاکه، جگه له به‌ریتانیا، نووسینگه‌ی له نیویۆرک، بۆکاراتۆن(فلۆریدا)، فلادیلفیا، سه‌نگافوور و سیدنی هه‌یه. ساڵانه نزیکه‌ی هه‌زار گۆڤار و رۆژنامه و هه‌زار و هه‌شتسه‌د کتێب بڵاو ده‌کاته‌وه. ئه‌م زنجیره‌یه کارێکی تازه‌ی کۆمپانیاکه‌یه و مه‌به‌ستی پێشکه‌شکردنی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی وورد و ره‌خنه‌گرانه‌یه ده‌رباره‌ی کاری ئەو ڕیژیسۆرانەی کاریان لە شانۆنووسه پێشڕه‌وه‌کانی جیهان دا کردووە.
یه‌کێک له‌و کتێبه به‌نرخانه‌ی، که لەم ماوەیەدا بڵاوی کردووه‌ته‌وه، کتێبی “ئاوگۆست سترنبێری”یه، که پرۆفیسۆر(ئێستچ ساڵکسر) نووسیویه‌تی و بەشێکی لەم کتێبەی بۆ باسکردنی هونەرمەندی کورد (دانا ڕەئووف) تەرخان کەدووە. ئەم پرۆفیسۆرە بڕوانامه‌ی دکتۆرای له بواری شانۆ‌دا له زانکۆی “سیتی” له نیۆیۆرک” و هه‌روه‌ها دکتۆرای له ئه‌ده‌بی به‌راوردکاری له زانکۆی بۆدابست بەدەست هێناوە.
“ساڵکسر” له زانکۆی ئه‌لبانی له ئه‌مریکا خه‌ریکی وانه‌گوتنه‌وه‌یه له بواری ئه‌ده‌بی شانۆ، مێژووی شانۆ، ره‌خنه‌ی شانۆیی و لێکۆڵینه‌وه‌ی شانۆیی. یه‌کێکه له‌و توێژه‌ره شانۆییانه‌ی، که له‌سه‌ر ئاستی جیهان ناسراون و پسپۆڕه له بواری شانۆ و نه‌مایشی مۆدێرن به گشتی و به تایبه‌تیش له به‌رهه‌مه شانۆییه‌کانی نووسه‌ری سویدی “ئاوگۆست سترنبێری”.
یه‌کێک له کتێبه‌کانی ئەم نووسەرە به‌ناوی “سرووشتی نه‌مایشه‌خه‌ون: شێوازه‌کانی بینین و پێناسه‌کردنه‌وه‌ی سترنبێری بۆ شانۆ(۲۰۰۱) خه‌ڵاتی”گیراڵد کاهان”ی پێ به‌خشراوە. ئه‌مه‌و چه‌نده‌ها کتێبی تری ده‌رباره‌ی “سترنبێری” نووسیوه. دیاره له‌م کتێبه‌ی دواییدا، نووسه‌ر پێناسه‌یه‌کی تازه‌ی “سترنبێری” بۆ شانۆ، وه‌کو فۆرمێک، که هه‌میشه گه‌شه ده‌کات و له گۆڕان دایه، ده‌خاته ڕوو. ئینجا به قووڵی باسی ئه‌و کاریگه‌رێتییه ده‌کات، که “سترنبێری” به‌سه‌ر پرۆسێسی شانۆنووسین و ده‌رهێنانی شانۆیی جێی هێشتووه، هه‌ر له “ئێکسپرێشنیزم”ی ئه‌ڵمانییه‌وه تا “شانۆی ئه‌بسێرد”.
کتێبه‌که بینین و تێگه‌یشتنێکی قووڵ ده‌رباره‌ی رۆڵی گرنگی شانۆنووسی سویدی “سترنبێری” له هونه‌ری دراما ده‌خاته روو له رێگای لێکۆڵینه‌وه له شێوازی ده‌رهێنانه‌کانی شانۆنامه‌کان و ووردبوونه‌وه له شانۆی “سترنبێری” وه‌کو ده‌نگێکی زیندوو، که به‌رده‌وامه له رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی بینه‌ر و ره‌خنه‌گره‌کان و ده‌رهێنه‌ره داهێنه‌ره‌کان. نووسەر له‌ناو ئەو دەرهێنەرانەشی کە کاریان لەسەر شانۆنامەکانی “سترنبێری” کردووە، ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ری کورد “دانا ره‌ئووف” له مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ شاکاری به‌رهه‌مه‌کانی “سترنبێری”، که سێینەی “به‌ره و دیمه‌شقه” بەنموونە دەهێنێتەوەو لەسەری دەدوێت. نووسه‌ر بۆ نموونە لە بەشێکی ئەم کتێبەدا، به‌م شێوه‌یه باسی ئه‌م ده‌رهێنانه و هونەرمەند (دانا ڕەئووف) ده‌کات:
“له ساڵی ۱٩٩٧ ئه‌کته‌ر و ریژیسۆری کورد، دانا ره‌ئووف، که نیشته‌جێی ووڵاتی سویده، به‌شی یه‌که‌می سێینەی “به‌ره‌و دیمه‌شق” له فێستیڤاڵی سترنبێری له “ستۆکهۆڵم” پێشکه‌ش دەکات، که له ده‌رهێنانی دانا ڕەئووف خۆیشی دەبێت. نه‌مایشه‌که، که له‌ژێر ناوی “سترنبێری له‌ناو واگۆنی شه‌مه‌نده‌فه‌رـ به‌ره‌و دیمه‌شق⁄ به‌شی یه‌که‌م” له‌ناو واگۆنی یه‌کێک له شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌کانی ژێرزه‌مین، نمایش کرا.
گروپە شانۆییەکە، چوارچێوه‌یه‌کی بۆ خودی چیڕۆکه‌که داهێنا بوو، کە تیادا کۆچبه‌رێک “دانا ره‌ئووف” له‌گه‌ڵ ژنێکی سویدی “کۆرنهیڵ” له‌ناو شه‌مه‌نده‌فه‌رێکی ژێر زه‌مین چاویان به یه‌کتر ده‌که‌وێت و ئیتر قسه‌کردن ده‌رباره‌ی “سترنبێری” له یه‌کتریان نزیک ده‌کاته‌وه. چیڕۆکه راسته‌قینه‌که‌ی “به‌ره‌و دیمه‌شق” وه‌کو شانۆگه‌رییه‌ک له‌ناو شانۆگه‌رییه‌کدا (شانۆی ناو شانۆ) نه‌مایش ده‌کرێت و ئه‌کته‌ره‌کان ئاڵوگۆڕکێ له رۆڵه‌کانیان ده‌که‌ن؛ هندێک جار “کۆرنهیڵ” رۆڵی کۆچبه‌ره بیانییه‌که ده‌بینێت و “”دانا ره‌ئووف”یش رۆڵی خانمه‌که ده‌بینێت، هه‌ندێک جاری تریش “دانا ڕەئووف” دەبێتەوە بە کۆچبەرەکە و “کۆرنهیڵ” دەبێتەوە بەخانمەکە•. به‌م شێوه‌یه، به‌رهه‌مه‌که‌ی “سترنبێری” بایه‌خێکی ناوچه‌یی له‌خۆ ده‌گرێت، وه‌کو به‌رهه‌مێکی تایبه‌ت به ژیاننامه بۆ هونه‌رمه‌نده شانۆکاره‌کان، هه‌روه‌ها وه‌کو به‌رهه‌مێک بۆ گه‌ڕان به دوای پرسی شوناس و کۆچکردن رووبه‌ڕووی(شووناسی) نادیار ده‌بێت له کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رده‌م و له‌سه‌ر هێز و ووزه‌ی بووژێنه‌ری شانۆ”.

