ستریندبێری لە گەشتی هونەرێکی گشتگردا

,
ae7f5b6b-3ee4-40c1-88d6-aa824c9036d7_033_00000680_0

“ئاگوست ستریندبێری” ١٨٤٩ – ١٩١٢

یەکێک لە دوا چالاکییەکانی ساڵی “ئاگوست ستریندبێری” ١٨٤٩ – ١٩١٢ پڕۆژەی “دوا ئاگاداری” بوو، پرۆژەیەک، کە شانۆو هونەری وێنەکێشان و پێشانگایان لە نووسین و دەقە شانۆییەکانی ستریندبێریەوە کۆکردبووە و هونەرێکی گشتگرییان لێ پێک هێنا بوو.
ستریندبێری بەرلەوەی لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا کۆچی دوایی بکات، فریای ئەوە دەکەوێت کە ٦٣ شانۆنامە بنووسێت، بەم پێیە هەر ساڵەی شانۆنامەیەکی نووسیووە و هەموو ژیانیشی، بە خۆشی و ناخۆشییەکانییەوە، بە سەرکەوتن و نووچدانەکانییەوە، لەم شانۆنامانەدا کۆکردۆتەوە. دەقە شانۆییەکانی گوزارشتێکی ڕاستەوخۆ لە قۆناخە جیاوازەکانی ژیانی دەکەن و بەو شێوەیەش بێوگرافیای ژیانی لە شانۆنامەکانیدا ژیانێکی تریان دروست کردووە.
شانۆی “شار” نۆ شانۆنامەی ئەم نووسەرە کە بریتین لە: ئۆلۆفی مامۆستا، یەکەم ئاگاداریکردنەوە، باوبۆران، قەرزارەکان، عەشقی دایک، کەڵک، زەوی سووتاو، هاوڕێکان… هتد کۆکردۆتەوە و نۆ ریژیسۆریش بە یارمەتی چەند دراماتۆرگێک ئەم دەقانەیان لە یەکەیەکی یەک گرتوودا، کورت کردۆتەوەو و وەک یەک شانۆنامە پێشکەشی دەکەن. هونەرمەندێکی سینۆگرافیش، دوانزە ژوور، پێشانگا و ژینگەی جودای دروست کردووە و هەر نۆ شانۆنامەکەیش، کە چواردە ئەکتەری هەڵبژاردە کاری تیا دەکەن، لە نێو ئەم دوانزە ژوورەدا پێشکەش دەکرێن. هەموو کارەکەیش، پێشانگا، شانۆ و مۆسیقا پروژەیەکی هاوبەش و هەرەوەزی نێوان شانۆی شار، هونەرمەندێکی سینۆگراف، بەرێوبەری مۆزەخانە، کۆمەڵێک پسپۆری هونەر، نووسەر، کۆمپۆسیتۆری مۆسیقا، دراماتۆرگ، کۆمەڵێک ئەکتەر و چواردە ڕیژیسۆرە، کە پێکەوە و لە هەمان کاتدا کاری تیا دەکەن.
هونەرمەندی سینۆگرافەکە، بۆ دروستکردنی ژوورەکان، تابلۆ و نامە و وێنەی فۆتۆگرافی و دەستنووسەکانی ستریندبێری خۆی بەکارهێناوە. ئەم کەرەسانەیش دەبنە بنەمایەکی گرینگی سترکتور و خودی ژوور و سینۆگرافیاکەی. لەم ژوورانەدا، کە ئەتمۆسفێرێکی دراماتییکییان هەیە، هەر یەکەیان بابەت و مانا و کارەکتەری خۆی هەیە، بۆ نموونە تابلۆکانی ستریندبێری بوون بە بەشێک لە دید و دیمەنی ژوورەکان، هەروەها وێنە فۆتۆگرافیاکانی، بەهۆی تەکنیکی دیگیتالییەوە بە بارستەی ژوورەکە گەورەکراون و بوونەتە بەشێک لە دیوارەکان. تابلۆ و وێنەکان لەم ئەتمۆسفێرەدا وەک کارێکی دوومەودا دەبنە ژوور، کە دواتر دەبنە تێکست و دەیشبنەوە بە شانۆ و دراما. ئەم ژوورانە چەندە پێشانگایەکی سەربەخۆن، هێندەش بۆ دیمەنی شانۆنامەکان و بۆ بەرجەستەکردنی دونیای ستریندبێری لە دوانزە دیدگا و بنەمای جیاوازەوە سینۆگرافیایەکی گونجاون. ژوورەکانیش هەریەکەیان ناو و تایبەتمەندیی خۆیانیان هەیە، بۆ نموونە: ژووری مامۆستایەکی تەنها، ژووری دادگا، لمی هارپا گەورەکە، کورە پچووکە گرینۆکەکە، ژوورە تاریکەکە، ژووری پیتە گەورەو بچووکەکان، ژووری ژینگە، ژووری منداڵان، ژوورە سوورەکە، ژووری فەنتازیا. لە ژوورە تاریکەکەدا وێنە تەڵخەکان دەشۆڕێتەوە، ئاڵتون دروست دەکرێت، شەپۆلی دەریاکان هروژم بۆ کەناری دوورگەکان دەهێنن، باوک و منداڵەکان دەردەکەون، ژن و پیاو شەڕ دەکەن، لە ژوورێکی تری سووری پڕ لەخەڵکدا، هەورە ڕەش و توڕەکان بە ئاسمانی دراماکانەوە دەسوڕێنەوە، سەرگوزشتە و ئەندێشە و واقیع تێکەڵاو دەکەن و واقعێکی تر و جیاواز، بۆ پێشانگا و نەمایشەکان دەخوڵقێنن.
ڕیژیسۆرەکان بەوپەری سەربەستییەوە، بەبێ ئەوەی گوێ بدەنە هیچ رێسا و بنەمایەکی هونەری یان رێنماییەکانی ستریندبێری و دەقەکانەوە، کاریان لەسەر ئەم پرۆژەیە/شانۆنامانە کردووە، ئەمەیش سەربەستییەکی ڕەهای لەمامەڵەکردن لەگەڵ شوێن، کات و تەنانەت ئەکتەرەکانیشدا بۆ دەستەبەر کردوون. ئەوەی هەموویشیان کۆکن لەسەری ئەوەیە، کە هەموو ڕووداوی شانۆنامەکان لە ئەمڕۆدا، لە ئێستا و لێرەدا ڕوودەدەن و بەوپەڕی ساکارییەوە کاریان تیاکراوە. ڕووبەڕووبوونەوەیەک، کێشەیەک، دیدێکی هونەری پێکەوە نەمایشێکی گەڕۆک، بینەرێکی بزۆز و دوانزە ژووری پچووک پێک دەهێنێت، ڕێکەوتیش وەک کارێکی ڕاگوزاری، پلان و چواچێوە گشتییەکەی نەمایشەکەی ئامادە و ڕێک خستووە.
بەڵام ئەوەی گرینگەو پرۆژەکەش دووپاتی دەکاتەوە، ئەوەیە، کە بینەران ڕووبەڕووی ستریندبێرییەک بە چەندین کەسایەتی جیاوازەوە بکەنەوە. لەم نەمایشەدا بینەران تەنها ستریندبێرییەکی شانۆنامەنووس نابینن، بەڵکو ستریندبێرییەکی کیمیاگەل، وێنەكێش، باوک،گەڕیدە، دڵدار، وێنەگر، شاعیر، شانۆکار، ڕۆمان نووس، نامەنووس… دەبنەوە. مەبەست لە پڕۆژەکەیش ئەوەیە، کە ستریندبێری بەشێوازێکی مۆدێرن و هونەرمەندێکی فرە بەهرە بگەڕێتەوە بۆ ئەم سەردەمەمان و بۆ ناو ئەم نەوە نوێێەی ئەم ڕۆژگارەمانەوە. گەر ستریندبێری لەم ڕۆژگارەدا بژیایە، چی دەکرد،چی دەخوێندەوە، لەگەڵ کێ هەڵسوکەوت و مامەڵەی دەکرد، چی دەنووسی، لەگەڵ چ ئافرەتێک پەیوەندی دەبەست و لە کوێ دەژیا؟ بۆ ئەم مەبەستە و بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارانەیش لەم پێشانگا شانۆییەدا، هونەری نواندن، سەما، مۆسیقا، ئەدەب، هونەر، وێنەی فۆتۆگرافی و زانیاری و زانستە جۆراوجۆرەکان کۆدەبنەوە، گوزارشت لە ستریندبێری دەکەن و فۆرمێکی جیاوازی ئەزموونگەریش بۆ نەمایشەکە پێک دەهێنن.
لەم نەمایشەدا بینەران دابەش دەکرێن بەسەر دوو گروپداو هەر گروپەیشی بە یارمەتی ڕێپیشاندەرێک لە نێو ئەو ژوورانەدا، کە بەشە کورت و چڕەکانی نەمایشەکانی تیا پێشکەش دەکرێت، بەناو جەستە و تارمایی و تێکست و نامە و وێنە و دێکۆمێنت و تاقیگە ئەزموونگەری و هەوڵە کیمیایی و دەستنووسەکانی ستریندبێریدا دەگەڕێن و لێی وورد دەبنەوە. خودی پێشانگاکەیش هەر لەم ژوورانەدا دەبنە سینۆگارفیای نەمایشەکان، هەندێک جار بینەران لەنێو ئەم ژوورانەدا، تووشی ڕامانێکی هونەری دەبن. ئەو پرسیارەیش، کە بەدرێژایی نەمایشەکە بەڕۆکی بینەران بەرنادات، ئەوەیە ئایا ئێمە تەماشای شانۆنامەیەک دەکەین یان لە پێشانگایەکداین و لە تابلۆیەکی هونەری ڕادەمێنین؟
لە ژووری مامۆستا تەنهاکەدا، شانۆنامەی “باوبۆران” نەمایش دەکرێت. ستریندبێری لەسەر شەقامەکانی ستۆکهۆڵمدا پیاسە دەکات و رووبەرووی خودی خۆی دەبێتەوە، لەم ژوورەدا چەندین داهۆڵی شێوە ستریندبێری بە پاڵتۆی چەرمی دژەبارانەوە ڕاوەستاون، لە پەنجەرەکانی بانیژە و ژوورەکانی ماڵەکانەوە وێنەی ستریندبێری دانراون، کە چاوییان بڕیووەتە خۆیان و سەرشەقامەکە و ژوورە تاریکەکان. ژووری دادگا دەبێتە شانۆی هەموو گرفتەکانی هاوسەرگیری و خێزان و پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی ژنەکانی و دەرگای دادگا لەیەکترگرتن. لە ژووری کوڕە گرینۆکەکەیشدا، کارەکتەری دایک لە شانۆنامەی “کەڵک”دا بەسەما وتاری بەرگریکردن لەخۆیمان بۆ بەرجەستە دەکات، سەمایەک لێوان لێو لە خەم و خۆشەویستی. لە ژووری لمە هارپا گەورەکەدا، بینەران خۆیان لەناو بنی دەریاکاندا دەبیننەوە. ژوورەکە بریتییە لە شەپۆلێکی توڕە و دوو پیانۆی گەورەیش کە ڕۆچوونەتە خوارەوە بۆ قووڵایی دەریاکە بە کراوەیی دانراون. ئەم ژوورە سەرچاوەی لەو سەرگوزشتە شیعرییەی ستریندبێرییەوە وەرگرتووە، کە باسی ئەوە دەکات، چۆن پیانۆیەک دەکەوێتە دەریاچەیەکەوە و مۆسیقا و تۆنە مۆسیقییەکان لە قووڵایی ئاوەکەوە دێنە دەرەوە و وەک شەپۆلێکی مۆسیقی بە سەر دەریاچەکەدا بڵاودەبنەوە. ئەم ژوورە و هەموو ژوورەکانی تریش مۆسیقای تایبەتمەندی خۆیان هەیە و مۆسیقاکەیش وزە و ئیلهامی لە تێکستەکانی ستریندبێری و ئەتمۆسفێری ژوورەکەوە وەرگرتووە.
هەموو ژوورەکان وەکوو ئاوێنە وان. لەم ئاوێنانەدا، دەقەکان، ڕیژیسۆرەکان و ژیان و بەرهەمەکانی ستریندبێری لە نێوان جەستە، وێنە و تابلۆکاندا دەبنە زمانێکی قووڵی ئاخاوتن. ژوورەکانیش یەکتری تەواو دەکەن، لەیەکتریدا قووڵ دەبنەوە و لە ناویەکتردا دەنگ دەدەنەوە. دەتوانین بڵێن کە بەشی یەکەمی ئەم نەمایشە کاری لەسەر پەیوەندییەکان کردووە، پەیوەندییەکانی ستریندبێری بە دونیای ئافرەتانەوە، بە منداڵەکانییەوە، بە هاوڕێکانییەوە، بە شانۆکانەوە، بە ڕەخنەگرەکانەوە، بە هاوپیشە و نووسەرانەوە و بە بنەماڵەکەیەوە، بە تایبەتیش دایکی و ئەکسلی برای. بەشی دووهەمیشیان باسی “منداڵ” دەکات. ئەم دوو بەشەیش لە زنجیرەی ڕووداوەکاندا، لە پێشانگا و دیدی ریژیسۆرەکاندا گەڕانەوەیەکی نوێیە بۆ خوێندنەوەی ژیان و بیۆگرافیای ستریندبێری. هەموو نەمایشەکەیش، بەپێی دیدی دراماتۆرگ، سینۆگراف سازەکە و ریژیسۆرە جیاوازەکان، ریتم و فۆرمی هەمەچەشن و گوزارشت ئامێزی لەخۆگرتووە.
یەکێک لە دیمەنە جوانەکان لە ژووری پیتە گەورەو پچووکەکاندا بەرجەستە دەبێت، هەموو ژوورەکە بریتیە لە پیت و وشە و ڕستە و لە دیزاینێکی بێوێنەی هونەری ڕووناکیدا چەندین فۆرم و شێواز و ئاراستەی جیاواز دەخوڵقێنن. دەنگی ستریندبێریش لەو دیوو سنوورەوە،لە دوورەوە، لەناو تاریکییەکەوە، لەو دیوو پیت و وشە و ڕستەکانەوە دەبیسترێت: (من بۆ ئەوە نانووسم، کە پێی دەووترێت شیعر، من دەنووسم بۆ ئەوەی بەشەڕ بێم.)