دیدێکی ساکار و قۆناخێکی نوێی کارکردن لە لای پیتەر بروک

Peter_Brook

پیته‌ر بروك

ڕیژیسۆری جیهانی “پیته‌ر بروك” کە بە کارە شانۆییەکانی بینەرێکی ئێجگاری زۆری لە سەراپای هەموو دونیادا لە خۆی کۆکردۆتەوە، له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ڕووی كردۆته‌ پرۆژه‌ و نه‌مایشی ساكار و زۆر كورت، نه‌مایشه‌كانی ئەم دە، بیست ساڵەی دوایی وه‌ك پارچه‌ شیعرێكی كورت له‌ چڕبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رده‌وامی فره‌ مانایی دان‌. له‌م شانۆنامه‌ كورتانه‌دا چه‌نده‌ بیرۆكه‌ و هزری دەق و دیدی ریژی گرینگه‌، هێنده‌ش هونه‌ری نواندن، به‌هه‌موو ماناكانییه‌وه‌، جێگای بایه‌خ و گرینگی پێدانه‌. لە کتێبە تازەکەیشم دا (پانتایی بۆش و دەروازەیەک بۆ شانۆیەکی جودا) بەشێکی تایبەتم بۆ ئەم قۆناخەی پرۆژەکانی بروک تەرخان کردووە و بە شێک لە گرینگترین نەمایشەکانی ئەم بیست ساڵەی دایی، بۆ نموونە (ئەو پیاوەی ژنەکەی خۆی لێ دەبێتە شەبقەیەک، کۆستیم، دەستت لە ناو دەستمدا، مەرگی سیزوی بانزی، دادگایەکی گەورە)م بەسەر کردۆتەوە و کارم لەسەر کردوون.

 بروك له‌م نه‌مایشه‌ كورتانه‌دا ئه‌كته‌ر و هونه‌ری نواندن، بەشێوەیەکی چڕ ده‌خاته‌ ژێر پشکنین و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ووردی كرده‌یی و ئێستاتیكییه‌وه‌، به‌ ناوه‌وه‌دا، به‌ ناواخنی پرسیار و شێوازه‌كاندا، بە فۆرمەکانی تەکنیکدا گوزەر دەکات و ده‌گه‌ڕێت، به‌دوای ستایلی تری نواندن، ترادیشۆن و  فۆرمی پێگه‌یشتنه‌كاندا وێڵه‌.  بروک لە کتێبی “خاڵی گۆرانکارییەکاندا” بە قووڵی هەڵوێستە لەسەر ئەم کارانەی و ئەو فۆرمە ساکارەی دەکات و بەم شێوەیە سەبارەت بەم چەمکە ساکارەی پرۆژەکانی دەدوێت: “ئەوەی بە دوایدا دەگەڕێین زۆر ساکارە، بەڵام سەختە تێی بگەین، بە واتایەکی تر، چۆن لە شێوازی ساکار دەگەین لە شانۆدا، کە لە ساکارییەکەیدا ڕوون و ئاشکرایە و لە هەمان کاتیشدا پڕ لە مانایە.” بروك لەم پڕۆژە ساکارانەی دا، هەر وەک نەمایشە گەورەکانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئه‌كته‌ره‌كانی له‌ ناوه‌وه‌ڕا گه‌مارۆ ده‌دات و له‌ ناوه‌وه‌ڕا ڕووتیان ده‌كاته‌وه‌، یه‌كه‌ یه‌كه‌ توێكڵه‌ كلتووری و ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان داده‌ماڵێ‌ و ڕووبه‌ڕووی ڕاستییه‌كی ڕه‌هایان ده‌كاته‌وه‌، ڕایانده‌چڵه‌كێنێ‌ و لە پانتاییەکی تردا ڕووبەڕووی بینەرانیان دەکاتەوە. ڕاستگۆیی له‌ نواندن و ڕووناككردنه‌وه‌ی ناواخنه‌ تاریكه‌كان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ خودییه‌كان، پێودانگی سه‌ره‌كی مه‌شقی ئه‌كته‌ره‌. نه‌مایشه‌ كورت و ساكاره‌كانیش بۆ ئه‌كته‌ره‌كانی و بۆ بروك خۆیشی وه‌ك ڕیژیسۆر، گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ و ئاشكراكردنی نهێنییه‌كانی گه‌ردوونێكی گه‌وره‌ی پڕ له‌ دژوارییه‌.

 بروك هەر لەم دەروازەیەوە، به‌م شێوه‌یه‌ ئاماژه‌ به‌ پرۆسه‌ی مێتودی كارەکانی خۆی ده‌كات:” كاره‌كانی ئێمه‌ پشت ده‌به‌ستن به‌و فاكتانه‌ی، كه‌ ده‌توانن به‌هۆی ده‌نگ و جووڵه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤ خۆیه‌وه‌، په‌رده‌ له‌ ڕووی هه‌ندێك له‌ قووڵترین هه‌ڵوێسته‌كانی مرۆڤایه‌تی هه‌ڵماڵن، به‌شێوه‌یه‌ك كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ و ڕاسته‌وخۆیان له‌ ناوه‌وه‌ی هه‌موو بینه‌رێكدا هەبێت، به‌بێ‌ جیاوازی كولتوور، زمان و نه‌ژادە هەمەچەشنەکانی مرۆڤایەتی.” ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ ڕاڤه‌ی ساته‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان بكات، به‌رجه‌سته‌ی چاوتروكانێك له‌ ئاماده‌یی و پێشبڕكێ‌ له‌گه‌ڵ (كات) دا بكات و زەمەنێکی شانۆیی، لە هەمان کاتدا گەردوونی بخوڵقێنێت. بروك مه‌به‌ستییه‌تی مه‌رزه‌كانی شوێن و كات تێكبشكێنێت، ئێستا و له‌م ساته‌وه‌خته‌دا: مرۆڤێك قسه‌ ده‌كات، هه‌ندێك مرۆڤی تر ده‌بنه‌ گوێگر و له‌ هه‌مان كاتیشدا ته‌ماشا ده‌كه‌ن. له‌م ساته‌وه‌خته‌دا، هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ی له‌ ژیانماندا ڕوویانداوه‌، كاریگه‌رییان هه‌بووه‌ به‌ سه‌رمانه‌وه‌ و ئه‌وانه‌شی، كه‌ له‌بیرمان چوونه‌ته‌وه‌ دێنه‌وه‌ یادمان. ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌لای ئه‌كته‌ر، له‌لای بینه‌ران و له‌ پرۆسه‌ شانۆییه‌كه‌دا، له‌ ساته‌وه‌خته‌ زیندووه‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌مایش و ئه‌كته‌ره‌كاندا، له‌گه‌ڵ كرده‌ی ته‌ماشاكردندا ڕووده‌دات.

 بروك ڕێگایه‌كی یه‌كجار درێژی بڕیوه‌، پرسیاره‌ قووڵه‌كانی شانۆی شیكردۆته‌وه‌ و گه‌ڕاوه‌ به‌دوای خانه‌ گه‌وهه‌رییه‌كانی شانۆدا. شانۆ گه‌ڕانێكی هه‌میشه‌یی و به‌رده‌وامه‌ و هه‌موو شێوازێكی تازه‌یش به‌لای ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌وه‌، هه‌ر له‌گه‌ڵ له‌دایكبوونیدا، توخمه‌كانی مه‌رگی خۆیشی هه‌ڵگرتووه‌. هەر لەبەر ئەوەشە، کە هه‌موو فۆرمێك پێویسته‌ سه‌رله‌نوێ‌ بخوڵقێنرێته‌وه‌، كه‌ سه‌رله‌نوێیش خوڵقێنرایه‌وه‌، له‌ هه‌موو ڕووه‌كانییه‌وه‌ ده‌ربڕینی جیاواز و فۆرمی نوێ له‌خۆده‌گرێت.

  هیچ شتێك ناكۆتا نییه‌، هه‌موو شێوازێك ده‌گونجێت یان ده‌كرێت سه‌رله‌نوێ‌ وه‌ربگیرێته‌وه‌، تازه‌ بكرێته‌وه‌ و ڕۆڵی تر و ناوه‌ڕۆكی جیاواز له‌خۆ بگرێت. شانۆ هونه‌رێكه‌ دووپاتی بوونی خۆی له‌ (ئێستا) دا ده‌كاته‌وه‌، گه‌ر له‌ ئێستایشدا نه‌ژی ئه‌وا هیچ كاریگه‌رییه‌كی نه‌ به‌سه‌ر خۆی و نه‌ به‌سه‌ر ده‌وروبه‌ره‌كه‌یشییه‌وه‌ نابێت.

بروك له‌ نه‌مایشه‌ گه‌وره‌كانییه‌وه‌، له‌تێڕوانینه‌ ئه‌زموونكارییه‌كانییه‌وه‌، له‌ گه‌شته‌ دوور و درێژه‌ هونه‌رییه‌كانییه‌وه‌، له‌ شا لیر، مارا- ساد، ئێمه‌ و وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، كۆنفرانسی باڵنده‌كان، ئۆپێرای كارمن، باخی گێلاسەکە و مه‌هابەهاراتاوه‌، له‌ نه‌مایشه‌ شه‌و و ڕۆژه‌ درێژه‌كانییه‌وه‌، ده‌گاته‌ ئه‌م به‌رئه‌نجام و نه‌مایشه ساکار و‌ كورتانه‌ی ئه‌مڕۆی. ئه‌م نه‌مایشانه‌ به‌رئه‌نجامێكی قووڵ، پێداچوونه‌وه‌یه‌كی گشتگر، هه‌ڵسه‌نگاندنێكی  بابه‌تیانه‌ و دۆزینه‌وه‌ی شانه‌ گرینگه‌كانی شانۆیه‌ بۆ بروكێكی هه‌شتا و پێنج ساڵه‌. بروك چۆته‌ ته‌مه‌نه‌وه‌ و له‌وانه‌یه‌ ئێستا، دوای ئه‌و ئه‌زموونه‌ دوور و درێژه‌، له‌ هه‌موو ساتێكی تر زیاتر لە ڕەوتی هەنەری خۆی بڕوانێت وبیر له‌ مه‌رگ بكاته‌وه‌. چه‌نده‌ له‌مه‌رگیش نزیك ببینه‌وه‌، هێنده‌یش نه‌مایشه‌كان چڕتر، قووڵتر، ساکارتر و كورت تر ده‌بنه‌وه‌.

  گه‌شته‌كانی بروك له‌ حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا بۆ كیشوه‌ری ئه‌فه‌ریقا، كاریگه‌رییه‌كی فیكری و هونه‌ری قووڵیان له‌لای ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ به‌جێهێشتووه‌. له‌ڕوانگه‌ی ئه‌و گه‌شتانه‌وه‌ كولتوور، ئایین، شارستانییه‌تێكی جیاواز، چه‌مكه‌كانی ڕۆشنبیری و له‌سه‌روو هه‌موو ئه‌مانه‌یشه‌وه‌ زمان ته‌وه‌رێكی گرینگی لێكۆڵینه‌وه‌ تیۆری و پراكتیكییه‌كانی بووه‌. ئەوەی لە نەمایشەکانیدا بەرجەستەی کردوون، ئەو بابەتانەی، کە مامەڵەی لەگەڵ کردوون، ئەو تەکنیکەی بەکاری هێناوە، تێروانین و چۆنییەتی بیرکردنەوەی، کارکردنی لە سەر ڕۆڵی بینەر و گاریگەرییەکانیان، تەنانەت چۆنییەتی هەڵبژاردنی ئەو دەقانەیشی، کە کاری لەسەر کردوون لە نووسین و کتێبەکانیدا قسەی لەسەر کردوون و هەوڵی بە تێوریزەکردنی داون. بروك له‌ حه‌فتاكاندا و له‌ نه‌مایشی (خه‌ونی شه‌وێكی چلەی هاوین) ڕێگاكانی ئه‌زموونگه‌ری و خوێندنه‌وه‌ ڕادیكاڵییه‌كانی شه‌كسپیر به‌ره‌و داستانه‌ گه‌وره‌كانی دونیا ده‌بات. مه‌هابەهاراتا ڕۆچوونه‌ خواره‌وه‌یه‌كی سه‌راپاگیری ئه‌فسانه‌ و داستانه‌ دێرینه‌كانی هیندستانه‌، له‌هه‌مانكاتدا وه‌رچه‌رخانێكی بنه‌ڕه‌تی هونه‌ری شانۆیه‌: بنه‌ماكانی ئه‌م هونه‌ره‌، سه‌ره‌تاكانی ئه‌م هونه‌ره‌، ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات، كۆن و مۆدێرن، هه‌مووی پێكه‌وه‌ له‌ ڕیتواڵێكی شه‌و و ڕۆژیدا كۆده‌كاته‌وه‌ و دەمان گەڕێنێتەوە بۆ سەرەتا دێرینەکانی هونەری شانۆ. مه‌هابەهاراتا ده‌بێته‌ خاڵی گۆڕانكارییه‌كان و بروك به‌ره‌و ڕێچكه‌یه‌كی تر ده‌بات، ڕێچكه‌یه‌كی تری كاركردن و به‌ ئاراسته‌یه‌كی تر ڕاڤه‌ی جیهان و شانۆ ده‌كات و لەم پڕۆژەگەورەیەدا فۆرمێکی تر و شێوازێکی تری کارکردن دەدۆزێتەوە. هەر لەم نەمایشەشەوە کار لەسەر تێکست و ڕۆڵی وشه‌، تەکنیکی گێڕانەوە و ساته‌وه‌خته‌ زیندووه‌كان دەکات و له‌گه‌ڵ ئاماده‌یی بینه‌راندا كۆیان دەکاتەوە.

 بروك به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پشت ناكاته‌ ڕاستییه‌كانی ژیان و واقیعی مرۆڤ، ته‌نانه‌ت له‌ پرۆژه‌ و نه‌مایشه‌ ئه‌زموونگه‌رییه‌كانیشدا مرۆڤ هه‌میشه‌ له‌ خانه‌ گرینگه‌كانی ژیاندا سووڕاوه‌ته‌وه‌ و هه‌ر له‌ ژیانیشه‌وه‌ هه‌نگاوه‌كانی به‌رجه‌سته‌كردن و دیدی ڕیژی خۆی ده‌سته‌به‌ر كردووه‌. بروك سه‌باره‌ت به‌م تێزه‌ ده‌ڵێت:” شانۆ له‌لای من به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ژیان جیاناكرێته‌وه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش، به‌ڵكو شانۆ داده‌نرێت به‌ به‌شێك له‌ ژیان. له‌ڕێگای شانۆوه‌ فێری ئه‌وه‌ ده‌بین چۆن بژین. له‌به‌ر ئه‌وه‌ هیچ جۆره‌ هزر و بیروباوه‌ڕێك دامه‌ڕێژه‌ گه‌ر له‌ ئه‌زموونی ژیان خۆیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی وەرنه‌گرتبێت.” هه‌ر بۆیه‌ هه‌میشه‌ نه‌مایشه‌كانی بروك ئه‌تمۆسفێرێكی تایبه‌تمه‌ند له‌خۆده‌گرێت، شانۆیه‌ك كه‌ ڕێگایه‌كی زۆر جیاوازی خۆی هه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ بینه‌ران و له‌ واقیعه‌وه‌. شانۆیه‌ك، كه‌ له‌لای هیچ ڕیژیسۆر و هیچ گروپ و هیچ ئه‌كته‌رێكی تر به‌م شێوه‌یه‌ نابینرێت. له‌ نه‌مایشه‌كانی بروكدا، هه‌موو بینه‌رێك له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره‌كانی نه‌مایشه‌كه‌دا پێكه‌وه‌ له‌هه‌مان كات و هه‌مان شوێندا و له‌هه‌مان ژووردان. ئه‌مه‌یه‌ ئه‌فسوونی شانۆی بروك.

بروک وەک هونەرمەندێکی بە ئەزموون کار لە سەر فۆرمە ساکارەکان دەکات، دەگەڕێتەوە بۆ دیدەکانی شانۆی بۆش، کە خۆی لە شەستەکاندا بانگەشەی بۆ دەکرد و لە بنەما و سترکتورێکی ترەوە، کە قووڵ بوونەوە و بەرەوپێشچوونێکی گشتگریی ئەم هونەرمەندەیە بە بنەماکانی پانتاییە بۆشەکاندا، کار لە سەر فۆرمە ساکارەکەی دەکات. ئەم فۆرمە ساکارە وانەیەکی گرینگی شانۆیە و هەنگاوێکی تریشە بۆ نوێ بوونەوەیەکی تری هونەری شانۆ.