• SWEDISH
  • کوردی
دانا ڕەئووف
  • سه‌ره‌تا
  • هه‌واڵ
  • بابه‌ت
  • کتێب
  • زنجیره‌ی شانۆی بیانی
  • شانۆنامه‌
  • دیدار و گفتوگۆ
  • دانا ڕه‌ئووف
    • خه‌لات
    • نامه‌
    • ده‌رباره
    • په‌یوه‌ندی
  • Menu Menu

خۆشەویستیی گوناهی منە

بابه‌ت
027166-peter-brook-1

پیتەر بروک

پیتەر بروک و خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ شەکسپیر

Love is my sin

پیتەر بروک لە ساڵی ٢٠٠٩ دا و دوای ئەو ئەزموونە چڕ و دوور و درێژە، ئەو هەموو ساڵە لە هەڵکۆڵین و تاقیکردنەوە و پێشکەشکردنی شانۆنامەکانی شەکسپیر، هەروەک ئەوەی بازنەی دەورانی پرۆژەکانی شەکسپیر گەیشتبنە ترۆپک، دەست دەداتە سۆنێتەکانی و لە ئەزموونێکی بێ وێنە و لە ئامادەکردنێکی شانۆییدا کۆیاندەکاتەوە.

 ئەم نەمایشە لە فۆرمێکی داماڵراوی ساکار و مینیمالیزمدا باسی خۆشەویستی، کات، ژیان و مەرگ دەکات. ئەم مەسەلە گرینگانە و ئەم باسە گەورانە لە شانۆنامەکانی شەکسپیرەوە، لە شالیر، تیتۆس ئەندرۆنیکۆس، خەونی شەوی چلەی هاوین، ئەنتۆنیۆس و کلیۆپاترا، ڕۆمیۆ و ژولێت، هاملێت … هتد، بە هێڵێکی نەبینراوی ئەفسوونیدا دەڕۆن و وەک هەزارەها دەزوولەی وردی ئەنتۆمی لەنێو سۆنیتەکانیدا بڵاودەبنەوە و بەچەشنی وزە و هێزێکی گەورە لەگەڵ چەمکەکانی خۆشەویستی و ماناکانیدا یەکدەگرنەوە.

 پیتەر بروک لەم سۆنێتانەدا بەدوای شانەیەکی دوورەدەستدا دەگەڕێت، دەیەوێت بگاتە ئەو خاڵی سفرەی، ئەو سەرەتا قووڵەی کە ئەکتەر و ژیان پێکەوە لەدایک دەبن. بەرلەوەی بەرگەکانی زمان بپۆشن، بەرلەوەی فۆرمی خۆیان وەربگرن و بەرلەوەی ببنە بەندی توێژاڵە قورسە کولتوورییەکان و سنووریان بۆ دابنێن.

 پیتەر بروک بۆ ئەم پرۆژەیەی دووان لە ئەکتەرە دێرینەکانی هەڵدەبژێرێت، ئەو ئەکتەرانەی کە بۆ چەندین ساڵە لەگەڵیدا کاریان کردووە و دەزانن چۆن بیردەکاتەوە و لە زمانی جەستە و ئاماژەکانی دەگەن، ئەو دوو ئەکتەرەشBruce Myers و Natasha Parry ن.

 لەسەر شانۆ دێڕینەکەی بوف دی نورد فەرشێکی ڕۆژهەڵاتیی ڕاخراوە، لەبەردەم دیوارە کۆن و ڕەنگ سوورە سوتاوەکانیشیدا، چەند کورسییەکی لەدار دروستکراوی ساکار دانراون.

 ئەکتەرەکان لەگەڵ مۆسیقایەکی ڕیتم ئامێزدا دێنە ژوورەوە، مۆسیقاژەنێک لە سوچێکی شانۆکەدا، هەندێک جار بە ئامێری (ئۆکۆردیۆن) و هەندێک جاری تر بە ئامێرێکی دێڕینی شێوە (پیانۆ) لەگەڵ نەمایشەکەدا دەڕوات.

 پیتەر بروک لە کۆی ١٥٤ سۆنێتای شەکسپیر ٢٩ سۆنیتای لێهەڵبژاردوون، بە شێوەیەکی دراماتۆرگی پێکەوەی بەستوونەتەوە و لە ستروکتوری نەمایشەکەیدا، بەسەر چوار بەشدا دابەشیکردوون:

کاتە بەسەر چووەکان

دابڕان و جیابوونەوە

دڵپیسیی

زاڵبوون بەسەر کاتدا

 ئەم چوار بەشەش، لە فۆرمێکی ئۆرگانیکیدا، لە یەکەیەکی شیعریی و لە نەفەسێکی درامیدا پێکەوە بەستراونەتەوە و یەکتری تەواو دەکەن. لە دەستپێکی نەمایشەکەدا ژنەکە بە تەنیا و دواتر پیاوەکەش بە تەنیا، وەک دوو مەنەلۆگ لە ڕواو ڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆدا، لەگەڵ بینەران دەدوێن. ئەم دوو ئەکتەرە تۆن و وشە و ڕیتمی سۆنێتەکان بە پاکی و لە چاوتروکانێکدا، بە شێوازێکی قووڵ و لەهەمانکاتدا ساکار دەگەیەنن و بەرجەستەی دەکەن. هەندێک جاریش ڕوودەکەنە یەکتری و لە دیمەنێکی کورتدا، لە دیالۆگێکی نێوانیاندا سۆنێتەکان دەکەنە شانۆیەکی تەنک و ڕوون.

 لەم نەمایشەدا وشەکان قورسایی و بارستەیەکی فیزیکی لێوانلێو لەخۆدەگرن و دەبنە مۆسیقا؛ ئەکتەرەکان وشەکان بە باشی دەجاوێن و خۆیان لە شیعرەکاندا دەدۆزنەوە.

 شەکسپیر لەم سۆنێتانەدا باسی کات، بڕوابوون و مەرگ دەکات، مانای ئەمانەش بۆ پەیوەندییە خۆشەویستییەکان، بۆ چەمکی خۆشەویستی: کاتە پڕ لە خەندەکان، بڕوابوون بە خۆشەویستی و بەهای خۆشەویستی لە دوای مردن دەگەیەنێت. کۆکردنەوەی ئەم سێ چەمکەش، واتە کات، بڕوابوون بە خۆشەویستی و مەرگ لەسەر چەندین ئاست و بە شێوازی جیاواز و فۆرمی هونەرییەوە، بنەمایەکی شیکاری بۆ پیتەر بروک ڕەخساندووە. لەم چەمکانەوە ئاراستەی نەمایشەکە بەرەو پێشەوە دەبات. پیتەر بروک لەنێو ئەم مانا سنووردارکراوانەدا، بە تایبەتی لە پەیوەندییەکانی مرۆڤایەتییدا، مانایەکی تر و بەدەر لە گومان دەبەخشێتە خۆشەویستی و بەهایەکی گەورەتر، شکۆمەندتر و چڕی پێدەبەخشێت.

 شەکسپیر لەم سۆنێتانەدا بڕوایەکی لەبن نەهاتووی گەورە بە وزە و هێزی زیندووی شیعر دەبەخشێت، لە شیعردا خۆشەویستی، متمانە، ئێرۆتیک و مەرگیش دەدۆزێتەوە.

 لەلای شەکسپیر و بەهەمان شێوە لەلای پیتەر بروک- یش خۆشەویستی هێزێکە ڕۆحمان پڕ دەکات، بەڵام لەهەمانکاتدا خۆشەویستی حاڵەتێکی ئەبەدییە و بە ژیانی ئێمە و لەگەڵ ژیانی ئێمەدا تەواو نابێت و کۆتایی پێ نایەت، بەڵکو خۆشەویستی وزەیەکی ئەبەدییە، ئەفسوونێکە هەرگیز تەواو نابێت، ڕووناکییەکە هەرگیز ناکوژێتەوە و هێزێکە هەرگیز تێکناشکێت. لەبەرئەوە نە مەرگ و نە جیابوونەوە و نە دابڕان، هەڕەشە نین بۆ ئەو کەسەی کە لە خۆشەویستیدا ژیابێت.

 پیتەر بروک لە نەمایشی (خۆشەویستی گوناهی منە) پێ لەسەر ئەم تێگەییشتن و شیکردنەوەیە دادەگرێت و بە وێنە و ئاماژە و وشە و مۆسیقا، بێگومان بە هێزی شەکسپیریش دووپاتیان دەکاتەوە.

 ئەم نەمایشە ساکارە مانایەکی قووڵ بە پەیوەندییەکانی مرۆڤ، بە خۆشەویستی، بە شەکسپیر و بە چەمکی پانتاییە بۆشەکان دەبەخشێت. هونەری نواندن لەلای ئەم دوو ئەکتەرە دێرینەی پیتەر بروک و لەم نەمایشەدا و لەنێو شیعرەکانی شەکسپیردا، وەک ئاوێکی ڕوون، وەک بوونەوەرێکی تازە لەدایکبوو، وەک ڕیتواڵێکی ئایینی لە خاڵەکانی سفرەوە و بە هێزێکی گەورەوە بەنێو بینەراندا گوزەر دەکەن.

Share this entry
  • Share on Facebook
  • Share on X
  • Share on WhatsApp
  • Share by Mail
https://danamarouf.com/wp-content/uploads/2014/09/027166-peter-brook-1.jpg 1199 800 dana http://danamarouf.com/wp-content/uploads/2021/01/dana-logo.web_-e1610584340918.png dana2012-04-09 10:12:312014-09-01 10:19:14خۆشەویستیی گوناهی منە

هه‌واڵی کتێب

  • چاپکراوی نوێ؛ دادگاییکردن2026-05-12 - 8:18 am
  • چاپکراوی نوێ “تێکشکان”2025-09-11 - 11:24 am
  • گوتارە لە بیرکراوەکان2024-11-28 - 1:06 pm
  • مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان2024-09-27 - 1:08 pm
  • شانۆنامەی لێکترازان2024-01-31 - 11:27 am
  • شانۆیی لێکترازان2023-09-20 - 3:21 pm
  • شانۆنامه‌ی بەرەو کەنار2023-05-19 - 12:32 pm
  • لە کلاسیکەوە بۆ مۆدێرن2023-05-19 - 12:26 pm
  • خەمەکانی لێبووکی سێرک2023-05-19 - 12:23 pm
  • دوایین وێستگه‌2022-06-03 - 9:54 pm
  • ساڵێك لەگەڵ کیژۆڵەکەم2022-06-03 - 9:30 pm
  • ئێوارەی بەر لە کۆتایی2022-06-03 - 8:11 pm
  • پریشکەکانی شانۆ2022-06-03 - 8:06 pm
  • ئه‌زموون و داهێنان، دیدار له‌گه‌ڵ دانا ڕه‌ئووف2022-06-03 - 6:31 pm
  • سامۆیل بێکێت و شانۆی پووچگه‌رایی2021-07-17 - 2:43 pm
Dana Marouf 2026
  • سه‌ره‌تا
  • په‌یوه‌ندی
  • ده‌رباره
Scroll to top Scroll to top Scroll to top