“سەفەری ڕۆژێکی درێژ بەرەو شەو” و ڕیالیزمی

ئەمەریکی و شانۆی سویدی


شانۆنامەنووسی ئەمەریکی “یوجین ئۆنیێل” لە ساڵی ١٩٤٦دا خاڵی کۆتایی بە نووسینی دوا شانۆنامەی سەفەری ڕۆژێکی درێژ بەرەو شەو دادەنێت و چیتر هیچ به‌رهه‌مێك نانووسێت. ئۆنیێل لەم دوا شانۆنامەیەیدا، بە قووڵی ڕۆ ده‌چێته‌ نێو ڕابردووی پەیوەندییەکی خێزانی پڕ لە ڕق و خۆشەویستی، تا بتوانێت جۆرێک لە ئاسودەیی و لێبوورده‌یی بدۆزێتەوە. سەفەری ڕۆژێکی درێژ بەرەو شەو، بیۆگراڤیای ئۆنیێل-ە؛ باسی باوکێکی بەدمەست و دایکێکی ئاڵودەی مۆرفین دەکات؛ خێزانێک لەنێو بەدمەستیدا گیریان خواردوە و ناتوانن لێی ده‌رباز بن.

ئۆنیێل نایەوێت، بە هیچ شێوەیەک تا خۆی لە ژیاندا بێت، ئەم شانۆنامەیەی لەسەر شانۆکان نمایش بکرێت، هاوکات خوازیارە دوای مردنی خۆی شانۆنامەکە لە وڵاتی سوید و لەسەر شانۆی پادشایەتی “دراماتن” لە ستۆکهۆڵم پێشکەش بکرێت. لەم ڕووەوە هەموو مافەکانی نه‌مایشکردنی ئەم شانۆنامەیەی دەبەخشێت بە شانۆی پادشایەتی لە ستۆکهۆڵم. هەرواش دەبێت، ئەم شانۆنامەیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٦ دا لە ستۆکهۆڵم پێشکەش دەکرێت. نمایشەکە سەرکەوتنێکی هێندە گەورە بە دەست دەهێنێت، کە تا ئەمڕۆیش باس دەکرێت. ئەو نمایشە دەتوانێت بنەمایەکی گرینگ بۆ هونەری نواندن، لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی بۆ شانۆی سویدی تۆمار بکات، ئه‌کته‌ره‌کان توانیان ڕۆڵه‌کانیان له‌ چوارچێوه‌ی ڕیالیزمی سایکۆڵۆژییه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی هێنده سه‌رنجڕاکێش نه‌مایش بکه‌ن، کە تا ئەمڕۆ لە شانۆی سویدیدا په‌یڕه‌و دەکرێت.

ئۆنیێل سەرەتا زۆر له‌ژێر کاریگه‌رێتی “سترنبێرگ” بوو، نووسەرێکی گەورەی سویدی، لە لایەکی تریشەوە لاش نۆرێن، ئه‌م کاریگه‌رێتییه‌ دووسه‌ره‌یه‌، بە شێوەیەکی پێچەوانە دووبارە دەکاتەوە؛ بەو شێوەیەی ئۆنیێل کەوتبووە ژێر کاریگەری ستریندبێرگ-ەوە، نۆرێن کەوتبووە ژێر کاریگەرییەکی بەهێزی ئۆنیێل-ەوە. ئۆنیێل، کە لە ساڵی ١٩٣٦دا خەڵاتی نۆبێل وەردەگرێت، زۆر بە ڕوونی لە وتارەکەیدا، لەبەردەم ئەکادیمیایی سویدیدا، منه‌تباری خۆی بۆ سوید و بۆ ستریندبێرگ دەردەبڕێت. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کە ستریندبێرگ ئەو دەرگایەی بە ڕووی ئەودا کردەوە، کە بزانێت “درامای مۆدێرن” چ مانایەک دەگەیەنێت و هەر لە ژێر ئەو کاریگەرییەدا دەستی کردووە بە نووسینی دەقە شانۆییەکانی. هاوکات ئۆنیێل ئەوەیش دووپات دەکاتەوە، گەر شانۆنامەکانی بەهایەکیان هەبێت، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ هێز و کاریگەری و ڕۆڵی ستریندبێرگ.  ئەم کاریگەرییە دوولایەنە بووە، بۆ نموونە شانۆنامەی سەفەری ڕۆژێکی درێژ بەرەو شەو، کە لە سوید سەرکەوتنێکی گەورە بە دەست دەهێنێت، ته‌کانێکی گه‌وره‌ به‌ لاش نۆرین ده‌دات له‌ بواری نووسینی شانۆنامه‌دا. ڕەخنەگرە سویدییەکان، بە ڕاشکاوی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، درامای ئۆنیێل بنەما و بناخەیەکی پتەو و سەرەکی و ڕاستەوخۆی سەرەتاکانی لاش نۆرێن-ە، لە شانۆی سویدیدا. نۆرێن لە ژێر ئەو کاریگەرییەدا، لە ساڵی ١٩٨٤ دا شانۆنامەی شەو دایکی ڕۆژە دەنووسێت، کە دەبێتە سەرکەوتنێکی گەورە و یەکاڵاکەرەوە بۆ “نۆرین”ی گەنج، هاوکات شانۆنامەیەکی تریش سێبەرەکانیشمان بدەرەوە دەنووسێت، کە باس لە ژیانی ئۆنیێل دەکات. دواتر پریشکی شانۆنامەکەی ئۆنیێل، سەفەری ڕۆژێکی درێژ بەرەو شەو، لە بەشێکی تری شانۆنامەکانی دواتری نۆرێن-دا ڕەنگ دەداتەوە. بەم شێوەیە شانۆی ڕیالیزمی ئەمەریکی ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو لە شانۆی سویدی و هەوڵەکانی لاش نۆرێن دا ڕەنگ دەداتەوە و کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و بەهێز بەجێ دەهێڵێت.

پانتاییەکی فراوان

ئەم دەقە شانۆییەی ئۆنیێل، وەک لەوەوبەر ئاماژەمان بۆ کرد، پێگەیەکی بەهێزی لەنێو ڕەوتی شانۆی سویدیدا هەیە و دەرهێنەرە گەورەکان، وەک “ئینگمار بێرگمان” و “تۆشتن فلینک” و “ستێڤان لارشۆن” کاریان تیا کردووە. من ئەو شانسەم هەبوو، بەر لە دە ساڵێک، لەگەڵ “ستێڤان لارشۆن” و چەند ئەکتەرێکی گەورەی سوید لەم شانۆنامەیەدا کارم کرد و دواتریش کتێبێکم لەسەر ئەو ئەزموونە بە سویدی نووسی، کە تا ئێستا لە زۆر بوارەکانی خوێندنی شانۆ لە سوید، لەناو ئەوانەشدا زانکۆی ستۆکهۆڵم وەک پڕۆگرامی خوێندن بەکاریان هێناوە.

“ستێڤان لارشۆن”، دوای ئەو هەموو ساڵە، گەڕاوەتەوە بۆ سەر هەمان دەق: سەفەری ڕۆژێکی درێژ بەرەو شەو، بەڵام ئەمجارە لەگەڵ گروپێکی تر و لە شانۆیەکی تریش. ئەمجارە هۆڵە گەورەکەی شانۆی شار دەبێتە ماڵەکەی “تایرۆن” و خێزان و بنەماڵەکەی ئۆنیێل.

پوختەی ئەم شانۆنامەیە، لە شەو و ڕۆژێکی هاوین لە ژیانی خێزانی “تایرۆن” دا کۆدەبێتەوە: ئەم خێزانە، لەم شەو و ڕۆژە دا لە لێوارەکانی لێکترازان نزیک دەبنەوە، شەڕ و کێشەکانیان و ئەو نهێنیانەی تا سەر ئێسقان ئازاری داوان، دەردەکەون. لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی پڕ لە ئازاردا کێشەکانیان، لە بەدمەستی و ئاڵودە بوون دەردەکەوێت. ئەم خێزانە لە خانووە هاوینەکەیاندا کۆبوونەتەوە، یمیس، باوکیان، ئەکتەرێکی دەوڵەمەندە، بەڵام ڕەزیلە، تەنانەت ڕێگا نادات، گڵۆپەکانی ماڵەکەش دابگیرسێت، ماری دایکیان ئاڵودەی مۆرفینە، کوڕەکانیش یمی و ئێدمۆند لەناو بەدمەستی و ئازاری ویژدان و نەخۆشیدا گیریان خواردووە. لە سەرەتای ڕۆژەکەدا و هێدی هێدی درزەکان گەورە دەبن و کێشەکان دەتەقنەوە. خەم و خەیاڵی یمیس بۆ پارە و چاوچنۆکی، ژیانیانی لە چوارچێوەیەکی تەسکدا گیر کردووە، ئاڵودەیی ماری بە مۆرفین، ئەم دوو کوڕە و باوکیانی توشی خەمۆکێ و شەرمەزاری کردووە، ئێدمۆند-یش کە تووشی نەخۆشی “سیل” بووە، تەنیا مەرگ و مەینەتییان بیر دەخاتەوە، چونکە برایەکی تریان، بەر لە ئێدمۆند بە هەمان نەخۆشی مردووە.

سەرەتا بە تەمێکی خەست دەست پێ ده‌کات؛ ئەم تەمە خەستە سەر شانۆکە بەتەواوی دادەپۆشێت، دەچێتە ناو هەموو شتێکەوە و هەموو شتێک دەشارێتەوە. ئەم تەمە خەستەی سەرەتا هێمای ئەو نائارامی و دڵەڕاوکێ و دوودڵییەیە، کە ئەم خێزانە تیا دەژین، هاوکات ئەو درۆیەی لە مێژە بۆتە سیمایەکی پڕ لە نهێنی ئەم خێزانە، کە هیچ جووڵەیەکی ڕاست و قسەیەکی ڕاستگۆی لەنێوان ئەندامەکانی ئەم بنەماڵەیەدا نەهێشتووە. ئەم تەمە خەستە هێمای ئەو بەدمەستی و وابەستەیی و پێکەوە وابەستەییەی، کە هیچ ڕوویەکی ڕاستەقینەی ئەم خێزانە ناهێڵێت. هەڵبژاردنی ئەو شانۆ گەورەیە و ئەو پانتاییە بۆشە بەرفراوانە، گوزارشتێکە لەو وێرانەیی و چۆڵاوانییە ڕۆحیی و دەروونییەی کارەکتەرەکان تیا دەژین، هاوکات کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی بەسەر شێوازی نواندنەکەشەوە بەجێ هێشتووە. پانتاییەکی بۆش و چۆڵەوانییەکی ڕۆحی و خودگەرایی پێناسەیەکی وردی کات و شوێن و ژیانی ناوەوەی ئەم کارەکتەرانەیە. تەمە خەستەکەی سەرەتای نمایشەکە و بەردەوامیش گەڕانەوەی، وێنەیەکی بەرجەستەکراوی ئەو ڕەوشەیە. ئەم خێزانە، لە خانوویەکدا، لەسەر ڕۆخی دەریایەکی گەورە دەژیان، کە دەنگی لورەی پاپۆڕەکان و تەمێکی خەست، هەمیشە میوانی ئەم بنەماڵەیە بوون و ئۆنیێل-یش ڕاستەوخۆ لە شانۆنامەکەیدا کاری لەسەر کردووە. ئەم دوو ئامڕازە دەبێتە سمبۆلی ڕۆحێکی پەراوێزخراو و گۆشەگیر و پەرتەوازە، کە دەرهێنەریش کاریان لەسەر دەکات و دەبێتە ئامڕازێکی گرینگی پڕکردنەوەی ئەو پانتاییە بۆشە و زەنگی وریاکردنەوە و پەیوەندی و ئاڕاستەکردنی کارەکتەرەکانیش لەو پانتاییە بۆشەی ئەو شانۆ گەورەیەدا. لەم ژینگە پڕ لە تەم و مژەدا، لە زەمەنی ڕووداوەکاندا، کە شەو و ڕۆژێکە، کارەکتەرەکان؛ باوک و هەردوو کوڕەکەی لەلایەک و دایکیشیان لەلایەکی ترەوە، لەنێو خەمێکی گەورەدا دەژین، بەڵام هەرچواریان لەم شەو و ڕۆژەدا خه‌و ناچێته‌ چاویانەوە و تەواو مەستیشن. ئەم چوار کارەکتەرە، بە درێژایی نمایشەکە هیچ ناکەن، لە خواردنەوەی ویسکی و گێڕانەوەی ئەو ژیانەی کە گەیاندونیەتە ئەو دوا وێستگە پڕ لە ژان و ئازارە.

ئەم نمایشە هەوڵێکی بێوچانی ئەم کارەکتەرانەیە لەگەڵ خۆیاندا: لەم گێژاوەدا نە دڵنەوایی و نە خۆشەویستی بوونی نییە و تەنیا مەنەلۆگی درێژیی ئەم کارەکتەرانەیە، وەک ئەوەی هەریەکەیان، بە تەنیا لە چۆڵەوانییەکدا گیریان خواردبێت. ئەم کارەکتەرانە لەنێو بەدمەستی خۆیاندا هەست بە ئازاری ویژان دەکەن. دەرهێنەری نمایشەکەش ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە، کە چۆن ئەم خێزانە وەک تاک و وەک کۆش دەکەوێت و هیچ شتێک هەڵیناسێنێتەوە.

تراجیدیای ئەم خێزانە لە مەرگی یەکێک لە کوڕەکانیانەوە دەست پێ دەکات، باوکێکی ڕەزیلی ئەکتەری خۆویست، کە تەنیا بیر لە ڕۆڵەکەی لەسەر شانۆ دەکاتەوە و لە ژیانیشدا هەر ڕۆڵ دەبینێت و گیرۆدەی بەدمەستییە، دایکێکی نەخۆش و ئاڵودەی مۆرفین، دوو برای هەمیشە سەرخۆش و بێ ویست. ئەم خێزانە لەنێو درۆیەکی گەورەدا دەژین، درۆی خۆشەویستی؛ نە دەتوانن لە یەک دوور بکەونەوە و نە دەتوانن پێکەوەبن. ژیانیان لەنێوان ڕق و خۆشەویستی، درۆ و بێ ئاگابووندا لە کێشەیەکی سەختدایە.

لەم نمایشە نوێیەشدا، دەرهێنەر پەنجە دەخاتە سەر ئەو چۆڵەوانییە ڕۆحییەی، ئەم خێزانەی تیا دەژی. پانتاییەکی فراوانی بۆش، لە سوچێکدا پیانۆیەک دانراوە، مێزێک و چەند کورسییەک، کە لەسەر یەک دانراوان، وەک ئەوەی هەمیشە ئامادەی بارکردن و بەجێ هێشتنی ئەو شوێنە بن. شاشەیەکی گەورەیش، هەندێک، کە کارەکتەری دایک دەردەکەوێت و لە چەند رەوشێکی تایبەتیدا، سیمای لەسەر ئەو شاشە گەورەیە دەردەکەوێت، وەک ئەوەی بەزەڕەبین بە دوای برینەکانیدا بگەڕێن. سەرەتا جووڵەی ئەکتەر، لە پێشه‌وه‌ی ئەو پانتاییە گەورەیەی شانۆکەوە، لەناو تەمەکەوە، دەست پێ دەکات، دواتر لەناوەوە بۆ پێشەوە و هەندێک جاریش فۆرمێکی بازنەیی لە خۆ دەگرێت. لەم نەخشەیەدا ئەکتەرەکان ڕووبەرووی یەکتری نابنەوە، وەک ئەوەی هەریەکەی لە دنیای خۆیدا بێت، دیمەنەکان دەبنە چەند مۆنۆدرامایەک و بە تەنیشت یەکترییەوە باس لە ئازارەکانی خۆیان دەکەن.

ئۆنیێل لەم ڕەوشەدا ژیاوە، لەنێو ئەم تراجیدیایەدا، بە ئازارێکی زۆرەوە سەفەری ڕۆژێکی درێژ بەرەو شەو دەنووسێت.