پینتەریەتی شانۆنامەی “سەراییدار” و شانۆی سویدی
دانا ڕەئووف
هارۆڵد پینتەر، کە لە ساڵی ٢٠٠٥دا خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبی وەرگرت، هەندێ سەختە پێناسەیەکی تەواو بۆ ستایلی دەقە شانۆییەکانی بکەیت. بە شێوەیەکی گشتی تێمای ڕووداوی دەقەکانی لەنێو خودگەرایی، مۆڕاڵ و وێناکردنێکی ئەبسوردی بێ بەزەیی و توندوتیژی کۆمەڵگە نوێیەکانی ئەوروپادا بەرجەستە دەبێت. لەم وێناکردنەدا، لە ژێر کاریگەری بێکێت دا، ئەتمۆسفێرێکی سهخت، هەندێک جار کۆمیدی خوڵقاندووە. دیالۆگی شانۆنامەکانی کۆمەڵێک بیرۆکەی گرینگ لەخۆ دەگرن، هەندێک جار ئەو بیرۆکانە لە پشت وشەکانییەوە خۆیان حەشار دەدەن و بە ئاسانی خۆیان نادەن بە دەستەوە، یان لەپڕ لە ڕەوشێکی تەمومژاوی و نهێنیدا، دەبنە بوونێکی واقیعی و حاڵەتێکی ئاشکرا و هەستپێکراوی نێوان مرۆڤەکان. دیالۆگ و کارەکتەرەکان ڕاستی و واقیعیین، بەڵام کاریگەریی ئەنجام و کۆتاییەکانیان، دەبنە شتێکی نادیار، ئەمەیش وا لە بینەر دەکات تێگەیشتنی جیاوازی بۆ دیمەن و تەنانەت دیالۆگەکانیش هەبێت و جۆرە نیگەرانی و ترسێک دروست بکات. زمانە شانۆییەکەی پینتەر بوارێکی فراوان بۆ کارەکتەرەکانی دەکاتەوە، تا هەوڵی خۆدزینەوە بدەن؛ لەم ڕووەوە زمان تەنیا ئامڕازێکی گواستنەوە و ئاخافتن نییە، بەڵکو زمانەکەی پینتەر ئاڵوگۆڕێکی هزری و فیزیکی لە خودی ژیانی کارەکتەرەکان و پەیوەندییەکانیاندا دروست دەکات. پینتەر بڕوای وابووە، کە وشە جۆرێکە لە دەمامک، ترس، دڵەڕاوکێ و ڕووتوقووتیی خۆمانی لە پشتەوە پێ دەشارینەوە، ئەو نیگەرانی و ترسەیشی، کە لە زماندا دروستی کردووە، لە حاڵەتێکی وەستاودا نامێنێتەوە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی بەردەوامیان بەسەردا دێت و لە جووڵە و بزاوتندان. لە ڕێگای دانانی بە دیقەتی وشەیەکەوە، وچان و بێدەنگی و بە هێماکردنی ڕەوشێکی ساکار و ئاسانەوە، کە پینتەر لە دەقەکانیدا بەرجەستەی کردوون، یان لە تارمایی ڕستە و وشەکاندا لەپڕ و لە چاوتروکانێکدا بیرمان دەهێنێتەوە و هەست دەکەین، کارەساتێک بەڕێوەیە.
شانۆنامەی “سەراییدار”، کە لە ساڵی ١٩٦٠ دا نووسیویەتی، نموونەیەکی ئاشکرای ستایلی پینتەرە، کە دەکرێ هەمیشە بە نموونە بیهێنینەوە، هاوکات یەکێکە لەو دەقانەیشی، کە بەردەوام لەسەر شانۆکانی ئەوروپا نمایش دەکرێت و بینەرێکی زۆر لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە. ئەم دەقە ئێستا لەسەر شانۆی شار، لە ستۆکهۆڵم نمایش دەکرێت. لە یەکێک لە شانۆ بچووکەکاندا، ژوورێکی پینتەر ئاسایان بۆ “سەراییدار” خوڵقاندووە، کە سیخناخە بە هەموو شتێک. سەتڵێکیش، بۆ کۆکردنەوەی “دڵۆپە”ی باران، بە ناوەڕاستی ساپیتەی ژوورەکەوە هەڵواسراوە، کە هاوکات وەک سمبۆلی پێوەرێکی کات تەرازوی ژوورەکە ڕادەگرێت. گەمەی دەسەڵاتیش مۆرکێکی گرینگی ئەم دەقەیە؛ پینتەر لە ڕوانگەی دیالۆگێکی بێلایەن و لە گفتوگۆیەکی ئاسایی ڕۆژانەوە ململانێکانی لەسەر دەسەڵات دروست دەکات. هەموو شتەکان لە بێدەنگیدا ڕوودەدەن و پینتەر ئەو گەمەی دەسەڵاتە دەخزێنێتە نێو بێدەنگییەوە. بێدهنگی لای پینتهر به مانای قسهنهکردن نییه، بهڵکوو دهرنهبڕینی ههندێك شته به مهبهستی دروستکردنی کهشێکی ترسئامێز.
پینتەر لە شانۆنامەی “سەراییدار”دا گەمەی دەسەڵات لەنێوان دوو برا و لە هەمان کاتدا کەسێکی نەناسراو، کە داڵدەیان داوە، دروست دەکات. ئەم شانۆنامەیە باسی سێ کەس دەکات، دوو برا و هەژارێکی بێلانە. یەکێک لە براکان، کە سەراییدارە و پاسەوانی خانووبەرەکەیە و چاودێرییەتی، کەسێکی دڵپاک و یارمەتیدەرە، لە یەکێک لە ژوورەکانی ئەو خانووبەرەیەدا دەژی، کە کۆن و داروخاوە و هەمیشە دڵۆپە دەکات و باران لە پەنجەرەکانییەوە دێتە ژوورەوە. بەزەیی بەو بێلانەیەدا دێتەوە و داڵدەی دەدات و دهیهێنێته ژوورەوە. ئەم بێلانەیە هەر زوو خۆی لێ دەگۆڕێ و پشت دەکاتە ئەو کەسەی یارمەتی داوە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو هەوڵ دەدات ئەم دوو برایەش بە شەڕ بدات و پێگەی خۆی، بەو شێوەیە بەهێز بکات. لە کۆتایدا بۆی ناچێتە سەر و دەیکەنە دەرەوە.
ئەم سێ کارەکتەرە، زۆر دوورن لە یەکترییەوە و هیچ خاڵێکی هاوبەش کۆیان ناکاتەوە و بەتەواوی سێ کەسایەتی جیاوازن. “ئەستن” مرۆڤێکە بە خاوی دەبزوێت، بە خاوی بیردەکاتەوە، دڵپاک و مرۆدۆستە، داڵدەی مرۆڤێکی سپڵەی وەک “دەیڤس” دەدات. ئەستن حەزی بە کارە و هەردەم باسی پڕۆژەکانی دەکات، بۆ نموونە دروستکردنی ژوورێک، بەرزکردنەوەی دیوارێک، کڕینی مشار و داروتەختە. لە ڕەوتی شانۆنامەکەیشدا تێ دەگەین، کە تووشی کێشەی دەروونی بووە. بە پێچەوانەوە کارەکتەری “دەیڤس” کەسێکی توندوتیژ و شەڕانگیزە و بێکار و بێلانەیە و ئەستن لای خۆی داڵدەی دەدات و جێگای دەکاتەوە. دەیڤس هەوڵ دەدات نێوانی ئەستن و مایکی برای، بۆ بەرژەوەندی خۆی تێک بدات. مایک برای ئەستنە، خاوەنی ماڵەکەیە، هەر زوو دەزانێت دەیڤس چ بیچم و کارەکتەرێکی هەیە، گەمەی دەسەڵاتی لەگەڵ دەکات، هەندێک جار دەیوروژێنێت، هەندێک جاریش پێگەیەکی دەداتێ و لەپڕ لێی دەستێنێتەوە و پشتی تێ دەکات. مایک بەهێزە و خاوەنی دەسەڵات و سەرمایەشە و بیروبۆچوونی ڕاسیستانەی هەیە. بە شێوەیەکی تاکتیکی و بێ گوێدانە هیچ شتێک، لەنێوان ئەستن و دەیڤسدا، گەمە دەکات.
پینتەر توانیویەتی کەشێکی ئاڵۆز و ژینگەیەکی پڕ لە ڕاز و نهێنی و نادیار لە شانۆنامەکەدا بخوڵقێنیت. بینەر لە چاوەروانیی ئەوەدا نییە، کە لە دیمەنی داهاتوودا چی ڕوودەدات، پینتەر دەتبەستێتەوە بە ساتەکانی ئێستاوە، واتا بەو ساتەی دیمەنەکەی تێدا ڕوودەدات، بەو شێوەیە چ بینەران و یاخود خوێنەران لەگەڵ ساتەکانی شانۆنامەکەدا دەژی.
کە شانۆنامەکە دەست پێدەکات، مایک بە تەنیا لە ژوورهکه دایه، ساتێک بە تەنیا دەمێنێتەوە، لە دەرەوە گوێمان لە دەنگی پێی کەسانێکی ترە، مایک خێرا و دەسبەجێ و بە هێمنی دەچێتە دەرەوە و دەرگاکە لە دوای خۆیەوە دادەخات. دوای ئەوە ئەستن و دەیڤس دێنە ژوورەوە؛ کەسی یەکەم بۆ چووە دەرەوە؟ ئەی ئەم دوو کەسەی دێنە ژوورەوە کێن و لەکوێ یەکتریان بینیووە و لە کوێوە هاتوون؟ ئەمانە و چهندین پرسیاری تر، لەگەڵ دەستپێکی ساتەکانی شانۆنامەکە لەلای بینەر و خوێنەر دروست دەکات.
تێبینی: شانۆنامەی “سەراییدار” ڕێبوار ڕەشید لە ئینگلیزییەوە کردویەتی بە کوردی و ساڵی ٢٠٠٨، لە ژمارە ١٧ زنجیرەی شانۆی بیانی، دەزگای ئاراس بڵاو کراوەتەوە.

