ڕەگەز، ناسنامە و دابەشبوون

,

سێ وتار لەسەر کتێبی “تێکشکان”ی دانا ڕەئووف

کوورش زارع­ڕەمشتی

کارناسی واڵای ئەدەبی شانۆیی

هونەری شانۆ، ئەو ئایینەیە کە ئاڵۆزییەکانی پەیوەندی مرۆڤ و قووڵایی دەروونی ئەو تێیدا خۆی دەنوێنێت. دانا ڕەئووف، بە تێڕوانینێکی تیژ و قەڵەمێکی دەروونناسانەوە، لە شانۆنامەکانییدا پەردە لەسەر ئەم پەیوەندییانە لادەبات و هەندێک چەمک وەک ناسنامە، خۆشەویستی، ئازار و تەنیایی بە ڕوونی دەخاتە ڕوو. ئەم نووسراوە سێ شیکاری جیاوازی شانۆنامەکانی دانا ڕەئووف لەخۆ دەگرێت، کە هەریەکەیان لە ڕوانگەیەکی تیۆریی جیاوازەوە ئەم بابەتانە شی دەکاتەوە.

شیکاری یەکەم، بە پشتبەستن بە بیردۆزەکانی نانسی چۆدۆرۆ، پەیوەندی دایک و کچ لە شانۆنامەی تێکشکان دەکۆڵێتەوە و پیشانی دەدات چۆن ئەم پەیوەندییە کاریگەری لەسەر درووستبوونی ناسنامەی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی کەسایەتییەکان دەبێت. شیکاری دووەم، بە یارمەتی بیردۆزەکانی جولیا کریستێڤا، شانۆنامەی گەڕانەوە شی دەکاتەوە و لە ڕێی چەمکەکانی خۆشەویستی، ئازار و زمانی ژنانەوە قەیرانی ناسنامەی کەسایەتییەکانی ڕوون دەکاتەوە. لە کۆتاییدا، شیکاری سێیەم بە بەکارهێنانی ڕەخنەی لاکانی و دریدایی، شانۆنامەی دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراو لێکدەداتەوە و تێکچوونی ناسنامەی مرۆڤ لە بەرامبەر نەزمی هێمایین و دواخستنی مانادا پیشان دەدات.

ئەم سێ شیکاریە، هەرچەند لە ڕوانگەی جیاوازەوە نووسراون، بەڵام هاوڕێی یەکترن لە گەڕان بەدوای ئەوەی مرۆڤی سەردەمی ئێستا خۆی لە جیهانێکدا بدۆزێتەوە، کە بەردەوام سنوورەکانی ناسنامەی دەشکێنێت. هیوادارم ئەم توێژینەوانە ڕووناکییەکی نوێ بەسەر جیهانی ئاڵۆز و دەوڵەمەندی شانۆنامەکانی دانا ڕەئووف بگەڕێنن.

 

“پەیوەندی دایک و کچ لە شانۆنامەی تێکشکان: شیکردنەوەیەکی دەروونی-کۆمەڵایەتی لە ڕوانگەی نانسی چۆدۆرۆوە”

لەم دەقەی بەردەستدا هەوڵمداوە خوێندنەوەیکی جیاواز بکەم لە سەر شانۆنامەی تێکشکان لە نووسینی دانا ڕەئووف. دیارە من زۆرم لە سەر شانۆنامەکانی دانا نووسیوە و بەردەوامم لە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی شانۆنامەکانی ئەو. بۆ خۆم هەوڵم داوە بە بۆچۆنی تایبەت و سەردەمیانەوە دەقەکان شی بکەمەوە. ئەوەی ڕوونە بۆچوون، تایبەتمەندییەکی بەرچاوی هەیە لە شیکاری زانستیدا. ئەڵبەت، پێش هەڵبژاردنی دەقەکانی دانا ئەمن بۆ خۆم ئەو بۆچوونەم هەڵبژاردبوو. دیارە هەڵبژاردنی بۆچوون پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ ڕوانگە و تیۆریدا هەیە. پاشپێکهاتەخوازی کاریگەریەکی زۆری بە سەرمندا بووە و پێش هەموو شتێک لە نووسراوە و شانۆنامەنووسێک لە کوردستاندا گەڕاوم کە نزیکترین پەیوەندی لەگەڵ ئەم تێڕوانینەدا ببێت. هەموو ئەمانەم گوت کە بڵێم لەم دەقەدا بە هیچ شێوەیەک نەم ویستووە وەکوو پێشتر بۆی بچم. واتا لە ڕوانگەیەکیتر و بە بۆچوونێکیترەوە دەقەکەم لێکداوەتەوە. ئەمەش لەبەر ئەوە نەبووە، کە شتێکی تازە بکەم. هۆکاری سەرەکی دەگەڕیتەوە بۆخۆدی دەقەکە. بەڕاستی یەکم شت، کە سەرەنجی منی ڕاکێشا لە دوای خوێندنەوەی ئەم دەقە، وردبوونەوەیکی تایبەت بوو لە بەرانبەر پەیوەندی دایک-کچ و کاریگەری ئەو پەیوەندییە لە سەر پەیوەندییە مرۆڤییەکان و بە تایبەت پەیوەندیی سۆزداری کچدا. بۆیە یەکەم کەس وە بیرم هاتەوە، نانسی چۆدۆرۆ بوو، کە لە خوارەوە دونیای تێفکرینی ئەو و چەمکە سەرەکیەکانی ئەو دنیایەتان بۆ باس دەکەم. ئینجا هەوڵ دەدەم لە ڕوانگەی ئەو چەمکانەوە تیشک بخەمە سەر هەمان بابەت لەناو دەقەکەدا.

 

ناساندنی نانسی چۆدۆرۆ و چەمکە سەرەکییەکان:

نانسی چۆدۆرۆ، یەکێکە لە تیۆریستە بەناوبانگەکانی دەروونشیکاری و کۆمەڵناسی، لە کتێبەکەیدا بە ناوی “دووبارەکردنەوەی دایکایەتی: دەروونشیکاری و کۆمەڵناسی جێندەر[1]  شیکردنەوەیەکی قووڵ دەکا بۆ پەیوەندی دایک-منداڵ و دووبارەبوونەوەی ڕۆڵە ڕەگەزییەکان. ئەم کتێبە، کە لە ساڵی ١٩٧٨ بڵاوکراوەتەوە، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر چەمکەکانی ڕەگەز، خێزان و تیۆری دەروونشیکاری هەبووە. چۆدۆرۆ بە تێکەڵکردنی تێڕوانینە دەروونشیکارییەکانی فرۆید و تیۆرییە کۆمەڵناسییەکان، باس لەوە دەکات کە چۆن پەیوەندییە دایکانەکان دووبارە دەبنەوە و چ کاریگەرییەکیان لەسەر ناسنامەی جێندەر[2] و پەیوەندییەکانی مرۆڤ هەیە.

یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی کتێبەکە، پەیوەندی پێش-ئۆدیپی دایک-کچە. چۆدۆرۆ باوەڕی وایە کە ئەم پەیوەندییە، بەهۆی نزیکی فیزیکی و سۆزداری دایک و کچ لە ساڵە سەرەتایییەکانی ژیاندا، بناغەی درووستبوونی هەستی ڕەگەزی ئافرەتانە. بۆ خۆی دەڵێ: “پەیوەندی دایک و کچ لە سەرەتادا بناغەیەک دروست دەکات بۆ پەروەردەکردنی منداڵانی ھەردوو جێندەر، ھەروەھا چاوەڕوانییەک دروست دەکات، کە ژنان دایکایەتی بکەن.”(Chodorow, 1978, 77). ئەم پەیوەندییە، بە گووتەی چۆدۆرۆ، وادەکات کچەکان زیاتر لە کوڕەکان لە ڕیگەی دایکیانەوە دوای ناسنامەی خۆیان بکەون و لە ئەنجامدا، ڕۆڵی دایکایەتی و بەها پەیوەندیدارەکان لەخۆ بگرن. چۆدۆرۆ هەروەها بە تایبەتی باس لە دووبارەبوونەوەی ڕۆڵە دایکانە و ڕەگەزییەکان دەکات. ئەو باس دەکات کە دایکەکان نەک تەنها ڕۆڵە ڕەگەزییەکانی ئافرەتان بۆ کچەکانیان دەگوازنەوە، بەڵکوو پێکهاتەی دەروونی منداڵەکانیانیش ڕێکدەخەن. لەم پرۆسەیەدا، دایکەکان بە بەرهەمهێنانی دەروونی کچەکان، کە هێز و ئارەزوی دایکایەتییان هەیە و کوڕەکان، کە ئەم هێزانەیان تێدا لەناوبراوە، ڕۆڵە ڕەگەزییە نەریتییەکان دووبارە دەکەنەوە.

یەکێکی ­تر لە چەمکە سەرەکییەکانی چۆدۆرۆ، کاریگەری پەیوەندییە سەرەتایییەکانی دایک-منداڵە لەسەر پەیوەندییە سۆزدارییەکانی داهاتوو. ئەو بڕوای وایە، کە چۆنییەتی پەیوەندی دایک و منداڵ لە ساڵە سەرەتایییەکانی ژیاندا، کاریگەرییەکی درێژخایەنی لەسەر دەسەڵاتی تاکەکان بۆ درووستکردنی پەیوەندییەکی چاک­ و ­پاک و گەرموگوڕ لە تەمەنی پێگەیشتوویدا هەیە. ئەو لەم بارەیەوە دەنووسێت: “چۆنایەتی چاودێری دایکانە لە سەرەتای ژیاندا کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر توانای منداڵ دەبێت بۆ پەیوەستبوونێکی هێمن و سەلامەت  لە ژیانی دواتردا.”(هەمان: 78)  بە بۆچوونی ئەو، هەر جۆرە ناڕەوایییەک لەم پەیوەندییەدا دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەگەلێک وەک: نادڵنیایی و بێ­دەسەڵاتی بۆ درووستکردنی پەیوەندییە سۆزدارییەکان.

لەگەڵ ئەم بابەتانەدا، چۆدۆرۆ باس لە دەرئەنجامەکانی ڕۆڵی دایکایەتی دەکات لەسەر گۆشە­نشینی ئافرەتان. ئەو باس دەکات دایکایەتی، بەتایبەتی لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا، ئافرەتان لە بازنەی ڕۆڵە سۆزداری و پشتیوانییەکاندا سنووردار دەکاتەوە و کاریگەریەکی بەرچاوی لە سەر پێداویستییەکانیان وەکوو تاک هەیە. بۆ خۆ لەو بارەوە دەڵێ: “ڕۆڵی سۆزی ژنان لە خێزاندا وایان لێدەکات، کە بە تەنیایی بژین و ژیانیان بە پێی پێداویستییەکانی کەسانی تر دیاری بکرێت.” (هەمان: 180) ئەم گۆشە­نشینی و تەنیایییە، بە گووتەی چۆدۆرۆ، ئەنجامی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانە، کە داوا لە ئافرەتان دەکەن خۆیان بۆ خەڵکانی­تر، بەتایبەتی منداڵەکانیان، فیدا بکەن.

چۆدۆرۆ هەروەها بە تایبەتی باس لە گرنگی کۆمەڵایەتی و مێژوویی دایکایەتی دەکات و نیشان دەدات، کە ئەم ڕۆڵە تەنها ئەنجامی بایولۆژیکی نییە، بەڵکوو بەرهەمی پێکهاتە فەرهەنگی و ئابوورییەکانە. ئەو ڕوونی دەکاتەوە، کە لەگەڵ کەمبوونەوەی ڕۆڵە ئابوورییەکانی ئافرەتان لە خێزاندا، ڕۆڵە سۆزداری و دەروونییەکانیان وەک دایک گرینگتر بووە: “لە کاتێکدا کە ڕۆڵی سۆزداری ژنان لە خێزاندا و ڕۆڵی دایکایەتیی دەروونییان گەشە دەکا، ڕۆڵی ئابووری و بایۆلۆژیکیان کەم دەبێتەوە.” (هەمان: 6) چۆدۆرۆ بە شیکارییە قووڵەکانی خۆی لە سەر پەیوەندی دایک-منداڵ و ڕۆڵە ڕەگەزییەکان، بناغەیەکی تیۆری بۆ تێگەیشتن لە کاریگەرییەکانی ئەم پەیوەندییانە لەسەر ناسنامە و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دابین دەکات. ئەو چەمکانە وەک: پەیوەندی پێش-ئۆدیپی، دووبارەبوونەوەی ڕۆڵە دایکانەکان، کاریگەرییە دەروونییەکانی خیانەت لە پەیوەندی دایک-منداڵ،  گۆشەنشینی بەهۆی ڕۆڵە ڕەگەزییەکان، ئامرازێکی بەهێزن بۆ شیکردنەوەی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی مرۆڤ لە دەقە ئەدەبی و شانۆیییەکاندا.

 

شیکردنەوە:

لەم بەشەی خوارەوەدا هەوڵ دەدەم بە پاڵپشتی ئەو بابەتەنای بە کورتی شرۆڤەمان کرد شانۆنامەکە لێکبەمەوە. بۆیە لە چوار ڕەهەندەوە تیشک دەخمە سەر پەیوەندی نێوان دایک و کچ:

  1. پەیوەندی پێش-ئۆدیپی و کاریگەری لەسەر درووستبوونی ناسنامەی کچ:

وەک پێشتر ڕوونمان کردەوە، چۆدۆرۆ بڕوای وایە، کە پەیوەندی دایک و کچ لە قۆناغی پێش-ئۆدیپیدا، گرنگترین قۆناغە بۆ درووستبوونی ناسنامەی دەروونی کچ. ئەو دەڵێ: “پەیوەندی سەرەتایی دایک-کچ بناغەیەک دروست دەکات بۆ پەروەردەکردنی منداڵانی ھەردوو جێندەر، ھەروەھا چاوەڕوانییەک دروست دەکات، کە ژنان دایکایەتی بکەن.” (هەمان: 77) ئەم پەیوەندییە لە شانۆنامەکەدا بە ڕوونی لە ناکۆکی نێوان دایک و کچدا دەبینرێت. کچەکە، کە لە منداڵیدا لە خیانەتی دایکی زیانی بینیوە، ناتوانێت ئەم ئەزموونە لەبیر بکات، خۆدی کچەکە بەم شێوەیە ئاماژەی پێدەکات:

 

“ئەڤین:

لەچی؟

(بەسەر شیریندا هاوار دەکات.)

گوێ لەچی بگرم؟ هیچ دڕۆیەکی تر ماوە بیکەیت؟!

(دوور دەکەوێتەوە.)

هیچ کاتم نییە بۆ درۆکانی تۆ.

(وچانێکی کورت.)

من لە ڕابردووی تۆدا گیرم خواردووە و ناتوانم بێمە دەرەوە… ناتوانم ئەوە لەبیر بکەم، کە تۆ… کە تۆ…”

چۆدۆرۆ هەروەها باس لەوە دەکات کە پێکنەهاتنی متمانە و دڵنیایی لە پەیوەندی دایک-کچدا دەتوانێت ببێتە هۆی کێشە دەروونییە قووڵەکان لە داهاتوودا: “پەیوەندی دایک و کچ بە تایبەتی گرنگە، چونکە کاریگەرییەکی گەورەی ھەیە لەسەر توانای کچ بۆ متمانەکردن بە خەڵکی تر لە تەمەنی پێگەیشتندا.” (هەمان: 83) ئەڤین بەڕاستی کچێکی نادڵنیایە و کاریگەری هەڵسوکەوتەکانی دایکی کێشەی دەروونی بۆ ئەو سازکردووە. ئەم نادڵنیاییە لە شانۆنامەکەدا لە ڕێگەی دیالۆگەکانی کچەکەوە ڕوونتر دەبێتەوە:

“ئەڤین:

ناتوانم کەسم خۆش بوێت! ناتوانم ئەو پیاوەی شووم پێکردوە خۆشم بووێت؟! کە لەگەڵیا دەژیم… هەرگیز نەمتوانیوە کەسم خۆش بووێت. لەوەتەی ناپاکییەکانی تۆم بەم دوو چاوەی خۆم دیوە، هەستی خۆشەویستیم بۆ کەس نەماوە. ناتوانم کەسم خۆش بووێت… ناتوانم متمانە بە کەس بکەم.

(وچانێکی کورت.)

دەبوو دڵخۆش بوومایە بە ژیان، بەڵام…”

 

  1. دووبارەبوونەوەی ڕۆڵە ڕەگەزییەکان و دایکایەتی:

چۆدۆرۆ لە شیکردنەوەکەیدا نیشان دەدات، کە ڕۆڵە ڕەگەزییەکان لە ڕێگەی پەیوەندیی دایکانەکانەوە دووبارە دەبنەوە. ئەو باس لەوە دەکات، کە ئەم دووبارەبوونەوەیە نەک بەهۆی زیندەزانی، بەڵکوو ئەنجامی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانە: “ژنان، وەك دایك، كچانێک بەرھەم دەھێنن، كە توانا و ئارەزوی دایكایەتییان ھەیە. ئەم توانا و پێداویستییانە لەناو پەیوەندی دایك و كچدا دروست دەبن و گەشە دەكەن.” (هەمان: ٧) ئەم دووبارەبوونەوەیە لە شانۆنامەکەدا لە دیالۆگەکانی دایکدا دەبینرێت، کاتێک دەڵێت:

“شیرین:

نامەوێت هیچم بیر بکەوێتەوە.

(وچانێکی کورت.)

تۆ هەمیشە بە پێچەوانەی منەوە ڕەفتار دەکەیت. هەمیشە ناڕازی بوویت لێم… هیچ شتێکی منت بە دڵ نەبووە، هەمیشە دژی من بوویت و هیچت بە قسە نەکردووم.

(وچانێکی کورت.)

من ئێستا زۆر تەنیام، لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستم بە تۆیە.”

 

ئەم دیالۆگە ئەوەمان بۆ دەردەخا، کە دایک هەوڵ دەدات پارێزگاری بکات لە پێگەی خۆی وەک سەرچاوەی ڕەگەز. هەروەها چۆدۆرۆ لە شوێنێکی ­تردا ڕوونی دەکاتەوە، کە ڕۆڵە ڕەگەزییەکان لە ڕێگەی شێوازی هەڵسوکەوتەوە لە خێزاندا دەستنیشان دەکرێن: “ڕۆڵەکانی جێندەر لەناو خێزانەکاندا دووبارە دەبنەوە، لە ڕێگەی کۆمەڵایەتیکردنی منداڵان لەلایەن دایکانیانەوە، کە خۆیان لەلایەن ئەم ڕۆڵانەوە پێکهاتوون.” (هەمان: 173)  ئەم بیرۆکەیە لە شانۆنامەکەدا بە ڕوونی لە هەوڵەکانی دایک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڵسوکوت و هەستەکانی کچەکەی دەبینرێت.

 

  1. کاریگەری خیانەتی دایک لەسەر پەیوەندییە سۆزدارییەکانی کچ:

یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکان لە لای چۆدۆرۆ، کاریگەری ئەزموونە سەرەتایییەکانی ژیانە لەسەر دەسەڵاتی درووستکردنی پەیوەندییە سۆزدارییەکان لە داهاتوودا. پێشتر ئاماژەمان پێکرد، کە ئەو لە سەر ئەم بابەتە چ دەڵێ. لە ڕوانگەی ئەوەوە چاودێری باشی دایکانە لە سەرەتای ژیانی منداڵدا کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر توانای منداڵ دەبێت بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی سەلامەت و باوەڕپێکراو لە ژیانی داهاتوویدا. هەروا، کە پێشتر بینیمان لە شانۆنامەکەدا، کچەکە بە ڕوونی باس لەم بابەتە دەکات و بە دایکی دەڵێت: “لەوەتەی ناپاکییەکانی تۆم بەم دوو چاوەی خۆم دیوە، هەستی خۆشەویستیم بۆ کەس نەماوە.” ئەم دیالۆگە ڕەنگدانەوەی هەمان بابەتە، کە چۆدۆرۆ پێی دەڵێت نەبوونی “ئاسایشی سۆزداری[3]” لە ئەنجامی ئازارە دەروونیە سەرەتایییەکان: “منداڵانی، کە بەردەوام لەگەڵ ھەڵسوکەوتی ناجێگیر یان زیانبەخشی سۆزداری دایکیان ڕووبەڕوو دەبن، زۆرجار لە تەمەنی پێگەیشتندا کێشەیان ھەیە لەگەڵ متمانەکردن و پەیوەندییە نزیکەکان.” (هەمان: 83) ئەڤین نموونەیەکی بەرچاوە لەو کچەی، کە لە بەر ڕووبەروو بوونەوەی لەگەڵ هەڵسووکوتەکانی دایکیدا ئێستا کێشەی هەیە لەگەڵ مێردەکەیدا.

 

  1. تەنیایی و دوورکەوتنەوەی دایک: دەرئەنجامی ڕۆڵە سەپێنراوەکان:

پێشتر ئاماژەمان کرد، کە ڕۆڵی دایکایەتی، هەرچەندە لە ڕووەوە پیرۆز دەردەکەوێت، بەڵام دەتوانێت ببێتە هۆی تەنیایی گۆشەنشینی سۆزداری ئافرەتان. شیرین لەم شانۆنامەیەدا ئەو دایکەیە، کە لە کۆتاییدا لەنێوان ڕۆلی دایکانە و پەیوەندی سۆزداریدا تەنیایی و گۆشەنشینی دەست دەکەوێت. لێرەدا لەوانەیە ئەم پرسیارە بێتە ئاراوە، کە شیرین لە کاتی خۆیدا رۆڵی دایکانەی خۆی بە باشی جێبەجێ نەکردووە، بەڵام مەبەست لە ڕۆڵی دایکانە تەنیا لە کاتی منداڵی کچەکەدا نیە، دایک هەتا کۆتایی ژیانی هەر دایکە و منداڵەکەی هەر منداڵێ ئەوە. بە بڕوای من ئەوەی ئەم شانۆنامەیە دەیخاتە سەر ئەم تێڕوانینەی چۆدۆرۆ ئەوەیە، کە لێرەدا تەنها منداڵ قوربانی نیە، بەڵکوو دایکش  لە پێناو ڕۆڵە سەپێندراوەکاندا تووشی تەنیایی دەبێت. ئەم تەنیایییە لە شانۆنامەکەدا لە کۆتا مۆنۆلۆگی دایکەکەدا بە جوانی ڕوون دەبێتەوە، لێرەدا لە بەر ئەوەی تووشی درێژدادێڕی نەبین من تەنیا بەشیک لە دیالۆگە دەهێنمەوە:

“شیرین:

(شێواوە. نازانێ دەڵێ چی، وەک له‌گه‌ڵ خۆیدا بدوێت!)

تۆ ده‌بێ… دەبێ… یان من. تۆ… من دێم بۆ لات… مەڕۆ. هەردووکمان. من… من و تۆ. تۆ دەتەوێت؟ پێکەوە… بێدەنگ بین، یان… نازانم. دەڕۆم. منیش… من… تۆ… و. ئەگەر ئەرکت ناخەمە سەر… گوێت لە هیچە… گوێت لێییە چی دەڵێم… گوێت لێمە… دەزانی… من، نا… تۆ… ببوورە، من… هەست… من هەست بە هیچ… نا پێویست ناکات… نا، هیچ پێویست ناکات. من و تۆ… ئێمە دەکرا… دەکرا… دەمانتوانی. باران دەبارێت… بە ڕاستی حەزدەکەم، من حەزدەکەم بزانم من کێم… ئا… من نازانم… تۆ نابێ بڕۆیت… ئا، من. گەر نەمزانییایە خەریکی چیت… هیچ تێنەدەگەیشتم… من و تۆ دەبێ پێکەوە… نازانم. تۆ… تۆ کێیت؟ من نازانم… تۆ کێیت؟ بەدوای خۆمدا… ئا بەردەوام… بە دوای خۆمدا دەگەڕێم… هیچ نابینم، چیتر هیچ نابینم… نازانم… ئێمە ناتوانین… ناتوانین چیتر بڕیار بدەین… بەڵام، من… من هیچ حاڵی نەبووم… نەمدەتوانی لە… لە هیچ بگەم… دەمەوێت خۆم… خۆم لە هەموو کەسێک بە دوور بگرم… و … خۆم بشارمەوە. دەترسم. زۆر دەترسم… بە ڕێگایەکی تردا بڕۆم… بڕۆم تا کەس نەمبینێ… قسە لەگەڵ… لەگەڵ کەس نەکەم.”

ئەوەی سەرەوە هیچ نیە جگە لە وڕاوەکانی ژنێکی تەنیا، بە واتایەکیتر ڕەنگدانەوە و دەنگنانەوەی تەنیایی و گۆشەنشینیە. ئەو دوو کەرت بوونەوەی ژن لەنێوان ڕۆڵە سەپێندراوەکاندا و حەز و ویستی خۆی لە فۆڕمی دیالۆگەکەدا خۆی ئاشکرا دەکا. دیالۆگێکی لێک دابڕاو کە تێدا بێژەر هەم بە دوای خۆیدا دەگەڕێ هەم کچەکەی، بە واتایەکیتر لەم هاتوچۆانەدا بە تەنیا دەمێنێتەوە.

بە دڵنیاییەوە هیچ شانۆنامە یان بەرهەمێکی هونەری تەنها لە بەر دووبارەکردنەوەی هەندێک بابەتی تیۆری لە دایک نابن، مەبەستی ئەم لێکۆڵینەوەش سەلماندنی شتێکی لەو چەشنە نەبوو. ئەوەی سەرەنج ڕاکێش بوو لە لای منەوە دیتنەوەی جیهانی هزری چۆدۆرۆ بوو لە قەبارەی داڕشتنێکی شانۆییدا. بێ گۆمان پرسیارکردنی شانۆنامە بە شێوەیەکی تایبەت بە خۆی دەکرێ. دیارە دانا ڕەئووف هەوڵی داوە ئاوڕێکی دراماتیک بە ڕەوتی خۆی بداتەوە لە پەیوەندی نێوان دایک و کچدا. ئەم خوێندنەوەش تەنها تیشک دەخاتە سەر ڕەهەندێکی ئەم بەرهەمە و لە بەر ئەوەی دڵنیا بین لە شیکارییەکە پاڵی داوەتەوە بە تیۆریەکی متمانە پێکراوەوە. بە یارمەتی ئەو تیۆریە قووڵ بووینەوە لە پرسیارەکانی ئەم دەقە لە پرسێکی کۆمەڵایەتی و دەروونی. هیوادارم کە پرسەکە ڕوونتر بووبێتەوە.

 

ڕق[4]، خۆشەویستی ونبوو[5]، و زمانی پرسە[6] لە شانۆنامەی گەڕانەوە: شیکردنەوە لەسەر بنەمای بیردۆزەکانی جولیا کریستێڤا[7]

شانۆنامەی “گەڕانەوە” لە نووسینی دانا رەئووف، کە تیشک دەخاتە سەر تێکشکانی پەیوەندییەکی خۆشەویستی، بەستێنێکی دەوڵەمەند بۆ شیکردنەوە لەسەر بنەمای بیردۆزە دەروونییەکان و زمانەوانییەکانی جولیا کریستێڤا دابین دەکات. کریستێڤا، بە وردبوونەوە لە قوڵایی دەروون و زمان، چەمکە بنەڕەتییەکانی وەک ڕق، خۆشەویستی و ئازار، پرسە و دووبارەبوونەوە و پەیوەندی زمان لەگەڵ ژنایەتی دەکۆڵێتەوە. لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دەدرێت بە پشتبەستن بەم بەرهەمانەی کریستێڤا: خۆری ڕەش: خەمۆکی و مالیخولیا[8]، هێزەکانی ترس: وتارێک لەسەر ڕق[9] و چیرۆکەکانی خۆشەویستی[10]، ڕووناکی بخرێتە سەر لایەنە شاراوەکانی ئەم بەرهەمە.

 

  1. ڕق و سنوورەکانی ناسنامە

تێکشکانی پەیوەندی خۆشەویستی لە شانۆنامەی “گەڕانەوە” دەتوانێت ببێتە هۆی ئەزموونی ڕق لە کەسایەتی ژنەکە. بە پشتبەستن بە بیردۆزی هێزەکانی ترس، کریستێڤا (Kristeva, J. 1982) دەڵێ ڕق کاردانەوەیەکی توندوتیژی و تاریکە لەلایەن بوونەوەرێکەوە بەرامبەر مەترسییەک، کە وەک لە دەرەوە یان ناوەوەیەکی ناڕێک سەرچاوەی گرتووە و بۆ ناو چەمکی نەگونجاو و نەتوانراو دەڕوات. ئەم دیاردەیە، نە بکەرە[11] و نەک بابەت[12]، بەڵکوو شتێکە نزیکە، بەڵام ناتوانرێت هەزم بکرێت و لە کاتێکدا ویست ڕادەکێشێت، هاوکات ڕەتیدەکاتەوە. لە شانۆنامەکەدا، لەدەستدانی خۆشەویست و تێکشکانی پەیوەندییەکی سۆزداری، کە ڕۆژێک بووەتە کۆکراوەی ناسنامەی ژنەکە، دەتوانێت ئەزموونی لەدەستدانی هەستی یەکگرتوویی و شکاندنی سنوورە ناوەکی و دەرەکییەکانی لەگەڵدا بێت. خۆشەویستی لەدەستچوو، یان بیرەوەری و نیشانەکانی، چیتر بەشێک لە “خۆد”[13] نییە و نەک وەک “ئەوی تر”[14]ی جیاواز و سەلامەت دەناسرێتەوە. ئەم دۆخە ناڕوون و ناجێگیرە دەتوانێت ببێتە هۆی هەستی ڕق؛ هەستێک، کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی شتێکەوە سەرچاوەی گرتووە، کە چیتر لە چوارچێوەی سیستەمی واتادار و ناسنامەی ژنەکە ناگونجێت و ئەویش ڕووبەڕووی لایەنە ناخوازراو و نەخوازراوەکانی بوون دەکاتەوە.

سنووری نێوان “خۆ” و “ئەوی تر” لە دیالۆگەکاندا، بە تایبەت کاتێک کە دەڵێت”نازانم کێم!”، بە شێوەیەکی ڕوون کاڵ دەبێتەوە. کریستێڤا لە هێزەکانی ترس­دا جەخت دەکاتە سەر ناڕوونی خۆد و بابەت. کاتێک ژن لە شانۆنامەکەدا باسی لەدەستدانی ناسنامەی خۆی دەڵێت، ئەمە نیشانەی شکاندنی ئەو پاراستنە دەروونییانەیە کە “من” لە “نەمن” جیا دەکاتەوە. خۆشەویستی، وەک پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ ئەوی تر، زۆرجار ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە درووستبوون و جێگیرکردنی ناسنامە. بە لەدەستدانی ئەم پەیوەندییە، ئەو وێنەیەی، کە ژنەکە لە ئاوێنەی سەیرکردنی خۆشەویستەکەی درووستی کردووە، دەشکێت و ئەویش دەخاتە ژێر کاریگەری ئەزموونی بێ ناسنامەیی و تێکەڵبوون لەگەڵ “ئەوی تر”ی لەدەستچوو. ئەم ناڕوونییە لە سنوورەکاندا، یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی دۆخە ڕقاوییەکان، کە تیایدا تاک هەست دەکات، کە لە ژێر هێرش یان تێکەڵبوون لەگەڵ شتێکی بیانی­دایە.

 

  1. خۆشەویستی و ئازار

لە شانۆنامەی “گەڕانەوە”دا، خۆشەویستی زیاتر لە ئازار دەچێت وەک لە ڕزگاربوون، سەیری ئەم دیالۆگە بکەن:

ژنەکە

دەزانی تۆ دۆزەخی… بڕوات بێ تۆ دۆزەخی و منت کردە قوربانی چەند ساتێکی خۆش بۆ خۆت.

 

کریستێڤا (Kristeva, J. 1987) لە چیرۆکەکانی خۆشەویستی­دا ئاماژە بەوە دەکات، کە زمانی خۆشەویستی زۆرجار ناتەواو و وێنەییە و دەتوانێت تێکەڵەیەک بێت لە خۆشی و ئازار. دیالۆگی ژنەکە لە شانۆنامەکەدا، وێنەی پەیوەندییەکی تێکدەر درووست دەکات، کە تیایدا خۆشییە کاتییەکانی بە بەهایەکی زۆر واتا بە ئازار و قوربانییەوە بەدەست هاتووە. ئەم ڕوانگەیە هاوشێوەیە لەگەڵ چەمکی “نەرگسیزمی بریندار[15]” لە بیردۆزەکانی کریستێڤا. خۆشەویستی لەم جۆرە پەیوەندییەدا نەک وەک سەرچاوەیەکی دەروونی و گەشەکردن، بەڵکوو وەک هۆکارێک بۆ بێڕێزی و زیانی نەرگسیستی ئەزموون دەکرێت. “دۆزەخ” بوونی خۆشەویستەکە، وێنەیەکی ئەو بەشە تاریک و ئازاردەری پەیوەندییە، کە ناسنامە و بەهای ژنەکە دەخاتە ژێر پرسییارەوە. قوربانیبوون بۆ “چەند ساتێکی خۆش”یش نیشانەی ناهاوسەنگیی هێز و چەوساندنەوەی سۆزدارییە لەم پەیوەندییەدا.

لەدەستدانی خۆشەویستی لە شانۆنامەکەدا دەبێتە هۆی قەیرانی ناسنامە، هاوشێوەی بیرۆکەکانی کریستێڤا دەربارەی خۆشەویستی وەک “بابەتی لەدەستچوو”. کریستێڤا (Kristeva, J. 1987) ئاماژە بە ڕۆڵی سەرەکی خۆشەویستی دەکات لە درووستبوونی بکەردا. خۆشەویستی، بە دابینکردنی دەرفەتی ڕەنگدانەوەی خۆد لە سەیرکردنی ئەوی تر و ئەزموونی پەیوەندی و پەیوەستبوون، یارمەتی جێگیرکردنی هەستی “من” دەدات. کاتێک ئەم “بابەتی خۆشەویستییە” لەدەست دەچێت، نەک تەنیا لەدەستدانی سۆزداری ڕوودەدات، بەڵکوو پێکهاتەی ناسنامەی کەسیش دەشکێت. خۆشەویستی لەدەستچوو، بە جۆرێک دەبێتە “بابەتی لەدەستچوو”، کە تاک هەوڵ دەدات لە ناوخۆدی خۆی بدۆزێتەوە یان جێگرەوەیەکی بۆ بدۆزێتەوە. قەیرانی ناسنامە لە شانۆنامەکەدا دەتوانێت لەم هەوڵە بێ­ ئاکامانەیەوە سەرچاوەی گرتبێت بۆ چاککردنەوەی ئەم لەدەستدانە و درووستکردنەوەی “خۆد” بەبێ ئەو بابەتە هەرەپێویستە.

 

  1. پرسە و دووبارەبوونەوە

کەسایەتی ژنەکە لە شانۆنامەکەدا لەوە دەچێت لە بازنەی دووبارەبوونەوەی وتار و هەڵسوکەوتدا گیری خواردبێت، بۆ نموونە ئەمە لە دووبارەبوونەوەی “بڕۆ… دەزانم…”دا ئاشکرا دەبێت. کریستێڤا (Kristeva, J. 1982) باسی ئەمە دەکات، کە خەڵکی خەمۆک و مالیخولیایی زۆرجار لە دووبارەبوونەوەی تێپەڕنەبوون لە ئەزموونی تراوماتیک دان. لەدەستدانی خۆشەویستێک یان برینێکی دەروونی، لە بیرەوەری تاکدا بە شێوەیەکی زیندوو و چالاک دەمێنێتەوە و نەکۆڵی حاشالێکردن[16] ڕێگری لە ئەرکی بەکەڵکی سەرکوت دەکات. لە ئەنجامدا، بیرەوەرییە ئازاردەرەکان نە سەرکوت دەکرێن و نە بە شێوەیەکی هێمایین خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت، بەڵکوو بەردەوام دووبارە دەکرێنەوە. دووبارەبوونەوەی “بڕۆ… دەزانم…” دەتوانێت نیشانەی ئەم دۆخە بێت؛ ژنێک کە ئاگادارە لە ڕۆشتنی خۆشەویستەکەی، بەڵام لە هەمان کاتدا ناتوانێت بەتەواوی ئەم جیابوونەوەیە قبوڵ بکات و هێشتا گیرۆدەی بازنەیەکی بێ کۆتایییە لە هەوڵدان بۆ ڕزگاربوون و قبوڵ کردنی ڕاستییەکان.

بێدەنگییەکانی شانۆنامەکەش دەتوانن جۆرێک بن لە “زمانی پرسە”. کریستێڤا (Kristeva, J. 2024) ئاماژە بە پەیوەندی نێوان بێدەنگی و مالیخولیا دەکات. کاتێک وشەکان ناتوانن قوڵایی خەم و لەدەستدان ڕابگەیەنن، بێدەنگی دەتوانێت وەک بۆشاییەک بۆ نەهاتنی ئازار کار بکات. بێدەنگییەکان لە شانۆنامەکەدا دەتوانن وەڵامدانەوەی ئەو بەشە بن لە ئەزموونی پرسە، کە لە سەرووی وشەکانە؛ ساتەکانێک، کە ئازارەکە ئەوەندە قووڵە زمان ناتوانێت دەریانببڕێت. ئەم بێدەنگییانە دەتوانن مانایی قووڵیان هەبێت و لە جیاتی وشە، هەستە سەرکوتکراوەکان، بیرەوەری ئازاردەرەکان و هەستی قبوڵنەکردنی لەدەستدان بگوازنەوە بۆ بەردنگ.

 

  1. زمان و ژنایەتی

وتاری ناجێگیر و پڕژوبڵاوی ژنەکە لە شانۆنامەکەدا دەتوانێت ڕەنگدانەوەی نووسینی ژنانە[17] بێت لە بیردۆزەکانی کریستێڤا. هەرچەندە لە بەرهەمەکانیدا ڕاستەوخۆ ئاماژە نەدراوە بە چەمکی نووسینی ژنانە، بەڵام لە کۆی بەرهەمەکانی کریستێڤا، ئەم چەمکە جەخت دەکاتە سەر زمانێک، کە لە لۆجیکی هێڵی و پێکهاتە جێگیرکراوەکانی زمانێکی پیاوانە دوور دەکەوێتەوە و زیاتر پشت بە هەستەکان، بیرهاتنەوەی ئازادانە و شەپۆلی خودئاگایی[18] دەبەستێت. وتاری پڕژوبڵاوی ژنەکە لە شانۆنامەکەدا، بە شکستەکان، گۆڕانی خێرای بابەت و دەربڕینی نالۆجیکی، دەتوانێت نیشانەی ئەم هەوڵە بێت بۆ دەربڕینی ئەزموونێک، کە لە چوارچێوەی زمانێکی ئاسایی ناگونجێت. ئەم جۆرە وتارە، دەتوانێت هەوڵێک بێت بۆ دەرکردنی ئەو بەشەی ئەزموونی ژنانە، کە نزیکترە لە بۆشایی پێش-هێمایین[19]؛ بۆشاییەک کە پێش زاڵبوونی نەزمی هێمایی زمان، پشت بە هەستەکان و پەیوەندییە نا-وتارییەکان دەبەستێت.

کەم وتاری پیاوانە بەرامبەر زۆر وتاری ژنانە دەتوانێت نیشانەی ڕکابەری “نەزمی هێمایین” و “بواری پێش-هێمایین” بێت. “نەزمی هێمایین”، لە بیردۆزی لاکان و بەهەمان شێوە لە بیرۆکەکانی کریستێڤا، ئاماژەیە بۆ پێکهاتەی زمان، قانوون و فەرهەنگی باوک­سالار، کە شووناس و ناسنامە و بکەربوونی تاک درووست دەکات. ئەم نەزمە زۆرجار پەیوەندی بە وتارێکی لۆجیکی، پێکهاتەیی و ئامانجدار هەیە. لە بەرامبەردا، “بواری پێش-هێمایین” یان “بواری هێمایین،” بوارێک لە هەستەکان، ریتمەکان و پەیوەندییە نا-وتارییەکان، کە پێش ئەوەی منداڵ بچیتە ناو نەزمی نیشانەیی بوونی هەیە و پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ جەستە و دایک هەیە. Kristeva, J. 2024))  زۆر وتاری ژنەکە لە شانۆنامەکەدا دەتوانێت هەوڵێک بێت بۆ گەڕانەوە بۆ ئەم بوارە ناجێگیر و هەستییە، لە کاتێکدا کەم وتاری پیاوانە دەتوانێت نیشانەی زاڵبوونی ئەو بەسەر نەزمی هێمایین و سنوورەکانی دەربڕینی هەستە قووڵ و ئاڵۆزەکان بێت. ئەم ڕکابەرییە دەتوانێت نیشانەی درزەکانی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو و بێ­ دەسەڵاتی ئەوان بێت لە تێگەیشتنی زمانی سۆزداریی یەکتر.

 

  1. کۆتایی شانۆنامە (سەگێکی لە پەڕۆ دروستکراو و ڕق)

سەگە لە پەڕۆ دروستکراوەکە لە کۆتایییەکەدا دەتوانێت نیشانەی بابەتێکی ڕقاوی بێت. کریستێڤا (Kristeva, J. 1982) ڕوونیدەکاتەوە، کە ئامانجە ڕقاوییەکان زۆرجار ئەوشتانەن، کە سنوورەکانی نێوان زیندوو و مردوو، مرۆڤ و نا-مرۆڤ، پاک و ناپاک تێکدەدەن و هەستێکی ناخوازراو لە ناجێگیری و مەترسی درووست دەکەن. سەگە لە پەڕۆ دروستکراوەکە، وەک شتێکی بێ ژیان، کە شێوەی بوونەوەرێکی زیندوو دەگرێتەوە، دەتوانێت هەمان هەستی ناڕوونی و نەناسراوی پێک بینێت. قسەکردنی ژن لەگەڵی، لە کاتێکدا سەگەکە هیچ جووڵەیەک ناکات، دەتوانێت نیشانەی هەوڵێکی بێ سود بێت بۆ پەیوەندی کردن لەگەڵ شتێک، کە چیتر زیندوو و وەڵامدەرەوە نییە، یان هێماییەک بێت لە پەیوەندییەکی لەدەستچوو و مردوو. ئەم پەیوەندییە یەک لایەنە لەگەڵ بابەتێکی بێ جووڵە دەتوانێت هەستی ڕق بەهێز بکات، چونکە ژنەکە ڕووبەڕووی لەدەستدان، بێ­جموجۆڵی و بێ­دەسەڵاتی لە گۆڕینی دۆخ دەبێتەوە.

فرۆکەخانە، وەک شوێن لە شانۆنامەکەدا دەتوانێت وەک بوارێکی ڕقاوی کار بکات. کریستێڤا (Kristeva, J. (1982)) ئاماژە بە شوێنە پەراوێزخراوەکان و بێدەوامەکان دەکات، کە دەتوانن ئەزموونێکی ڕقاوی پێک بێنن، چونکە ئەم شوێنانە بێ ناسنامەی جێگیر و پەیوەستبوونی دیاریکراون. فرۆکەخانە، وەک بۆشاییەک “لەنێوان بوون و نەبوون” – لەنێوان شوێنی سەرەتایی و ئامانج، لەنێوان زەوی و ئاسمان – دەتوانێت هەمان هەستی ناجێگیری و نادیاری درووست بکات. گەشتیارەکان لە فرۆکەخانە زۆرجار هەستی غەریبی و بێ­ ناسنامەیی دەکەن؛ ئەوانە چیتر بە تەواوی لەو شوێنە نین، کە لێی هاتوون و هێشتا نەگەیشتوون بەو شوێنەی، کە پەیوەندییان پێیەتی. ئەم دۆخی هەڵواسراوی و بێ شوێنییە، کە دەتوانێت هاوشێوەی ئەزموونی ڕق بێت؛ هەستێک لە ونبوون و بێ پەیوەستبوون، کە لە شکاندنی سنوورە ناسنامەییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی شتێکی نائاسایی سەرچاوەی گرتووە.

کۆتایی

شیکردنەوەی شانۆنامەی “گەڕانەوە” لە ڕوانگەی بیردۆزەکانی جولیا کریستێڤا نیشان دەدات، کە چۆن چەمکە بنەڕەتییەکان وەک ڕق، خۆشەویستی و ئازار، پرسە و دووبارەبوونەوە و پەیوەندی زمان لەگەڵ ژنایەتی لە تێگەیشتنی قووڵتر لە داینامیکە دەروونی و سۆزدارییەکانی کەسایەتییەکان و پێکهاتەی چیرۆکی بەرهەم دەتوانن کار بکەن. تێکشکانی پەیوەندی خۆشەویستی لە شانۆنامەکەدا، نەک تەنیا دەبێتە هۆی لەدەستدانی سۆزداری، بەڵکوو دەبێتە هۆی شکاندنی پێکهاتەی ناسنامەی ژنەکە، ئەزموونی ڕق لە شتێکی نائاسایی، گیرخواردن لە بازنەی دووبارەبوونەوەی پرسەی چارەسەرنەکراو و هەوڵدان بۆ دەربڕینی ئەزموونێکی ژنانە بە زمانێکی ناجێگیر و نا-هێڵی. لە کۆتاییدا، وێنەی کۆتایی شانۆنامەکە لەگەڵ سەگە لە پەڕۆ دروستکراوەکە و بۆشایی بێ ناسنامەی فرۆکەخانە، پشتگیری لە هەستی ناجێگیری، لەدەستدان و ڕق لە خۆشەویستیەکی لەدەستچوو و سنوورە تێکچووەکانی ناسنامە دەکات.

 

سابجێکتیڤیتی[20] و ناسنامە[21] لە شانۆنامەی دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراودا: خوێندنەوەیەکی هەڵوەشێنەرانە[22] و لاکانی.

لە تیۆری ڕەخنەیی هاوچەرخدا، ئەو یەکگرتووییە، کە پێشتر بۆ ناسنامەی تاکەکەسی[23] گریمانە دەکرا، بەردەوام لەژێر ڕەخنەی تونددایە. هەندێ بیرمەند وەک ژاک لاکان[24] و ژاک دێریدا[25] کە تیۆرییە ئاڵۆزەکانی سابجێکتیڤیتی پێشکەش دەکەن، پارچەپارچەبوون[26]، دواخستنەوەیی[27] و ناجێگیری پەیوەندی[28] گرنگ دەبینن. لاکان گرنگی بە نائاگایی[29]، زمان[30] و نەزمی هێمایین[31] دەدات بۆ تێگەیشتن لە دابەشبوونی ناخی بکەر[32]. دێریداش، لەڕێگەی هەڵوەشاندن یان دیکانستراکشنەوە[33]، گریمانەی بوون و مانای جەوهەری، ناجێگیر دەکات، نیشان دەدات، کە چۆن ناسنامە بەردەوام لەڕێگەی زمان و دیفێرانسەوە[34] دواخراوە.

ئەم وتارە ئەم دوو ڕوانگە تەواوکەر و لە هەمان کاتدا جیاوازە بەکاردەهێنێت بۆ شانۆنامەی دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراو لە نووسینی دانا رەئووف، کە لەنێوان دوو کەسی بێناو لە ژووری هۆتێلێکدا لە دەوری گفتوگۆیەکی ناڕووندا دەخولێتەوە. لەڕێگەی خوێندنەوەی لاکانی و دێریداییەوە، دەکۆڵینەوە، کە چۆن ناسنامەی کەسایەتییەکان بریتی نییە لە بوونێکی جێگیر، بەڵکوو پێکهاتەیەکی پارچە­پارچە یان دابڕاوە، کە لەڕێگەی حەزێکی نائاگا و یاری پێکهاتەیی زمانەوە پێک دێت. ئەم شانۆنامەیە بەرهەمێکی پارچەپارچە، پوختە و پڕ لە خلیسکانی ڕیتۆریکییە، بۆیە شانۆگەرییەکی گونجاوە بۆ لێکۆڵینەوەی تیۆری لەسەر ئامادەنەبوونی خود[35].

 

سابجێکتیڤیتی لاکانی و ئاوێنەی حەز

تێگەیشتنی لاکان لە بکەر وەک بوونێکی سەرەتا دابەشبوو، بە ڕوونی لە تیۆرییەکانی “قۆناغی ئاوێنەیی” و “پێکهاتەی نەست وەک زمان” دەردەکەوێت. بە پێی ڕای لاکان، بکەر یان هەمان سووژە لە سەرەتادا خۆی وەک جەستەیەکی پارچەپارچە ئەزموون دەکات – دوخێک، کە پێی دەڵێت “جەستە-وەک-پارچە”[36]. هەستی خۆبوون تەنها لەو کاتەدا دەردەکەوێت، کە منداڵێک وێنەی خۆی لە ئاوێنەدا بە هەڵە وەک کۆمەڵەیەکی یەکگرتوو دەناسێتەوە. ئەم “ناسینەوە خەیاڵییە”، هەرچەندە پێویستە، بەڵام لە کۆتاییدا تەنها خەیاڵێکە. ئەم پرۆسەیە، گەڕانێک بە درێژایی ژیان بۆ یەکگرتوویی دەست پێ دەکات، کە لاکان پێی دەڵێت مێکۆنێسانس[37] یان ناسینەوەی هەڵە[38]، واتا ئەو شتەی، کە بناغەی سابجێکتیڤیتی پێکدێنێ (Homer, 2005, p. 26).

لە شانۆنامەکەدا ئەم بگۆڕییە بە وردی دەردەکەوێ. کەسایەتییەکان، هەڵسوکەوتێک دەکەن، کە نیشانەی بکەری دابەشبووی لاکانییە. ئەستومبوونی پاراستنی گێڕانەوەیکی یەکگرتوو، هەڵەچنی و دژوازی­بێژییە بەردەوامەکانیان، هەروەها وەڕەزبوون لە پێناسەکردنی خۆد، هەمووی کاردانەوەی کاریگەرییەکانی ئەم دابەشبوونە بنچینەییەن. ئەو وەک کۆیەکی یەکگرتوو نییە، بەڵکوو وەک بکەرێکی “قەدەغەکراو” لە ڕاستی[39] دەژی، بکەرێک کە دەکەوێتە داوی هێمایین:[40] تۆڕێک لە زمان، قانوونە کۆمەڵایەتییەکان و ویستی نەست.

بۆ لاکان، ئەم نەزمی هێمایینە — جیهانی زمان — شوێنێکە، کە تێدا بکەر پێکدێت و لە هەمان کاتدا، لە خۆی دوور دەخرێتەوە. وەک هۆمەر ڕوونیدەکاتەوە، “بکەر گیرودەی پێکهاتەییەکە، کە ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات” (Homer, 2005, p. 44). لە شانۆنامەکەدا، کەسایەتییەکان بە نیشانە هێمایینیەکان دەورە دراون: ژمارەی ژوورەکان، بەڵگەنامەکان، ئاماژە ناڕوونە بورۆکراتییەکان و لە هەمووی گرنگتر، ئەو ژنەی یەکێکیان دەیەوێ بیبینێت. ئەم ماکانە، جیهانێکی پڕ لە نیشانە پێشانمان دەدەن، کە کەسایەتی ناتوانێت دیاری بکات، ئەمەش پشتڕاستکردنەوەیە بۆ ئەو دەقە بەناوبانگەی لاکان، کە دەڵێت “نەست وەک زمان ڕێکخراوە” (Homer, 2005, p. 68) واتا پێکهاتەی نەست وەکوو زمان وایە.

بۆیە ناسنامەی کەسایەتی، بەرهەمی ناخی خۆی نییە، بەڵکوو دروستکراوێکە لە ئاماژە دەرەکییەکان. کاتێك پیاوی یەکەم لە ژنێک قسە دەکات کە بەیانی بینیویە، ئەو ژنە نەک وەک کەسێکی ڕاستەقینە، بەڵکوو وەک شێوازێکی نیشانەیی دەردەکەوێت، کە لە حەزی نەستەوە دروست بووە. وەک هۆمەر (2005) لێکی دەداتەوە، بکەری لاکان پارچەپارچەیە، لە ڕێگەی زمانەوە پێکدێت و بە کەموکوڕییەکی بنەڕەتیەوە نیشان دەدرێت (p.65). ئەو ژنە کاردانەوەی هەمان کەموکوڕییە، ئامانجێکە، کە پیاوی یەکەم ناتوانێت بەتەواوی ناوی لێببات یان لێی تێبگات. قسە دابڕاوەکانی و ترسی لە خۆشویستنی خۆی نیشانەی ناسنامەییەکە، کە بە دەستی لێکدژییە ناوەکییەکان پارچەپارچەکراوە.

پیاوی دووەم، کە پرسیاری لێدەکات و گاڵتەی پێدەکات، لە رۆڵی “ئەوی تر”ی[41] لاکاندا دەردەکەوێت و پیاوی یەکەم ڕووبەڕووی سنوورەکانی خۆناسینەوە دەکاتەوە. ستۆکەر (2006) دەڵێت کە بە گوتەی دێریدا، مانا هەمیشە ناجێگیرە؛ زمان دەخلیسکێت و ناسنامە هەرگیز بەتەواوی ئامادە نییە (168-p.170). ئەو ژنە دەبێتە شوێنەوار، نیشانەیەک کە ناسنامە گۆڕاوەکەی پیاوی یەکەم لە دەوریدا پێکدێت، بەڵام هەرگیز جێگیر نابێت.


دیفێرانسی دریدایی و ناجێگیری یان بڕیارهەڵنەگری واتا[42]

لەکاتێکدا لاکان سەرنج دەخاتە سەر لە خۆنامۆیی بکەر لە ناو زماندا، دریدا باسی ناجێگیری خودی زمان دەکات. لە فۆرموڵاندنی دریدا بۆ دیفێرانس، واتا هەرگیز بە شێوەیەکی ئامادە و ڕوون بوونی نییە، بەڵکوو بە درێژایی زنجیرەیەک لە جیاوازییەکان دوا دەخرێت، وشەکان تەنیا لە پەیوەندیدا بە وشە نەبووەکانی ترەوە واتا پێکدەهێنن (Stocker, 2006, p. 26). وەک ستاکەر ڕوونی دەکاتەوە: “هەڵوەشاندنەوە واتا لەناونابات، بەڵکوو پیشانی دەدات، کە هەر دەقێک بە گرژی، دژایەتی و بڕیارهەڵنەگری نیشانەکراوە” (p. 4). لە شانۆنامەکەدا، ئەم بینینە تیۆرییە لە ڕێگەی گفتوگۆی دوو پیاوەکەوە پیشان دەدرێت، گفتوگۆیەک، کە پڕە لە دژایەتی، دووبارەکردنەوە و بێدەنگی.

دیالۆگی پیاوی یەکەم دەربارەی “دەرگاکە” جێگای سەرەنجە: ” دەشمەوێت جارێکی تر تامی خۆشەویستی بکەمەوە… نازانم چەندە بەئازارە، یان چ بێماناییەکە… جارێکی تر ئەو دەرگایە بکەمەوە. لەوانەیە ئەو دەرگایە چیتر هه‌ر نه‌مابێت. جاران بە ئاسانی دەکرایەوە…” ئەم دەرگایە، هەرچەندە هەرگیز بە شێوەیەکی فیزیایی بوونی نییە، بەڵام ئاماژەیە بۆ چوونە ناو ڕابردوویەکی لەدەستچوو یان بەشێکی داخراو لە خۆی لەوانەیە ئەگەری خۆشەویستی، یادێک یان کرانەوەیەکی سۆزداری بێت.  گاڵتەجاری پیاوە دووەم: ” دەرگا؟ تۆ تەواوی؟!” ئەم پەیوەندییە هێمایینە دەپچڕێنێت و ئەگەری ئەم چوونە ناوەوە بە گاڵتەوە سەیر دەکات و ناسکی[43] خودی واتاش پیشان دەدات. بە زمانی دریدا، دەرگاکە دەبێتە شوێنێک بۆ دیفێرانس: نەک تەنیا شتێکی فیزیکی، بەڵکوو مێتافۆرێک کە واتاکەی بەردەوام لەلایەن پێکهاتە، تۆن و دژایەتییەوە دوا دەخرێت.

لەم دەقەدا هەرگیز بەتەواوی نازانین بۆچی ئەم پیاوانە لە ژووری هۆتێلن، پەیوەندییەکەیان چییە یان چ ڕووداوێک بووەتە هۆی یەکتربینینیان. نەبوونی بنەماییەکی جێگیر بۆ گێڕانەوە، ڕەنگدانەوەیەکە لە ڕەخنەی دریدا بۆ “بوونی مێتافیزیکی”[44]. ستاکەر (2006) جەخت دەکاتە سەر ئەوەی، کە هەڵوەشاندنەوە “ڕاستییە کۆتایییەکان”[45] ڕەت دەکاتەوە و لەبری ئەوە باس لەوە دەکات، کە دەقەکان “واتا لە ڕێگەی نەبوون و دوورخستنەوە دروست دەکەن” (p. 63). ژوورەکە شوێنی دۆزینەوە نییە، بەڵکوو جێگەیەکە بۆ ڕەوانی واتا، جێگەیەک، کە وشەکان و جووڵەکان بەبێ گەیشتن بە هیچ کۆتایییەکی ڕوون و دیار دەسوڕێنەوە.

هەروەها گۆڕینی ڕۆڵەکانی کەسایەتییەکان ڕەنگدانەوەی سەرنجی دریدایە لەسەر دووبارەبوونەوە—ئەم بیرۆکەیە، کە واتا دەتوانێت لە پێکهاتەی جیاوازدا دووبارە بکرێتەوە، بەڵام هەرگیز بە هەمان شێوە ناگاتە دی (Stocker, 2006, p. 170). پیاوی یەکەم هەندێک جار کەسێکی ترسنۆکە و هەندێک جاریش ڕەق و توندە. بە هەمان شێوە، پیاوی دووەم لە نێوان هێرشبەر، پرسیارکەر و ئاوێنەیەکی هێمایین دەگۆڕێت. گۆڕانکاریی ڕۆڵ لە دەقەدا هەموو تێگەیشتنێکی سروشتیانەی کەسایەتی ڕەت دەکاتەوە و ناسنامە، وەک شتێکی جێبەجێکراو و ئەگەری پیشان دەدات.

 

هانتۆلۆژی[46]، شوێن­پێ[47] و تارمایی توندوتیژی[48]

چەمکی شوێن­پێ دێریدا گرنگە بۆ تێگەیشتن لەو پووچیە مێتافیزیکییە، کە لەم شانۆنامەیەدا بڵاو دەبێتەوە. وەک ستۆکەر (2006) دەنووسێت، “شوێن­پێ هەبوون یان ئامادەیی نییە، بەڵکوو نیشانەی نەبوون یان ئامادەنەبوونێکە، کە هەمیشە لەوێدایە” (p. 59). یادەوەرییەکان، ترسەکان و ئارەزووەکانی پیاوی یەکەم دەربڕینی تەواو نین، بەڵکو نووسینی بەشداری شتێکی بزرن، شتێک، کە ناتوانێت ڕاستەوخۆ بیگرێت. دانپیانانەکەی، ” هەست دەکەم ژیان هیچ مانایەکی بۆ من نەماوە، ئەو شتانەی بڕوام پێ بوون، ئەوانەی بە دوایاندا ڕام دەکرد، ئەوەی دەمویست بە دەستی بهێنم، ئەوەی بەرگریم لێ دەکرد …،” ئەنجامێک نییە، بەڵکوو نیشانەی سڕینەوەی ناسنامەیە لە ڕێگەی هەمان زمانەوە، کە هەوڵی دەربڕینی دەدات.

هەستی نەبوون لە لووتکەی توندوتیژەکانی یارییەکەدا دەگاتە ئاکام. کاتێک پیاوی دووەم چەقۆیەک هەڵدەکێشێت و بەرەو پیاوی یەکەم پێش دەکەوێت، گرژی هێمایین سەرهەڵدەدات و دەبێتە کردەوەی جەستەیی، بەڵام تەنانەت ئەم توندوتیژییەش، کە کۆنکرێتترین ساتەوەختە لە شانۆنامەکەدا، لە نێو تارماییدا داپۆشراوە. ئەمەی خوارەوە کۆتایی دەقەکەیە:

“پیاوی یەکەم دەیەوێت فرسەت بێنێت و لە ژوورەکە ڕابکاتە دەرەوە، پیاوی دووەم پەلاماری دەدات، لە هەمان کاتدا لەگەڵ هەوروبرووسکەیەکدا ژوورەکە تەواو تاریك دەبێت و هاوارێك دەکرێت.

(بێدەنگی).

ڕووناکییەکی کز ژوورەکە نیوە ڕووناك دەکاتەوە. پیاوی دووەم لەسەر زەوییەکە کەوتووە و پیاوی یەکەم، کە چەقۆکەی بە خوێناوی بە دەستەوەیە، بە شڵەژاوی وەستاوە و سەیری دوور دەکات.”

ئەم ڕووداوانە هیچیان کۆتایێکی ڕوونمان پێشکەش ناکەن، بەڵکوو  جەخت کردنەوەی لەسەر چۆنیەتی خەیاڵی ئەم دیدارە چاوەڕواننەکراوە. توندوتیژی لێرەدا کۆتایی نییە، بەڵکوو درێژەی ئەو ناجێگیرییەیە، کە تەواوی ئاڵوگۆڕەکە دیاری دەکات. ئەم توندوتیژییە وەک ئەوە کار یان ئەرکەیە[49] کە دێریدا ڕەنگە وەک دابڕانێک لە دەقدا باسی بکات—ساتێک، کە واتا لە حاڵی جێگیربووندایە، بەڵام دووبارە دەڕواتەوە نێو تارمایی.

ئەمە ئەو شوێنەیە، کە چەمکێکی دیکەی دێریدا لە بارەی “هانتۆلۆژی” بە مانای هەبوونی تارماییئاسای نەبوون دێت، بە تایبەتی خۆی پیشان دەدات. هەرچەندە ئەمە نابێتە خاڵی سەرەکی نوسینی ستۆکەر، بەڵام ئەم بیرۆکەیە لە چەقی بیروباوەڕی گشتگرتری دێریدایە، کە تیشک دەخاتە سەر نەبوون، دووبارەکردنەوە و شوێن­پێ. پیاوی یەکەم نەک تەنیا لەلایەن ژنەکەوە، بەڵکوو لەلایەن کاتیشەوە داگیر کراوە: “ئیتر هەندێك شت هەیە ناتوانم بیانکەم، هەست دەکەم کەسەکەی جاران نیم و وەك جاران ناتوانم هەموو شتێك بکەم. کات دەڕوات… شتەکان دەگوڕدرێن، پیر دەبین. ئەوەی جاران دەمتوانی بیکەم ئێستا ناتوانم… دەستم بە هەموو شتێکدا ناگات… شتم لە بیر دەچێتەوە.” ئەم دەقە ئاماژە بۆ کەسێک دەکات، کە لە خۆی دوورخراوەتەوە و بارگرانی نەمانی واتا لە ڕابردوودا خەریکە خاپووری دەکا.

لە دەرەوەی ژوورەکە، دەنگی پێکەنینی ژنێک و پیاوێک دەبیسترێت، بەڵام وشەکانیان ڕوون نییە. ئەم دەنگانەش وەک شوێن­پێ کاردەکەن – پاشماوەی بیسیاری جیهانێک، کە لە تێگەیشتن هەڵدێت. داواکارییەکەی پیاوی دووهەم “تۆ دەبێت جارێ قەرزەکانی من بدەیتەوە… لەوە زیاتر چاوەڕێ ناکەم. تێگەیشتی.” – ڕوونکردنەوەی پێویستە. ئەم قەرزە دروستکراوەیەکی میتافۆرییە، کە ئاماژە ناکات بۆ ئەرکێکی دیاریکراو، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ بارودۆخێکی گشتی لە تاوان، شکست یان لەدەستدان. هەر وەک دێریدا نیشانی دەدات، نووسراوەکان “سێبەری ماناکانی دیکە”[50] لەگەڵ خۆیاندا هەڵدەگرن، ئەم دەقەش ناسنامە، وەک شتێکی داگیرکراو پیشان دەدات، کە هەمیشە داگیر کراوە، هەروەها هەرگیز تەواو نییە و هەمیشە شکێندراوە.

 

لاکان و دێریدا: لێکدابڕان[51] و یەک­گرتنەوە[52]

ئەگەرچی لاکان و دێریدا لە ڕوانگەی جیاوازەوە سەیری سوبژەکتیڤیتی دەکەن – پێکهاتەی دەروون شیکاری بەرامبەر یاری زمانەوانی – بەڵام لەسەر ئەو باوەڕە یەک ­دەگرنەوە، کە “خود” هەرگیز بە تەواوی ئامادە نییە. بۆ لاکان، بکەر «بەربەستکراوە»، بە نادارایی و حەز پێکهاتووە و هەمیشە لە ناو “نەزمی هێمایین”دا لە خۆی دوورخراوەتەوە (Homer, 2005, p. 65). بۆ دێریداش، بکەر لە ڕێگەی “دیفێرانس”ەوە دەناسرێتەوە و هەروەها لە ڕێگەی شوێن­پێ و ئامادەنەبوونەوە ڕاگەیەندراوە (Stocker, 2006, p. 63).

لەم دەقەدا، ئەم یەکگرتنەوە لە کەسایەتی پیاوی یەکەمدا خۆی دەنوێنێت. تەتەلکردنەکانی، حەزە لێکدژەکانی و هەوڵە بێکەڵکەکانی بۆ پێناسەکردنی خۆی، بکەرێک پیشان دەدات، کە لە یەک کاتدا نەست یان ناخودئاگا قسەی پێدەکات و دواخستنەوەیی زمانیش دەینووسێتەوە. حەز و ویستی ئەو بۆ ژنەکە تەنیا حەزێکی ڕۆمانتیک یان سێکسی نییە – لە ڕوانگەی بێردۆزەکانی لاکانەوە، ئەو حەزە حەزی «ئەوی تر»ە، حەزێکە بۆ بینین، تەواوبوون و تێگەیشتن (هۆمەر، ٢٠٠٥، لاپەڕە ٧٤)، بەڵام هەرکاتێک هەوڵدەدات ئەم حەزە ڕابگەیەنێت، دەشکێت و دەخلیسکێتە نێو زنجیرەیەکی جێگرەوەی دێریدایی.

پیاوی دووهەم هاوکات ڕۆڵی «ئەوی تر»ی لەکانی و ئامێری «دیفێرانس»ی دێریدایی دەگێڕێ. ئەو ڕێگری دەکات، چەمکەکان دەگۆڕێت، گاڵتەی پێدەکات و لە کۆتاییدا توندوتیژی دەنوێنێت. ئەو کەسایەتییەکی نەگۆڕ و سەلمێنراو نییە، بەڵکوو ئەرکێکی گۆڕاویە – کەسایەتییەکی لێدوانییە[53] کە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکانی پیاوی یەکەم نییە، بەڵکوو زیاتر دژیەکانی دەخاتە ڕوو.

 

ئاکام: بکەر وەک شوێنی نەبوون

لە کۆتا ساتەکانی شانۆنامەکە، کاتێک بەرەبەیانە و باران دەوەستێت، پیاوی یەکەم کۆتا ڕستەی خۆی پێشکەش دەکات: “هەمیشە زانیوومە ڕۆژێك درەنگ دەبێت و فریای ئەوە ناکەوین، کە ده‌مانویست ماڵئاوایی لێ بکەین”. ئەمە لە ڕووی ماکە پێکهاتەیکانەوە چارەسەر[54] نییە، بەڵکوو ماتەمینییە—دانپێدانان بەوەی، کە کۆتاییەک نییە. لە ڕوانگەی لاکانییەوە، ئەم ڕستەیە شکستی خود دەردەخات لە زاڵ بوون بە سەر نەزمی هێمایین؛ و لە گۆڕەپانی دێریدایییەوە، نیشانەی شوێن­پێ ئەو کۆتاییەیە، کە هەرگیز ناگات.

دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراو قەیرانی بکەری مۆدێرن پیشان دەدات. ئەم دەقە دەرخەری دەربڕینی لاکانییە لە دابەشبوونی نێوان خود[55] و نائاگایی، نێوان نەزمی هێمایین و ڕاستی، لە هەمان کاتدا ڕەخنەی دێریداش لە مانای جێگیر و ناسنامەی جەوهەریدا پیشان دەدات. کەسایەتیەکان تاکی یەکپارچه نین، بەڵکوو پێکهاتەی شکێنراون—کە لە ڕێگەی نووسین، قسەکردن و یەکتربینینەوە درووست دەبن و دیسان هەڵدەوەشێنرێنەوە.

بەم شێوەیە، شانۆنامەکە چیتر دەقێکی دەروونناسانە نییە؛ دەبێت بە هێماچیرۆکێکی[56] فەلسەفی. پێمان دەڵێت، کە خود لە زماندا نەک هەر نادۆزرێتەوە، بەڵکو ون دەبێ— لە قسەکردندا نەک هەر ئاشکرا نابێت، بەڵکوو درووست دەبێت و دیسان هەڵدەوەشێتەوە. بیرمان دەخاتەوە، کە ناسنامە هەمیشە بە دەستی ئەو شتەی ئامادە نییە داگیر کراوە و ماناش، وەک خۆشەویستی یان بیرەوەری، چەندێک هەوڵی ڕاگرتنی بدەیت، دەخلیسکێت و دەست ناکەوێ.

 


 سەرچاوەکان:

  • Chodorow, N. (1978). *The reproduction of mothering: Psychoanalysis and the sociology of gender*. University of California Press.
  • Homer, S. (2005). *Jacques Lacan*. Routledge.
  • Kristeva, J. (1982). *Powers of horror: An essay on abjection* (L. S. Roudiez, Trans.). Columbia University Press. (Original work published 1980)
  • Kristeva, J. (1987). *Tales of love* (L. S. Roudiez, Trans.). Columbia University Press. (Original work published 1983)
  • Kristeva, J. (2024). *Black sun: Depression and melancholia* (L. S. Roudiez, Trans.). Columbia University Press. (Original work published 1987)
  • Stocker, B. (2006). *Routledge philosophy guidebook to Derrida on deconstruction*. Routledge.

 

تێکشکان، دانا ڕەئووف، بڵاوکراوەی ناوەندی ڕەهەند، ٢٠٢٥

 

[1] Chodorow, Nancy. The Reproduction of Mothering: Psychoanalysis and the Sociology of Gender. Berkeley: University of California Press, 1978.

[2] gender identity

[3] emotional certainty

[4] Abjection

[5] Lost Love

[6] Language of Mourning

[7] JULIA KRISTEVA

[8] Kristeva, J. (2024). Black sun: Depression and melancholia (L. S. Roudiez, Trans.). Columbia University Press. (Original work published 1987)

[9] Kristeva, J. (1982). Powers of horror: An essay on abjection (L. S. Roudiez, Trans.). Columbia University Press. (Original work published 1980)

[10] Kristeva, J. (1987). Tales of love (L. S. Roudiez, Trans.). Columbia University Press. (Original work published 1983)

[11] Subject

[12] Object

[13] Self

[14] Other

[15] wounded Narcissus

[16] denial of negation

[17] écriture féminine

[18] Stream of consciousness

[19] the pre-symbolic

[20] Subjectivity

[21] Identity

[22] Deconstructive

[23] Individual identity

[24] Jacques Lacan

[25] Jacques Derrida

[26] Fragmentation.

[27] Deferral

[28] Relational instability

[29] Unconscious

[30] Language

[31] Symbolic Order

[32] Subject

[33] Deconstruction

[34] Différance

[35] Non-presence of self

[36] Fragmented body

[37] Méconnaissance

[38] Misrecognition

[39] Real

[40] Symbolic

[41] The Other

[42] Undecidability of Meaning

[43] Fragility

[44] Metaphysical Presence

[45] Final Truths

[46] Hauntology

[47] Trace

[48] Specter of Violence

[49] function

[50] The ghosts of other meanings

[51] Divergence

[52] Convergence

[53] Rhetorical

[54] Resolution

[55] Ego

[56] Allegory