ڕۆژژمێرێکی تەواو نەبوو

,

ڕۆژژمێرێکی تەواو نەبوو، هەوڵی بە دۆکیومێنتکردنی پڕۆژەیەکی بە ئەنجام نەگەیشتتو

 

پلانمان هەیە ساڵی داهاتوو ٢٠٢٥، شانۆنامەی “بەرەو کەنار”، کە هەر لە نووسینی خۆمە، بخەینە سەر شانۆ، بۆ ئەم مەبەستە هاوینی ساڵی داهاتوو بچینە پرۆڤەوە، گەر هەموو شتێک وەک ئەوەی پلانمان بۆ داناوە بڕوات بەڕێوە و هیچ بەربەستێک دروست نەبێت.

“بەرەو کەنار” شانۆنامەیەکە، چیرۆکی پێنج ژن، لەنێو یەختێکی بچووک دا، دەگێڕێتەوە.

پوختەی شانۆنامەکە:

ئەم پێنج ژنە، هەریەکە و چیرۆکێکی پڕ لە کارەساتی خۆی هەیە. یان باشترە بڵێین؛ خەم و ناهەمواری ڕابردوویان لە کۆڵ ناوە. بۆیە، هەموو هیوا و ئاواتیان ڕزگاربوونە لە زێدی خۆیان و ڕابردوویان، لە دەسەڵات و کولتووری پیاوسالاری. بەندە، وەک نووسەری ئەم شانۆنامەیە و بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ئەم ژنانە، سەرزەمینێکی خاڵی لە دەسەڵاتی پیاوم هەڵبژاردووە، تاوەکوو ئەو دیمەنە بخولقێت، کە ئێمەی بینەر لە کەسایەتی سرووشتی و جیهانی ژنان، دوور لە دەسەڵات و کاریگەری پیاو تێ بگەین. لە ئەنجامدا، بێ ئەوەی گوێ بە هەلومەرجی کارەساتبارتر بدەن، بە یەختێک بەرەو کەنار هەڵدێن، یان ڕاستتر، بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەچن. بینەر ژیانی ئەم ژنانەی لەنێو یەختەکەدا بۆ دەردەکەوێت، کە چیرۆکەکانیان چەندە لە یەک جیاواز و جەرگبڕن، هەر وەک بەوە دەزانین، ئەو پێنج ژنە، سەرەڕای جیاوازییان لەباری هەست و سۆز و دونیا بینییان، ئەو ئامانجە هاوبەشە هەڵدەبژێرن و کۆیان دەکاتەوە، کە بگەن بە سەرزەمینێکی ئارام. لەوە دەچێت دڕندەیی سرووشت، کە زیاتر لە شەپۆلە بەهێزەکانی دەریاکەدا بەرجەستەیە، کەمتر نەبێت لەو جیهانەی ئەوان لێوەی هەڵهاتوون، بە بەراورد لەگەڵ خەم و مەینەتییەکانی ئەواندا، ئەو چارەنووسەی، کە هەڵبژاردەی خۆیانە، بە خۆ دانە دەست هێزی سرووشت، تاریکتر نابێت لەو ڕابردووەی تێیدا ژیاون، یان بەر لە ڕاکردن مەزەندەیان کردبوو. لە کۆتایدا، چارەنووسی ئەو پێنج ژنە بە نادیاری دەمێنێتەوە؛ دەگەنە کەنار یاخود نا، ئەوە پرسیارێکە بۆ بینەری بەجێ دەهێڵین.

 

١٨/١٢/٢٠٢٤

چەند ڕۆژێکە لە کوردستانم و بە فرسەتم زانی لەگەڵ ئەکتەرەکاندا دانیشم، هەرچەندە کاستی ئەکتەرەکان بەتەواوی یەکاڵا نەبۆتەوە. بەر لە چەند ڕۆژێک خاتوو “هێرۆ جەواد”م ئاگادار کردوەوە، کە یەکێکە لەو ئەکتەرانەی بەخۆشحاڵییەوە لەم پڕۆژەیەدا بەشدارە. هەروەها خاتوو “ڕۆزە ئومێد”. کاتژمێری دەی بەیانی لە هۆڵێکی پەیمانگای هونەرە جوانەکان کۆبووینەوە، “تەلار هیرانی”، لەبەر ئەوەی سەرقاڵی وێنەگرتنی بەشی دووەمی زنجیرەی “ئادیابین” بوو، نەیتوانی ئامادە بێت، هەروەها “شیلان عەبدللە”یش نەیتوانی ئامادە بێت. خاتوو “ژولیا”، کە ئەرکی مۆسیقای خستۆتە سەر شانی، ئامادە بوو، هەوەها زوو توانی گروپێکی واتسئاپ بۆ ستاڤەکە دروست بکات.

لەم دانیشتنەدا، بە شێوەیەکی گشتی باسی کارەکەمان کرد، هەندێک باسی دیدی خۆمم بۆ نمایشەکە و چۆنیەتی کارکردنم، مەسەلەی سپۆنسەر و پرۆدسۆر و کاتی پرۆڤە، هەندێ لەلایەنە پراکتیکییەکانی ترمان باس کرد و وەڵامی پرسیارەکانی ئەوانیشم دایەوە.

 

١٦/٤/٢٠٢٥

دەوروبەری ساعات دە و نیوی سەر لەبەیانی، لە قاوەخانەیەک لە ستۆکهۆڵم لەگەڵ “کاترین برێنسترێم”، کە سینۆگراڤیا بۆ نمایشی “بەرەو کەنار” دەکات، کۆبوومەوە. بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی هەشت لە سلێمانی نمایش بکەین. “کاترین” دوو دیدی بۆ سینۆگراڤیای کارەکە هەیە، کە هەردووکیان زۆر ساکارن و زیاتر ڕووناکی ڕۆڵێکی گرینگی دەبێت، بەتایبەتی لە بەرجەستەکردن و وێناکردنی ئەو دەریایەی، کارەکتەرەکان لەناو بۆتێکدا گیریان تیا خواردووە. کاترین دەیەوێت بە ڕووناکی دەریاکە لەسەر فۆندێکی ڕەش دروست بکات، ڕووناکی لەم لاو ئەولای شانۆکەوە بەکاربهێنێت. لە یەکێک لە وێنەکانیدا، کورسییەکی درێژی بێ پشت، وەک قەنەفەیەکی دڕێژ لەناوەڕاستی شانۆکەدا بێت، ئەو قەنەفەیە ئامڕازێکیش بێت بۆ جووڵە و هەڵسوکەوتی ئەکتەرەکان، هاوکات بتوانرێت بەشێوەیەکی کۆریۆگرافی لە جووڵەی ئەکتەرەکاندا سوودی لێ وربگیرێت.

“کاترین” خۆی دێتە سلێمانی و سەرپەرشتی جێبەجێکردنی سینۆفراڤیاکە دەکات، ئەمەیش هەلێکی باشە و دەتوانێت، گەر هەر کێشەیەک هاتەپێشەوە، ئەوە یەکسەر لەوێدا چارەسەرەی بۆ بدۆزێتەوە. باسی لەوەش کرد، گەر ئەو ئامێرانەی ڕووناکی لەوێ دەستنەکەون، لێرە سپۆنسۆریان بۆ بدۆزینەوە و لەگەڵ خۆمان بیبەین. ئەوەیشی دووپات کردەوە، کە هەر خۆی دیزاینی جلوبەرگی ئەکتەرەکان بکات. ئەمەیان جێگای سەرنجە، هاوکات پرسیاریشە. ژنە هونەرمەندێکی ئەوروپی، کە دیزاینی سینۆگراڤیا بۆ نمایشێکی کوردی دەکات، چۆن بیر لە جلوبەرگی کارەکتەرەکان، کە هەموویان ژنن دەکاتەوە.

بڕیارە، لە ئایندەیەکی نزیکدا، مۆدێلی هەردوو بیرۆکەکەیم بۆ بکات، تا بتوانین، بەشێوەیەکی بەرجەستەکراو بیبینیین و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەین، لە چ ڕوویەکەوە، کامیان باشترە و بێگومان هەرزانتریشە.

دوای ئەوەی “کاترین” ڕۆیشت، نامەیەکم نارد بۆ “کاردۆ عەزیز” سەرۆکی بەشی شانۆ لە یەیمانگای هونەرە جوانەکان، بۆ ئەوەی بتوانین لەوێ پڕۆڤە بکەین و هەرلەوێش، لە هۆڵی “بەدیعە دارتاش” نمایش بکەین. هەست دەکەم کاک “کاردۆ” زۆر کراوە نییە بۆ هاوکاری و پێکەوە کارکردنی لەم جۆرە، بە پێچەوانەی مامۆستا “سۆران ئەکرم”ەوە، کە دەرگاکانی پەیمانگای کردبووە بۆ هەموو شانۆکارانی سلێمانی تا لەوێ بێ بەرامبەر پرۆڤە بکەن و هۆڵەکانی پەیمانگای خستبووە خزمەتی بزووتنەوەی شانۆی کوردی لە سلێمانی. ئەمەیش دەقی نامەکەیە:

 

 سڵاو کاک کاردۆ.

بەهیوام زۆر باش و تەندروستبن.

من ئەمرۆ یەکەم کۆبوونەوەم لەگەڵ سینۆگرافە سویدییەکەمدا هەبوو، سینۆگرافیا و رووناکی و جلوبەرگ ئەوان دەیکەن و گەر پێویستیش بکات، هەندێ ئامڕازی تەکنیکی، بەتایبەتی ڕووناکی لەگەڵ خۆیان دەهێنن. سینۆگراڤەکەم هەشت ساڵ مامۆستای رووناکی و سینۆگراڤ بووە، لە گرینگترین پەیمانگای هونەری لە ستۆکهۆڵم و من خۆم چەند ساڵ لەمەوبەر کارم لەگەڵ کردوە. ئەزموونی لە کاری نێونەتەوەیش هەیە، بۆ نموونە لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا و هند کاری کردوە.

جگە لە کاری سینۆگراڤیاکە، دەتوانێ چەند وانەیەک بە قوتابییەکانی پەیمانگا بڵێتەوە، هەروەها خۆشم، دەتوانم ورکشۆپێکیان بۆ بکەم. ئەوەی گرنگە، ئێوە هێشتا وەڵامتان نەداومەتەوە، دەمەوێ زۆر سەریح بین و نامەوێ هیچ بارگرانییەک بین، نە بۆ تۆ و نە بۆ پەیمانگاش.  هەر بۆ زانیاریت، ئێمە مانگی دوانزەی ساڵی پار یەکەم کۆبوونەوەمان لە پەیمانگا کردوە و کەس، لە پێش ئێمەوە نییە.

پلانی پرۆڤەش، لە ١/٧ وە دەست دەکەین بە پرۆڤە و لەنێوان ١٥ بۆ ٢٠ هەشت لە هۆڵی بەدیعەدارتاش نمایش دەکەین.

ڕێزی زۆرم

دانا ڕەئووف

١٦/٤/٢٠٢٥

 

١٩/٤/٢٠٢٥

لەگەڵ شانۆکاری هاوڕێی ئازیزم “ئاراس عەبدللە” خەریکی دۆزینەوە و تاوتوێکردنی چەندین ناوی ئەکتەری ژنین، بۆ یەکاڵاکردنەوەی ڕۆڵەکان، کە بەداخەوە تا ئێستا هەموو کاستەکە تەواو نەبووە. کاک “ئاراس” چەند ناوێکی بۆ پێشنیاز کردووم و خەریکی ئەوەم پەیوەندییان پێوە بکەم. خاتوو شیما” کە بەرهەمهێنەری پڕۆژەکەیە و بەردەوام لە پەیوەندیداین، داوای ئەوەم لێ دەکات بە زووترین کات ناوی ئەکتەرەکانی بۆ بنێرم. خەریکی نووسینی پرۆپۆزێلە بۆ داواکردن و بەدەستهێنانی سپۆنسەر. هاوڕێیانی تریشم، کاکە “گۆران نامیق” و “هیوا فایق”، هەر یەکەی لە ڕێگای خۆیەوە هەوڵی کاستینی بۆ ئەم نمایشە داوە. مەبەستمە، بەرلەوەی بگەڕێمەوە کاستەکە و ستافی کارەکە تەواو بووبێت. بەداخەوە هەنگاوەکان زۆر بە خاوی دەڕۆنە پێشەوە.

 

٢١/٤/٢٠٢٥

“کاردۆ عەزیز” پەیامێکی دەنگی لە ڕێگای وتسئاپەوە بۆ ناردووم، کە ئەمڕۆ لەگەڵ مامۆستاکانی پەیمانگا و “ئەنجومەنی پەیمانگا” کۆبوونەتەوە و بە تێکڕای دەنگ بڕیاریان داوە، کە هۆڵەکانی پەیمانگام نەدەنێ بۆ پرۆڤە و نمایش، لەبەر ئەوە هەوڵی خۆم بدەم و شوێنێکی تر بدۆزمەوە. نازانم ئەم “کۆی دەنگە” تەنیا سەبارەت بە منە، یان هەموو ئەو شانۆکارانە دەگرێتەوە، کە دەیانەوێت کار بکەن و سوود لە هۆڵەکانی پەیمانگا وەربگرن. ئەمە لە کاتێکدا، چەند ساڵێکە گروپە شانۆییەکانی سلێمانی هۆڵەکانی بەشی شانۆی پەیمانگا بۆ پرۆڤە و نمایش بەکار دەهێنن، دەرگایەک لە لایەن کاک “سۆران ئەکرەم”، سەرۆکی بەشی شانۆی پێشووەوە کرابووەوە، خەریکە دادەخرێت. پەیمانگا و مامۆستاکانی بەشی شانۆ دەزانن، ڕۆژ بە ڕۆژ پشتگیری مادی حکومەت و کشانەوەی سپۆنسەرەکان، بەتەواوی تەنگیان بە بزووتنەوە و پڕۆژە شانۆییەکان هەڵچنییوە، هۆڵەکانی پەیمانگا یارمەتی دەرێکی گەورە بوون بۆ گروپە شانۆییەکانی سلێمانی ئەو جووڵە کەمەی، کە ماوە؛ وا ئێستا ئەو مامۆستا بەڕێز و ئەنجومەنە دەیانەوێت ئەوەیش دابخەن و بەتەواوی بەربەست بۆ شانۆی کوردی لە سلێمانی دروست بکەن. بێگومان لێرەیشدا، بەکارهێنانی دەسەڵات و پێگەیەکی کاتی و خزم خزمێنە و کێ هاوڕێی کێیە، ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت.

ئەم قسانەی “کاردۆ” بێزاری کردم و لە کارەکەیشی سارد کردمەوە. ئەوەی جێگای تێڕامان و سەرسووڕمانیشە، کاک “کاردۆ عەزیز” ئێستا بیریکەوتۆتەوە و گلەیی ئەوەم لێ دەکات، کاتی خۆی، کە خەریکی ماستەرەکەی بووە، پەیوەندی پێوە کردووم و من بە “ساردی” وەڵامم داوەتەوە! لە کاتێکدا لە کاتی پرۆڤەی “لێکترازان”دا لە هۆڵەکانی پەیمانگا، ئەویش لە هەمان شوێن لە پڕۆڤەدا بوو، ڕۆژانە یەکمان دەبینی، بەڵام هیچ گلەییەکی نەبوو؟

 

٢٢/٤/٢٠٢٥

“هیوا فایق”، کە هەمیشە لایەنێکی گرینگی گفتوگۆ و یارمەتیدان و بەدەنگەوە هاتنمە، پەیوەندی پێوەکردم، هەمیشە لەسەر خەتە، تا بزانێت کارەکان دەگەنە کوێ. دوا بڕیاری پەیمانگا و ئەنجومەنە بەڕێزەکەم پێ ڕاگەیاند و دڵساردبوونەوەی خۆشم. “هیوا” خێرا کەوتە باسکردن و هێنان و بردنی ئەڵتەرناتیڤ و دۆزینەوەی شوێنی تر بۆ پرۆڤە و نمایش. هەندێ بژاردەی ترمان هەیە و با بزانین دەگەین بە کوێ؟

 

٢٤/٤/٢٠٢٥

“شیما” خان بەردەوام لە پەیوەندیدایە و دەیەوێت بە زووترین کات ئەکتەرەکان بۆ ڕۆڵەکان یەکاڵابکرێتەوە، هاوکات مەسەلەی دابینکردنی هۆڵی پرۆڤەکردن سەرقاڵی کردووین. “شیما” ژنێکی ئازا و زرنگە و بەرهەمهێنەرە و ئەرکی سپۆنسەر و لایەنێکی زۆری کارگێری پرۆژەکەی خستۆتە سەر شانی خۆی. ئەم پیشەیە لە شانۆ گەورەکاندا، لایەنێکی کردەیی گرینگی پرۆسە هونەرییەکەیە و لە گفتوگۆیەکی بەردەوامدایە لەگەڵ دەرهێنەر. کاری بەرهەمهێنەر، یاوەخود “پرودوسێر” ئەوەیە دیدی دەرهێنەرەکە بگەیەنێتە ئەنجام، ئەوەی دەرهێنەر دەیەوێت، هەنگاو بە هەنگاو پلانی بۆ دابنێت؛ دەبێت بەرهەمهێنەر ئاگای لە هەموو پلانی هونەری کارەکە بێت و بزانێت کاری دەرهێنەرەکە چۆن دەڕوات و هەمیشە ئامادەیش بێت، بۆ یارمەتی دان و چارەسەرکردنی هەر گرفتێک، کە دێتە بەردەمی پرۆژەکە.

من وزە و پێداگرییەکی بەهێز لە خاتوو “شیما”دا دەبینم، هەرچەندە ئەمە یەکەم کارییەتی لە بواری شانۆدا، بەڵام ئەو کونجکوڵییەی لەودا دەیبینم، مایەی خۆشحاڵی و دڵخۆشییە. “شیما” لەوەوبەر سەرکەوتوانە لە بواری درامادا کاری کردووە.

 

٢٨/٤/٢٠٢٥

چەند ڕۆژێکە بە هۆی کێشەی دابینکردنی شوێنی پڕۆڤە و گەڕان بە دوای ئەکتەر و هۆڵێکی گونجاو بۆ نمایش نەمپەرژاوەتە سەر خوێندنەوەی دەقەکە و خۆئامادەکردن. کەش و هەلومەرجی کارکردنیان لە کوردستان و بەتایبەتی لە شاری سلێمانی زۆر سەخت کردووە. ئەمە تەنیا پەیوەندی بە منەوە نییە و ڕەوشی هونەری بە میکانیزمێکی نادروست و ئاڵۆزدا دەڕوات. هەست دەکەیت، کۆمەڵگەی کوردی بە دۆخێکی نالەبار و نادیار و ناتەندروستدا تێدەپەڕێت، ئەمەیش بە ڕوونی لە بواری هونەردا ڕەنگیداوەتەوە. بۆ نموونە ئەو چەند هۆڵەی لە شارەکەدا هەن، بوون بە دەخیلە بۆ گیرفانی چەند کەسێک. چل ساڵیشە هیچ هۆڵێکی نوێ لەم شارەدا نەکراوەتەوە، بە پێچەوانەوە، چەند هۆڵێکی باش، کە جاران بەشێک بوون لە بزووتنەوەی شانۆی کوردی لە سلێمانی، نەماون و دەرگاکانیان داخراوە، هەر بۆ نموونە: هۆڵی چالاکی قوتابخانەکان، کە ئێستا تەواو وێران بووە، هۆڵی ئامادەیی سلێمانی و قوتابخانەی سەلاح الدین… ئەوەی هەشە، وەک وڵاتە سەرمایەدارەکان کردوویانە بە “بزنز” و بۆ هەر ڕۆژێک پارەیەکی زۆریان دەوێت، کە بەشێکی زۆری ئەو پارەیە ڕێک دەچێتە گیرفانی چەند کەسێکەوە. لە هەشتاکاندا ئەمە تەواو پێچەوانە بوو، ئەو هۆڵانەی لە شارەکەدا هەبوون، موڵک و ماڵی هەموو شانۆکارەکان بوو. چاوچنۆکی و بەرژەوەندی و بەکارهێنانی شوێنە گشتییەکان بۆ سودی کەسانێکی دیاری کراو، هیچ سنوورێکی بۆ نەماوە. ئەو شارەی بە پایتەختی کولتووری ناوزەد کراوە، لە هەموو بنەما کولتوورییەکانی خۆی داماڵراوە و بیری ئیسلامی سیاسیی و کۆنەپاڕێزی و بەرژەوەندی حزب و تاکەکەسی و گەندەڵی وێرانی کردووە. حزبی دەسەڵاتیش ئەوەی بۆ ئەو گرینگ نییە، کولتوور و شانۆ و ئەدەبە.

 

٢٩/٤/٢٠٢٥

ئەمڕۆ “بەرەو کەنار”م وەک دراماتۆرگێک خوێندەوە، نەک دەرهێنەر. تێکەڵاو بوونی ئەم دوو ڕۆڵە، دراماتۆرگ و دەرهێنەر، زۆر گرینگ و پێویستە، ئاسانە، بەڵام هەندێک جاریش سەختە و ڕۆڵی دەرهێنەرەکە بەسەر دراماتۆرگەکەدا زاڵ دەبێت، یان بە پێجەوانەوە، تارمایی دراماتۆرگەکە بەسەر دید و بیرکردنەوەی دەرهێنەرەکەوە کاریگەر دەبێت، ئەمە بەتایبەتی، گەر دەرهێنەرەکە، هەر خۆیشی نووسەری شانۆنامەکە بێت. بێگومان، لە هەموو پرۆسەیەکی شانۆیدا، گەر دراماتۆرگێکی زیرەک هەبێت و کارت لەگەڵ بکات، چەندین کارئاسانیت بۆ دەکات، ئەم نەریتە لە هەموو شانۆ گەورەکانی دنیادا پەیڕەوی دەکرێت و هەموو نمایشێکی شانۆیی، هەر لەسەرەتای پڕۆژەکەوە، دراماتۆگێک بۆ دەرهێنەرەکە دابین دەکرێت و تا دوا ڕۆژی نمایش هاوشان و هاوکاری دەرهێنەرەکەیە. لە “بەرەو کەنار”دا من خۆم هەردوو ڕۆڵەکە دەبینم، دەرهێنەرم و دراماتۆرگیش، کە ڕەنگە سوودی زۆری هەبێت، لەو ڕووەوەی من خۆم دەقەکەم نووسیوە.

٣٠/٤/٢٠٢٥

هێشتا نەگەڕاومەتەوە بۆ کوردستان و دەستمان بە کار نەکردوە، بەڵام هەموو ڕۆژێک کێشەیەک، هەروەک قارچک سەردەردەهێنێت، ڕۆژێک کێشەی شوێنێک بۆ پرۆڤە، ڕۆژێکی تر ئەو ئەکتەرانەی من مەبەستمە، کێشەی دابینکردنی پارەیش، هەر مەپرسە. ئەوەی ئەمڕۆیش ڕوویدا، “کاترین” ئەو سینۆگراڤە سویدییەی کارم لەگەڵ دەکات، پەیوەندی پێوە کردم، کە مێردەکەی تووشی نەخۆشییەکی سەخت بووە، بە پەلە گەیندراوەتە نەخۆشخانە، لەبەر ئەوە ناتوانێت بێتە سلێمانی بۆ جێبەجێکردنی سینۆگراڤیاکە، بەڵام ئەوەیشی بۆ دووپات کردومەتەوە، کە نەخشە و مۆدێلی سینۆگراڤیاکەم، بە هەموو وردەکارییەکانییەوە بۆ دەکات و بۆم دەنێرێت، تا ئێمە بتوانین بە ئاسانی لە سلێمانی، بێ هیچ کێشەیەک جێبەجێی بکەین.

 

١/٥/٢٠٢٥

ئەمڕۆ جەژنی کرێکارانە و پشووە و لە ماڵەوە دانیشتوم. هەورێکی خەست و ڕەش بەری ئاسمانی گرتووە، لە پەنجەرەی ژوورەکەمەوە سەیری دەرەوە دەکەم، یەک جووڵە چییە نییە و دنیا تەواو خامۆشە و هیچ کەسێک بە سەر شەقامەکەوە نابینرێت. لەوە دەچێت، هەموو گەیشتبنە کەنار، جگە لە سەرنشینەکانی ناو بەلەمەکەی من، کە هێشتا بێ هیچ هیوایەک لەنێو دەریایەکی گەورەدا دەسوڕێنەوە و ناگەنە کەنار.

 

٢/٥/٢٠٢٥

بیر لەوە دەکەمەوە نمایشەکە بە بێدەنگی کۆتایی بێت. هەموو شتێک لە بێدەنگییەکی ڕەهادا بووەستێت. بیر لە بێدەنگی بکەینەوە. دەمەوێت لە پێش هەموو کەسێکەوە، ئەکتەرەکان بیر لە بێدەنگی بکەنەوە، بیر لەو بێدەنگییە بکەنەوە، کە لەنێوان پەیوەندییەکانماندا بە خودی بینەرانەوە، ئەوان دێنە ژوورەوە، لە شوێنەکانی خۆیان دادەنیشن و چاوەڕوانن، گۆێیان لە دەنگی ترسناکی شەپۆلی ئاوەوە و بە هەستی چاوەڕوانییەکی گەورەوە، چاوەڕوانییەکی پڕ لە بێدەنگی، چاوەڕوانی ئەوەی، کە بزانن ئێمە بە چ شێوەیەک پەردە لەسەر ئەو تراژیدیایە هەڵدەماڵین، کە ئەوان پێشوەخت، بەرلەوەی بێن بۆ بینینی نمایشەکە دەیزانن. کاری ئێمە لەم نمایشەدا ئەوەیە، کە بینەرەکانمان و هەروەها جۆیشمان، لە شێوەیەک لە شێوەکانی بێدەنگییەوە بەرەو بێدەنگییەکی تر ببەین. بێدەنگییەکی گەورەی وەها، کە گرینگی بە هەموو شتەکان بدات. بە تووڕەییمان، بە نائومێدیمان، بەو هەستەی، کە ناتوانێت ئەم شەپۆلی کۆچە ترسناکە ڕابگرێت.

 

٤/٥/٢٠٢٥

هیوا فایەق لە هەولێرەوە تەلەفۆنی بۆ کردم، تا بزانێ گەیشتوینەتە کوێ؟ ئەوەی ڕاستی بێ لای خۆمەوە بەردەوام خەریکی خۆ ئامادەکردنم، بەڵام لە لایەکی ترەوە هیچ ڕوونادات و هیچ بەرەوپێشچوونێک نییە. تا ئێستا کاستەکەمان یەکاڵا نەبۆتەوە، بۆ نموونە تا ئێستا “ش” وەڵامی نەداوەتەوە…

 

٥/٥/٢٠٢٥

بلیتی فڕۆکەم بۆ گەڕانەوە، لە ڕێگای قەتەرە بۆ سلێمانی، بۆ ١٩/٦ بڕی. تەنیا ڕۆیشتن و گەڕانەوەم نەبڕیوە. هەر گەڕانەوەکەم ١٠٠٠ دۆلار کەوت لە سەرم. ڕێگای گەڕانەوە، بەهۆی داخستنی خەتی تورکیاوە زۆر گران بووە. هەرچەندە من لە تورکیاوە سەفەر ناکەم، تا بتوانم، گەر زۆر گرانیش بکەوێ، لە تورکیاوە سەفەر ناکەم.

 

٦/٥/٢٠٢٥

خاتوو “شیما” دەڵێ دەتوانم لە هۆڵی ماڵێکدا، کە خۆمان لە نهۆمی سەرەوەی ئەو ماڵەدا دەژین، شوێنی پڕۆڤەتان بۆ دابین بکەم. دەبێ خۆمان هەموو ڕۆژێ شتەکانی ناو ژوورەکە لابەین و دوای پڕۆڤە بۆیان دابنێینەوە.

 

١٠/٥/٢٠٢٥

نامەیەکی کورتم بۆ خاتوو “هێرۆ” نارد، سەبارەت بە گەڕان بە دوای شوێنێک بۆ پڕۆڤەکانمان. دەبێ ئەوە بڵێم، کە “هێرۆ جەواد” و “ڕۆزا ئومێد” وەک دوو خانمە ئەکتەری بەتوانا تا ئێستا پەرۆشی کارەکەن و ناوبەناو پەیوەندی دەکەم بە خاتوو “هێرۆ”ەوە و لە دوا هەنگاوەکانی کارەکە، بە تایبەتی لە سلێمانییەوە ئاگادرای دەکەمەوە.

 

٥/٦/٢٠٢٥

تا ئێستا کاستەکەمان بەتەواوی یەکاڵا نەبۆتەوە و شوێنی پڕۆڤە دابین نەکراوە. چەند ئەڵتەرناتیڤێک هەیە و دەبێ قسەیان لەسەر بکەین. بە زۆریش مەسەلە پارەیە بۆ دابینکردنی بە کرێ گرتنی شوێنێک بۆ ڕۆژانی پرۆڤە.

 

١٠/٦/٢٠٢٥

هیچ گۆڕانکارییەک لە هیچ ڕوویەکەوە نییە.

 

١١/٦/٢٠٢٥

هێرۆ خان پەیوەندی پێوەکردم و پرسیاری ئەوەی دەکرد، کارەکەکە دەکەین یان نا؟ کەسانی تر داوایان لێکردووە کاری لەگەڵ بکەن. بێگومان مافی خۆیەتی پرسیار بکات.

 

١٣/٦/٢٠٢٥

شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران هەڵگیرسا و ئاسمان بە ڕووی هەموو گەشتەکانی فرۆکەوانی ئەو ناوچەیەدا داخرا و کاتی سەفەرەکەی منیش هەڵوەشایەوە. ئەمجارە هیچ شتێک نایە بە دەستەوە و ڕێگرەکان زۆر لەوە زۆرترن لە توانای ئێمەدا بێت. “شیما” خانیش بەردەوام پەیوەندیم پێوە دەکات، دەیەوێ بزانێ کەی دەگەڕێمەوە. باسی ئەوەیش دەکات، کە ڕەوشەکە زۆر خراپە و هیچ کەسێک پارە ناخاتە ناو سپۆنسەری کاری هونەرییەوە.