گەشەی کارەکتەر
ستریندبێرگ لە پێشەکییە بەناوبانگەکەیدا، کە بۆ شانۆنامەی (خاتوو ژۆلیا) نووسیویەتی، سەبارەت بە کارەکتەر دەڵێت: (وشەی “کارەکتەر” لەگەڵ بەسەرچوونی زەمەن زۆر مانای لەخۆ گرتووە. لە بنچینەدا گوایە ئەم وشەیە بە مانای خەسڵەتێکی زاڵ لە نەخۆشییەکی دەروونی دەهات، ئەم مانایەش لەگەڵ سرووشتی مرۆڤ تێکەڵ کرا. پاشان بوو بە وشەیەک، کە چینی ناوەڕاستی کۆمەڵ بەکاری دەهێنا بۆ ئاماژەکردن بۆ مرۆڤێک، کە بە رۆتینی و بێ بیرکردنەوە کار بکات. کەسێک، کە سرووشتی کەسێنی بەتەواوی چەسپابێت یان ڕۆڵێکی دیاریکراوی لە ژیانا دەستەبەر کردبێت، بە واتایەکی تر لە گەشەکردن وەستا بێت، پێی دەگوترا “کارەکتەر”. لە کاتێکدا بەو کەشتیوانە شارەزایەی، کە لەناو ڕووباری ژیان پەتی چارۆگەی کەشتییەکەی بەیەک ئاڕاستە ناچەسپێنێت، کاتێک گەشتەکەی دەست پێ دەکات، بەڵکو پێش ئەوەی “با” ئاڕاستەی خۆی بگۆڕێت، ئەم رێرەوی خۆی دەگۆڕێت، پاشان دەگەڕێتەوە و بە پێچەوانەی ئاڕاستەی با دەڕوات، بەو کەشتیانە دەگوترا “بێ کارەکتەر”، هەڵبەت لە ڕووی سووکییەوە، چونکە پێناسەکردنێکی تێرۆتەسەل یاخود پۆڵێنکردنی یان تێگەیشتنی گران بوو. ئەم بیرۆکە بۆرژوازییە دەربارەی چەقبەستنی دەروونی مرۆڤ گوازرایەوە بۆ سەر شانۆ، کە هەردەم بیروڕا بۆرژوازییەکانی تێدا زاڵ بوو.) ستریندبێرگ هەستی بە بەها و گرینگی پێگەی کارەکتەر، لە دەقە شانۆییەکاندا کردبوو، بۆیە زۆر جار دەگەڕێتەوە سەر ئەم چەمکە و هەوڵ دەدات پێناسەیەکی تیۆری و لە هەمانکاتدا کردەیشی لە ڕەوتی پرۆسە شانۆییەکاندا بۆ بکات. هەروەها ئاماژە بۆ کێشەیەکیش لە چەمکەکانی تێگەیشتنی وشەی (کارەکتەر) دەکات. هەرچەندە کارەکتەر لەسەر شانۆ بەو وێنا پڕ لە گۆڕانکاری و بەرەوپێشەوەچوونەی بەخۆوە دەگرێت، ناوزەدکراوە، بەڵام لە زۆربەی زمانەکاندا، وشەی کارەکتەر پێناسە بۆ کەسایەتییەک و چەمکێکی جێگیر و نەگۆر دەکات. ئەم دوو بۆچوونەیش لە ڕاڤەی کارەکتەردا، لەسەر شانۆ و لە نێو کتێب و لە بەکارهێنانی زماندا و لە پرۆسە کردەییەکەدا بەشێوەیەکی تر ڕەنگ دەداتەوە: کارەکتەر لە لایەکەوە دەبێت خاوەنی پێناس و خودی خۆی بێت و لە لایەکی تریشەوە لە گۆڕانکاریدا بێت، بۆ نموونە لەگەڵ هەموو ڕەوشێکدا ڕۆڵی خۆی، هەڵۆێست و بۆچوونی هەبێت و لە ڕوانگەی ڕووداوەکانەوە ڕێگای پڕ لە گۆڕانکاری خۆی بکاتەوە. ئەم دوو دیوەی کارەکتەر، کە ستریندبێرگ زۆر بە ڕوونی ئاماژەی بۆ کردووە، لەگەڵ بنەما بزۆز و لە هەمانکاتدا هەڵۆێستە نەگۆڕەکانی دەقە شانۆیی و چەمکە درامییەکاندا یەک دەگرێتەوە. کارەکتەرە شانۆییەکانی ئیبسن، ستریندبێرگ و چێخەف، لە بنەما سیکۆلۆژییەکانەوە ئەم ستراکتورە بزۆز و لە هەمانکاتدا جێگیرە بە شێوەیەک دروست دەکەن، کە پابەندە بە گۆڕانکارییەکانی ڕووداو و بنەماکانی دەقەکانەوە. “نورا” لە شانۆنامەی (ماڵی بووکەڵە)دا، چەندە کارەکتەرێکی جێگیر و بێ جووڵە و وەستاوە، هێندەیش لە پەراوێزی ڕووداوەکانەوە گەشە دەکات، دەگۆڕێت و دەبێتە کارەکتەرێکی دینامیکی و تێکڕای چەمکی ڕووداوەکان دەگۆڕێت. ئیبسن دەقەکە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە، گۆڕانکارییەکانی نورایش، لە دوای دەرگا بەیەکدادانەکەیشەوە بە شاراوەیی دەهێڵێتەوە و چارەنووسی نورا دەداتە دەست ئەندێشە فەنتازیای بینەران.
هەندێک جار گۆڕانکاری کارەکتەر لەسەر شانۆ و لە خوێندنەوەی دەرهێنەر و ئەکتەرەکانەوە، فۆرمێکی تر لەخۆ دەگرێت و کارەکتەرەکە، لە دوای نەمایشەکەیشەوە لە بنەمایەکی پڕ لە جووڵە و گۆڕانکاریدا دەهێڵێتەوە. هەر لە (ماڵی بووکەڵە)دا، کارەکتەری “هێلمەر”یش بە ئاڕاستەیەکی دژ بە نوراوە دەگۆڕێت، ئاشکرابوونی نورا بۆ هێلمەر سەرلەبەری کارەکتەرەکەی دەگۆڕێت و گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا دەهێنێت. مۆتیڤە شاراوەکان، مەسەلە سیکۆلۆژییەکان، ناوەوەی کارەکتەر و هەندێک جار مەسەلە نهێنییەکان دەبنە ڕەوشێکی ئاڵۆز: کارەکتەرەکان بەرەو ناوەوە دەبەن، پەراوێزیان دەخەن، دەکەونە ڕەوشێکی ترەوە یان ڕەوتی ڕووداوەکان ڕادەگرن تا دوا چرکەی دەقەکە/نەمایشەکە.
چەمکەکانی گەشە و بەرەوپێشەوەچوونی کارەکتەر، هەمیشە جێگای سەرنجی شانۆکار و بینەرانیش بووە، لەم بەرەوپێشەوەچوونەوەیەدا، کێشە و ململانێی کارەکتەرەکان بەرجەستە دەبن و دەچنە نێو ئەتمۆسفێر، بنەما درامییەکان و پلانە نادیار و شاراوەکانیشەوە. شەکسپیر لە (خەونی شەوێکی چلەی هاوین)دا، لە کارەکتەرەکانەوە، گەمەی شانۆ و ڕۆنانی ڕووداوەکانیش دروست دەکات، هەر گەشەکردنی کارەکتەرەکان تراجیدیا و کۆمیدیا تێکەڵاو دەکات و خەون و خەیاڵ، واقیع و ژیان لەسەر چەندین ئاست تێکەڵاو دەکات و دەشیان بەستێتەوە بە گەشەی کارەکتەرەکانییەوە.
کارەکتەر لە دەقە کلاسیکییەکاندا، زیاتر لەسەر بنەماکانی پێناس و یەکەکانی کەسایەتی رۆنراوە، کارەکتەری دژ بەیەک، کەوتنی سیکۆلۆژی، داروخانی ناوەوەی کارەکتەر، خۆشاردنەوە لە پشت دەمامکەکانەوە یان گەشە شاقووڵییەکان لە خودی یەک کارەکتەردا دووبارە دەبنەوە، بەڵام لەلای (برتۆڵد برێشت) ڕۆنانی درامی و گەشەی کارەکتەر ئاڕاستەی جیاواز وەردەگرن و لە بنەما ترادیشۆنییەکان دەچنە دەرەوە. (ئۆپێرای دوانزە قورشی) و (بازنەی تەباشیری قەوقاز) و (دایکە ئازا) چەند نموونەیەکن و گەشەی کارەکتەرەکان لە جووڵەیەکی بازنەیی، دیالێکتیکی و فۆرمێکی داستانئامێزیدا بەرجەستە دەبن. لەم فۆرمەدا، کە بینەران دەبنە تووخمێکی گرینگ و لایەنێکی ئەو گۆڕانکارییانە، گەشە درامییەکە جووڵە بە کارەکتەر ناکات، بەڵکو ڕەوشە دژ بەیەکەکان دەمانگەیەنێتە بەرئەنجامەکان، بەڵام لەلای (پیراندیللۆ) گەشەی کارەکتەر ناکرێت بەهۆی دیدێکی سیکۆلۆژی و یەکەیەکی دیاریکراوەوە هەژماربکرێت، بەڵکو هەموو مرۆڤێک بە چەند مۆتیڤێکی دژ بەیەک و جیاوازەوە خوڵقاوە. دەکرێت لایەنێک لە لایەنەکانی کارەکتەر دەربکەوێت و ببێتە چەقی گەشە و ڕووداوەکان، لە هەمانکاتدا لایەنێکی تر بکەوێتە پەراوێزەوە و دیار نەمێنێت، بەڵام دەکرێت بەهۆی کردارێک، پەرچەکرداریک، ڕووداوێک، کارەکتەرێکی تر، لە ڕێچکەی ڕووداوەکانەوە دەربکەوێتەوە و ڕۆڵی سەرەکی ببینێت. لەم ڕەوشانەیشدا نە هەڵە هەیە و نە مەسەلە لۆژیکییەکان بەهەند وەردەگیرێت، بەڵکو فرە ڕەهەندی لەلای مرۆڤ و جەمسەرە دژەکان و چڕیی بارودۆخەکان کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی بەسەر گەشەی کارەکتەرەکانەوە هەیە.

