مامۆستا دانا، ئەم کاتەت باش

چوارینەم لە شیعر و پەخشاندا زۆر خوێندبۆوە، بەڵام ئەمە یەکەمین جارم بوو چوارینە بە شانۆنامە بخوێنمەوە. (وەک ئەوەی ژیان لەوێ بێت). لەوەیە پێشتر هەر درکیشم پێی نەکردبێت. خۆی گەر ڕەوتێکی نوێش نەبێ لەناو کورددا پێم وابێت سەردەمییە و جارێ نامۆیە پێمان. ئەوەی تۆ کردووتە نەک نوێگەریە بگرە داهێنانیشە. لە هەمووی گرینگتر بەلامەوە کەشی شانۆنامەکە بوو. بە گشتی کەشێکی مات و هەستێکی سارد و خەمێکی قوڵی دەبەخشی بە خوێنەر. ئەو کەشوهەوا ساردەی دەرەوە ئەو باوبۆرانە بەلێزمەیە، ڕێک وەک ئەوە وابوو کە لە ناخیانەوە داباریبێت و ڕەنگدانەوەی ناخی خۆیانبێت. ئەوان پێویستیان بەو داشۆرین و لێزمە بارانەبوو. بۆ ئەوەی بڕێک لە پۆخڵی پەیوەندیە نامۆکەیانی پێ خاوێن بکەنەوە.

نەشمیل کچێکی دڵپاک بوو. سادە نەبوو، بەڵام دڵێکی ئێجگار پاکی هەبوو. بە جۆرێک، کە بە بچوکترین شت تەواوی ڕۆژەکە دڵخۆش دەبوو. هەروەکو مەستانە دەیوت، بەباوکی دەچێت. ئەو لە تۆنی دەنگیەوە هەستی پێدەکرد و وێنای دەکرد، بەڵام ئەو لەناخیشدا هەر وەکو باوکی بوو. ئەو کچە پەرتەوازە ببوو لەنێوان باوکێکی ڕوخاو و دایکێکی کەمتەرخەم. وێڵ و سەرگەردانی سۆزێک بوو بەجۆرێک هەر کەسێک کەمێک لە سۆزی پێ ببەخشیبایە تا بەرزترین پلەی خۆشەویستی دەڕۆیشت لەگەڵیدا. ئاشقی مامۆستاکەی ببوو، کە لە تەمەنی باوکیدابوو. ئەو تا ئەو ئاستە هەستی بە ساردی ماڵەکەیان کردووە. ئارەزووی دوورکەوتنەوەی دەکرد لەو چارەنوسەی تێی کەوتووە. دەیویست ڕابکات و بڕوات بۆ سەفەر و هەرگیزیش نەگەڕێتەوە.

مەستانە ئافرەتێکی سەرلێشێواوە، ئەو چاوچنۆکیە زۆرەی کە لە ژیانیدا هەیبوو، خۆپەرست و کەمترخەمی کردبوو. کێشەی ئەو نە لەگەڵ سیامەند بوو نە لەگەڵ خۆشەویستە کۆنەکەی. ئەو لەگەڵ چەندین پیاوی تریش بووبایە. هەر ئارەزووی ئامێزگرتنی دەکرد. لەبەر ئەوە نا کە هیچیان لە ئامێزی نەگرن، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەو لەناخەوە تەنیابوو. کێشەی سەرەکی ئەو خودی خۆی و بیرکردنەوەکانی بوو. ئەو نەیدەزانی لەو کەلێنەی کە لەناخیدا بۆی درووست بووە، چۆن قوتاری بێت. لە حەژمەتا پەنای دەبردە بەر ئەم و ئەو، بەڵام مەستانە تاوەکو مردیش نەیزانی کە کێشەی سەرەکی ئەو بەتەنها خۆی بوو. خودی خۆی لەناوەوەدا ڕوخاو و تەنیابوو، ئەو تەنیایەشی تەنها بە خۆی پڕدەکرایەوە، بەڵام ئەو ئەوەندە ترسنۆکبوو، کە نەک لە کچ و مێردەکانی بگرە لە خودی خۆیشی هەڵدەهات. هیچکات بوێری بەرەنگاربوونەوەی ئەو تەنهایەی نێو ناخی خۆی نەبوو.

سیامەند عاشقێکی بێ مەعشوقبوو. ئەو گیرۆدەی خۆشەویستی تاک لایەنەببوو. بەردەوام هیوای بەخۆی دەدا و چاوەڕوانی هیوایەکی لە مەستانە دەکرد.  کە مەستانەش دەگەڕێتەوە تەمەننای دەکرد تەنها جەستەیەکی ساردوو سڕ نەبێت و بە دڵ، بە ڕۆح، گەڕابێتەوە بۆلای. بەڵام ئەفسووس تا مردیش، بەو حەسرەتەوە سەری نایەوە.

پەیوەندی مەستانە و سیامەند، پەیوەندی نێوان پیاوێکی دەستەمۆ و ژنێکی یاخیبوو. لەم پەیوەندیەدا بێدەسەڵاتی مرۆڤ بەرامبەر بە خۆشەویستی دەردەکەوێت. سەرلێشێوانی مرۆڤ بەهۆی ناخێکی پەرتەوازەوە، دداننانێکیشە بەوەی کە زۆر جار بەهۆی هەڵەکانمانەوە کەسانیتریش دەکەینە قوربانی.

پەیوەندی نێوان نەشمیل و سیامەند، پەیوەندیەکی کچ و باوکانەی زۆر جوانبوو. وەک ئەوەی لەنێو دوو شاخی بەستەڵەک دا، لەبەردەم ئاگردانێکدا دابنیشی، تا بڕێک گەرمی بە دەستەکانت و لاشەت بگەیەنێت، ئاوابوو. هەستت بەوە دەکرد کە دیمەنەکەی زۆر جوانتر کردبوو. گەرچی سیامەند پیاوێکی گۆشەگیر و ڕوخاوبوو کەچی لەگەڵ کچەکەیدا باوکێکی ئەوەندە نەرموونیان بوو کە غیرەم لەو پەیوەندیە جوانە دەکرد. وەک ئەوەی منیش وەک بینەرێک و خوێنەرێک حەزبکەم لەو پەیوەندیە جوانەدا بژیم و بمرم.

پەیوەندی نێوان نەشمیل و مەستانە، پەیوەندیەکی ئاڵۆز بوو. مەستانە گەرچی ژنێکی پەشیمان بوو، بەڵام لە ئان و ساتێکدا پەشیمانی خۆی دەردەبڕێت کە پەشیمانبوونەوە هیچ سودێکی نییە و چارەسەری هیچ کێشەیەکی پێ ناکرێت. نەشمیل بەرامبەر بە مەستانە خۆی گێل دەکات و کەمترین بەدواداچوون دەکات. نەبادا ڕاستیەکانی بۆدەرکەوێت و ئیتر قێز لەو ژنە بکاتەوە کەوا نۆ مانگ لە سکی خۆیدا هەڵیگرتووە.

سێینەکەی سەرەتا وەک زنجیرەیەک وان، یەکتری ڕوندەکەنەوە، ڕێک بەم جۆرەی بەڕێزیشتان ئاماژەتان پێیدا، کۆتا بەشی سێینەکە، کە دەکاتە چوارینەی شانۆنامەکە، بەتەنهاش واتای تەواو دەدات بەدەستەوە، بەڵام سێینەکان بەبێ ئەو ناڕوونن. بەبڕوای من ( لە کازیوەدا تاریک داهات) لەگەڵ ( وەک ئەوەی من نەبووبم) دەشێت ئەوانیش پێکەوە وەک شانۆنامەیەکی سەربەخۆ دەربکەون و واتای یەکتری بەبێ گرێ تەواو بکەن. بەڵام دواجار هەرچواریان پێکەوە چوارینەکە تەواو دەکەن و جوانترین مانا دەبەخشن و شانۆنامەکە دەگەیەننە بەرزترین ئاست لە جوانی ناوەڕۆک و داڕشتن لە ئەدەبیاتی کوردیدا…

ئەمە جوانترین دیاریبوو کە پێم بەخشرابێت. زۆر سوپاست دەکەم

هیراکۆ ئازاد

١٧/١٠/٢٠٢٥