بیرەوەری شارێک لەنێو خۆڵ و خاشاکدا

“ئۆکسیرنیخۆس”، شارێکی کۆنی میسری، گرێکی، ڕۆمانی بووە و لە دەوروبەری ٨٠٠ی زاینەوە ئاوەدان بووە و وەک شارێکی گەورە هەژمار کراوە، بەڵام بە هەر هۆیەکەوە بێ لەناو چووە، تەنانەت هیچ پاشماوە و شێونەوارێکی وایشی لێ نەماوەتەوە، کە شارەزایانی ئەو بوارە بگەڕێن بەدوایدا. مانای “ئۆکسیرنیخۆس” بە زمانی گرێکی کۆن، لێوانەتیژ دەگەیەنێت. لە ساڵی ١٨٩٨دا کۆمەڵێک ئەرکیلۆژی ئەوروپی شوێنەواری ئەم شارە “ئەنتیک”ە دەدۆزنەوە و دەکەونە هەڵکۆڵین. لە لێواری شارەکەدا، خۆڵ و خاشاکێکی زۆری پاشماوەکانی ئەم شارە دەدۆزنەوە. لەناو ئەو خۆڵ و خاشاکەدا، کە نۆ مەتر قووڵ بووە، سه‌دان پارچە کاغەزی کۆن، کە لە “گیای پاپیروس” (ڕووەکی زەل) بۆ نووسین دروستکراوە، دەدۆزنەوە. ئەم پارچە کاغەزە پاپیرۆسانە، چەندین تێکستی لەسەر نووسراوە، کە ژیانی ڕۆژانەی ئەو شارەی بەر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەری تیا تۆمارکراوە. ئێستا ئەم تێکستانە کۆکراونەتەوە و وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی سویدی و لە کارێکی شانۆیی جیاوازدا، کە لە ڕووی فۆرم و تەکنیکەوە، هەموو سنوورەکان دەبەزێنێت، لەسەر شانۆی “ئۆریۆن” لە ستۆکهۆڵم لە نمایشێکی هەشت سەعاتیدا پێشکەش دەکرێت. ئەوەی لەسەر ئەو پارچە کاغەزە پاپیروسانەدا نووسراوە هەموو شتێک لەخۆ دەگرێت: نامە، شیعر، ڕاپۆرتی پۆلیس، ڕەچەتەی دەرمان، نوشتە، بلیتی شانۆ، ساتیر، دەقی شانۆیی، ڕاپۆرتی دادگا، نۆتەی مۆسیقا، نامەی فەرمی، هەروەها نامەی نێوان خەڵکانی ئاسایی، کە بۆ یەکیان ناردووە، نامەی دڵداری و تێکستی هەمە ڕەنگ. ئەم پارچە تێکستانە وێنەیەکی ژیانی ڕۆژانەی ئەو خەڵکەی لەو شارەدا ژیاون پێشان دەدات. لە کۆنتێکستی ئەم پارچە بچووکانەدا میتۆلۆژیای گرێکی تێکەڵاوی سرووتەکانی ئینجیل، لە دەستپێکی بڵاو بوونەوەی مەسیحییەتدا دەبێت. ئەم پارچە بچووکانە، بەشێکن لە ژیانێک، کە بەسەرچووە، هەست و هۆش، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەنێو دڵ و جەستەی مرۆڤگەلێکدا کاری کردووە و ئێستا لەناوچوون، گەڕانەوەیەکە بۆ دەستپێکی مێژوو، کە دەکرێ ئاوێنەیەک بن بۆ ئەمڕۆ.

بیست و نۆ دەنگ لە چوار سەعاتی یەکەمدا ئەم چیرۆکانەمان بۆ دەگێڕنەوە، دواتر کۆمەڵێک ئەکتەر، بووکەڵە، شانۆی سێبەر، مۆسیقا، لە نمایشێکی شانۆیدا، کە پێرفەرمانس و شانۆ پێکەوە کۆدەکاتەوە، دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو دەمە. نمایشەکە، پڕۆژەیەکی گەورەیە؛ لە سەعات یەکی دوای نیوەڕۆوە دەست پێ دەکات و نۆی شەو کۆتایی دێت.

هۆڵی شانۆکە، کە ئێجگار گەورەیە، بە لم داپۆشراوە و لێرەولەوێ وەک شوێنه‌وارێکی دێرین، لەناو لمەکەوە پاشماوەی بناخەی دیوارەکان دیارن، کە لە هەمان کاتدا بۆ جێی دانیشتنی بینەرانیش بەکار دەهێنرێت. لەنێو ئەم لمەشدا بیست و نۆ کەللەسەر، زیاتر لە پەیکەر دەچن، بە شێوەیەکی ئەندازەیی دیزاین کراون، دانراوە. لە ڕێگای ئەم کەللەسەرانەوە، وەک دەنگێک لە دوورەوە، لە دێرزەمانەوە چیرۆکی ژیانی ئەو شارە دێرینەمان بۆ پەخش دەکەن.

“کاڕڵ دونێر” دەرهێنەری ئەم نمایشە دەڵێت: “من وەک مێشکێکی پڕ لە یادەوەری بیر لەم خۆڵ و خاشاکە دەکەمەوە، ڕێک وەک مێشکی مرۆڤیش، هیچ جۆرە لۆژیکێک لەخۆ ناگرێت، بۆ نموونە خاڵبەندی. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەم پارچە بچووکانە، ئەوەم بیر دەهێننەوە چۆن ئەم بیرە، ئەم یادەوەرییانە کار دەکەن. هەموو وشەیەک، ڕووداوێک، دید و بیرکردنەوەیەک، لە هەزاران پارچەی بچووکدا کۆدەکرێتەوە و لە تۆڕەکانی مێشکدا بڵاو دەبنەوە. هەموو بەیەک جار و لە یەک یەکەدا پێکەوە بەستراونەتەوە. لەم خۆڵ و خاشاکە زۆرەدا تەنیا بیرەوەری ئەم شارە لەخۆ ناگرێ، بەڵکوو لە دەستدانی کولتوورێک، بە پارچە بچووکەکانی کاتەوە، ڕووداوەکانەوە و بیرکردنەوەکانەوە.”

بەشی یەکەمی ئەم نمایشە، کە لە سەعات یەکی نیوەڕۆ دەست پێ دەکات تا چواری دوای نیوەڕۆ، دەروازەیەکی پێرفەرمانسە، کە وەک ئاماژەی بۆ کردوە، چیرۆکی ژیانی ئەو شارە لەناوچووە لە ڕیگای کەللەسەرەکانەوە پەخش دەکرێت. دەنگی چیرۆکخوانەکان، بە نەرمی و هێمنی بەنێو ئەو پانتاییە بەرینەدا بڵاو دەبێتەوە، وەک خەونێک ئەو کەسانەمان بۆ دروست دەکاتەوە و لەنێو لم و پانتاییە بەجێهێڵراوەکانی ئەو شارەی، وەک گێژەڵووکەیەک هەڵیلوشی بێ، دەردەکەونەوە. بینەران بە سەربەستی بەنێو پاشماوەکانی ئەم شارەدا دەڕۆن، لەبەردەم ئەم کەللەسەرانەدا دەوەستن و گوێ بیستی ئەو چیرۆکانە دەکەن. ئەم بەشەی نمایشەکە، زیاتر لە گۆڕستانێک دەچێت، دەنگی مردووەکان بانگمان دەکەن و ئەو چیرۆکانە بە گوێماندا دەچرپێنن، کە لە زۆر ڕووەوە لە چیرۆکەکانی ئەمڕۆی ژیانی ئێمە دەچێت. لە بەشی دووەمی نمایشەکەدا، کارەکتەرەکان، بە ڕۆبە درێژەکانیانەوە، لە هەموو سوچ و قوژبنێکی ئەو پانتاییە بەرینەی شانۆکەوە دێنە ژوورەوە. بەناو لمەکەدا، وەک کۆمەڵێک تارمایی دێن و دەڕۆن، بینەرانیش لەگەڵیان دەڕۆن و ئاڕاستەی دیمەنەکان وەردەگرن، کە لە هەموو پانتاییەکەدا نمایش دەکرێن. دەرهێنەری نمایشەکەیش، کە لەناو ئەکتەرەکاندایە، بە زەنگێکی بچووکەوە ڕێنمایی بینەران دەکات بۆ سەرەتای هەر دیمەنێک. دیمەنەکان، لە کۆنتێکستی ئەو دەقانەدا، لە نمایشێکی کلاسیکی دەچێت، کە چارەنووسە تراجیدییە دیاریکراوەکانی کارەکتەرەکانمان بۆ بەرجەستە دەکەن. هەندێ جار ستایلی ئەم نمایشە کلاسیکییانە، گۆڕانکاری بەسەردا دێ، دەبێ بە شانۆی بووکەڵە و خەیاڵی سێبەر، کە لەسەر دیوارە بەرزە چیمەنتۆکانی شانۆکەدا دەبنە شتێکی تر، لە دەرەوەی هەموو جۆرە کات و شوێنێکەوە. نمایشەکە لە خاڵێکدا ڕاناوەستێت، بەڵکوو لە جووڵەیەکی بەردەوامدایە، بینەرانیش بە هەمان شێوە تێکەڵاوی ئەو ئەتمۆسفێرە دەبن، لە خاڵێکەوە دەبنە بەشێک لە دیمەنێکی کلاسیکی، لە خاڵێکی تردا لەو شوێنەدا نەماون و لەگەڵ دیمەنێکی بووکەڵە، یان ئەندێشەیەکی شانۆی سێبەردا دەکەونە پێکەنین. کۆتایی هەموو دیمەنێک سەرەتای دیمەنێکی ترە.

مۆسیقایەکی زیندوو، کە تۆن و میلۆدییەکانییان لە خودی ئەو پارچە کاغەزە کۆنانەوە دەرهێناوە، هاوشانی نەمایشەکە دەکەن؛ کەمانچە یاوەخود شمشاڵێکی فلوتئاسا، تۆنەکانییان، وەک لەنێو بیرێکی قووڵەوە بێنە دەرەوە، دەبن بە ئاواز بۆ نواندنی ئەکتەرەکان، بە تایبەتی لە هەندێک بەشی مۆنۆدرامیدا. ئەم نمایشە پردی پەیوەندییە لەنێوان دوو شارستانییەتدا، لەنێوان مڕۆڤ و خواوەندەکاندا، لەنێوان ئەو ژیانەی بەسەرچووە و ئێستا و لەم ساتەدا.

هەرچەندە دوای کارێکی بێ وێنە و هەڵکۆڵینی سەرلەنوێی پاشماوەکانی شارێک، تەنیا چەند دیوار و بناغەی خانووەکان و پایەیەک دۆزراوە، بەڵام بەهۆی ئەو خۆڵ و خاشاکەوە، کە ئەو پارچە تێکستانەی تیا دۆزراوە، دادەنرێت بە باشترین پاشماوەکانی ئەم شارە دێرینە ئەنتیکەییە.