شانۆیەکی فەلسەفی
ژان پۆڵ سارتەر (١٩٠٥-١٩٨٠) تەنها بیر و دیدە فەلسەفییە بوونگەراییەکەی لە ڕێگای فەلسەفە و تێزە فەلسەفییەکانییەوە بڵاو نەدەکردەوە، بەڵکو رۆمان و دەقە شانۆنامەکانی ڕۆڵێکی گەورە و لە بەرچاوییان لە ژیانی فیکری ئەم فەیلەسوفەدا گێڕاوە.
لە ساڵی ١٩٤٥دا، کە جەنگی جیهانی دووەم تەواو بوو، هەموو ژێرخانی ئابووری و ئاوەدانی ئەوروپا، جگە لە بارودۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتی، داروخابوو. هەموو ئەوانەیشی لەم جەنگە دەربازبوون و بە زیندوویی مانەوە، چیتر هیچ شتێک نەبوو، کە ئەوانە بڕوایان پێی هەبێت. لە پێش هەموو شتێکیشەوە، خەڵکی بە تەواوی پشتیان کردبووە خواوەند، بیر و بەها پیرۆزە دینییەکان بوون بە ژێر خۆڵ و تۆزی روخانی هەموو کۆمەڵگەی ئەوروپییەوە؛ مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە بێ باوەڕییەکی ڕەها و بازنەیەکی بەتاڵی بێ هیوایدا دەسوڕانەوە.
سارتەر، یەکێک بوو لەو فەیلەسوفانەی، لە دیدێکی خودگەرا و لە بیروباوەڕێکی فەلسەفییەوە خوێندنەوەی بۆ ئەو ڕەوشە نوێیەی کۆمەڵگە و مرۆڤی ئەوروپی و هەموو ئەوروپا کرد، هەر لە دوای جەنگەوە توانی تیۆرە فەلسەفی و تێزە فیکرییەکانی بڵاو بکاتەوە و خوێنەر و بینەرێکی زۆریش لە خۆی کۆبکاتەوە. یەکێک لەو خاڵانەی، کە سارتەر هەر لە سەرەتاوە جەختی لەسەر کردۆتەوە، مردنی خودا بوو. سارتەر بەم شێوەیە ئەوەی دووپات کردۆتەوە، کە مەسیحیەت یان هەر دیانەتێکی تر، لە دید و ڕوانگەکانی مەعریفەتەوە ناتوانێت هەڵگری هیچ پەیامێکی ڕاستی و ڕاستەقینە بێت، هەروەک هیچ دید و بنەمایەکی تری فیکری یان کۆمەڵایەتیش، بۆ نموونە بیروبۆچوونە هیومانیزمەکان و هاوخەباتییش ناتوانن جێگای دین بگرنەوە.
سارتەر لەو بڕوایەدا بوو، کە مرۆڤ نە بوونەوەرێکی باش و نە خراپە، بەڵکو ئەو هەر لە سەرەتاوە هیچ نییە؛ مرۆڤ دەژی، بوونی هەیە، ئەمە مانای ئەوە نییە کەسایەتییەکی دیاریکراوی هەبێت. هەموو مرۆڤێک بێ ویستی خۆی و بێ بڕیاری خۆی فرێ دەدرێتە ئەم دونیایەوە و چارەنووسی خۆی بەسەر شانی خۆیەوەیەتی و سەربەستییەکی ڕەها و تەواوی خۆی هەیە. ئەم سەربەستییە ڕەهایەیش ئەو مانایە بە بوونی مرۆڤ دەبەخشێت، کە هەرگیز ناتوانێت لەو سەربەستییە ڕابکات. مرۆڤ ناچاری هیچ کردارێک نییە بیکات، ئەو کەسەیشی ڕەفتارێکی ترسنۆکانە دەکات، لەبەر ئەوە نییە، کە ئەو کەسە بەو شێوەیە لە دایک بووە، یان کەسایەتیەکی بێ هێزی هەیە. کەسایەتی هەموو تاکێک بەو کردارانە دەپێورێت دەیانکات و لە هەموو چاوتروکانێکیشدا دەتوانێت بە شێوەیەکی تر بڕیار بدات. هەر لەبەر ئەوەیشە، هەموو مرۆڤێک بەرپرسیارە لەو شتەی دەیکات و لەو بڕیارەی دەیدات. بێگومان ئەم هەڵوێستەیش مرۆڤ تووشی پەشێوی و پەژارە دەکات، ئەمەیش بەشێکە لە ژیان، ئەو مرۆڤەیشی بە شێوەیەکی ڕەسەن و بە ڕاستی دەژی، لە پەشێوی و پەژارە ناترسێت، بەڵکو وەک بەشێکی ژیان پێی قایل دەبێت.
هەندێک کەس لەو سەربەستییەی هەیانە ڕادەکەن، یان هۆکاری ئەو کارانەی دەیکەن دەگەڕێننەوە بۆ ژینگە، چارەنووس و میراتی پشتاوپشت، ئەمیش بە بۆچوونی سارتەر ڕاست نییە، هەر لەبەر ئەوەیشە فەلسەفەی ئێکستێتیالیزم مرۆڤ ڕووبەڕووی بەرپرسیارییەکی گەورە دەکاتەوە.
سارتەر لە شانۆنامەی (مێشەکان)دا بەرجەستەی تەقەلاکانی مرۆڤ دەکات بۆ بەدەست هێنانی ئازادییە ڕەهاکانی خۆی، ئەم شانۆنامەیە لە ساڵی ١٩٤٣ لە پاریس نەمایشکرا، بە تایبەتی لەو کاتەی ئەڵمانیای نازی فەڕەنسای داگیر کردبوو. سارتەر لەم شانۆنامەیەدا خوێندنەوەیەکی نوێ و فەلسەفی بۆ سێینەکەی ئێسخیلۆس (ئۆرێستێیا) دەکات. لەلای سارتەر ئەم ئەفسانە دێرینە گرێکییە باسی ئەوە دەکات، کە “ئێمە هەموومان دەتوانین هەڵوێستی بەرگریکردن هەڵبژێرین.” کە ئاگامێمنون بە دەستی کلیۆتایمێسترای ژنی و دۆستەکەی دەکوژرێت، هەموو دانیشتوانی ئەو شارە بەم تاوانە قایل دەبن، بەم شێوەیەیش بەشدار دەبن لەو تاوانەدا؛ دوای ئەوە هەموو شارەکە دەکەوێتە بەر پەلاماری هێرشی مێشی گەورە و قەڵەوەوە. دۆستەکەی کلیۆتایمێسترا و بەیارمەتی خواوەندەکان وا لە خەڵکی (ئارگۆس) دەکەن سەربەستی خۆیان لە دەست بدەن، کە ئۆرێستێسیش دەگەڕێتەوە بڕیاری ئەوە ئەدات تۆڵەی باوکی بکاتەوە، چونکە ئەو کردارە تەنها شتێکە سەربەستی بۆ ئەو دەگێڕێتەوە. ئۆرێستێیا بە کوشتنی دایکی و دۆستەکەی، شارەکەیش لەو مێشانە ڕزگار دەکات. لە دوایدا ئۆرێستێیا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات سەربەستی، مافی ئەو مرۆڤەیە، کە دەوێرێت بیبات بۆ خۆی. سارتەر دەیەوێت لەم شانۆنامەیەدا بڵێت، هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە سەربەستی خۆی وەربگرێت. دوای چەند نەمایشێک، ئەڵمانییەکان لەوە گەیشتن سارتەر چی دەڵێت، بۆیە دەستبەجێ نەمایشەکە ڕادەگرن.
سارتەر سەرلەنوێ لە شانۆنامەی (دەستە پیسەکان) و (دەرگا داخراوەکان)دا مەسەلەکانی هەستکردن بە گوناهباری و کێشەکانی بڕیاردان و ئازادی، چارەسەر دەکات. هەڵوێستی سارتەر بەرامبەر بە دەسەڵاتی داگیرکەر هەمان هەڵوێستی شانۆنامەکانی بووە دژی نازییەکان: فەرەنسا لە جەزائیر، ئەمەریکا لە ڤێتنام و یەکێتی سۆڤییەت لە ئەفغانستان، ناڕەزایی دەربڕیووە و بەشداری خۆپیشاندانی کردووە.
سارتەر لە ساڵی ١٩٦٤دا پاداشتی ئەدەبی نۆبڵی پێ بەخشرا، بەڵام ئامادە نەبوو وەریبگرێت.

