شانۆی کوردی و شانۆی هاوردە
بوون و نەبوونی شانۆی کوردی زۆر گفتوگۆی لەسەر کراوە و لەسەر دەکرێ. هەر لەم رووەوە، لێرە و لەوێ هەندێ کەس باسی شانۆی «هاوردە» و شانۆی «کوردی» دهکهن، زاراوەکان تێکەڵاو دەکەن، بێ هیچ بنەمایەکی زانستی هەندێک نمایش بە شانۆی «هاوردە» لە قەڵەم دەدەن و هەندێک بە داهێنەری شانۆی «کوردی»! بێ ئەوەی لەم دوو زاراوەیە وردبووبنەوە و تێگەیشتنیان بۆی هەبێت.
«شانۆی هاوردە چییە؟»
مەسەلەکە زۆر ئاسانە، بە بۆچوونی من شانۆ هەر شانۆیە، ئەوەی ئێمە لە هەر فۆرم و شێوازێکدا نمایشی دەکەین، بەو بۆچوونە بێت کە ئاماژەی بۆ دەکەن، هەر هاوردەیە؛ چونکە زۆر بە ساکاری ئێمە داهێنەری هونەری شانۆ وەک هونەرێکی سەربەخۆ نەبووین و نین، بە پێچەوانەوە ئەم هونەرە لای ئێمە زۆر تازەیە و سەرەتاکانی دەگەڕێتەوە بۆ بیستەکانی سەدەی رابردوو. شانۆی کوردی، لەم کۆنتێکستەدا چۆن پێناسە بکەین و بزانین چییە و دەبێ چۆن بێت؟
شانۆی کوردی بۆ ئەوەی شانۆیەکی کوردی بێت، دەبێت پێش هەموو شتێک بە«زمانی کوردی» نمایش بکرێت، هەرچۆن شانۆی سویدی بە سویدی و شانۆی ئینگلیزی بە ئینگلیزی و شانۆی فارسی بە فارسی و شانۆی عەرەبی بە عەرەبی… هتد نمایش دەکرێن. زمانیش، وەک مەرجێکی سەرەکی هەر بەتەنیا بۆ رەوتە شانۆییەکە گرنگ نییە، بەڵکو ئامڕازێکی گەلێک گرنگی گەیاندن و پەیوەندییکردنە بە بینەرانەوە؛ شانۆ بێ بینەر ناژی و بۆ ئەوەی بژی دەبێت بە شێوەیەکی سەرەکی بە زمانی بینەرەکانی بێت، بێگومان فۆرمێکی تریش لە شانۆدا هەیە، کە زمانی جەستە و تەکنیکێکی فیزیکی فۆرم و شێوازی کارەکەیە. ئەمەیان شتێکی ترە و لێرەدا نامانەوێ بچینە سەری، بۆ ئەوەی لە باسە سەرەکییەکە لانەدەین.
زۆر بیروڕای جیاواز هەن، کە هەر یەک بە ئاوازێک دەخوێنێ، بەڵام بۆ من بەم شێوەیەیە: کە دەڵێین شانۆی کوردی، مەبەست ئەوە نییە ئەم شانۆیە تەنیا دەقی خۆماڵی پێشکەش بکات، بێگومان دەقی خۆماڵی بنەمایەکی گەلێگ گرنگ و پێویستە بۆ شانۆی کوردی و من بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی دەکەم. زۆر لە شانۆ گرنگەکانی دنیاش، شانۆنامەنووسی تایبەت بە خۆیان هەبووە و ئەم شانۆنامەنووسانە نەک هەر رەوتی شانۆکەیانی پێکهێناوە، بەڵکو بۆتە هۆی دروست بوونی شانۆکەیان؛ شانۆی «هونەری مۆسکۆ» نموونەیەکی زیندووە، گەر شانۆنامەنووسێکی بەسەلیقە و بەتوانای وەک چێخەف نەبووایە، هەرگیز «ستانیسلاڤسکی» نەدەگەیشتە ئەو ئاستە و شانۆکەیش تەمەنی هێندە درێژ نەدەبوو.
مەسەلەکە روویەکی تریشی هەیە، کە بۆ من و لەم رووەوە زۆر گرنگە، بۆ نموونە شانۆی ئەمەریکی تەنیا شانۆنامەنووسە ئەمەریکییەکان، یۆژین ئۆنێل و تینسی ولیامز و ئارسەر میللەر نییە، بەڵکو شانۆی ئەمەریکی(چێخەف و ئیبسن و ستریندبێرگ و شەکسپیر و هتد….) نمایش دەکەن، کە ئەمەریکی نین. شانۆی رووسی، تەنیا چێخەف و مەکسیم گۆرکی و شانۆنامەنووسە رووسە کۆن و نوێیەکانی خۆیان نییە، بەڵکو شانۆنامەی هەموو نووسەرانی تری دنیا، لەژێر چەتری شانۆی رووسیدا کۆدەکەنەوە و بە ناوی شانۆی رووسییەوە پێشکەشی دەکەن، بەهەمان شێوە شانۆی سویدی تەنیا ستریندبێرگ نییە، هەر باسی پادشاکانی سوید و مێژووی سوید و کۆمەڵگەی سویدیی ناکات، بۆ نموونە: چەندە ستریندبێرگ و لاش نۆرێن نمایش دەکەن و بۆ شانۆکەیان گرنگە، هێندەیش (شکسپیر، برێشت، ئیبسن، هارۆڵد پینتەر، چێخەف، میللەر، گۆرکی… هتد)، نمایش دەکەن و بە هەمووی دەوترێت شانۆی سویدی، لەبەر ئەوەی بە زمانی سویدی نمایش دەکرێن.
شانۆ چەندە هونەرێکە بەر لە دووهەزار ساڵ لە رۆژئاوا، بەتایبەت لە یۆنان دروست بووە، چەندە ئەو فۆرمە دێرینەی خۆی تا ئێستا پاراستووە و وەک خۆی ماوەتەوە، هاوکات زۆربەی شانۆنامەنووسەکانیش هەر لە ئەوروپاوە هاتوون، هێندەیش هونەرێکی جیهانییە و دیاردەیەکی شارستانییە و هونەرێکە وابەستەی خەون و ئازارەکانی هەموو مرۆڤێکە لە هەر سووچێکی دنیادا بێت. هەموو کەسێک و میللەتێکیش ئەو فۆرمە شانۆییە، بۆ مەبەستەکانی خۆی، جا ئەو مەبەستانە هونەری، سیاسیی، کۆمەڵایەتی یان تەنیا مەسەلەیەکی چیژ و کات بەسەربردن بێت، بەکاردەهێنێت و سوودی لێ وەردەگرێت. ئەو تەکنیکەی ئەمڕۆ، ئێمەیش لە شانۆکانماندا بەکاری دەهێنین، لەڕێی «دەرهێنان و نواندن و پێکهێنەرەکانی تریشەوە»، جا بۆ دەقێکی کوردی و خۆماڵی بێت، یان دەقێکی شانۆیی جیهانی، جیاوازیی نییە؛ هاوردەیە و ئێمەیش وەک هەموو شانۆکارانی دنیا ئەو هونەرە هاوردەیە بەکاری دەهێنین و سوودی لێ وەردەگرین. هەر لەم رووەوە دەتوانین باس لە ئەڵتەرناتیڤەکانی خوێندنەوە بکەین، کە هەموو سنوورەکان دەسڕێتەوە و شتێک نامێنێ بەناوی شانۆی کوردی و شــانۆی هــاوردەوە، بـــۆ نموونە: شـــانۆنامەنووسێــک، شانۆنامەکەی دەنووسێت، بەڵام لە کاتی نمایشدا دەرهێنەر و ئەکتەرەکان، هەر وەک ئەوە وایە، کە شانۆنامەیەکی تریان پێشەکەش کردبێت، رەخنەگرەکانیش لەسەر شتێکی تر دەنووسن. ئهم قسەیە ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە، کە دەقی هەموو شانۆنامەیەک چەندین ئاستی جیاواز لەخۆ دەگرێت و دەکرێ لە چەندین دیدی جیاوازەوە ڕاڤە بکرێت و بخوێندرێتەوە. دیالۆگەکان لەسەر رووپەڕی کتێبەکان نووسراون، جا ئەو شانۆنامەنووسە بە هەر زمانێک نووسیبێتی، بەڵام وشەکان لەسەر شانۆ و لە کاتی بەرجەستەکردندا، لە بارودۆخێکی تر و ژینگەیەکی تردا دەگوترێن و لە زۆر رووەوە کەسایەتییەکان، کارەکتەر و رووداوەکانیش بە شێوەیەکی کردەیی لە پرۆسەی کارەکەدا روون دەکرێنەوە.
خودی لایەنە کردەییەکە، مەبەست هونەرەکەیە، وەک ئاماژەم بۆ کردووە، داهێنانی ئێمە نییە، بەڵام بۆتە ئامڕازێک، نەک هەر بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ هەموو دنیا، تا بۆ خەم و خولیاکانی خۆمان بەکاری بهێنین، هەر ئەوەش گەوهەری مەسەلەکەیە!

