نامەی موحسین مستەفاپور

سوپاس مامۆستا گیان

زۆر بۆم بەکەلک بوو.

ئەوەی ڕاستی بێت، من هەرشتێک کە لەسەرشانۆ، جاخود مێژووی شانۆ بوو بێت،دەقێکی زانستی شانۆ بوو بێت، شانۆنامە بوو بێت، تەنانەت لەزانکۆش و… هتد، هەر هەموویم بەزمانی فارسی خوێندۆتەوە.

ئەمە یەکەم جار بوو وتار و تێکستی زانستیم لەسەر شانۆ بە زمانی کوردی خوێندبێتەوە. لەبەر ئەم هۆیە، لەکاتی خوێندنەوەی تێکستی جەنابتان کەمێک سەرم لێ شێوابوو لە تێگەیشتنی تەواوم بۆ مەسەلەکان.

بەڵام ئەو شێوازەی کە ئێوە سەیری ڕووداوەکانی شانۆنامەنووسیتان لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا کردبوو زۆر سەرنجڕاکێش بوو بەلامەوە.

بێگومان دەبێت ئەوەیش بڵێم کە تێگەیشتن لە کارەکتەری  قووڵی هونەری ئێوە کارێکی ئاسان نییە. بەتایبەت کە من مانگێک زیاتر ئەبێ بە چەن هاوڕێم سپاردووە ئەگەر چوون بۆ هەولێر هەرکام لەدەقەکانی ئێوەیان دەستکەوێت بۆم بێنن.

تا ئێستا تەنیا یەکێک لە دەقەکانی ئێوەیان دۆزیوەتەوە کە هاوڕێیەکەم بۆی بردوومەتە پیرانشار و دەبێ کاتێک خۆم چوومەوە، لەگەڵ خۆم بیهێنم بۆ تاران.

هەڵبەت مامۆستا گیان بەگشتی ئەوەی من لە کوردستان دەیبینم، ئێمە کەسایەتی ڕەخنەگر یان مێدیایی بەهێزمان نیە کە بتوانن لەسەر هەر جۆرە کارێکی شانۆیی، جا شانۆنامە یان تێکستێکی زانستی یان… هتد، کە لە کوردستاندا و بەزمانی کوردی کاردەکرێن، ڕەخنەگرانە بەو شێوەی کە لە هەموو جیهاندا دەیبینین، بتوانن دەقێکمان بۆ زەق بکەنەوە یان بچنە ناو وردەکارێکانی تەکنیکی و هزری و فەلسەفی کارێکی شانۆیی. شانۆنامەکانی ئێوە دەبووایە تا یێستا بە دەیان کەس دەربارەیان نووسیباو لە هەموو کوردستاندا بە ئاسانی دەستکەوتبا . ئەوەیان کەمێک ئازاری دام کە بۆچی دەبێت ئێوە خۆتان لەبارەی کارەکانی خۆتان دا بنووسن. هەڵبەت ڕەنگە کەسیش ئەوەندە بوێر نەبێت کە ئەو کارە ئەنجام بدات

ئەو خاڵانەی ئاماژەتان پێکردبوو ئیجگار بۆ من جێگای سەرنج بوو. بەتایبەت ئەوەی کە، لە ئێران دا، کاتێک باسی بابەتێکی شانۆیی دەکرێت، باسەکە تەنیا یان دەگەڕێتەوە سەر بەشی دەرهێنەر، یان بەتەنیا جیهانی شانۆنامەنووسەکان دەخاتە ناو بازنەی باسەکە یا بەهەمان شێوە ڕەنگە پێوەندی بدەنەوە بە بەشی ئەکتەری لە شانۆدا. ئەو دەقەی ئێوە هەمووی ئەوانەی لەیێکتر گرێداوەو و بە شێوەیێکی جیا لەبارەی هەرکامیاندا نادوێت هەمووی ڕەوتی گشتی شانۆتان بەیەکەوە بینیوە. کاریگەری دەرهێنەر لەسەر شانۆنامەنووس و پێچەوانەکەی، ڕوانگەی ئاڕتۆ لەسەر ئەکتەر و کاریگەری لەسەر شانۆنامەنووسان و دەرهێنەرانی دوای خۆی. کاریگەری بیکێت لەسەر شێوەی کەلک وەرگرتنی لە جێگ او کات و زمان، لەسەر هەموو بەشەکانی تری شانۆ. بەڵام ئەوەی لە ئێراندا دەیبینین بەوشێوەیە نیە بەداخەوە، لێرە ئەگەر باسی برووک دەکرێت تەنیا کەمێک باسی ئاڤینیۆن و ڕوانگەی برووک سەبارەت بە پەروەردەکردنی ئەکتەر و تەواو. ئیتر برووک گرێنادرێتەوە بە شانۆنامەنووس یاخود بیکێت تەنیا لە ڕوانگەیەکی تایبەتەوە باسی لەبارەیەوە دەکرێت «بۆ نموونە ئەنترۆپی لەناو دەقەکانی بیکێت، یان لاشوێنی دە جیهانی بیکێت» دا و هیچ باس لەسەر جەستەی ئەکتەریش نیە دە باسەکەدا.

ئەو شێوە تێڕوانین و ئەزموونگەرییەی ئێوە لە سەرەتای فام کردنی ئارتۆ و بیکێت و…هتد و دە دواییش دا بینینی شانۆی ئەوروپی و پاشان دیتنی دەرهێنەرەکان و نمایشەکانیان ئەزموونی دراماتورگی و لە کۆتاییدا شێکاریتان بۆ شانۆنامەنووسی ئەورووپی بۆ من زۆر بەسوود و بەرنخ بوو.

زۆر سوپاستان دەکەم مامۆستا گیان کە ئەو دەقەتان بۆ من نارد و ئەگەر دەوڵامدا شتێکم گوتبێت کە هەڵە بووبێت ئەوە بە گەورەیی خۆتان دەبێ بمبوورن.

ڕێز و خۆشەویستی بێبڕانەوە

موحسین مستەفاپور

١٤/٨/٢٠٢٥

تاران