ڕۆبەرت ویڵسۆن (١٩٤١- ٢٠٢٥)
دەرهێنەر و سێنۆگراڤەر و هونەرمەند و ئەندازیاری ئەمەریکی ڕۆبەرت ویڵسۆن، لە تەمەنی ٨٣ دا کۆچی دوایی کرد. یەکێک لە گەورە هونەرمەندەکانی ئەم سەدەیە، کە هونەری شانۆیی بە شێوەیەکی تەواو گشتگیر نوێ کردەوە و گەیاندیە ئاستێک، ببێتە خەونێک، کە بۆ نموونە ئارتۆ، پێوەی دەبینی.
بەرکەوتنی یەکەمجاری من لەگەڵ ئەم دەرهێنەرە لە دانیمارک بوو، ویڵسۆن ماوەیەک لە کۆپنهاگن بوو. جگە لە نمایشێکی شانۆیی، پێشانگایەکی کردبووهوه، لەو پێشانگایەدا، بۆ نموونە کورسییەکی زۆر جوانی لە لاپەڕەی ههزاران ڕۆژنامە دروستکردبوو، کە لە شوێنێکی دیاری هۆڵی پێشانگاکەدا، وەک کورسی پادشایەتی دانرابوو. هێندە بە کورسییەکە سەرسام بووم، زۆر بێ ئاگایانە لەسەری دانیشتم، تا چاودێرەکانی پێشانگاکە ئاگادارییان نەکردمەوە هەڵنەسام. هەمان ئێوارە شانۆنامەی “ڤۆیتسەک”ی گیۆرگ بویشنەرم، لە دەرهێنانی ویڵسۆن بینی. نمایشێک، کە بە هیچ شێوەیەک لەوەوبەر کاری وام نەدیبوو. دوای ماوەیەک هەمان نمایشم لە ستۆکهۆڵم بینییەوە، کە لە دانیمارکەوە بەسەردان هاتبوون بۆ سوید. دواتر ئەم دەرهێنەرە بلیمەتە دووجاری تر لە ستۆکهۆڵم و شانۆی شار کاری کردووە، سەرەتا “خەونەنمایشێک”ی ستریندبێرگ لە ساڵی ١٩٩٨ و دواتریش “سێ خوشک”ی چێخەف-ی لە ساڵی ٢٠٠١ دا خستۆتە سەر شانۆ. ئەو دەرفەتەم بۆ ڕەخساوە ئەم نمایشانە و چەند نمایشێکی تری لەسەر شانۆکانی بەرلین و پاریس ببینم. دواتر نمایشی “خەونەنمایشێک” بە گەشتێکی هونەری لە ئەمەریکا، لەندەن، مۆسکۆ، زۆربەی شارەکانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئوسترالیا نمایش کرایەوە.

ویڵسۆن ٣١ی مانگی ٧ی ئەم ساڵ لە تەمەنی ٨٣ دا، دوای تێکچوونێکی کتوپڕی تەندروستی لە نیۆرک کۆچی دوایی دەکات. ئەو تاقیگە هونەرییەی ویڵسۆن خۆی لە ساڵی ١٩٩٢دا دایمەزراندووە، هەواڵەکەیان بڵاو کردەوە. ئەوانەی کاریان لەگەڵ کردووە دەڵێن، ویڵسۆن هونەرمەندێکی بەدیقەت بووە، کە لەنێو فۆرمێکی تەواو داڕێژاوەوە سەربەستیەکی تەواوی داوە بەو ئەکتەر و گۆرانیبێژ و سەمازانانەی کاری لەگەڵ کردون. ئەمەیش پوختەی ئەو چهمکه ئێستاتیکایە بووە، کە ڕۆبەرت ویڵسۆن کاری لەسەر کردووە. دوا کاری ویڵسۆن، کە لە ستۆکهۆڵم بینومە، “ماریا ستۆوارت” بوو بە فەڕەنسی، کە ساڵی ٢٠٢٣ لەسەر شانۆ پادشایەتی نمایش کرا. نمایشەکە لەسەر شانۆیەکی تەواو بۆش پێشکەش کرا، ئەوەی بینەرانی تووشی سەرسامی کردبوو، دیزاینی ڕووناکی بوو، کە دەتوانم بڵێم ئەفسوونێکی بێ وێنە بوو، لەم ڕووناکییە تایبەتمەندەدا، ژوورێکی بۆ جووڵە و دەنگ و ڕەنگ دروست کردبوو، کە گۆریۆگراڤیایەکی هێندە بە دیقەت بوو، هیچ شتێک لەو فۆرم و شێوازە ئێستاتیکییەدا بۆ ڕێکەوت بەجێ نەهێڵرابوو. هەندێ جار هەموو فۆرمەکە دەبووە ڕوونمایەک، یان شێوەیەکی بەرجەستەکراو لەسەر فۆندێکی ڕووت. لەم فۆرمەدا کارەکتەرە ژنەکە، کە ڕۆڵی شاژن ماریا ستۆوارتی دەبینی، لە تەقەلایەکی گەورەدا بوو بەرەو ئەو چارەنووسەی چاوەڕوانی دەکرد. لە کۆتایی نمایشەکەدا ویڵسۆن هاتە سەر شانۆ و سەری ڕێزی بۆ چەپڵە ڕێزانی بینەران دانەواند.
ڕۆبەرت ویڵسۆن لە تەکساس لەدایک بووە، سەرەتا هونەری وێنەکێشان و دواتریش بیناسازی دەخوێنێ و لە شەستەکاندا دەبێتە ئەندامی گروپە ئەڤانتگاردەکانی نیۆرک. سەرەتا نمایشەکانی بە ئۆپێرا و مۆسیکاڵ ئاماژەی بۆ دەکرا، دواتر بە هونەرێکی گشتگر. ویڵسۆن بۆ هەر پڕۆژەیەک، کە دەستی پێکردووە، ڕەشنووسێکی بە وێنەی بۆ کارەکە کردووە و بنەمای هەموو کارەکانی لەو وێنانەوە دەست پێکردووە. ساڵی ٢٠٠٩ لە شانۆی گەل لە سوید، وەک دراماتۆرگ کارم دەکرد، بە سەردانێک لە بەرلین بووین و میوانی برلین ئەنسامبل بووین، کە لەو کاتەدا ڕۆبێرت بیڵسۆن “ئۆپێرای دوانزە قورشی” برێشت-ی نمایش دەکرد، دوای بینینی نمایشەکە لەگەڵ دراماتۆرگەکانی برلین ئەنسامبل کۆبووینەوە و باسی کارەکەیان کرد، کە دوو دراماتۆرگی بە توانا و زیرەکیان لەگەڵ ستاڤەکەی ڕۆبەرت ویڵسۆن و بۆ یاریدەدەری داناوە، تا گەر لە ڕێگای برێشت لایدا، ئەوان بیهێننەوە سەر ڕێگا. ئەڵمانییەکان زۆر ورد و بەرپرسن، لەوەی دەبێ برێشت و ئەو کولتوورەی برێشت بەجێی هێشتوە، وەک خۆی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
گەر بگەڕێنەوە بۆ سەر شێواز و فۆرمی ئەو ئێستاتیکایەی ڕۆبێرت ویڵسۆن کاری لەسەر دەکرد و بنەمایەکی گرینگی کارەکانی بوو، کۆریۆگراڤی، مەبەست هەندسەی جووڵەیە، ڕووناکی و دەنگە، کە پێکەوە یەکەیەکی بینراوی ئێستاتیکیان بۆ کارەکانی پێک هێناوە و سنوورەکانی هەموو هونەرەکانی بەزاندوە، تێکەڵاوی کردوون و شتێکی تری لێ دروست کردون.
هەچەندە کارەکانی ڕۆبەرت ویڵسۆن لای هەموو جۆرە بینەرێک جێگای ستایش نەبووە، بەڵام ئەو ستاڤ و ئەکتەرانەی کاریان لەگەڵ کردوە، هەروەها بەشێک لە بینەرێکی زۆری جیهان، بەتایبەتی ئەوروپا و ئەمەریکا، بە پەرۆشەوە بەرەوڕووی کارەکانی دەڕۆیشتن.

