ژن و منداڵەکان لە تایکیدا، بەسەرهاتی جەنگێک لە ژیانی ڕۆژانەدا
“ژن و مندڵەکان لە تایکیدا” نمایشێکە لە قووڵایی جەنگەوە باسی جەنگمان بۆ دەکات، ئەو جەنگەی هیچ لایەک براوە نین و هەمیشە هەموو لایەنەکانی جەنگ، ئەوانەی براوەشن، هەر دۆڕوان. لەم نمایشەدا، سەر شانۆکە بە ٤٥ تۆن لم داپۆشراوە؛ بینەران بە تاریکی، بە زەحمەت بە نێو ئەو لمەدا دەڕۆن و جێگاکانی خۆیان دەدۆزنەوە. دواتر لە ژێر ڕووناکییەکی کزدا، سێ دەنگ لەو شانۆ گەورەیەدا، لەو پانتاییە بۆشە بە لم داپۆشراوەدا دەبیسترێ، هێدی هێدی کەسەکانیش لەنێو ئەفسوونی ڕووناکی/تاریکیدا دەردەکەون و باسی شەڕی ئۆکرانیامان بۆ دەکەن. کەسەکان، یاوەخود کارەکتەرەکان ژیانی ڕۆژانەی خۆیان، لەنێو جەنگێکی بێ مانادا بەڕێدەکەن: ئاو، گەرمی ناو ماڵەکان، کارەبا و پێداویستییە ساکارەکانی ژیان نامێنێ. جەنگ چی لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئاسایی دەکات؛ ئەوەی لەم نمایشەدا گرینگە، ژیانی ڕۆژانەی خەڵکییە لە ژێر ڕاکێت و درۆن و بۆمبارانی ڕۆژانەدا، نەک سەباز و بەرەکانی جەنگ. ئەو لمەیش، کە تەواو سەر شانۆکەی بە چڕی داگیر کردووە، جووڵە و پەیوەندییەکانی ئەکتەرەکانی سەخت کردوە و بە ئاسانی ناتوانن بجووڵێنەوە، ئەمەیش سمبولێکە بۆ سەختی ژیانی ڕۆژانەی ئەو کەسانەی، ڕۆژانە لە ژێر ترسی بۆمباباران و دەنگی فرۆکەی جەنگی و درۆنەکاندا دەژین.
دەقەکە لەلایەن دوو خانمە شانۆنامەنووسی گەنجی ئۆکرانییەوە “ئیرینا سێربریاکۆڤە” و “ماشە دێنیسۆڤە” دوای هێرش و داگیرکارییەکانی سوپای ڕووسیاوە بۆ سەر ئۆکرانیا نووسراوە. خودی دەقەکە بە شێوەیەکی دۆکیومێنتاری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی چەند ژنێک نووسراوە، کە جەنگ چی لە ژیانی ڕۆژانەیان دەکات. ئەم شانۆییە، کە لە دەرهێنانی “لاش ڕودۆڵفسۆن”ە، لەگەڵ کتێبی “تامەزرۆیی ئەندرێ”ی نووسەری سویدی “باربرۆ لیندگرێن” لێک گرێ دراوە و بە شێوەیەکی دراماتۆرگی پێکەوە چنراون. کتێبەکەی “لیندگرێن” باسی ئەندرێ و ڤوڤەی هاوڕێی دەکات، کە لە یەکێک لە شوێنەکانی داڵدەدانی منداڵانی بێ دایک و باوکان، لە شاری “سانتپێتەشبۆری” ڕووسیا ڕادەکەن. ئەم پێکەوە گرێدانی دەقە شانۆییە و ئەم کتێبە، لەم نمایشەدا، قووڵبوونەوەیەکی دراماتۆرگی و درامیشە بۆ کارەساتەکانی ئەم جەنگە، بە تایبەتی لەو ڕووەوەی، کە منداڵە ئۆکرانییەکان ناچار دەکرێن، بێ ویستی دایک و باوکیان بفڕێندرێن بۆ ڕووسیا.
مەبەستی “لاش ڕودۆڵفسۆن”، کە یەکێکە لە دەرهێنەرە هەرە باشەکانی سوید و هەمیشە دیدێکی مۆدێرن و ئەزموونگەری بۆ دەرهێنانی شانۆیی هەیە، لە بەرکەوتنی بینەراندا ئەوەیە، هەست بە هێزی تاریکی بکەن، تاریکییەکی ترسناک، کە دەنگی ڕاکێت و تەقینەوە و فڕینی درۆنەکان، لەگەڵ خۆیان دەیهێنن: شوێنەکان چ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا دێت، دەنگ بە چ شێوەیەک چڕ دەبێتەوە، هەستی بینین و بیستن لە تاریکیدا چییان بەسەردا دێت. لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا، مرۆڤەکانی نێو ئەم تاریکییە، لەگەڵ هەموو بەربەست و مەترسییەکاندا، هەوڵی ئەوە دەدەن یەکتری بدۆزنەوە و تۆزێک رووناکی پێکەوە بەش بکەن. یەکەم پرسیاریش ئەوەیە، ئایا دەکرێت، لەناو تاریکیدا، نمایش پێشکەش بکرێت.
“ژن و منداڵەکان لە تایکیدا”، وەک نمایش لەنێوان دۆکیومێنتارێکی ڕیالیزمی و ڕیالیزمێکی ئەفسوونیدا، لەنێوان دەنگی درۆن و تەقینەوە و چیرۆکە دێرینەکانی گوێ ئاگرداندا دەسوڕێتەوە و لەناو تاریکیدا واقیعێکی ترمان بۆ بەرجەستە دەکات، کە ترسناکە و پڕ لە کارەساتە. لەم نمایشەدا، بێدەنگی چیرۆکمان بۆ دەگێڕێتەوە، ڕووناکی بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دێت و دەڕوات، لەگەڵ پچڕاندنی هەموو جارێکی ڕووناکیشدا، ژیانی چەندین کەس دەکوژێتەوە. بینەرانیش دەبنە بەشێکی گرینگ و ئامادە، لەم تابلۆ قێزەوەرەی جەنگدا، هەموو دەنگێک، جووڵانەوەیەک، تەنانەت هەناسەدانەوەیەکیش هەستی پێ دەکرێت و مەترسی دروست دەکات.
کارەکتەرە ژنەکانی ئەم نمایشە ناتوانن و نایانەوێت لەم تاریکییە بێنە دەرەوە و ڕووبکەنە وڵاتێکی تر، لەبەر ئەوەی لەوە دەترسن، هەرگیز جارێکی تر مێردەکانیان، منداڵەکانیان، دایک و باوک و کەس و کارەکانییان نەبیننەوە. جەنگ هەموو پەیوەندییەکانی نێوان خێزان و بنەماڵە و کەس و کار تێکدەشکێنێت. ئەم نمایشەش باس لەوە دەکات.

