دابڕان لە شانۆنامەی “بەرەو کەنار”ی دانا ڕەئووف دا
کوورش زارع ڕەمشتی (زانکۆی تاران)
ئەم توێژینەوەیە خوێندنەوەیەکی دیکانسترەکتیڤە[1] (خویندنەوەیەکی رووخێنەر و بونیاتنەر)ە، بۆ چەمکی دابڕان لە شانۆنامەی (بەرەو کەنار)ی دانا ڕەئووفدا. جیا لەوەی دابڕان وەکوو چەمک لە بەرامبەر بەردەوام بووندا ڕادەوەستێت، دەتوانین وەکوو ئەو چەمکە سەرەکییە بیبینین، کە دەقەکەی دانا ڕەئووف دەیەوێت لێکی بداتەوە. ئێمە لەگەڵ دەقێکدا ڕووبەروو دەبینەوە، کە جیا لەوەی چیرۆکی دابڕانمان بۆ دەگێڕێتەوە، لە هەوڵی دابڕاندایە لە شانۆنامەی باو. دابڕانی دەق لە شانۆنامەی باوی سەردەم، گرێ دراوە بە شێوەی گێڕانەوەی چەمکی دابڕان لە دەقەکەدا.
ئەم دەقە چیرۆکی کۆمەڵێک ئافرەتمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە خەریکی هەڵاتن و دابڕانن لە ژیانی خۆیان. پێنج ژن بە یەختێک خەریکن بەرەو داهاتوویەکی تازە و دەستپێکێکی تازە دەڕۆن. بە یەکجاری دەیانەوێت ماڵئاوایی لە ژیانی خۆیان بکەن و کۆچ بکەن بۆ وڵاتێکی تر و خۆیان لە ڕابردوویان دابڕن، بەختی ڕەشی خۆیان بپچڕێنن. یەکێک لەو توخمە باوانەی، کە ئەم دەقە لێ دابڕاوە، پرۆتاگۆنیستە[2]. واتا ئێمە ناتوانین بڵێین کام کەسایەتی لەم دەقەدا، کەسایەتی سەرەکییە. ئەمە بۆخۆی تەنها یەکێکە لە تایبەتمەندیەکانی دەقی تازەی ئەم سەردەمەیە. (بەرەو کەنار) دەیەوێت بە دانەنانی کارەکتری سەرەکی، ڕیزبەندی دەنگەکان[3] کە یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی شانۆنامەی باوە لە ناو ببات. بەڵام چەمکی دابڕان چەمکی ناوەندی ئەم شانۆنامەیە نیە. باشتروایە بڵێین ئەم شانۆنامەیە باوەڕی بە چەمکی ناوەندی نیە و بە پێچەوانەوە ئەم شانۆنامەیە خەریکە بە شێوەکی ڕووخینەر و بونیاتنەر لە سەر ئەم چەمکە دەکۆڵێتەوە. لێکۆڵێنەوە، دەتوانین وەکوو سەرەکیترین تایبەتمەندی دەقی سەردەم ناو بەرین. واتا دەقی سەردەم دەیەوێت بە لێکۆڵێنەوە باوەڕی باو و گونجاو بخاتە ژێر پرسیارەوە. بۆیە دەتوانین بڵین دەقی سەردەم بانگەشەی وەڵامی پرسیارەکان ناکا. هەروەها ئەو پرسیاری تازەی پێیە، یان لە پرسیارەکاندا قووڵتر دەبێتەوە. با بزانین ئەم دەقە توانیویەتی ئەم کارە بکاو ببێ بە دەقێکی کراوەی پرسیاری[4]. هەروەھا کە پێشتر ئاماژەی بۆ کرا، ئەم شانۆنامەیە چەمکێک وەکوو چەمکی ناوەندی نەخستوەتە بەردەست، بەڵکوو هەوڵی داوە دیالکتیکی نێوان هەر چەمکێک لەگەڵ بەرامبەرەکەیدا ئاشکرا بکا. بۆیە ئیمە لێرە پێش هەر شتێک دووانە لێکدژەکانی[5] ناو دەقەکە پیشان دەدەین و ئینجا باس لە سەر ئەوە دەکەین، کە دەقەکە چۆن هەوڵی داوە دیالکتیکی نێوان ئەم دوانانە ئاشکرا بکا. لە خشتەکەی خوارە ئەو دوانانەی، کە دەق ڕاستەوخۆ ئاماژەیان پێدەکا خراونەتە بەردەست:
کەنار | زەریا |
ڕابردوو | داهاتوو |
پیاو | ژن |
یادەوەریەکان | ئاواتەکان |
وڵات | هەندەران |
یەکەم دووانە، دووانەی کەنار و زەریایە. ناوی دەقەکە بۆخۆی یەکەم هەوڵە بۆ پێکهێنانی دەقێکی پرسیاری. ئینجا چۆن؟ ناونیشانی “بەرەو کەنار” هەوڵی دەدات کەنار نەکاتە ئامانج و ناوەندی دەق، کاتێک وشەی “بەرەو” دەبینین دیارە لە شوێنێکداین، کە کەنار نیە، واتا زەریا. واتا ئەو ڕۆڵەی وشەی بەرەو دەیگێڕێ سازکردنی پەیوەندیە لەنێوان دووانەکەدا (زەریا و کەنار) هەر بۆیە کەنار نابێتە چەمکی ناوەندی.
بەرەو |
زەریا |
کەنار |
ئاوەها ناونیشانێک بە بێ ئەوەی ناوی بەرامبەرەکەی کەنار بێنێ، ئاماژەی پێدەکا. واتا دەق دەزانێ، کە لە نەبوونی زەریادا، کەنار بێمانایە. ئینجا نایەوێت تەرکیز بخاتە سەر یەک لەمانەوەی ئەویتر و لە پێگەیەکی خوارتردا دایبنێت. بەم شێوە دەق لە هەمان دەستپێکدا دژەناوەندی خۆی لە گێڕانەوەدا[6] ڕادەگەینێ. جیا لەمە ئەم شانۆنامەیە وەک دقی پرسیاری دەیەوێت تۆکمەیی مانا بخاتە ژیر پرسیارەوە. لەم شێوە پەیوەندیی سازکردنە لەنێوان ئەم شانۆنامەیەدا زۆر کراوە.
لە ژیر دووانەی زەریا و کەناردا هەموو ئەو دوانانەی ئاماژەی پێکرا دەتوانین کۆبکەینەوە. ئەڵبەت ئەمە خۆدی دەقە، کە ئاوەها دەرفەتێکمان دەداتێ. بۆیە ڕابردوو، پیاو، یادەوەرییەکان و وڵات لە ژێر وشەی کەناردا کۆ دەبنەوە و بەرامبەرەکانیان دەبنە داهاتوو، ژن، ئاواتەکان و هەندەران لە ژێر ناوی زەریادا. لێرەدا ئاشکرای دەکەین، کە دەق چۆناوچۆن هەوڵی بۆ دژەناوەندبوون و سەقامگیری یان تۆکمەیی مانا داوە. پێنج ژن لەنێو زەریادا خەریکن وڵات بە جێ دەهێلن بۆ ئەوەی لە کەنارێکی تر، واتا لە هەندەراندا و لە داهاتوودا بگەن بە خەونەکانیان. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە، کە ئەوان هەموو ئەوشتانەی کە دەیانەوێت لێیان دابڕن، لەگەڵ خۆیان هێناویانە. بۆ نموونە ئەوان بەردەوام ئاماژە بە بیرەوەرییە تاڵەکانی خۆیان دەکەن و هێشتا دانەبڕاون لە وڵات و پیاوەکانی ژیانی ڕابردوویان. لە داهاتوودا ئەم دووانە لێکدژانە بە وردی شی دەکەینەوە.
کەسایەتیەکانی ئەم شانۆنامەیە هەر هەموویان ئاماژە بە ڕابردوویان دەکەن، ئەگەرچی هەندێکیان زۆرتر و هەندێکیان کەمتر، بەڵام ئەو شتەی ئاشکرایە ئەوەیە، کە چەند ژنێکی دابڕاو لە ڕابردوویان هێشتا بە گێڕانەوەی ڕووداوەکانی پێشوو خەریکن، بە پێچەوانەی ویستی خۆیان و ئاراستەی یەختەکە دەگەڕێنەوە بۆ ڕابردوو. کەواتە دەق ئاماژە بەوە دەکا، کە داهاتوو بە بێ ڕابردوو ناتوانێ بوونی هەبێ. هەوڵێکی ئاشکرا، کە ناهێڵێ بەردەنگیش باوەڕێکی لەو شێوەیە لا دروست بێ، کە یەکێک لەمانە لەویتر گرینگ ترن.
بەڵام پرسیارێک، کە لێرە دێتە ئاراوە ئەوەیە کە ژن ناوەندی دەقەکەیە و پیاو بەتەواوەی لێرە بوونی نیە، بەڵام ڕاستیەکەی پیاو تەنها بە جەستە لە دەقەکەدا بوونی نیە. مەبەستم ئەو چەند دەنگە نیە، کە لە لایەن پیاوەکانەوە دەبیسترێ. ئەم پیاوانە وەکوو هۆکاری سەرەکی کۆچ کردنی ئەم ژنانە ئاشکراو دیارن. هەروەها لە گێڕانەوەکانیشدا ئامادەبوونێکی بەرچاویان هەیە. واتە پیاو لە دەقەکەدا ئامادەبوونێکی نادیاری هەیە. بەڵێ ئەم دەقە چیڕۆکی ژنانە و هی پیاوانیشە. بۆیە دەتوانین بڵین ژن ناوەندی ئەم دەقە نیە. ئەمە ئەگەر خواست ویستی دەقەکەش بێ، وا دەر نەچووە. ئەڵبەت دەقێک، کە بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدا کە چەمک یان بابەتێک نەکاتە ناوەندی گێڕانەوە، لەوە ناچێ ویستبێتی ژن وەکوو بابەتی باڵادەست پیشان بدا.
لە مابەینی بیرەوەریەکان و ئاواتەکانی کەسایەتیەکاندا دیسان دەق هەوڵ دەدا دیالکتیک پێک بێنێ، بۆ نموونە ژنی یەکەم بەردەوام باسی کچەکەی دەکا لە ڕابردوودا و دیسان بەتەمای داهاتوویەکە، کە بتوانێ کچەکەی بهێنێ بۆ لای خۆی و ڕزگاری بکا. ئەگەرچی ژنی پێنجەم دەڵێ:
ژنی پێنجەم: | دەبێت سەیری پێشەوە بکەین… بیرلە ڕابردوو نەکەینەوە و هیچ ئاوڕێک بۆ دواوە نەدەینەوە… (بەرەو کەنار: ل ٤٣) |
بەڵام ئەوەندەی پێ ناچێ، کە دەست دەکا بە گێڕانەوەی ڕابردوو و بیرەوەرییەکانی:
ژنی پێنجەم: | کە منداڵ بووم بە دزییەوە جلەکانی دایکمم لە بەر دەکرد. لە ژێر جلەکانیەوە هەستم بە چەندین جەستەیتر دەکرد… (بەرەو کەنار: ل ٥٦) |
ئابەم جۆرە دەق دەیەوێ پەیوەندی نێوان بیرەوەرییەکان و ئاواتەکان پیشان بدات و بڵێ ئەم دووانانە دژی یەک نین، بەڵکوو بونیاتنەری یەکن. واتا پێکەوە لە پەیوەندی دوولایەنەدان.
وڵات و هەندەران بە شیوەیەکی ڕاستەوخۆ ئاماژەیان پێ ناکرێ لە دەقدا، بەڵام دیارە ئەو کەنارەی لێوە هاتوون وڵاتی ئەو ژنانەیە، ئەو کەنارەش بە نیازن تێیدا بحەسێنەوە هەندەرانە. دەق چۆن پێمان دەڵێ، کە وڵات و هەندەران بونیاتنەری یەکن؟ دیارە دەق لە هێچکام لەمانەدا ڕوو نادا. ناتوانین بڵین ئەو زەریایە، کە یەختی ئەو ژنانەی تێدایە، لای ئەوان هەندەرانە یان وڵاتە. واتا زەریا نە ئەو شووێنەیە وا لێ دابڕاون، نە ئەو شوێنەیشە بەتەمان ڕووی تێ بکەن. ئەمە چی تێدایە؟ لێرەدا دەر دەکەوێ دەق وڵات و هەندەرانیش لە ژێر تیشکی جیاوازیدا دەبینێ. واتا نە وڵات نە هەندەران مانایەکی مسۆگەریان لای ئەم دەقە نیە. بە کورتی ئەوە وڵاتە مانا دەدا بە هەندەران و بە پێچەوانەشەوە.
لەکۆتاییدا، دەقی شانۆیی “بەرەو کەنار” دەقێکی پرسیارییە، کە نایەوێت وەڵامی هیچ پرسیارێک بداتەوە یان ڕاستییەکمان بۆ باس بکات. ئەم شێوە دەقانە بەدوای وڵامی پرسیارەکاندا ناگەڕێن، بەڵکوو دەیانەوێ ئێمە ڕووبەڕووی پرسیار بکەنەوە. هەروا، کە شی کرایەوە، ئەم دەقە دەیەوێ دژایەتی دووانەکان بخاتە ژێر پرسیارەوە. لە ڕاستیدا کاری زەق کردنەوەی ئەو تێڕوانینەیە، کە دووانە لێکدژەکان بۆنیاتنەری یەکترن. بۆیە مانایەکی مسۆگەر و بەردەوامیان نیە. واتا مانا بەردەوام لە پچران و دابڕاندایە.
[1] A Deconstructive Reading
[2] Protagonist
[3] Hierarchy of Discourses
[4] The Interrogative Text
[5] Binary Oppositions
[6] Decentralised Narrative