ستریندبێرگ، نووسه‌رێکی فره‌ به‌رهه‌م

,

نووسینی: ئەژین فەهمی


زۆر جار بیستوومانه، كه‌ نووسه‌ر، ده‌توانێت له‌ یه‌ك ژانردا قووڵ ببێته‌وه‌ و تیایدا سه‌ركه‌وتوو بێت. ئه‌و ژانره‌یش چیرۆك، ڕۆمان، یانژی شانۆنامه‌نووسین بێت. هه‌ر ته‌نیا فریای یه‌كێكیان ده‌كه‌وێت، به‌ڵام لێره‌دا هه‌ر ته‌نیا باسه‌كه‌م باسی نووسینه‌وه‌ی ژانره‌كان نییه‌، به‌ڵكوو باسی نووسه‌ری سویدی (ئاگۆست ستریندبێرگ) ١٨٤٩-١٩١٢ه‌، کە زۆر بوێرانە لە هەموو ژانرەکاندا، بە بەردەوامی کاری کردووە.

ستریندبێرگی فره‌ به‌رهه‌م، جگه‌ له‌ شانۆنامه‌كانی، ڕۆمان، چیرۆك، شیعر، لێکۆڵینەوەی زانستی و ڕه‌خنه‌یشی نووسیوه‌، بەڵام زیاتر بە شانۆنامەکانی لە جیهاندا ناسراوە. وەك دانا ڕەئووف لە کتێبی (ستریندبێرگ: بایۆگرافیا و ڕاڤەکردن‌) ئاماژەی بۆ کردوە،: (ستریندبێرگ یەکجار فرەبەرهەم بووە و هەموو فۆرم و شێوازەکانی نووسین: ڕۆمان، شیعر، کورتەچیرۆک، نۆڤێلت، شانۆنامە، پەخشان، ڕیپۆرتاژ، سەفەرنامە، گوتار، ڕەخنەی هونەری و ئەدەبی و لێکۆڵینەوەی مێژوویی تاقیکردۆتەوە. هەروەها دەسەڵاتێکی ئەفسووناویی بەسەر زمانەوە هەبووە، وا لە زمان و وشە و دەستەواژەکان دەکات و بە شێوەیەک بەکاریان دەهێنێت، وه‌ک تازە بن و هەرگیز لەوەوبەر، نە لە ئێستا و نە لە ڕابردوودا بەو شێوەیە بەکارنەهێنرابن. بە نووسین و داهێنانەکانی توانیویەتی زمانی سویدی و دراما و شانۆی جیهانی نوێ بکاتەوە و لەسەر ئاستی جیهان، چەندان دەرگا و هەلومەرجی تر و جودا بە ڕووی ئەدەب و هونەردا بکاتەوە. تا ئێستایش کۆی بەرهەمەکانی لە ٧٢ بەرگدا و نامەکانیشی لە ٢٢ بەرگدا چاپکراون.) بێگومان سه‌رقاڵ بوون به‌و هەموو ژانره‌‌ جوداوازانەوە سه‌لیقه‌یی گەورە و قووڵبوونەوەی گه‌ره‌كه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، بەڵکوو له‌ هه‌موویشی گرنگتر، ده‌ستبردن بۆ نووسینه‌وه‌ی چیرۆك، یان نووسینه‌وه‌ی ڕۆمان، کە لەو سەردەمەدا گرنگییه‌كی ئێجگار زۆری هه‌بووه‌، هەر بۆ نموونە ڕۆمانی (ژوورە سوورەکە) ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری دەبێت‌، هەروەها گاریگەری بەسەر ئەدەبی سویدییەوە دیارە‌. هەر لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێن: تا هه‌نووكه‌یش كاره‌كانی ئه‌و به‌ زۆربه‌مان ئاشنابوون و وەریشگێڕدراون بۆ سەر زۆربەی زمانەکانی دنیا.

جێگه‌ی باس و بیر لێكردنه‌وه‌یه‌، هه‌رچه‌ند ته‌مه‌ن چه‌نده‌یش درێژ بێت، به‌ڵام بۆ نووسه‌ربوون كه‌مه‌، بۆیه‌ ناكرێت، نووسه‌ر و هونه‌ردۆست بیت، بەڵام به‌ر بەرهەمەکانی ئه‌و كه‌ڵه‌ نووسه‌ره‌ نه‌كه‌وتبییت. هەرچەندە ستریندبێرگ، دوور له‌ دنیای نووسین پیاوێكی شه‌رمن بوو، به‌ڵام هه‌گیز ئەو شەرمنییە له‌ ده‌قه‌كانیدا ڕه‌نگی نەداوەتەوە و هەمیشە قەڵەمێکی ئازا و بوێر بووە و بێ سڵەمینەوە، چی ویستووە نووسیویەتی.

ستریندبێرگ بەوە ناسراوە، کە ڕقی له‌ ژن ده‌بووه‌وه‌ و هەرگیز بێ ژنانیش  هه‌ڵینه‌ده‌كرد، دەشێ بڵێم:  یه‌كه‌مین پیاوی ئه‌وروپی بووه‌، كه‌ سێ جار هاوسه‌رگیری كردوە و هەر سێ جارەکەیش جیابۆتەوە. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌باره‌ی ئەم نووسەرەوە بیڵێم، ئەوەیە: باسكردنی ژیاننامه‌ی وی و هه‌ڵڕشتنی ژیانی ئه‌و كه‌ڵه‌ نووسه‌ره‌ نییه‌، بەڵکوو نووسینه‌ جوان و پڕ بایه‌خه‌كانییه‌تی، کە کەم و زۆر کاریگەری بەسەر ئەدەبی جیهانییەوە هەبووە و هەیە. لێرەدا نابێت ئه‌وه‌ له‌ یاد بكه‌م و پێویسته‌ ئاماژەی بۆ بکەم و بڵێم، ناسینی سترینبێرگ و په‌ی پێ بردن به‌ ژیان و كاره‌كانی له‌ كتێبی (بایۆگرافیا و ڕاڤه‌كردن)ی، دانا ڕه‌ئووف؛ کە من هه‌ر له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م كتێبه‌ی (دانا)ی شانۆنامه‌نووسه‌وه، به‌ ستریندبێرگێکی ڕچەشکێن، سه‌ركێش و ژیانه‌ له‌ كه‌س نه‌چووه‌كه‌ی ئاشنا بووم. ئەم کتێبە بە چەشنی ڕۆمان ژیانی ستریندبێرگمان بۆ دەگێڕێتەوە، نەك هەر ئەوە بەڵکوو ژیان و نووسینەکانی تێکەڵاو دەکات، چونکە سیتریندبێرگ خۆی لە بەرهەمەکانیدا ژیاوە، ژیان و نووسین بۆ ئەو هەر یەکێک بووە. وەك (دانا) لە پێشەکی کتێبەکەیدا دەڵێت: (هیچ نووسەرێکی سویدی هێندەی ستریندبێرگ لە نووسینەکانیدا نەژیاوە، هیچ کەسێکیش هێندەی ئەو بۆ نووسینەکانی نەژیاوە و هەرگیزیش حەزی بە دونیای نهێنیئامێز و شاردنەوەی شتگەل نەکردووە و وەک نووسەریش کاری ئەوە بووە پەردە لەسەر نهێنییەکانی خۆی و کەسانی تر و کۆمەڵگە هەڵبماڵێت.)

لام وایه‌، له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی كتێبێكی وه‌ها تۆكمه‌ و پڕ چێژدا و ناسینی كه‌ڵه‌ نووسه‌رێکی سویدی، وەك ستریندبێرگ، له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م كتێبه‌وه‌، تۆ ناتوانیت، چیتر (ستریندبێرگ)ت، خۆشنه‌وێت و به‌دوای كاره‌كانی تریدا نه‌گه‌ڕێی. به ‌داخه‌وه‌ ناوی زۆرینه‌ی چیرۆك و ڕۆمانه‌كانی، ته‌نێ له‌م كتێبه‌دا به‌ر دیده‌م كه‌وت و نه‌متوانی ده‌ستی بخه‌م، ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی تا ئێستا نه‌كراونه‌ته‌ كوردی، بەڵام بەشێك لە شانۆنامەکانی کراونەتە کوردی.

ئه‌وه‌ی له‌ شانۆنامەكانیدا ده‌ركی پێ ده‌كرێت، ئەوەیە، كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا هێنده‌ بوێرانە ده‌قه‌كانی خۆی نووسیوه‌ته‌وه، ڕەچەشکێن بووە و شتێکی نوێی بۆ شانۆ داهێناوە، هاوکات گوێیشی به‌وه‌ نه‌داوه‌  نووسه‌ربوون چه‌نده‌ قورسه‌. ئەو هەموو ژیانی خۆی بۆ دنیای نووسین و هونەر تەرخان کردبوو؛ له‌وه‌یش قورستر نووسه‌ر بیت و له‌ لێژاییه‌كانی ته‌مه‌نی (شه‌ست و سێ) ساڵیدا تووخنی سیاسه‌ت بكه‌ویت و وه‌ك كه‌سێکی سیاسی مامه‌ڵه‌ بكه‌یت. بۆیه‌ نه‌ك هه‌ر پێویسته‌ ستریندبێرگ  بناسین و به‌ر كاره‌كانی بكه‌وین، به‌ڵكوو ده‌شبێت ئاوڕێك هه‌م له‌ سترینبێرگ، هه‌میش له‌ كتێبی (ئاوگوست ستریندبێرگ: بایۆگرافیا و ڕاڤەکردن‌)ی دانا ڕه‌ئووف بده‌ینه‌وه‌، كه‌ له‌وێوه ‌زێده‌تر ستریندبێرگ ده‌ناسین.


سەرچاوە:

ئاوگوست ستریندبێرگ: بایۆگرافیا و ڕاڤەکردن‌، دانا ڕەئووف، ناوەندی ڕەهەند، ٢٠١٩