پشووی مەرگ
دەروازەیەك لە مردنەوە بۆ ژیان
دانا ڕەئووف
حەوت کەس لە شوێنێکدا دەردەکەون، وەك ژوورێك وایه بۆ چاوەڕوانکردنی مردن. جلەکانیان لەیەك دهچن، ڕهنگیان وهکوو ڕهنگی گونییه وایه و شێوهیان ڕێك له شێوهی جلوبهرگی ژاپۆنییهکان دهکات، وەك بووکەڵە دێنە ژوورەوە و هەر، وەك بووکەڵەش دەڕۆن و دەجووڵێنەوە. هەر یەك لەم کارەکتەرانە ژمارهیهکی بهگهورهیی بهسهر پشتییهوهیه، کە تەمەنی کەسەکان دیاری دەکات؛ بۆ نموونە کچە سیانزە ساڵییەکە ژمارە ١٣ بەسەر پشتییەوەیە، ٩٣ بە پشتی پیرهژنهکه و ٤٩ بە پشتی ئەو پیاوەوە، کە تەمەنی چلونۆ ساڵە. ئەم حەوت کارەکتەرە تەمەنیان لە ١٣ ساڵییەوەیە تا ٩٣ ساڵییە.
نۆرێن تەمەنی هەموو کارەکتەرەکانی دیاری کردوە و هیچ ناوێکی لە کارەکتەرەکانی نەناوە، بە ئا، ب، س… دەستنیشانی کردوون. ناوی دەقەکە/نەمایشەکەیش، Temps Mort کە وشەیەکی فەڕەنسییە دەکرێت بە چەندین شێوە لێکبدرێتەوە: کاتی مردن، پشوو، ئارام، پشوو وەربگرە، هەر چۆن نەمایشەکەیش/دەقەکە دەکرێت به چەندین شێوە و شێواز و فۆرمی جیاوازدا پێشکەش بکرێت، بە هەمان شێوە، مانای دەقەکەیش بە چەندین شێوە دەخوێندرێتەوە. ئەم حەوت کارەکتەرە تازە مردوون و باسی ئەوە ناکەن، که مردوون، بەڵکوو باسی شتی تر دەکەن. باسی ئەوە دەکەن، کە نەمرن. ئەمەیش یەکێکە لە تەنگەژە قووڵە خودگەراییەکان. لەم ڕەوشەدا زمان ئامڕازێکی بەهێزی ئەم کارەکتەرانەیە، ئێمە قسە دەکەین، ئەوەیش تەنیا شتێکە دەتوانین بیکەین، تا ئەو ساتەی لە ژیانداین… کە ژیان نهما، کە مردین، زمانیش نامێنێت، پەیڤ و قسە و گفتوگۆیش نامێنن. قسهکردن، له ههموو ڕوویهکهوه، قسهی خۆش و ناخۆشی تێدهکهوی، ڕهنگه یادهوهرییهکی بههێز له خۆ بگرێت، کە تا قسەکردن هەبێت، تا لە ژیاندا بین ئازارمان بدات.
ئەم حەوت کارەکتەرە، کە لەنێوان ژیان و مەرگدان، توانای ئەوەیان نییە بەردەوام بن، پێویسته ئەو شتانەی لە ژیاندا بەسەریان هاتوە، بیریان بکەوێتەوە، پێویسته چیرۆکەکانیان بگێڕنەوە. کارەکتەرەکان بریتین له: پیاوێکی غەمگین، پیاوێکی کوێر، ئەو پیاوەی دەیەوێت خۆشی بە هەموو کەسێك ببەخشێت، کە هەندێك جار دەبێتە مایەی بێزاری بۆ کارەکتەرە ژنەکان، ئەو ژنەی خەمبار و ڕەشپۆشە بۆ مردنی سەگەکەی، ئافرەتێكی ٩٣ ساڵیی کە پشتە ڕووتەکەی دایکی لە کەمپی قەڵاچۆکردنی جولەکەکاندا بیر دەکەوێتەوە، ئافرەتێكی دووگیان، کە هەمیشە لە خەمی ئەوەدایە، منداڵەکەی ناو سکی زیندووە، کچە سیانزە ساڵەکە، کە باوکی هەمیشە سەرقاڵی نووسینی کتێبی سەیر و سەمەرەیە، کە کەس نایخوێنێتەوە.
دەرهێنەری نەمایشەکە، نەمایشێکی کورتی خوڵقاندوە، کە بەر لە نەمایشەکە لە هۆڵی بینەراندا پێشکەش دەکرێت، بینەرانیش لەسەر شانۆکە دادەنیشن تا ئەم دەروازە نەمایشە پێشکەش دەکرێت. ئەم کارەکتەرانە (ئەکتەرانە) وەک کۆمەڵێك کەسی بێزارکەر دەردەکەون، کە باس لە هەست و سۆزی خۆیان، سەبارەت بە نەمایشکردنی دەقەکەی نۆرێن دەکەن؛ ئەوەی ئەوان لەم دەروازە نەمایشەدا باسی دەکەن، جگە لە هەست و سۆزی خۆیان، گەڕانەوەیەکیشە بۆ پێشکهشکردنی نۆرێن وەك شانۆنامەنووسێك. دوای ئەم دەروازەنەمایشە، بینەران و ئەکتەرەکان شوێنەکانیان دەگۆڕنەوە، بینەران بۆ ناو هۆڵ و سەر جێگا دیاریکراوەکانی خۆیان و ئەکتەرەکانیش بۆ سەر شانۆکە.
نۆرێن لەم دوا دەقەیدا، کە بەر لە مردنی بە چەند مانگێك نووسیویەتی، بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت لە ژێر کاریگەری ستریندبێرگدا خەونەنمایشێکمان بۆ دەنووسێت، کە مێژووی شانۆمان، ههر لهسهرهتاوه، بۆ بەرجەستە دەکات، هاوکات گەڕانەوەیەکی خێرا و چاوگێڕانێکی قووڵ بەو مێژووەی، خۆی لە شانۆی سویدیدا بۆ خۆی خوڵقاندوویەتی.
نۆرێن، لە دوا ڕۆژژمێرەکەیدا، کە ساڵی پار بڵاو کرایەوە، لە زۆر شوێندا باس لە پرۆسەی نووسینی ئەم دەقە دەکات، بۆ نموونە دەڵێت: ” Temps Mort هەموو کاتەکانی بردوم، کە شەو گڵۆپەکان دەکوژێنمەوە، ماوەیەکی زۆر لەسەر پشت پاڵ دهکهم، وێنە و دیالۆگەکانم لە ئەندێشەدا دەنووسم.”
لەم نەمایشەدا، وەك زۆربەی دەقەکانی تری، نۆرێن لە دەروازەکانی شیکاری دەروونییەوە پەنجە دەخاتە سەر ئەو ئازارەی پەیوەندییەکان لە ژیانی مرۆڤدا، لەنێوان باوك و فەرزەندە، ژن و پیاو، دایك و کوڕ/کچدا هەیە و دروست دەبێت. ئەو ئازارەی بە قووڵی کون دەکاتە دەروون و دڵی مرۆڤەکانەوە و دەیانتلێنێتەوە. لەم نێوەندەدا، لەم پەیوەندییە ئاڵۆزەی نێوان مرۆڤەکاندا پرسە خودگەرایەکانیش بە زەقی دیارن، ژیان و مردن هەمیشە لایەنێکی گرینگی ئەم دەقانەن. کارەکتەرەکان زیاتر باسی خۆیان دەکەن، ڕابروویان، بیرەوەرییەکانیان، ئەو برینانەی ئازاریان پێوە کێشاوە، ئازاری ئەوانەی ئەوان هۆکاری بوون. کچە سیانزە ساڵییەکە زیاتر باسی باوکە نووسەرەکەی دەکات، کە ئاماژەیەکە بۆ خۆی و کچە بچووکە سیانزە ساڵییەکەی. پیاوە کوێرەکە، کە دەبینێت، ئۆدیبێکی مۆدێرنە، ئەو پیاوەی باوکی خۆی دەکوژێت و لە دایکی منداڵی دەبێت. لەم ڕەوشەدا دەرهێنەری نەمایشەکە، جۆرە پاڵتۆیەکی سووریان دەکاتە بەر، پاڵتۆیەك لە چەشنی عەبای شاهانەی سەر پشتی پادشاکان. لێرەدا کارەکتەرەکان دەبنە پادشای عەرشی ژیانی خۆیان.
ئەم حەوت کارەکتەرە لەم دوا دەقەی نۆرێن دا، پڕن لە تراجیدیاکانی ژیان. لەو شوێنەیشدا، بۆ ئهوه کۆ بوونهتهوه تا باسی خۆیان بکەن، بێ ئەوەی کەس ڕەخنەیان لێبگرێت، ئەوان ڕۆیشتون و ژیان ئاواییان کردووە. کە چیرۆکەکانی ژیانی خۆیان، بێ هیچ پەردەپۆشییەك بۆ یەك دەگێڕنەوە، خۆیان بە جۆرێكی تر دەبین، ئەو ئازارە قووڵە دەبینن پێوەی تلاونەتەوە، هەست بە ئازاری ویژدان دەکەن و ناچارن قایلبن بەوەی کردوویانە و ئەوەیشی بەسەریان هاتووە.
دەقەکە لە ڕووی دراماتۆرگییەوە، لە جووڵەیەکی بازنەیدا دەسوڕێتەوە، بە لە دەستدان دەست پێ دەکات، گەشتێکی چڕ یادەوەرییەکان و هەندێك جاریش هەوڵی هەستانەوە/گەڕانەوە، بەڵام لە کۆتایدا هەر بە لە دەستدان کۆتایی دێت. دیالۆگی کارەکتەرەکان تۆنێکی مۆسیقی لە خۆ دەگرێت و وەك کۆراڵێك پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بینەراندا دروست دەکات.
خودی نەمایشەکە سەبارەت ژیان و تراجیدیا گەورەکانی ژیانە، دەرهێنەری نەمایشەکەیش بۆ بەرجەستەکردنی ئەم تراجیدیایە هێڵێکی تەریبی لەگەڵ تراجیدیای گرێکیدا کێشاوە و لە تراجیدیای گرێکییەوە، بەرجەستەی تراجیدیای مرۆڤی ئەمڕۆ دەکات. دەتوانین بڵێن، نەمایشەکە خوێندنەوەیەکی نوێی ئۆدیبی پادشایە. دەرهێنەری شانۆییەکە، کە دەروازە شانۆییەکەی بۆ ئەم دەقەی نۆرێن خوڵقاندوە، پێداگری لەسەر ڕۆڵی ئەکتەر لە شانۆدا دەکات، له هەمان کات پێمان دەڵێت کولتوور چییە و شانۆ دەتوانێت چی بکات، بۆ ئەوەی ژیان بخوێنێتەوە. لە دیمەنێکی بێ وێنەدا، ئەم حەوت کارەکتەرە لە نێو شانۆی گرێکی کۆندا بەرجەستە دەکات؛ کارەکتەرەکان دەبنە کۆرسی شانۆی گرێکی، دەمامکەکانییان بەکاردەهێنن و چیرۆکە تراجیدیاکانی ژیانمان بۆ دەگێڕنەوە. هەر لەم دیمەنەدا، کارەکتەرەکان ڕۆڵەکانیان دەگۆڕنەوە، سەرلەنوێ دابەشی دەکەنەوە، لە ریتمێکی تژی لە مۆسیقا و پڕ لە جووڵەدا کارەکتەرەکان دابەش دەبن، کۆدەبنەوە، لە یەك جیا دەبنەوە و سەرلەنوێ لە خاڵێکی هاوبەشدا، بە دەمامکەکانیانەوە یەک دەگرنەوە.
نۆرێن لەم دەقەیدا، وەك بەشێکی زۆر لە دەقەکانی تری ئەوەمان پێشان دەدات، کە مرۆڤ چەندە بێزارکەرە بە دڵەڕاوکێی و نائارامییەکانییەوە، بە سەرقاڵبوون بە خۆیەوە، بە دڵناسکییەکەیەوە، بە هەست و هۆش و بەریەکەوتنەکانییەوە، چ لەگەڵ ئەوانیتر و چ لەگەڵ خودی خۆی. نۆرێن وامان لێ دەکات، هەندێك جار لەو مەرگەسات و تراجیدیایەدا پێبکەنین، هەندێك جاریش ڕووبەرووی ڕەوشێکی کۆمیدیمان دەکاتەوە، کە تووشی ڕاچڵەکان و بیرکردنەوەمان دەکات، هەر وەك ژیان، کە پڕە لە خۆشی و ناخۆشی.
لە زۆر ڕووەوە، ئەم دوا دەقەی نۆرێن دهقهکانی بێکێت، چێخەف و نووسەرانی شانۆی ئهبسێردمان بیر دەخاتەوە، لەدیدی ئەم نووسەرانەوە دەروازەیەکی ترمان بۆ ژیان بۆ دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا فۆرمێکی تری شانۆمان پێشەکەش دەکات و شانۆیەکی تری مۆدێرنی ئهبسێردمان بۆ بەرجەستە دەکات.
دیدی دەرهێنەر بە پێچەوانەی ڕەوتی دەقەکەوە کار دەکات، دەقەکە لە بێدەنگی و وچان و وچانی درێژدا، دیالۆگە کورت و ڕستە تەواونەکراوەکان دهبن به شتێکی تر و جیاواز. ئەکتەرەکان بێدەنگییەکە دەشکێنن، بە شێوەیەکی دراماتیکی و دوور لەو هێمنییەی نۆرێنەوە گۆرانی بە حیوارەکانیان دەڵێن، لە بری ئەوەی بچنە ناوەوە، زیاتر بەربەستەکان لا دەبن و ڕووەو دەرەوە دەجووڵێنەوە. دیمەنە کورتەکان بە مۆسیقا دهبڕێن، کە ڕاستەوخۆ لەسەر شانۆکەن و بەشێكن لە نەمایشەکە، کرێکارانی شانۆ بە بەرچاوی بینەرانەوە، بە گەمەی شانۆیی ئاڵوگۆر بە سینۆگرافیا دەکەن و یارمەتی ئەکتەرەکان دەدەن لە گۆڕینی دیمەنەکاندا. سهدان کورسی لە سوچێکی شانۆکەدا کەڵەکە کراوە و شانۆنامەکەی ئۆژێن یۆنێسکۆ (کورسییەکان)مان بیر دەخاتەوە.
نۆرێن خۆیشی لەم نەمایشەدا بەشدارە، سەمازانێك بە جلی ڕەشەوە، هەر وەك نۆرێن، بە درێژایی نەمایشەکە چاودێری ئەکتەرەکان و نەمایشەکە دەکات، هەندێك جار دێتە ناو بینەرانەوە و لە نەمایشەکە دەڕوانێت. لە کۆتایشدا، دەقەکە دەدڕێنێت و بەسەر شانۆکەدا بڵاوی دەکاتەوە.
سۆزان ئوستن بۆ یهکهم جار لاش نۆرێن پەلکێشی شانۆ دەکات، ئوستن ڕیتم و چێژ و فۆرم و شێواز دەبەخشێت بە دەقەکانی لاش نۆرێن. لە سەرەتای هەشتاکاندا نۆرێن لە فۆرم و شێوازێکی جیاواز و ئەڤانگارددا نەمایش دەکات. ئەم دەقەیش دوا دەقی نۆرێنه و بە چەند مانگێك بەر لە کۆچی دوایی نووسیویەتی، ئوستنیش پیر بووە؛ بەمەیش سووڕی ئەو بازنەیە تەواو دەکەن، کە بەر لە چل ساڵ پێکەوە دەستیان پێکردوە. گەڕانەوەی سۆزان ئۆستن بۆ لاش نۆرێن، گەڕانەوەیە بۆ بیرەوەرییەکان، مێژووی شانۆ و مێژووی دنیا. ئەم گەڕانەوەیە چەندە تراجیدییە، هێندەیش پڕ لە خەندە و کۆمیدییە، بەڵام لە زۆر ڕووەوە ڕەوشێکی قووڵ و گەڕانێکی ههمهلایهنه بەنێو نهێنییەکانی ژیان و دوای ژیانیشدا دەکات. گەشتێکە لە ژیانەوە بۆ مردن، لە مردنەوە بۆ ژیان، لە گومانەوە بۆ یەقین.