نامهی ههرێم عوسمان
سڵاو و ڕێزم کاک دانای ئازیز
چۆنیت، هەواڵت باشە؟ بەهیوام زۆر باشبن. ماوەیەکی زۆرە نیازی هەواڵپرسی و نامەناردنم هەیە، بەڵام بەهۆی بێ خەتی و کەمی دەرفەت نامەکەم دواکەوت. ماوەی دوو هەفتەیەک دەبێت کتێبی “چیرۆکەکانی با”م خوێندەوە. پێمخۆشبوو لەگەڵ هەواڵپرسیندا دەستخۆشیشت لێبکەم بۆ ئەو کارە، کە بەڕاستی چێژێکی مەعریفی گەورەم لێوەرگرت. بەداخەوە ئیستا کە نامەکە دەنووسم تێکستەکەم لەبەردەست نیە، چونکە لەکاتی خوێندنەوە سەرنج و تێبینییەکانی خۆم نووسیبوو، ڕاستییەکەی کۆمەڵێک تێکستی زۆر باشن، من تەمەننا دەکەم دەرهێنەرێکی کوردی باش هەڵکەوێت کە بتوانێت بیانخاتە سەر تەختی شانۆ، بە تایبەت ئەو دەقەی کە بەشێوەی سێینەییە، کە زۆر جوان ڕەهەندی جیاوازی دایک و باوک و کچت نیشانداوە.
هونەر و تەکنیکی دەقەکان گەلێک جوان بوون، بە تایبەت زمانی دەقەکەم زۆر پێ سەرنجڕاکێش بوو، کە بەشێوەیەکی فۆرمالیستی و بونیادگەرانە کار لەسەر زمان کرابوو، بەڵام نەک بە تەنیا وەک گەمەی زمانی، بەڵکو سوود لە گەمەی زمانی و توانای زمان بینراوە بۆ ئەوەی ناوەڕۆکێکی هزری قووڵ لە دۆخی مرۆڤ نیشان بدات، کە بە داخەوە تێکستی کوردی لێرەدا زۆر هەژارە و ئێوەش بەو دەوڵەمەندییە دەرگیری زمان بوون، زۆرم پێخۆشبوو.
لەڕووی هەڵەی زمانیی و پێداچوونەوەوە دڵخۆشبووم، کە گەلێک خاوێنە و یەک دوو هەڵەی بچووک نەبێت هیچم بە دینەکرد.
فەزای دەقەکانم زۆر پێجوان بوو. ڕاستی کات و شوێن، بە تایبەت شوێن لە دەقەکەدا هەناوی و بزر و نادیارە، هەروەک چۆن شوناسی کەسەکان زۆر خۆماڵی نین و دەکرێت هەر کەسێک بن لە هەر کوێ-بەتایبەت دەقی یەکەم. ئەمەش لایەنێکی باش و هاوکات دەشکرێت وەک هاندان و تەشویقی خوێنەر لە وەرگرێکەوە بۆ وەرگرێکی دیکە بگۆڕێت.
دەقەکان سستن، بەتایبەت بۆ ئەو خوێنەرانەی ڕانەهاتوون بەم جۆرە دەقە، بۆیە جووڵەکانیان زۆر تایبەتە، من چێژ لەم دەقانە وەردەگرم زیاتر لەو دەقانەی هەڵدەکوتنە سەرت بە تایبەت ڕووداوێکی قورس و گران دەگرنە ئەستۆیان و نازانن چی لێبکەن. لەم دەقانەدا ڕووداو خۆرسکانە ڕسکاون، ئەوە زۆر سەرنجڕاکێشە.
کاک دانا گیان، من زۆر باشم، زۆریش دڵخۆشم کە ئێوەش باشبن. باوەڕبکە ئێوەش زۆر ئازیز و خۆشەویستن لام، چونکە خۆت گوتەنی کەسی بیرکەرەوە و دڵسۆز و مرۆڤیش بێت ئەوە زۆر دەگمەنە، بەتایبەت لەم ماڵە بچووکەی ئێمەدا کە وەک هێمن دەڵێ، هەموو شت زۆرە بەنی ئادەم کەم، بە داخەوە ئیستا بەنی ئادەمەکان کەمتربوونەتەوە، ڕەنگە هێمن بۆ مەبەستی جیاواز گوتبێتی.. با لەو بگوزەرێم و زۆرتر بڵێم کە بەڕاستی دڵخۆشەبم هەرکات بێنەوە بەبێ دیداری یەکدی نەڕۆنەوە.
سەبارەت بە تێکستەکان دیسانەوە زۆر بڵێی نەبێ، نزیکبوو لێمەوە، لەبەرئەوەی بەڕاستی بوار و بابەتی وجودی- بوونگەرایی گرنگی تێدا بەرجەستەکرابوو، لە بواری تەنیایی، ئازادی، بێدەنگی، مەرگ، ئازار… لەو بیرکردنەوە و دێڕە زۆر جوانانە کە دێنەوە بیرم
کەسێک خۆشەویستی بکات لە ئازار ناترسێت.
کامێرا چاوی خوایە.
من لە مەرگ ناترسم، لە سبەی دەترسم.
لەسەر وێنە، کە خۆم دکتۆراکەم لەسەریەتی سوودم وەرگرت.
یەک دوو تێبینی زمانی دێتەوە بیرم ئەمە بوو هەر پێمخۆشبوو هاوبەشی بکەم لەگەڵتان
لە شوێنێکدا وا نووسراوە
ڕۆژگارەکان تێدەپەڕن
ئەم دەربڕاوە کەمێک ناجۆر هاتە گوێم
هەروەها گەر بکرێت بووبوو – بەیەکەوە بنووسن، ڕەنگە باشتر بێت. ببوو، دیارە ئەمە لە زۆر شوێنی کتێبەکەدا هەیە، پێموایە زمانی کوردی ڕێگەمان پێدەدات بە یەکەوە بنووسین.
کاک دانا زیاتر سەرت نایەشێنم، بەڵام بەڕاستی زۆر خۆشحاڵ دەبم کە بەردەوام ئاگامان لە یەکدی بێت.
هەرێم عوسمان
٢٩/٥/٢٠٢٢