ژان–لوك لەگارس و دوو شانۆنامە
وەشانخانەی Faethon کە گرینگییەکی زۆر بە چاپ و بڵاو کردنەوەی دەقی شانۆیی دەدات، بۆ یەکەمجار بە سویدی دوو دەقی شانۆیی (بەر لە پەشیمان بوونەوە لە بیرچوونەوەدا ون بیت) و (من لە ماڵەوە بووم و چاوەڕێی ئەوە بووم باران ببارێت) لە نووسینی شانۆنامەنووسی فەڕەنسی ژان–لوك لەگارس ١٩٥٧ – ١٩٩٥ لە بەرگێکدا چاپ و بڵاو دەکەنەوە.
لەگارس لە تەمەنی ٣٨ ساڵیدا بە ئایدز دەمرێت و لەو تەمەنە کورتەیدا بیست و پێنج دەقی شانۆیی نووسیوە، لە دوایی مردنەکەیەوە، یەکێکە لەو شانۆنامەنووسانەی زۆرترین جار و بە بەردەوامی دەقەکانی لەسەر شانۆکانی فەرەنسا نەمایش دەکرێن. جگە لە دەقە شانۆییەکانی دوو بەرگ لە یاداشتەکانی، کە لە فۆرمی ڕۆژژمێردا نووسیویەتی و ساڵانی ١٩٧٧ بۆ ١٩٩٥ لە خۆ دەگرێت، بڵاو کراوەتەوە.
ئەوەی لەم دەقانەدا جێگای سەرسوڕمان و ئاوڕدانەوەیەکی جدییە، زمانە. زمانە شانۆییەکەی ئەم نووسەرە، لە پرۆسەی بە نامۆبوونی برێشت نزیكمان دەخاتەوە. دەقەکانی لەگارس بە دیوێکدا چێخەف و بە دیوێکی تردا تەواو کاریگەری بێکێت و شانۆی پووچگەرای بەسەرەوەیە. جگە لە بێکێت بە ڕوونی جێگا دەستی ئۆژێن یۆنێسکۆ نەخشە پووچگەراییەکەی دەقەکانی ئەم نووسەرە پێک دەهێنن، بەڵام تەواو ستایل و فۆرمێکی تایبەت بە خۆی هەیە و لە هەموو جۆرە لاساییکردنێکەوە دوورە. لەگارس لە هەناوی مۆدێرنیزمدا لە دایك بووە و دەقەکانی چەندە مۆدێرنە، بە هەمان شێوەیش پرۆژەیەکە بۆ پرۆسەی شانۆیی و لە کردە پراکتیکییەکەی شانۆوە سەری هەڵداوە و بۆ سەر تەختەی شانۆ و نەمایش نووسراون.
ئەوەی جێگای سەرنجە لەگارس تا لە ژیاندا دەبێت، زۆر کەم لە فەرەنسا و دەرەوەی فەرەنساوە ناسراوە و ناوەندە هونەری و ڕۆشنبیرییەکەی فەرەنسا بەو ناوە ئاشنا نابن، بەڵام لە دوای مردنەکەیەوە، دەبێتە یەکێك لە دەنگە هەرە گرینگ و دیارەکانی شانۆی فەرەنسی، نەك هەر ئەوە، بەڵکوو ئێستا دادەنرێت بە یەکێك لە گرینگترین شانۆنامەنووسە پڕ بەهاکانی ١٩٠٠ەکانی فەرەنسا، دەقەکانیشی وەردەگێردرێنە سەر زۆربەی زمانە ئەوروپییەکانی تر.
ژان – لوك لەگارس پاشخانێکی فەلسەفی هەبووە، سەرەتا فەلسەفەی خوێندوە و لە ژێر کاریگەری فۆکۆ-دا هەوڵی تیۆرەکردنی شانۆ و مێژووی شانۆی ئەوروپی داوە. دواتر لەگەڵ چەند قوتابییەکی هاوڕێی، گروپێکی شانۆیی لە ناوچە دوورە دەستەکانی ڕۆژهەڵاتی فەرەنساوە، کە خۆی خەڵکی ئەو ناوچانە بووە بە ناوی Le Théatre de la Roulott وە دامەزراندووە. ئەم گروپە نەمایشەکانییان، کە لە ژێر کاریگەری دەرهێنەری دیاری ئەو دەمەی فەرەنسا (ڤیلار)دا دەبێت، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی فەرەنسادا پێشکەش دەکەن. ژان – لوك لەگارس تا دەمرێ، شانۆنامەنووس و دەرهێنەری ئەم گروپە دەبێت، هاوکات لەگاك پەیوەندییەکی پتەوی بە شانۆکانی پاریسەوە دەبێت و نەمایشەکانییان لە پاریسیش پێشکەش دەکەن، تا لەگارس دواجار لە ساڵی ١٩٨٨دا بە تەواوی لە پاریس نیشتەجێ دەبێت.
بۆ من خوێندنەوەی ئەم دوو دەقە و ئاشنا بوون بەم شانۆنامەنووسە، وەك دۆزینەوەی دنیایەکی نوێ وا بوو.