بۆ ئەکتەر، سەبارەت بە هونەری نواندن
خوێندنەوەیەک بۆ مێتودی هونەری نواندن لای مایکڵ چێخەف
دانا ڕەئووف
مایکڵ چێخەف ١٨٩١-١٩٥٥ تەنیا ئەکتەرێکی گەورە و دەرهێنەر نەبووە، بەڵکو پێداگۆگێکی بەسەلیقە و تیۆریستێکی بەتوانا بووە و مێتود و تەکنیکێکی تایبەت بەخۆی، سەبارەت بە هونەری نواندن و پەروەردەکردنی ئەکتەری دامەزراندووە. چێخەف توانایەکی گەورەی لە ڕادەبەری لە بەرجەستەکردنی هەموو چەشنە ڕۆڵێکدا هەبووە و بەشێوەیەکی بەهێز لەنێو پرۆسە شانۆییەکاندا گەشەی کردووە. زۆربەی ڕەخنەگرەکان کۆکن لەسەر ئەوەی، کە هەموو ئەو ڕۆڵانەی چێخەف لە شانۆی هونەری مۆسکۆ بینیویەتی، لە خودی ژیان گەورەتر بوون. ئەو ڕۆڵانەی ئەو بەرجەستەی کردوون، تەنیا نواندنی ئاسایی نەبوون، بەڵکو نواندنێکی هێندە چڕ بوون، کە لەوانە بووە، تەنیا لە خەونەکانماندا شتی وا ببینرێت، هەر لەبەر ئەوەیشە ئەو کارەکتەرانەی ئەو بەرجەستەی کردوون دیدێکی گشتگریان لە خۆ گرتووە، کە چەمکەکانی ژیان و مردن، خۆشەویستی و ڕق، جوانی و ناشرینیان تیا ڕەنگ داوەتەوە. ئەو ڕەخنەگرانەی شیکارییان بۆ تواناکانی چێخەف کردووە، باس لەوە دەکەن، کە بەهرە هونەرییەکەی چێخەف شتێك بووە لەسەرو توانا ئاساییەکانی مرۆڤەوە. چێخەف هێزێکی پڕ لە ڕاز و نیاز بووە، کە زیاتر لە ئەفسوون چووە، نەك ئەکتەر و مرۆڤێکی ئاسایی.
مایکڵ چێخەف کوڕی برای نووسەری گەورەی ڕووس ئەنتوان چێخەف ١٨٦٠ – ١٩٠٤ و ئەکتەری سەرەکی ستانیسلاڤسکی ١٨٦٣ – ١٩٣٨ و شانۆی هونەری مۆسکۆ بووە. چێخەف جگە لە ستانیسلاڤسکی لەگەڵ مایرهۆڵد ١٨٧٤ – ١٩٤٢، ڤاختانگۆڤ ١٨٨٣ – ١٩٢٢ و ساڵێکیش لە بەرلین لەگەڵ ماکس ڕاینهارت ١٨٧٣ – ١٩٤٣ کاری کردووە، هاوکات بەشدارییەکی کارای لە ستۆدیۆکانی ستانیسلاڤسکی لە شانۆی هونەری مۆسکۆدا هەبووە. ئەم بەرکەوتن و ئەزموونانەیش ڕۆڵێکی گەورەی لە پرنسیپەکانی هونەری نواندن و داهێنانی تەکنیکێکی نوێ و مێتودەکەی خۆیدا گێڕاوە. چێخەف لە دوا ساڵەکانی ژیانیدا لە مۆسکۆ، یاداشتەکانی، کە زیاتر لە فەلسەفەی هونەر دەچێت، بەناونیشانی (ڕێگای ئەکتەر)ەوە بڵاو دەکاتەوە، لە پاڵ یاداشتەکانی ستانیسلاڤسکی (ژیانی هونەریم) بە باشترین بیوگرافیای ئەکتەر دادەنرێت، کە تا ئێستا لە ڕووسیا نووسرابێت.
چێخەف لەساڵی ١٩٢٨ەوە ناچار دەبێت لە ڕووسیای ستالین ڕابکات و تا دوا ڕۆژەکانی ژیانی لە تاراوگە بژی: سەرەتا لە لاتڤیا و لیتوانیا، دوای ئەوە دەچێتە فەڕەنسا، نەمسا، ئینگلتەرە و دواجاریش لە ئەمەریکا جێگیر دەبێت. چێخەف ئەم کتێبەیشی (بۆ ئەکتەر) لەساڵی ١٩٥٣دا بە ئینگلیزی چاپ و بڵاو کردۆتەوە.
تەکنیک و مێتودی هونەری ئەکتەر و نواندنی چێخەف هەژموونێکی گەورەی بەسەر بەشێکی زۆری ئەکتەرە گەورەکانی ئەمەریکا و هۆلیودەوە هەبووە، بۆ نموونە مارلین مۆنرۆ، ئەنتۆنی هۆپکینس و یاک نیکۆڵسن، ئەمرۆیش تەکنیک و مێتودەکەی بە یەکێک لە مێتودە گرینگەکانی پەروەردەکردنی ئەکتەر لە جیهاندا دادەنرێت. بەشێکی زۆری ئەکتەرە گەورە و پەیمانگاکانی هونەری نواندن مێتود و شێوازەکانی تەکنیکی هونەری نواندن بەپێی سیستێمەکەی چێخەف بەکار دەهێنن؛ کە لە مەشقەکانی جووڵەی جەستە، چۆنییەتی ئاخاوتن، ئازادکردنی بەربەستەکانی جەستە، دیوی ناوەوە و دەرەوەی ئەکتەر، کارکردن لەسەر کارەکتەر و ئامڕاز و پێکهاتەکانی تری ئەکتەر و بەرجەستەکردنی، دەگرێتەوە.
چێخەف قوتابییەکی زیرەکی ستانیسلاڤسکی بووە و وەك ئەکتەر توانیویەتی لەگەڵ سیستێمەکەی مامۆستاکەیدا گەورە بێت، هاوکات توانیویەتی لە بنەکاکانی مێتود و سیستێمەکەی مامۆستاکەیەوە، شتێکی تر، قووڵتر، بەرفراوانتر، چڕتر و هەروەها ساکارتر دروست بکات و مێتودێکی تایبەت بەخۆی دەستەبەر بکات. ستانیسلاڤسکی، وەك هونەرمەندێکی گەورە، لە ڕەوتی ژیانی هونەری خۆیدا دید و بۆچوونەکانی سەبارەت بە هونەری نواندن و ئەکتەر گەشە پێداوە، گۆڕانکاری تیاکردووە و بە تیۆری و پراکتیك هەوڵی بەرجەستەکردن و نووسینەوەی داوە، لەبەر ئەوەیشە، کە گرانە وەڵامێکی ڕێك و ڕاستت سەبارەت بە کۆی سیستێمەکەی ستانیسلاڤسکی دەست بکەوێت. بۆ نموونە مێتود و کارەکانی ستانیسلاڤسکییەکی گەنج هەمان مێتود و چۆنییەتی کاری ئەو ستانیسلاڤسکییەی، کە لە کۆتاییەکانی ژیانیدا خستوونییەتییە ڕوو، نییە. بێگومان ستانیسلاڤسکی کاریگەرییەکی بەهێزی بەسەر چێخەفەوە هەبووە، بەڵام چێخەف لەسەرەتاکانی ژیانی هونەری خۆیدا، هەوڵی ئەوەی داوە لە لاسایی ئەکتەرە گەورەکان دووربکەوێتەوە و مێتودێکی خۆی دەستەبەر بکات، کە لە زۆر ڕووەوە جیاوازییەکی تەواوی لەگەڵ مامۆستاکەیدا هەبووە. چێخەف بڕوایەکی تەواوی بە ئەکتەرێکی مەشقپێکراوی سەراپاگیر لە بوارەکانی سایکۆلۆژی-فیزیکیدا هەبووە، هەروەها دووپاتی لایەنە ناوەکییەکانی ئەکتەر دەکاتەوە، بەڵام ژیانی تایبەتی ئەکتەر بەکارناهێنێت بۆ پێگەیاندنی ئەکتەر، وەك ستانیسلاڤسکی کاری لەسەر دەکرد. بۆ نموونە ستانیسلاڤسکی لە ڕێگای (ئەگەری) ئەفسووناوییەوە، ئەکتەرەکانی دەخستە نێو ڕەوش و بارودۆخە جیاوازەکانی ڕۆڵەکانیانەوە، چێخەف ڕێگایەکی تر بۆ نزیکبوونەوەی ئەکتەر لە ڕۆڵەکەی دەگرێتەبەر. چێخەف هانی ئەکتەرە دەدات، کە بەر لە دەستکردن بە پرۆڤە، بە خەیاڵ و فەنتازیا لە ڕووکاری دەرەوەی ڕۆڵەکەی بڕوانێت، دوای ئەوە هەر بە خەیاڵ و فەنتازیا هێڵە سەرەکییەکانی کارەکتەر، ڕەوش، شوێن و کات دادەڕێژێت و هەنگاو بە هەنگاو لە ڕۆڵەکەی نزیك دەبێتەوە. چێخەف دەڵێت: (پێویستە ئەکتەر جیاوازی لەنێوان خۆی و ستایلی ژیانی لەگەڵ کارەکتەرەکەیدا بکات و بە تەواوی خۆی لە ویست و هەست و سۆز و ئەو شتانەی لە ژیانی ڕۆژانەیدا لەسەری ڕاهاتووە دووربکەوێتەوە، لەبری ئەوە خۆی لە دنیا فیزیکییەکەی کارەکتەرەکەیدا ببینێتەوە.)
چێخەف هەر وەک ستانیسلاڤسکی بەدوای ماناکانی ژیاندا دەگەڕا، هاوکات تێگەیشتن لە بنەما بنەڕەتییەکانی هونەرەکەی خۆی بگات و ستراکتورێکی فەلسەفی و رۆحیی بۆ دارێژێت. چێخەف لە دیدێکی قووڵی رۆحیی، تێڕوانینێکی دینییەوە لە شانۆی دەڕوانی، هونەر و ژیان دوو جەمسەری پێکەوە بەستراون و یەکتر تەواو دەکەن.
فەنتازیا مەودایەکی هونەری و پانتاییەکی ئازاد بە ئەکتەر دەبەخشێت، ئەکتەر تەنیا جەستە و هەندێك هەست و سۆز و تەکنیکێکی ساکار و ڕوکەش نییە، بەڵکو ئەکتەر دەبێت ئەو تەکنیك و مێتودەی هەبێت، کە گۆڕانکاری لە خودی خۆیدا دەکات و ڕاستەوخۆ و بڕواپێکراوە. چێخەف دید و بۆچوون و تەکنیکی مێتودەکەی لە کتێبی (بۆ ئەکتەر) -سەبارەت بە هونەری نواندن-دا کۆکردۆتەوە، ئەم کتێبەیش هێندە دەوڵەمەندە، تەنیا کتێبێك نییە بۆ کاری ئەکتەر، بەڵکو دەرهێنەر، شانۆنامەنووس، دراماتۆرگ، ڕەخنەگری شانۆ، تەکنیکاران و تەنانەت بۆ مێژوونووسانیش گرینگ و بەسوودە. چێجەف لە پێشەکییەکی کورتی ئەم کتێبەدا دەڵێت: (سەرەتای پرۆسەی کارکردنم، بەر لە چەندین ساڵ لەمەوبەرەوە لە ڕووسیا و شانۆی هونەری مۆسکۆوە دەست پێدەکات، کە بۆ ماوەی شانزە ساڵ لەوێدا کارم کردووە. لەو دەمەدا لەگەڵ ستانیسلاڤسکی، نمیرۆڤیچ، ڤاختانگۆڤ و سیلوێریتسکی، وەکوو ئەکتەر، دەرهێنەر، مامۆستا، هاوکات وەك بەڕێوبەری هونەری هەندێك لە شانۆکانی تری مۆسکۆ، کارم دەکرد و توانیم گەشە بە مێتودەکانی ئەکتەر و دەرهێنان بدەم و هەر لەو ڕوانگەیەشەوە تەکنیکێکی تر بخوڵقێنم، کە ئەم کتێبەی لێوە هاتۆتە بەرهەم.)
لە ساڵی ١٩٣٦دا، دیردری هێرست و بیاتریس سترەیتی، بە مەبەستی خوڵقاندنی شانۆی چێخەف، پەیمانگایەکی هونەری نواندن لە هۆڵی دارتنیگتن لە دیڤۆنشایر لە ئینگلتەرە، دەکەنەوە، بەڵام ئەم پەیمانگایە بەهۆی دووەم جەنگی جیهانییەوە دادەخرێت. چێخەفیش ناچار دەبێت بەرەو ئەمەریکا بروات، لەوێش شانۆیەکی پرۆفیشیناڵ، لە شێوەی ستۆدیۆدا بە ناوی (شانۆی چێخەف)ەوە دادەمەزرێنێت و لەسەر کار و گەشەی تەکنیك و مێتودەکەی بەردەوام دەبێت. ئەم شانۆیە، لە ڕوانگەی رێپۆرتوارێکی کلاسیکییەوە، ئەو ڕێگا نوێیە بۆ پرنسیپێکی تری هونەری نواندن و تەکنیکی ئەکتەر و پەیڕەویکردنی مێتودێکی نوێ دەکاتەوە. کتێبی (بۆ ئەکتەر)یش لە دوانزە بەشدا، بەچڕی ئەزموونی ئەو هەموو ساڵەی چێخەف لە زمانێکی ساکار و لە کۆمەڵێك مەشقی ئەکتەر و لە چەندین شیکاری ورد و لە ڕێنمایکردنی ئەکتەر و دەرهێنەرەکاندا، خۆی دەبینێتەوە. جەستەی ئەکتەر و سیکۆلۆژی، فەنتازیا و بەرجەستەکردنی وێنە ناوەکییەکان، ڕاگوزاری و گروپی شانۆیی، ئەتمۆسفێر و هەست و سۆزی خودگەرا، ئاماژە سیکۆلۆژییەکان، ڕۆڵ و بەرجەستەکردنی ڕۆڵ، خوڵقاندنی خودگەرایانە، کۆمپۆسیشونی نەمایش، نەمایشی جۆراوجۆر، چۆن لە کارەکتەرەکەت نزیك دەبیتەوە، چەند نموونەیەکی ڕاگوزاری، بەشەکانی ئەم کتێبە پێکدەهێنن، هاوکات کتێبەکە پاشکۆیەك و دوا گوتەیش، باسێکی تێروتەسەلە لەسەر مایکڵ چێخەف، لە خۆ دەگرێت.
چێخەف لەبەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا، ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە ئەکتەر دەبێت جەستەی وەك ئامێرێکی گرینگی پیشەکەی خۆی ببینێت، کە بەو جەستەیە گوزارشت لەو دیدە بەرجەستەکراوەی خۆی لەسەر شانۆ دەکات، هاوکات دەبێت بە دوای هارمۆنییەتێکی سەراپاگیر و گشتگری تەواودا، لەنێوان جەستە و ڕۆحدا بگەڕێت. بۆ بەدەستهێنانی ئەم هارمۆنییەتەیش، تەنیا مەشقی فیزیکی ئەکتەر ناگەیەنێتە ئەنجامەکان، بەڵکو دەبێت ئەکتەر بە شێوەیەکی قووڵ گەشە بە هەست و سۆزی بدات تا بگاتە ئاستە فراوانەکانی خوڵقاندنی ڕەوشە دەروونییە جیاوازەکان. لەبەر ئەوە دەبێت جەستەی ئەکتەر تێکەڵاوی ڕەوش و ئاستە جیاوازە دەروونییەکان بێت: بە شێوەیەك، کە ئەو هەست و هۆشی و چینە قووڵ و جیاوازە دەروونییانە، هەنگاو بە هەنگاو گۆڕانکارییان بەسەردا بێت و وەرگرێکی نێرەرەکە، کە وێنە، هەست و سۆز و ئاڕاستە و خواستهکانی کارەکتەرەکەن.
چێخەف دەیەوێت لە دیدێکی ماتریالیزمەوە هەنگاو بۆ بنەمایەکی ڕۆحی بنێت و ئەکتەر ئاوێزانی ستراکتورێکی تر بکات، کە زیاتر چەمکێکی ڕۆحیی و تێڕوانینێکی دینی لە خۆ دەگرێت. هەژموونی دیدە ماتریالیزمییەکە، ئەکتەر ناچار دەکات ڕێگایەکی پڕ مەترسی بگرێتە بەر، کە هەموو چەمک و بنەما سیکۆلۆژییەکان لە هونەرەکەیدا دەسڕێتەوە و بایەخ بە بەهاکانی جەستەی ئەکتەر نادات. بە بڕوای چێخەف ئەکتەر ئەو هونەرمەندەیە، بە هەموو ماناکانی ئەو وشەیە، ئەو توانایەی هەیە ئەو شتانە ببینێت و هەستییان پێ بکات، کە بۆ کەسانی ئاسایی شاراوە و نەبینراوە. ئەکتەر دەبێت بەو شێوە سیستێماتیکە کار بکات، کە جەستەی تەنیا بەرهەمهێنەری شتە ماتریالییەکانی ژیان نەبێت، بەڵکو بتوانێت ئەو هەستە ناوەکییە هونەرییە بخوڵقێنێت، کە بەرجەستەی چینە قووڵەکەی ناوەوەی مرۆڤ دەکات. چێخەف لەم ڕووەوە دەڵێت: (دەبێت جەستەی ئەکتەر سەرلەنوێ فۆرمی خۆی لە ناوەوە بخوڵقێنێتەوە.) دوای ئەوە چێخەف وەك قۆناخی دووەم کار لەسەر دەوڵەمەندی ڕەوشە دەروونییەکان دەکات، لەم بارودۆخەیشەوە دەڕوانێتە سەر ئەو فۆرمەی، کە چۆن جەستە و دەروون گوێڕایەڵی ئەکتەربن. ئەو دەیەوێت ئەکتەر ببێت بە ئاغای خۆی و پیشەکەی و بە تەواوی هەموو شتێکی (ڕێکەوت) لەبیر خۆی بەرێتەوە و لەبری ئەوە بنەمایەکی بەهێز بۆ بەهرەکانی خۆی دروست بکات. تەنیا دەسەڵات بەسەر جەستە و دەرووندا، دڵنیابوون، ئازادی و هارمۆنی، کە پێویستن بۆ خوڵقاندن، دەبەخشێت بە ئەکتەری هونەرمەند. چێخەف ئاماژە بۆ ئەوەیش دەکات، کە لە هەموو بەرهەمێکی هونەری ڕاستگۆ و گەورەدا، چوار بەها هەن، کە ئەو هونەرمەندە لە کارەکەیدا ڕەچاویان دەکات: ساکاریی، فۆرم، جوانیی و تەواوێتی. بەهەمان شێوە، دەبێت ئەم چوار چۆنایەتییەیش لای ئەکتەر گەشە بکات.
یەکێك لە مێتودە گرینگەکانی چێخەف کارکردنە لەسەر خەیاڵ و فەنتازیا. لە ڕێگای فەنتازیاوە وێنەکان لە ناوەوە دەبینیت و بۆ هەر وێنەیەکیش سیکۆلۆژیای خۆی بۆ دەستەبەر دەکرێت، هەروەك ئەو مرۆڤانەی لە ژیانی ڕۆژانەدا بەریان دەکەویت. چێخەف بەهۆی فەنتازیاوە جیاوازییەکی گەورە دەبینێت؛ لە ژیانی ڕۆژانەدا مرۆڤەکان تەنیا لە ڕووکاری دەرەوەیانەوە شتەکان دەبینن و تەنیا گوزارشتی سیمای دەم و چاو، جووڵە، ئاماژە، دەنگ و بە هەڵە حاڵی بوون و دوور لە ژیانی ناوەوە. (بەڵام ئەو وێنانەی خۆم بە فەنتازیا دەیانخوڵقێنم هەمان شێوەنین، ژیانی ناوەوەیان بە تەواوی بۆ دید و تێڕوانینی من کراوەن و دەیانبینم: هەستەکانیان، چۆنییەتی کارەکتەرەکانیان، بیرکردنەوەیان، بۆچوونەکانیان و هیوا و داخوازییە قووڵەکانییان بە کراوەیی لە بەردەستماندا دەبن، بەهۆی فەنتازیاکانمانەوە کاردەکەین تا ژیانی ناوەوەی دەبینین.)
چێخەف چەندین مەشقی بۆ بەهێزکردنی فەنتازیا و چۆنییەتی بەکارهێنانی هێناوەتەوە، بۆ نموونە کارەکتەرێك لەنێو خۆتدا و بۆ خۆت بخوڵقێنە و دەست بکە بە گەشەپێدانی ئەم کارەکتەرە، شەن و کەوێکی باشی هەموو وردەکارییەکانی بکە، بۆ چەندین ڕۆژ و هەفتە، لە ڕێگای ئاراستەکردنی پرسیار و وەڵامی دیار و بینراوەوە کاری لەسەر بکە، بیخەرە نێو چەندین ڕەوش و ژینگە و کەشی جیاوازەوە، چاودێری پەرچە کردارەکانی بکە، لە سیمای کارەکتەرەکەیدا قووڵ ببەرەوە. گوێ لە پەیڤەکانی بگرە و بیهێڵە با قسەت بۆ بکات و هاوشان و هاوڕێگای ئاواتەکانی، هەست و سۆزەکانی و جۆری بیرکردنەوەکانی بە. بەشێوەیەك خۆتی بۆ بکەرەوە، کە ژیانە ناوەکییەکەی کاربکاتە سەر ژیانە ناوەکییەکەی خۆت. هاوکاری بکە و پێکەوە کاربکەن و بە (پێشنیازەکانی) ئەگەر جێگای ڕەزامەندی تۆن، قایلبە. ژیانێکی درامی و هەروەها خێستێکی کۆمیدیشی بۆ بخوڵقێنە.
چەمکەکانی ڕاگوزاری و پانتاییەکی فراوانی سەربەست بۆ جووڵەی ئەکتەر پێویستییەکی گەورەیە، ئەکتەر بە نێو چینە جیاواز و هەمەچشنەکانی کارەکتەرەکەیدا قووڵ دەکاتەوە و لەو سەربەستییە ڕەهایەوە، لە ڕاگوزارییەکی فرە مەودای فەنتازیئامێزەوە دەگاتە ئەنجامێکی سەراپاگیر. ئەو ئەکتەرەی خۆی سنووردار دەکات و تەنیا کار لەسەر ئەو دیالۆگ و ڕستانە دەکات، کە شانۆنامەنووسەکە بۆی داناوە و تەنیا ڕێنماییەکانی دەرهێنەرەکەی بەرجەستە دەکات، بێ ئەوەی بەشێوەیەکی سەربەست کار لەسەر بنەما ڕاگوزارییەکان بکات، کویلەیە و خۆی ڕادەستی کەسانی تر دەکات، بێ ئەوەی توانای خوڵقاندنی هەبێت. ئەکتەر هونەرمەندێکی خولقێنەرە و لەبەر ئەوە دەبێت بنەمایەکی بۆ بیرکردنەوەیەکی قووڵ و گەڕانێکی هونەری هەبێت تا بتوانێت سیستێمێکی فەلسەفی خۆی دەستەبەر بکات. بێگومان ئەگەر ئەو سەربەستییەی ئەکتەر، کە چێخەف باسی دەکات، بنەما و ئاڕاستە و ئامانجێکی دیاریکراوی نەبێت، ئەوە دەبێتە سەربەستییەکی تەواو بێ سوود.
زۆرجار نواندن و ئاخاوتنی سەرپێی (ڕاگوزاری) ئەتمۆسفێر دەخوڵقێنێت، کە کارەکتەرەکان بە یەکتر و بینەرانەوە دەبەستێتەوە و ریتم و ژیانی ناوەوەی نەمایشەکە بەرەوپێشەوە دەبات. ئەتمۆسفێر بە هێزێکی گەورەوە کار دەکاتە سەر نواندن و بە شێوەیەکی لاشعوری هەموو جووڵەکان، پەیڤ، چۆنییەتی نواندنەکە، بیرکردنەوە و هەست و سۆز لە ئەتمۆسفێرێکی بەهێزدا گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و دەسەڵاتێکی رەهایان بەسەر ئەکتەر و نەمایشەکەدا دەبێت. ئەو ئەکتەرانەیشی، کە کارەکتەرەکانی خۆیانیان دۆزیوەتەوە و هەست بە گرینگی ئەتمۆسفێر، لە نەمایشەکەدا دەکەن، دەزانن چ پێوهندییهکی بەهێز لەنێوان ئەوان و بینەراندا دروست دەبێت. ئەتمۆسفێرێکی دروست و بەهێز بینەران ڕادەکێشێتە نێو نەمایشەکەوە و لەگەڵ ئەکتەرەکاندا پێکەوە دەبنە یەک گروپ. هەموو نەمایشێکی بێ ئەتمۆسفێر، جۆرە وێنەیەکی میکانیزمی بێ رۆح دروست دەکات، هەرچەندە بینەران هەست بە توانای ئەکتەر و ئەو تەکنیکە بەرزەی بەکاری دەهێنن، هەروەها بەهای دەق و هێزی دەرهێنان و ئێستاتیکا دەکەن، بەڵام بێ هێز و ئەفسوونی ئەتمۆسفێر نەمایشێکی سارد و بێ گیان و بێ ژیانمان پێشکەش دەکەن.
ئەکتەر دەبێت بەباشی لەوە بگات، کە جیاوازی لەنێوان هەست و سۆزە خودگەراکەی کەسایەتی کارەکتەرەکە و ئەتمۆسفێری دیمەنەکەدا هەیە، هەردووکیان و لەسەر ئاستێکی بەرز پەیوەستن بە هەست و سۆزەکانەوە، بەڵام بەیەکەوە کار ناکەن و دەکرێت بوونیان بە تەنیشت یەکترییەوە هەبێت، هەرچەندە هەردووکیان بە تەواوی بە دوو ئاڕاستەی جیاوازدا کار دەکەن.
چێخەف لەم کتێبەیدا، گرینگیەکی گەورە بە ژێستە (بزاوت) سیکۆلۆژییەکان دەبەخشێت، ئەکتەر دەبێت بزانێت ئامانجی سەرەکی ڕۆڵەکەی چییە؟ کەی ئەمەی بۆ دەرکەوت، ئەوسا هێدی هێدی ژێستە سیکۆلۆژییەکانی بونیاد دەنێت، ئەمەیش لەسەرەتادا بە تەنیا بە بەکارهێنانی قۆڵ و باڵ و دەستەکانت. کارکردن و دۆزینەوەی ژێستە سیکۆلۆژییەکان دەتکات بە بەشێك لە ڕۆڵەکەت، ویست و هەست و سۆزەکانت بەهۆی ئەم ژێستانەوە دەجووڵێنەوە و زیندوو دەبنەوە، دوو جۆریش ژێستی سیکۆلۆژی هەن، یەکێکیان لەسەر شانۆ و لە ژیانی ڕۆژانەیشماندا بەکاریان دەهێنین، کە بە ژێستە واقیعی و ئاساییەکە ئاماژەی بۆ دەکرێت. ئەویتریان دەکرێت بە ژێستە ناوکۆییەکان ناوزەد بکرێن، کە چێخەف بە ژێستە سیکۆلۆژییەکان ئاماژەی بۆ دەکات. ژێستە واقیعییەکانی ژیانی ڕۆژانە، ویستی ئەکتەر بە ئاگاناهێنێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەم ژێستانە سنوودار و بێهێز و تایبەتمەندن. هاوکات پابەندی هەموو جەستە، ژیانی دەروونی و رۆحمان نابنەوە، بەڵام ژێستە سیکۆلۆژییەکان سەراپاگیرە و جەستە و رۆح و ژیانی ناوەوەی ئەکتەرەکە بۆ فیگوری کارەکتەرەکان ئامادە دەکات.
ژێستە سیکۆلۆژییەکان پەیوەستن بە ریتمەوە، ئێمە هەموومان لە ژیاندا ریتمی خۆمان هەیە، ئەمەیش پەیوەندی بە مەزاج و چارەنووسمانەوە هەیە، هەروەها رۆڵی کارەکتەرەکانیش لە هەموو دەقێکدا مەزاج و چارەنووسی خۆیان هەیە. بە هەمان شێوە ریتمی دەرەکی و ریتمی ناوەکی هەیە، هەندێك جار ئەم ریتمانە پێکەوە کار دەکەن و یەکتری تەواو دەکەن، هەندێك جاریش بە تەواوی جیاوازن و دژ بەیەك کار دەکەن.
چێخەف لەم کتێبەدا، بە ووردی باسی جۆرەکانی دەق و نەمایش دەکات، هەموو دەقێك: تراجیدی، دراما، میلۆدراما، کۆمیدی یان ساتیر و تەنانەت نەمایشی لێبوکئاسایش، لەسەر شانۆ فۆرم و تەکنیکی تایبەت بە خۆیان بۆ بەرجەستەکردنیان، دەوێت. چێخەف دەڵێت لێبوك لە تراجیدی دەچێت، بەڵام بە ئاڕاستەیەکی جیاواز، سیکۆلۆژیای لێبوکێك جیاوازە لە سیکۆلۆژیای کارەکتەرێکی کۆمیدی یان تراجیدی: پەرچەکرداری کارەکتەرێکی کۆمیدی لە مەودا و مەدارێکی ناتورالیزمیدا دەسوڕێتەوە، بۆ نموونە، کە شتێکی مەترسیدار ڕوودەدات ترس دایدەگرێت، توڕە دەبێت ئەگەر ڕەوشەکە ئەوە بخوازێت و هەمیشە هاوشانی مۆتیڤە کۆمیدییەکانی خۆی دەبێت. بەڵام لای لێبوکێك بە پێچەوانەوەیە، بە شێوەیەکی ناتەبا پەرچەکرداری دەبێت، جووڵانەوە و پەیوەندییەکانی بە دنیای دەرەوە، بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراوە. دەکرێت لێبوکێك لە دیمەنێکدا لە شتێك بترسێت، کە بە هیچ شێوەیەك ترسناك نییە، لەوانەیە بگری، کە ئێمەی بینەران چاوەڕوانی قاقای پێکەنینین یان مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژیانی، هیچ بایەخێکی نەبێت. پەڕینەوە لە هەست و سۆزێکەوە بۆ یەکێکی تر پێویستی بە هیچ جۆرە قووڵبوونەوە و بنەمایەکی سیکۆلۆژی نییە. پەژارە و دڵخۆشی، توڕەبوونێکی نائاسایی، هێمنییەکی بێ سنوور، پێکەنین و گریان، بێ هیچ هۆکارێکی دیاری کراو، بە شێوەیەکی ساکار و لە پڕ بە دوای یەکتریدا دێن. ئەوەی لە کارەکتەرێکی یان ئەکتەرێکی لێبوکدا پێویستە، ڕاستگۆییەکی ڕەهایە، لێبوك دەبێت بڕوایەکی تەواوی بەوە هەبێت، کە دەیکات و دەیڵێت و ئەو منداڵە بێت، کە لە بەرگی کەسێکی گەورەدا ڕەفتار دەکات. لێبوك ئەو منداڵە هەمیشەیی و بێکۆتایەی ناوەوەت بەئاگا دێنێتەوە، کە لە هەمان کاتدا دووپاتی دوا ئاستەکانی ئەو ساکارییە قووڵەی لای هەموو هونەرمەندە گەورەکان هەیە، دەکاتەوە.
چێخەف بایەخێکی گەورە بە چۆنییەتی نزیکبوونهوهی ئەکتەر لە ڕۆڵەکەی دەبەخشێت، ئەمەیش بە ناوەندێکی گرینگی مێتودەکەی دادەنرێت و هەموو چەمک و بەشەکانی تری تەکنیکەکەی، بۆ نزیکبوونەوەیەکی قووڵی ئەکتەرە، لە ڕۆڵەکەیەوە. بە بۆچوونی چێخەف، یەکێك لە هەنگاوە گرینگەکانی نزیکبوونەوەیش لە ڕۆڵ، خەیاڵ و فەنتازیایە، بۆ ئەم مەبەستەیش ڕێنمای ئەکتەر دەکات، هەر ئەوەندەی ڕۆڵەکەی خۆی وەرگرت، بۆ چەندین جار دەقەکە بخوێندێتەوە تا دەسەڵاتی بەسەر هەموو دەقەکەدا دەشکێت. دوای ئەوە فۆکوس بخرێتە سەر ڕۆڵەکەی خۆی و دیمەن لە دوای دیمەن لەسەر شانۆ بهێنێتە پێس چاوی خۆی. لەو ساتانە ڕامێنێت (ڕەوشێك، ڕێنماییەك، دیالۆگێك)، کە سەرنجی ڕادەکێشێت. بەم شێوەیە بەردەوامبە تا ژیانی ناوەوەی کارەکتەرەکە، بەهەمان شێوەی ڕووکاری دەرەوەی دەبینێت، دوای ئەوە چاوەڕوانبە تا هەست و هۆشی خۆت بەئاگا دێننەوە.
چێخەف ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە وێنەکانی خەیاڵی خۆمان لە هەموو جۆرە بەربەستێك دوورن، لەبەر ئەوەی ئەو وێنانە بەرهەمی ئەو ئان و ساتەن و بەشێوەیەکی خۆرسك و ڕاستەوخۆ لە خەیاڵ و فەنتازیاماندا خوڵقاون. هەموو ئەو شتانەیشی، کە کاری ئەکتەر پەك دەخات، دەگەڕێتەوە بۆ جەستەیەکی گەشەنەکردو یان بەربەستە سیکۆلۆژییەکان، بۆ نموونە سەرقاڵ بوون بەخۆوە، نەبوونی متمانە و ترس لە هەڵەکردن. فەنتازیا بێ ئەتمۆسفێری کارەکتەر و نەمایشەکە لاسەنگ دەبێت، ئەتمۆسفێری ڕۆڵ و نەمایش چەندین نهێنی و چینە جیاوازەکانی دەقەکە بۆ ئەکتەر ئاشکرا دەکات و ریتمی ڕۆڵ لە نەمایشەکەدا ڕادەگرێت. ریتمی کارەکتەرەکە، بەشەکانی تری کاری ئەکتەر چڕ دەکاتەوە و ئەیانبەستێتەوە بەیەکەوە، بۆ نموونە ریتم بەهایەکی گرینگی بۆ خەیاڵ و هەروەها ئەتمۆسفێریش هەیە. ئەمە جگە لەوەی ژێستە سیکۆلۆژییەکان زیاتر قووڵ دەکاتەوە و لەگەڵ ڕۆڵەکەی دەیانبەستێتەوە بە بەشەکانی تری کاری ئەکتەرەوە. چێخەف لە ڕێگای مێتودەکەیەوە، هەم هەمئاهەنگی لەنێوان ریتمی ناوەوە و ریتمی دەرەوەی کارەکتەرەکەدا دروست دەکات و تەرازووی ناوەوە و دەرەوەی کارەکتەرەکە ڕادەگرێت.
ئامادەبوونی بینەر لەیەکەم ڕۆژەکانی مەشق و پرۆڤە لە خەیاڵی ئەکتەر و دەرهێنەردا، بەهایەکی گەورەی دەبێت. چێخەف ڕۆڵێکی گەورە بەو ئامادەبوونەی بینەر، بەر لە ئامادەبوونییان بۆ نەمایشەکە، لە خەیاڵی ئەکتەردا دەبەخشێت؛ ئەکتەر و دەرهێنەر بەم ئامادەکارییە سیکۆلۆژییەی ئەندێشەییەی بینەر، ئەو کەرەستەیە بەدەست دەهێنن، کە چۆن بتوانن بە شێوەیەکی قووڵتر، بنەما و چینە جیاوازەکانی دەقەکە بدۆزنەوە و متمانەی بینەران بەدەست بهێنن.
سەرچاوە:
Michail Tjechov, Till skådespelaren. Om skådespelarkonsten. Schildts & Söderströms, Helsingfors 2014.