نووسینی: حەمەسەعید حەسەن


ئاوگوست ستریندبێرگ: بیۆگرافیا و ڕاڤەکردن، کە دانا ڕەئووف نووسیویەتی و ٢٠١٩ ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند چاپی دووەمی بڵاو کردووەتەوە، کتێبێکە لەبارەی ژیاننامە و بەرهەمەکانی مەزنترین ئەدیبی سوێدەوە کە لە بوارەیلی نووسینی ڕۆمان، شانۆنامە، شیعر و بیروەریدا ڕچەشکێن بووە. ئاوگوست ستریندبێرگ (١٨٤٩ – ١٩١٢) هاوسەردەمی ئەنتوان چیخۆڤ (١٨٦٠ – ١٩٠٤) و هەنریک ئیبسن (١٨٢٨ – ١٩٠٦) بووە و بە سێقۆڵی لەسەر ئاستی دونیا، شانۆیان نوێ کردووەتەوە.

ستریندبێرگ نووسەرێکی بلیمەتی ڕاڕا بووە، لە هێلانەی باوەڕێکدا جێی بە خۆی نەگرتووە و زوو زوو گۆڕان بەسەر فیکریدا هاتووە، سەردەمێک نووسەرێک بووە ناتورالیست، ئەو ڕێبازەی نێمیل زۆلا دایهێنا، ماوەیەک وەک جان جاک ڕۆسۆ گەڕاوەتەوە بۆ ئامێزی سروشت، ساڵانێک بە بیرۆکەی سوپەرمانی نیتشە سەرسام بووە و دابونەریتی فەرامۆش کردووە. لە نێوان ساڵانی ١٨٩٢ و ١٨٩٨دا تووشی کێشەی دەروونی هاتووە و دواتر لە بواری نووسینی ئەدەبی سایکۆلۆجیاییدا، داهێنانی تۆمار کردووە و بە قووڵی کاری لەسەر خەون و نەست کردووە.

دانا ڕەئووف بە پشوودرێژییەکی کەموێنەوە، بە زمانێکی پوخت و پاراو، هەم ژیاننامەی ستریندبێرگی نووسیوەتەوە و هەم کۆی بەرهەمەکانی ئەوی، لێزانانە بە خوێنەر ناساندووە، بۆیە هەر کەس بخوازێت کەسایەتیی ستریندبێرگ لە نزیکەوە بناسێت، بە ئیشەکانی ئاشنا ببێت و چێژێکی زۆریش لە خوێندنەوە وەربگرێت، هەقە بێ دوودڵی بچێت، کتێبی: (ئاوگوست ستریندبێرگ: بیۆگرافیا و ڕاڤەکردن)ی بە زانیاری دەوڵەمەندی، دانا رەئووف بخوێنێتەوە. نازانم ئێوە بە چی ڕۆحتان دەوڵەمەند دەکەن، من پێم وایە بۆ ئەو مەبەستە، هیچ شتێک ئەوەندەی خوێندنەوەی کتێبی چاک فریامان ناکەوێت، کتێبێکی دانسقەی لە چەشنی: ئاوگوست ستریندبێرگ: بیۆگرافیا و ڕاڤەکردن.

ستریندبێرگ لە ڕۆمانی (کوڕی کارەکەر)دا، کە بە زمانێکی باڵای ئەدەبی نووسراوە، بەشێک لە ژیاننامەی خۆی دەنووسێتەوە، بەڵام دانا ڕەئووف لەم کتێبەیدا، نزیکەی هەموو ژیانی ئەوی نووسیوەتەوە. ستریندبێرگ چونکە کەسایەتییەکی سادە نەبووە، تێگەییشتن لێی ئاسان نەبووە، ئاخر بۆ نموونە، لە لایەکەوە وەک شەرمنێک هەڵسوکەوتی کردووە و لە لایەکی ترەوە، شەرم بە بەرهەمەکانییەوە دیار نەبووە، بە تایبەتی ئەو وەختانەی ئەدەبێکی ڕووهەڵماڵراوی نووسیوە، ئەدەبێک تێیدا ئەوەی ڕێزی لێ نەگرتبێت، دابونەریتی باو بووە.

کەم نووسەر هەن، هێندەی ستریندبێرگ، ژیانیان لە بەرهەمیاندا ڕەنگی دابێتەوە، (خودی ستریندبێرگ و ئوستادەکەی شانۆنامەی: ئوستاد ئوولۆف دووانەیەکن، ئەمیان لە گۆشت و خوێن و ئەویان لە شیعر.)  ستریندبێرگ بە کاریگەریی مارک توەین، هەردوو ڕۆمانی: (ژوورە سوورەکە) و (مەملەکەتێکی نوێ)ی بە شێوازێکی ساتیرئامێز و بە زمانێکی زبر نووسیوە، کە تێیاندا ڕەخنەی توند لە کۆمەڵ و لە دەسەڵات دەگرێت.

کۆمێدیا لەکن ستریندبێرگ کۆمیدیایەکی تاکمەودای ڕووکەش نییە، کۆمیدیایەکی ڕەشی تابووشکێنە، بەو ئاستە بڵندەی مارک توین و بێرنارد شۆ پێیان دەنووسی. هەرچەندە دژایەتیکردنی ژن بە زەقی بە بەرهەمەکانی ستریندبێرگەوە دیارە، کەچی سێ جار ژنی هێناوە، بەڵام هەر سێ جارەکە هاوسەرگیرییەکانی بە جیابوونەوە دوایییان هاتووە و وەک پیاوێکی تەنیاباڵ ماڵئاواییی لە ژیان کردووە. هەر لە سۆنگەی دژایەتیکردنی ژنیشەوە، ستریندبێرگ دژی شانۆنامەی (ماڵی بووکەڵە)ی ئیبسن کە داکۆکیی لە ئازادیی ژن کردووە، وەستاوەتەوە. (باوک)یش یەکێکە لەو کارانەی کە تێیدا جامی تژی لە ڕقی خۆی، بەسەر ژندا قڵپ کردووەتەوە. کە ١٨٨٤ بەشی یەکەمی: چیرۆکەکانی ژنومێردایەتی بڵاو دەکاتەوە، ئەوەندە بەبێ پەردە و ڕاستەوخۆ تێیدا باسی سێکسی کردووە، لەسەری بە دادگا دراوە. ستریندبپێرگ لە ئەڵمانیایش لەسەر ڕۆمانی: بەرگرینامەی شێتێک، بە تۆمەتی ئەوەی پڕوپاگەندەی بۆ بەدڕەوشتی کردووە بە دادگا دراوە.

دانیشتووانی هێمسئوێ، یەکێکی ترە لە ڕۆمانەکانی کە وەک شاکار سەرنجی دەدرێت و تێێدا لەڕێی خەڵکی دوورگەیەکەوە، وێنەی جڤاکی سوێدی کێشاوە. بە هۆی (باوک) و (خاتوو جولیا) و (خاوەنقەرز)ەوە، کە باس لە پێوەندیی نێوان ژن و پیاو دەکەن، پێگەی ستریندبێرگ دەگاتە ئاستی درامانووسە ناودارەکانی جیهان. ل٧٤ هەرچەندە ستریندبێرگ پێی وابوو، دۆزەخی ئەم دونیا، خۆی لە پێوەندیی ژنومێردایەتیدا نمایش دەکات، بەڵام وەک چۆن لەگەڵ ژندا نەحەواوەتەوە، بەبێ ژنیش هەڵینەکردووە. ڕۆمانی: دۆزەخ، ڕەنگدانەوەی ئەو سەردەمەی ژیانی خۆیەتی کە دووچاری تەنگژەی ڕۆحی هاتبوو. (ستریندبێرگ چەند لە واقیعدا دەژیا، هێندەیش لەناو نووسینەکانیدا دەژیا، ئەمەیش بە تەکنیکێکی باڵا و بە زمانێکی شیعری، لە بەرهەمەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە. ل١٤٠)

نووسین بە دەست لەکن ستریندبێرگ وەک وەرزشێکی ڕۆحی وابوو، ئەوە بۆیە ئامێری چاپکردنی بەکار نەدەهێنا و بەرهەمەکانی بە دەست دەنووسینەوە. ستریندبێرگ یەکێک بوو لەو نووسەرانەی چی ویستبا دەینووسی، نە خۆی سانسۆر دەکرد و نە سڵی لە سانسۆری کۆمەڵایەتی و دینی و سیاسی دەکردەوە. ئەوەتا دەڵێت: (لەو بڕوایەدام ئەوەی ویستوومە بیکەم، کردوومە و ئەوەی ویستوومە بیڵێم، گوتوومە، ئیتر کاتی ماڵئاواییە.)

کە پێ دەنێتە تەمەنی شەست و سێ ساڵییەوە، کرێکاران و سۆسیالیستەکان لە خۆپیشاندانێکی گەورەدا، ڕێزێکی تایبەتی لێ دەنێن، هەزارانیان دەست بە مەشخەڵ و دەم بە گۆرانییەوە، لەبەردەم ماڵەکەیدا کۆ دەبنەوە و هاوار دەکەن: ستریندبێرگ نووسەری گەل، نووسەری ئازاد و شای شاعیران، کە پێشتر ئەوە بۆ هیچ ئەدیبێکی سوێدی نەکراوە. کە بەرەو گۆڕستان بەڕێ دەکرێت، ئەندامانی سەندیکای کرێکاران، بە زیاتر لە سەد ئاڵای سوورەوە، دوای تەرمەکەی دەکەون.

سۆسیال دیموکراتەکان (ستریندبێرگ)یان بە زمانحاڵی هەژاران دەزانی، خۆی لەو بارەیەوە دەڵێت: لەوساوە ڕۆمانی (کوڕی کارەکەر ١٨٨٦)م نووسیوە، لەو چینە جیا نەبوومەتەوە. چونکە ڕەخنەی توندی لە سیستەمی پاشایەتی، کەنیسە، دابونەریت، نووسەران و سیاسەتکاران دەگرت، ئەکادیمیای سوێد ١٩٠٩ خەڵاتی نۆبێڵیان بە سەلما لاگەرلوێڤ (١٨٥٨ – ١٩٤٠) بەخشی، کە هەقبوو ستریندبێرگ یەکەمین ئەدیبی سوێدی بێت، ئەو خەڵاتە وەربگرێت. لە ١٩١٠دا وەک کاردانەوەیەک دژ بە ئەکادیمیای سوێد، بە دەستپێشخەریی چەندان ناوی ناسراوی ناو دونیای ڕۆژنامەگەری و ئەدەبی سوێد، ستریندبێرگ وەک سیمبۆڵ و شانازیی سوێد ناودێر دەکرێت و ئەوەندەیش پارەی بۆ خڕ دەکرێتەوە، بتوانێت پاشماوەی تەمەنی پێی بژی، بەبێ ئەوەی حەوجەی بەوە ببێت، بۆ دابینکردنی بژێوی بنووسێت.


(*) ئاوگوست ستریندبێرگ: بیۆگرافیا و ڕاڤەکردن، نووسینی: دانا ڕەئووف، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، چاپی دووەم ٢٠١٩ سلێمانی.