برێشت و تیۆری شانۆی داستان

,

(١)

لە دوای ستانیسلاڤسکییەوە هیچ کەسێک لە سەدەی ڕابردوودا، هێندەی بێرتۆڵد برێشت (١٨٩٨-١٩٥٦) هەژموونی بەسەر شانۆی ئەوروپییەوە نەبووە. هەندێک پێیان وایە، کاریگەرییەکانی برێشت لە ستانیسلاڤسکیش زیاتر و گەورەترە، چونکە ئەو تیۆریست، دەرهێنەر، شانۆنامەنووس و سەرکردەیەکی سەرکەوتووی شانۆیش بووە. لەم ڕووەوە برێشت بە یەکێک لە قۆناخە هەرە گرینگەکانی بەرەوپێشەوەچوونی پرۆسەی شانۆی جیهانیی دادەنرێت و هەر لەسەرەتاوە، وەک هەر دیاردەیەکی شارستانیی و ڕۆشنبیریی و هونەریی، جێگای سەرنج و گفتوگۆ و شرۆڤەی جودا بووە. پێگە و بەهای برێشت تەنیا لە شانۆنامەکانیدا نییە، بەڵکو لە دیدە جیاوازەکەیدایە بۆ شانۆ، کە بە نووسینە تیۆری و تێزە سیاسییەکانی و تەکنیکە نۆییەکەی، چەمک و فۆرمێکی تری بۆ شانۆ دەستەبەرکرد. برێشت تەنیا شانۆکارێکە، کە لە کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوودا، لە ڕوانگەی خوێندنەوەیەکی قووڵی (هونەری شیعر)ەکەی ئەریستۆتالیس (٣٢٢-٣٨٤)ەوە، دەگاتە ئەنجامێکی تر، کە بە (دژە ئەریستۆ) ئاماژەی بۆ دەکرێت و نەریتێکی دوو هەزار ساڵەی تیۆری شانۆ دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەگەر درامایەکی ئەریستۆیی بەرجەستەی جیهانێک، تراجیدیایەک بێ هیچ گۆڕانکارییەک بکات، ئەوا شانۆیەکی داستانئامێز تەواو پێچەوانەیە و بەرجەستەی جیهانێک دەکات، کە پێویستە لە گۆڕانکارییەکی بەردەوامدا بێت. بەلای ئەریستۆوە، کاتارسیس یان ئەوەتا پاکبوونەوەیە بەهۆی ترس و بەزەییەوە یان پاکبوونەوەیە لە ترس و بەزەیی، ئەم پاکبوونەوەیەیش بە چێژ وەرگرتن دانانرێت، بەڵام پێویستی بە ئامڕازەکانی چێژوەرگرتن هەیە، هەروەها نواندن، بەپێی چەمکەکانی ئەریستۆ لاسایی کردنەوەیە، بەڵام برێشت ئەم چەمکە دەگۆڕێت بە نواندنێکی بزۆز و داستانئامێز. نواندنی داستان ئەو نواندنەیە، کە بە شێوەیەکی تەواو ئاسایی بێت، واتە ئاماژە بە “ڕاستی” بدات و ئەکتەر ماناکانی لە مانا بابەتییەکانی دەقەکەدا دەدۆزێتەوە. ئەریستۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە هەموو تراجیدیایەک سەرەتایەک، ناوەڕاست و کۆتاییەکی هەیە. شانۆ داستانییەکەی برێشت هیچ پرنسیپ و جۆرە یاسایەکی وەها پەیڕەو ناکات.

برێشت لە ساڵی ١٨٩٨دا لە ئاوگسبورگ لە دایک بووە و لە ساڵی ١٩٢٤یشەەوە دێتە بەرلین. لە دوا ساڵەکانی یەکەم جەنگی جیهانیدا، کە بۆ خزمەتی سەربازی بانگ دەکرێت، قوتابی کۆلێژی پزیشکی دەبێت، دوای جەنگ ناگەڕێتەوە بۆ زانکۆ و واز لە کۆلێژی پزیشکیی دەهێنێت و لەبری ئەوە دەکەوێتە نووسینی شیعری میللیی. لە ساڵی ١٩٢٢دا ئەم شیعرانە کۆدەکاتەوە و لە کتێبێکدا چاپیان دەکات، دوای ماوەیەکیش وەک ئەکتەر و هونەرمەندی (کابەرێ) کاری کردووە و دەستیش دەکات بە دەرهێنانی ئەو دەقانەی، کە خۆی نووسیبوونی. لە هەمان ساڵدا، یەکەم شانۆنامەی (تەپڵەکانی شەو) لە میونیخ نەمایش دەکرێت، ئەم شانۆنامەیە گوزارشت لە تراجیدیای سەربازێک دەکات، کە لە شەڕ گەراوەتەوە دەبینێت دەزگیرانەکەی شوی بە یەکێکی تر کردووە و ئەویش ناتوانێت جارێکی تر خۆی لەگەڵ کۆمەڵگەدا بگونجێنێتەوە. برێشت لەم یەکەم دەقە شانۆییەیدا، چ لە ڕووی زمان و چ لە ڕووی شێوازەوە، کەوتبووە ژێر کاریگەریی ئێکسپروشیونیستەکاندا، لەگەڵ ئەوەیشدا شانۆنامەی (تەپڵەکانی شەو) بە سەرەتایەکی پتەوی واقیعی سیاسیی دادەنرێت، هەروەها بە تەنیا کارێکی برێشت هەژمار دەکرێت، کە ڕاستەوخۆ گوزارشت لە ڕەوشی کۆمەڵگەی هاوچەرخی ئەڵمانی دەکات. ئەم شانۆنامەیە پاداشتێکی گرینگی وەکوو پاداشتی (کلایست) وەردەگرێت و بەمەیش دەرگایەکی فراوان لە برێشت دەکرێتەوە، بۆ نموونە هەر دوای ئەم پاداشتە وەک دراماتۆرگ لە (شانۆی ئەڵمانی) دەست بەکار دەبێت و بۆ ماوەیەکیش دەبێتە دراماتۆرگی دەرهێنەرێکی بەناوبانگی وەک (ماکس ڕاینهارت). بۆ برێشت ئەم قۆناخەی کار لە (شانۆی ئەڵمانی) دەبێتە قوتابخانەیەکی گرینگ و بە شێوەیەکی بەرفراوان بە شێکی گەورەی کلتووری شانۆی جیهانی دەخوێنێتەوە و کاریان لەسەر دەکات، بۆ شانۆیان ئامادە دەکات و لە هەندێک ڕووەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەر سەرچاوەی دەقەکان. برێشت هەر لەم ماوەیەدا و لە ژێر هەژموونی ئێکسپروشیونیستەکاندا چوار شانۆنامەی یەک پەردەیی و چەند شانۆنامەیەکی درێژ، بۆ نموونە (باڵ) و (دار و دەوەنەکانی شار) و (سەرکەوتن و نشوستیی شاری ماهاگۆنی) دەنووسێت. بەڵام برێشت زوو لە تەوژمی ئێکسپروشیونیستەکان دوور دەکەوێتەوە و لەو باوەڕەدا دەبێت، کە ئەو تەوژمە ناتوانێت لەو قۆناخە مێژووییەدا هیچ شتێک بخاتە سەر ئەزموونی شەڕ و پڕ لە کێشەی مرۆڤایەتی، هەر لەم ڕووەوە برێشت گوتویەتی: (هەرچەندە ڕێبازی ئێکسپروشیونیزم، کە شێوازە گوزارشتئامێزە شانۆییەکانیان زۆر دەوڵەمەند کردووە و بە کۆمەڵێک بەرئەنجامی ئێستاتیکی، کە تا ئێستا نە توانراوە بەکاربهێنرێت، گەیشتووە. بەڵام ئەم ڕێبازە، وەکوو بابەتێک بۆ چالاکییەکانی مرۆڤایەتی، پەردەی لە بێتوانایی تەواوی خۆی لە گۆڕینی جیهان هەڵماڵی، هەر لەبەر ئەوە بەهاکانی هەستپێکردنی لە شانۆی هاوچەرخدا سفر بوو.)

برێشت لە ژێر کاریگەری فەلسەفەی مارکسیزمدا، لە دەوروبەری ساڵانی ١٩٣٠ەوە کار لەسەر داڕشتن و بەسیستێمکردنی دیما و دیدە شانۆییەکەی دەکات و زاراوەکانی شانۆی داستان و شانۆی دیالێکتیکی دێنێتە ئاراوە. بۆ ئەم مەبەستە پشت بە فەلسەفەی مارکسی سەبارەت بە مێژوو و کۆمەڵ و شارستانییەت دەبەستێت و سرووشتی دراماکەی و بوونی و چارەنووسی دەبەستێتەوە بە سرووشتی مرۆڤ و چارەنووس و بوونییەوە. هەر لە ساڵی ١٩٣٠دا ئەرڤین پیسکاتۆر (١٨٩٣ – ١٩٦٦) دەناسێت و بۆ ماوەیەک کاری لەگەڵ دەکات و لە شانۆ سیاسییەکەی پیسکاتۆرەوە دید و هزرە سیاسییەکەی بۆ شانۆ و ئامڕازە شانۆییەکانی گەشە دەکات. بەڵام ئەو بۆ ئەم مەبەستە، هەر لەساڵی ١٩٢٨ەوە فۆرمێکی تر بۆ نووسینی دەقی شانۆنامەکانی دەدۆزێتەوە، لەم فۆرمەدا بەدوای بونیادێکی داستانیی و فێرگەییدا دەگەڕیت، وەک لەوەوبەر ئاماژەمان بۆ کردووە، لە بنەماکانی هزری سیاسیی و فەلسەفەی مارکسییەوە سەرچاوەی وەرگرتووە. برێشت بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٢٨دا شانۆنامەی (ئۆپێرای سێ قرووشی) دەنووسێت، کە سەرنجی جیهان بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت، ئەم دەقە شێوازە داستانییە قووڵە بەراییەکانی لە خۆ گرتووە. برێشت بەم دەقەی هەنگاوێکی گەورە دەنێت و شانۆنامە بەراییەکانی ئەو دەمەیشی، ئەو گەشە خێرایەی، وەکوو نووسەرێکی شانۆی داستان دەخەنە ڕوو. برێشت بە دەستەواژەی (شانۆی داستان) دەرگایەکی پڕ لە نهێنی و سەرسوڕمان و بەدحاڵیبوون لەنێوەندە کلتووری و شانۆییەکەدا دەکاتەوە. بێگومان شانۆ و چەمکی داستان لە چەندین ڕووەوە تووخمی هاوبەش و لێک چوو کۆیان دەکاتەوە، بەڵام هەر یەکێکیشیان سیما و بنەما و توخمی تایبەتمەندی خۆی هەیە، کە لەوی تریان جیا دەکاتەوە. لەم ڕووەیشەوە کۆکردنەوە و پێکەوە بەستنییان لەیەک یەکەی هونەریدا (شانۆ و داستان) دەبێتە کارێکی گران. برێشت دەتوانێت ئەم جیاوازی و تووخمە دژ بەیەکانە لە چەمک و زاراوەی (شانۆی داستان)دا کۆبکاتەوە و بەمەیش شانۆیەکی نوێ و جودا دروست دەکات.

برێشت هەر لە سەرەتاوە هەنگاوی خێرا دەنێت و دەگەڕێت بە دوای شێوازێکی تری هزری و هونەری (ئەدەبی شانۆیی) بۆ (شانۆی فێرگەیی) و لە کۆمەڵێک لەو شانۆنامە فێرگەییانەی دەینووسێت، بنەما هزرییە نوێیەکەی لە ڕۆنانی درامی دەقەکانیدا دەخاتە ڕوو. ستراکتور و داڕشتنەکانی ئەم دەقانە، شێوازێکی دژ بەیەک لە خۆ دەگرن، کە گۆرانی میللیی پێکیانەوە دەبەستێتەوە. کۆکردنەوەی بنەما دژ بەیەکەکانیش بۆ برێشت تا دوا بەرهەمەکانی، دەبێتە یەکێک لە توخمە گرینگەکانی ستراکتور و بوونیادی دەقەکانی و بە شێوازێکی داستانی ئەو بنەما دژ بەیەکان کۆدەکاتەوە و بەکاریان دەهێنێت. شانۆنامەی (دەستوور و بەدەر لە دەستوور) ١٩٣٠ و (دادگایکردنی لۆکۆلۆس) ١٩٣٩ نموونەیەکی بەرز و سەرکەوتووی قۆناخی شانۆ فێرگەییەکەی برێشتە. برێشت لە هەوڵی ئەوەدا بووە (شانۆنامەی فێرگەیی) پێشکەش بکات و هاوکات چەندە نەمایشەکە پرۆژەیەکی سەرکەوتوو بێت، هێندەیش هەڵگری چێژێکی تایبەتمەد بێت و لە ڕێگای چێژەوە بینەرەکانی فێر بکات. لەم ڕووەوە پشت بە هزر و دیمایەکی (شیلەر) ١٧٥٩-١٨٠٥ دەبەستێت، کە دەڵێت: (هیچ هۆکارێک نییە، کە گرینگیدان بە ئاکار چێژ لە خۆ نەگرێت.) ئەمەیش ئەو مانایە دەگەیەنێت، کە شانۆی برێشت شانۆیەکی فێرگەییە بۆ سەدەیەکی زانستی، لەم ڕوانگەیشەوە برێشت دراما بە وێناکردنێکی ڕەخنەی ژیان دەزانێت، ئەم ڕەخنەیەیش بە شێوەیەکی سەرەکی لە ستراکتور و بوونیادی شانۆنامەکاندا بەرجەستە دەبن. شانۆی داستانیش بۆ برێشت، بە هیچ شێوەیەک نابەسترێتەوە بە چەمکی فەلسەفەی ئێستاتیکی ئەڵمانییەوە، بە تایبەتی لەلای هەریەک لە (کانت و هیگل) لە نیوەی سەدەی ڕابردوودا، لەم ڕووەوە دەڵێت: (لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەم ئێستاتیکایەیش “ئێستاتیکای کانت و هیگل” هەروەک مارکس خۆیشی ئاماژەی بۆ کردووە، بە شێوەیەکی ئاسایی لە هەڵکشاندایە، زۆر زیاتر لە هزر و دیما ئێستاتیکییەکەی مارکسییەکان، ئەوانەی، کە هیچ لە ئێستاتیکای کانت و هیگل تێ ناگەن، ئەمە جگە لەوەی لە بنەما زانستییەکانی مارکسیش ناگەن.) لەگەڵ ئەوەیشدا دەتوانین بڵێین، کە هیگل یەکەم کەس بوو، کە هونەری درامای بەستەوە بە فەلسەفەکەیەوە، دراما سیمایەکی بوونگەرای پڕ لە گۆڕانکارییە. بوون جێگۆڕکێ دەکات و بە بەردەوامی دەگۆڕدرێت، درامایش بەهەمان شێوە لە گەڵیدا لە جێگۆرکێ و گۆڕانکاریدایە. مارکسییەتیش بنەماکانی شێواز و گۆڕانکاری واقیع لە هیگلەوە وەردەگرێت، بەڵام لای مارکس مەبەستمان دیالێکتیکە و لە بری ڕاڤەیەکی ڕۆحی ڕاڤەیەکی مادی بۆ دەکات و دەیەوێت کۆمەڵگەیەکی دوور لە چینایەتی بە دەست بهێنێت، نەک بەرەو ڕۆحێکی ڕەها هەنگاو بنێت. لەسەر شانۆنامەنووسی هاوچەرخ پێویستە، کە ڕووبەرووی هەست نەبێتەوە، بەڵکو مامەڵە لەگەڵ هزر بکات. کاری شانۆنامەنووس ئەوەیە ئەم هزرە فێر بکات و پاڵی پێوەبنێت بەرەو جووڵانەوە و گۆڕانکاری بڕوات لە بری ورووژاندنی هەست، وەک چۆن مارکس ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە لەسەر فەلسەفە پێویستە جیهان بگۆڕێت نەک شرۆڤەی بۆ بکات، بە هەمان شیوە لەسەر هونەر و شانۆیش پێویستە مرۆڤ بگۆڕێت وەک سەرەتایەک بۆ گۆڕینی جیهان.

کە نازییەکان دەسەڵات دەگرنە دەست، برێشت و هێلینە ڤایگل (١٩٠٠-١٩٧٢) لە ساڵی ١٩٣٣دا، ڕۆژێک دوای سووتانی ڕایخستاگ (پەرلەمانی ئەڵمانیا) وڵات بەجێ دەهێڵن و تا پانزە ساڵ ناگەڕێنەوە. سەرەتا دەچنە پراگ، لەوێشەوە بەرەو ڤیەنا، سویسرا، دانیمارک، سوید، فینلەندا، ڕووسیا دەڕۆن، لە کۆتایدا لە ساڵی ١٩٤٧ەوە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەگیرسێنەوە، دوای ئەمەریکا دەگەڕێنەوە بۆ ئەوروپا و سەرلەنوێ لە سویسرا و نەمسا جێگیر دەبن.  برێشت وەک خۆی لە شیعرێکدا بە ناوی (برێشتی بەستەزمان) گوزارشتی لێ کردووە، باسی لەوە کردووە، کە زیاتر لەوەی مرۆڤ پێڵاوەکانی دەگۆڕێت ئەو وڵاتان دەگۆڕێت و لەم وڵاتەوە دەچێت بۆ ئەو وڵات. برێشت لە ئەمەریکا قۆناخی پێگەیشتن و گەشەی هونەری و سیاسیی دەست پێ دەکات و شانۆنامە داستانییە درێژەکانی، وەکوو (بازنەی تەباشیری قەوقاز، مرۆڤە باشەکەی سێچوان، دایکە ئازا، ژیانی گالیلای) و هەندێک لەو شانۆنامانەیشی، کە لە ڕۆمانە گەورەکانی ئەدەبی جیهانییەوە ئامادەی دەکردن، لەوانەیش (دایک)ی مەکسیم گۆرگی و شڤایکی یارۆسلاڤ هاشەک، لە ژێر ناوی (شڤایک لە شەڕی دووەمی جیهانیدا) دەنووسێت. هەروەها گەڕانەوە بۆ سەر هەندێک لە شانۆنامە کلاسیکییە گەورەکان و ئامادەکردن و سەرلەنوێ چارەسەرکردنییان، کە لەگەڵ دید و دیما سیاسیی و هونەرییەکەی ئەودا بگونجێن، لەوانەیش: (ئەنتیگۆنە)ی سۆفۆکلێس، (ئەدواردی دووەم)ی مارلۆ و (تراجیدیای کۆریۆڵانس)ی شەکسپیر. برێشت هەوڵی داوە لەم نووسین و ئامادەکردنانەدا، تیۆرەکانی هونەر و کاریگەری لە کۆمەڵگە و چەمکەکانی شانۆی داستان و فێرگەیی بەرجەستە بکات و یاسایەکی نوێ بۆ شانۆی داستانی سیاسیی بخاتە ڕوو، کە بە تەواوی دژ بە یاسا کۆنەکانی شانۆی درامی و بنەما ئەریستۆییەکان دەبێت. نووسینی ئەم دەقانە بۆ برێشت زیاتر وەک چەند هەوڵێک یان ئەزموونێک وا بوون، کە بێ وەستان کاری لەسەر کردوون و هەرگیز شێوازی کۆتایی خۆیان لە تاراوگە وەرناگرن؛ بەڵکو هەمیشە سەرلەنوێ دەیانووسێتەوە. برێشت هەستی بەوە کردووە، کە ئەم دەقانە بە ئەزموونێکی کردەیی و پرۆسەی شانۆیدا نەڕۆیشتوون، لەبەر ئەوە تا ئەو ڕۆژەی بە پراکتیک و لەسەر شانۆ و لەگەڵ ئەکتەرەکاندا تاقی نەکردونەتەوە و کاری تیا نەکردوون، تەواو نەبوون.

شانۆ یەکێکە لەو هونەرانەی، کە لە پێش مێژووەوە گوزارشتی لە مرۆڤ و مەسەلەکانی مرۆڤ کردووە؛ ئەگەر شانۆی گرێکیش گوزارشتی لە مەرگەساتی مرۆڤ بەرامبەر بە چارەنووس کردبێت، ئەوا مەسەلەکانی چەمکی چارەنووس لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵ و شارستانییەت و باری ئابووری مرۆڤ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. چارەنووسێکی میتافیزیکیش لەلای برێشت گۆڕانکارییەکی سەراپاگیری بەسەردا هاتووە و لەو چارەنووسە میتافیزیکییەوە بۆتە چارەنووسێکی ئابووری و سیاسیی. برێشت لەم ڕووەوە ئاوڕێکی بە هەند لە بزووتنەوەی شانۆی جیهانی دەداتەوە و هەوڵ دەدات، بەرلین لە نەخشەی شانۆی هاوچەرخی جیهانیدا، بخاتە خاڵێکی گرینگ و ناوەندێکی پڕ بە بەهای تەوژمە نوێیەکانەوە و شانۆی داستان بکاتە لایەنێکی ئەو ناوەندە، کە خۆی بە دامەزرێنەری دەزانێت. برێشت بەم شێوەیە باسی شانۆی داستان و شانۆ لە بەرلین دەکات: (هەرچەندە شانۆکانی: ڕووسی و ئەمەریکی و ئەڵمانی، لە زۆر ڕووەوە جیاوازییەکی گەورەیان هەیە، لەگەڵ ئەوەیشدا چەندین سیمای هاوبەش کۆیان دەکاتەوە، کە هەموویان شانۆی هاوچەرخن، بە وشەیەک، چەندین نوێکارییان خستۆتە تەکنیکەکانی دەرهێنان و شێوازەکانی نواندنەوە. لە هەندێک ڕوویشەوە چەندین لێکچوون لە شێوازەکانی ئەم شانۆیانەدا هەن، لەوانەیە، لەبەر ئەوە بێت، کە تەکنیک مۆرکێکی جیهانی هەیە/…/ لەبەر ئەوەی ئەم شانۆیانە لە شارە گەورە و پێشکەوتووەکاندا دامەزراون و دەکەونە ناوجەرگەی وڵاتە پیشەسازییە گەورەکانەوە. لەوە دەچێت شانۆی بەرلین لەم چەند ساڵەی دوایدا پێگەیەکی گەورەی لەنێو شانۆی وڵاتە سەرمایەدارییەکاندا بۆ خۆی کردبێتەوە. ئەمەیش لەبەر ئەوەی سیما تایبەتمەندەکانی شانۆی هاوچەرخ بە شێوەیەکی ئاشکرا و گەشەیەکی زیاترەوە، لە قۆناخێکی دیاریکراوی بەرەوپێشەوە چوونی شانۆی بەرلیندا ڕەنگی داوەتەوە. وەک لەوەوبەر گوتمان، قۆناخی کۆتایی شانۆی بەرلین، کە بە شێوەیەکی ئاشکرا بەرجەستە بووە و لە چەندین ڕووەوە هاوشانی شانۆی هاوچەرخ بۆتەوە، شانۆیەکی داستانئامێز بووە. هەرچەندە لە ژێر ناوی وەک (شانۆی هاوچەرخ) یان (شانۆی پیسکاتۆر) و (شانۆی فێرگەیی)دا کۆیان بکەینەوە، بەڵام ئەمانە هەموویان سەر بە شانۆی داستانیین.) شانۆی داستانیش، بەپێی دیمای برێشت پێویستی بە بزاڤێکی مەزن لە بواری ژیانی کۆمەڵایەتیدا هەیە، ئامانجی ئەم بزاڤەیش وروژاندنی گرینگیدانە بە گفتوگۆیەکی سەربەست سەبارەت بە گرفتەکانی ژیان، ئەمەیش لە پێناوی ئەوەدا، کە ئەم گرفتانە لە داهاتوودا چارەسەر بکرێن. دەبێت بزاڤێکی گەورەی وا دروست بکرێت، کە بتوانێت بەرگری لەم پرسە گرینگانە بکات و دژی هەموو ئاڕاستە نەخواستەکان بووەستێتەوە.

برێشت هەمیشە لە بواری تیۆر و پراکتیکدا کاری کردووە: ئەوەی نووسیویەتی، تاقی کردۆتەوە، ئەوەی تاقی کردۆتەوە، نووسیوویەتی و شانۆنامەکانیشی، کە ئامڕازێکی ئەو تیۆر و پراکتیکە بوون، لەگەڵ کات و ستایلی ئەدەبی و زمان و پێگە و ڕۆڵی شانۆدا، لە کێشەیەکی دژواردا بوون. ئەم کێشە دژوارەیش لەسەر بنەما سیاسیی و ئێستاتیکییەکان بە مەبەستێکی دیاریکراوەوە ڕۆنراوە. برێشت دەرهێنەر و نووسەرێکی شانۆنامە بووە، کە هەمیشە چاودێری ئەزموونەکانی خۆیی و ئەزموونی کەسانی تری کردووە، لە ئەزموونی کەسانی تری وەرگرتووە، ئەوەی لەگەڵ هزری ئەو نەگونجاون وەلاوەی ناون و تیۆرەکانی بەکاری کردەیی و ئەزموونە پراکتیکییەکانی دادەڕشتەوە و لەکاتی گەشە و تاقیکردنەوەی هەر نەمایشێکی نوێدا، گۆڕانکاری لە دیما و هزرەکانیدا دەکرد.  برێشت بەوە درامای سەردەمەکەی خۆی لە سەردەمی پێشوو جیا دەکاتەوە، کە پێویستە لەناو سیاسەتدا بە قووڵی ڕۆچێتە خوارەوە، هەر لەم ڕووەوە دەڵێت (بیرکردنەوە لە نووسینی شانۆنامەیەک یان دەرهێنانی، مانای ئەوەیە سەرلەنوێ کۆمەڵگە ڕۆبنێیتەوە، وڵات ڕێک بخەیتەوە و سەرپەرشتی ئایدۆلۆژیایەک بکەیت.) ئەم سیاسەتەیش بۆ برێشت لە دوو ڕەهەند و مەداری پێکەوە بەستراودا کۆدەبنەوە: (لە سیاسەتی شانۆدا و لە سیاسەتی کۆمەڵدا) کە بە شێوەیەکی گشتگر و تەواو یەکتری تەواو دەکەن.

هەرچەندە هەموو لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە شانۆی سیاسیی دەگەڕێتەوە بۆ پیسکاتۆر، ئەگەر بەو بۆچوونانەیش قایل بین، کە برێشت هەموو شتەکانی لە پیسکاتۆرەوە وەرگرتووە، ئەوا ڕوون و ئاشکرایە، برێشت لە سنوورەکانی پیسکاتۆردا ناوەستێت و گۆڕانکارییەکی مەزنی ئەنجامداوە. پیسکاتۆر تەنیا هەستی سیاسیی لەلای بینەران دەورووژاند، بەڵام برێشت دەیویست لە ڕوانگەی ئامڕازە شانۆییەکانەوە فێریان بکات و هۆشیارییان بکاتەوە و بە یارمەتی واقیع و لە دەروازە و ستراکتوورەکانی مێژوووەوە پەردە لەسەر ڕاستییە زانستییەکان لەبەر چاویان هەڵماڵێت. ئەمەیش لە پێناوی ئەوەدا نا، کە بینەرەکانی تەنیا لەم ڕاستییانەوە، بە کۆمەڵێک زانیارییەوە بچنە دەرەوە، بەڵکو هانی دەدان تا شۆڕش بەسەر ئەو واقیعە سەپێنراوەدا بکەن و لەپێناوی گۆڕانکاریدا ڕووبەڕوویشیان ببنەوە. ئەگەر شانۆی سیاسیی لەلای پیسکاتۆر و برێشت، کاردانەوەیەکی ڕاستەوخۆ و خۆرسکی دوو شانۆکار بێت سەبارەت بە ڕووداوەکانی نێوان هەردوو جەنگی جیهانی، بە تایبەتیش ئەو ڕووداوانەی ڕاستەوخۆ بوونە هۆی هەڵگیرسانی دووەم جەنگی جیهانی، ئەوا دیما و دیدە شانۆییەکەی برێشت ئەم هزرە تێدەپەڕێنێت و شانۆکەی دەخاتە خزمەتی ئەو جیاوازیانەیشەوە، کە دەکەوێتە نێوان سەرمایە و مرۆڤەوە، بە شێوەیەک چەمک و هزرەکانی مەسەلەی ئیمپریالیزم لە کۆن و نوێدا بخاتە نێو پرۆسە سیاسییەکەی شانۆی داستانییەوە.

هەموو کێشەیەک بۆ برێشت بنەمایەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی هەبووە، دونیایش لە گۆڕانێکی بەردەوامدایە و ڕەوشەکان پەرچەکرداری مرۆڤ دیاری دەکەن، نەک ڕەوشت و مەسەلە ئاکارییەکان، نەمایشەکانیش بە چێژەوە بەرەو زانستمان دەبەن. (چێژ) لە کارە هونەرییەکاندا بەشێکە لە پرۆسە تیۆری، سیاسیی، فێرگەیی و بوونیادە گرینگەکەی شانۆی برێشت. لە ساڵی ١٩٣٦یشدا باسێکی گرینگ بە ناوی (شانۆی چێژ یان شانۆی فێرگەیی) دەنووسێت و لەم باسەدا، باسی شانۆ دژ بە ئەریستۆکەی خۆی دەکات و هەر لەم باسەدا باسی چەمکی نامۆبوون دەکات، کە وا لە ئەکتەر دەکات لە بری چوونە ناو ڕۆڵەوە، ڕۆڵەکەی نەمایش بکات  و بینەران تووشی سەرسووڕمان دەکات و ناچاری ڕەخنە و هەڵوێست وەرگرتنیان دەکات. مێژوو یەکێکە لە چەمکەکانی تری برێشت، کە پەیوەندییەکی میکانیزمی و بەهێزی بە (دوورەوپەرێزی) و دروستکردنی مەوداوە هەیە- لەو ڕووەوەی، کە ڕووداوەکان وا دەخرێنە ڕوو، وەکوو ئەوەی لە (ڕابردوودا) ڕوویان دابێت و (ئێستایش) بە شێوەیەکی نامۆ دەربکەوێت.

(٢)

هەموو بابەتە تیۆری و فەلسەفە شانۆیی و دیدە ئێستاتیکییەکەی برێشت، لە کتێبێکدا بە ناوی (تیۆری شانۆی داستان) بڵاو کراونەتەوە و بووە بە بەشێکی گەلێک گرینگ لە کلتوور و سەرچاوەکانی شانۆی هاوچەرخی جیهانی. کتێبەکەیش لە هەشت بەش پێک هاتووە: ڕەتکردنەوەی رۆتینەکانی شانۆ، بەرەو شانۆیەکی هاوچەرخ، سەبارەت بە دراما لە دەرەوەی پرنسیپە شانۆییەکانی ئەریستۆ، بنەمای تازە بۆ هونەری نواندن، ڕەوتە پێشکەوتووخوازەکەی سیستێمی ستانیسلاڤسکی، نەخشەسازی دیکۆر و نووسەری مۆسیقا لە شانۆی داستانیدا، ئۆرگانۆنی بچووکی لێکۆڵینەوە بۆ شانۆ، دوابەشیشی تەرخانکردووە بۆ دیالێکتیک لەسەر شانۆ. لەم ڕووەوە ئەم بەشانەی کتێبەکەیش وێنەیەکی ڕوونی دید و دیما شانۆیی، فەلسەفی و تیۆرییەکەی برێشتمان بۆ دەخاتە ڕوو، هەروەها ئەو دەرگایەیش بۆ سیستێمێکی ئەڵتەرناتیڤی سیستێمەکەی ستانیسلاڤسکی و تیۆرە ئێستاتیکییەکەی ئەریستۆ دەکاتەوە. زۆر کەس لەو بڕوایەدان و پێ داگری دەکەن لەوەی، کە برێشت سیستێمێکی تەواو و گشتگری بۆ شانۆی داستانی داناوە، بەڵام برێشت هەرگیز تیۆرە شانۆییەکەی، وەک سیستێمێک تەواو ناکات، بەڵکو بە درێژایی ژیانی ئەو بنەما سەرەکییانەی کاری لەسەر دەکردن، گۆڕانکاری تیا دەکرد، سەرلەنوێ و بە شێوازی تر دایدەڕشتنەوە و دەیخستنەوە ژێر پرسیار و قووڵبوونەوە و دەوڵەمەندکردنەوە.

برێشت، بە پشتبەستن بەو بۆچوونەی، کە شانۆ دامەزراوێکی کۆمەڵایەتییە، پێی وابووە، دەبێت بە شێوەیەکی گشتی لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە پێکهاتەکانی بکرێتەوە، نەک هەر لەسەر ئاستی دەق یان ئەکتەر، بەڵکو لەسەر ئاستی بنەماکانی دەرهێنانیشەوە بە شێوەیەک، کە بینەرانیش بهێنرێتە ناو پرۆسە شانۆییەکەوە بۆ ئەوەی، دواجار، کار بکاتە سەر هەست و هەڵوێستیان و بیانگۆڕێت. بۆیە بینەر، توخمێکی گرینگی دید و تیۆرە شانۆیی و سیاسییەکەی برێشتە. (مەسەلەکەیش تەنیا لەوەدا کۆنابێتەوە، کە بینەر بۆ ئەوە ئامادە بکەیت فۆرمێکی تازە و قوتابخانەیەکی شیعری تازە وەربگرێت، بەڵکو بۆ ئەوەیە بینەران بتوانن خۆیان بگۆڕن، بە دەستکەوتەکانیاندا بچنەوە، هۆشیار بن و سەرلەنوێ خودی خۆیان بونیاد بنێنەوە، دیارە ئەمەیش پەیوەندی بە چێژ و ئێستاتیکای شانۆوە هەیە.)

برێشت بۆ دەستەبەرکردنی چەمکە سیاسیی و دۆزینەوەی تەکنیک و فۆرمە نوێیەکان؛ فۆرمی داستان، شانۆی فێرکاری و درامایەکی دیالێکتیکی پەرە پێدەدات، پەنابردنە بەر گێڕانەوەیش دەبێتە توخمێکی سەرەکی. سەبارەت بە دیالێکتیکی درامایش، ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە هونەری درامای دیالێکتیکی لە بواری شێوەدا هەنگاوی ناوە، نەک لە ناوەڕۆکدا. بۆیە نەمایش و خستنەڕووی هەڵسووکەوتی کارەکتەرەکان، وەک شتێکی ئاسایی ناکرێت، بەڵکو وەکوو شتێکی سەرسووڕهێنەر، ئەکتەر ڕەوشەکە دەخاتە ڕوو، نەک لاسایی بکاتەوە: پێویستە بینەر سەرنجی پەیوەندیی نێوان ڕەفتار و هەڵسوکەوتی کارەکتەرەکان بدات و بیانبەستێتەوە بەو پرۆسێسەی، کە لەنێو کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا ڕوو دەدات. ئەمەیش پێویستی بە مامەڵەیەکی زانستیانەوە هەیە.

شانۆی داستانئامێز لە چوارچێوەی ئەم مامەڵە زانستییەوە پەنادەباتە بەر فۆرمەکانی شاشە و سینەما و دۆکیومێنت و بەڵگەنامە. لەبەر ئەوە نابێت ئەکتەریش بە شێوەیەکی تەواو بچنە ناو ڕۆڵەکانیانەوە و پێویستە لەسەریان، کە هەمیشە بوارێکی دیاریکراو لە نێوان خۆیان و ئەو ڕۆڵانەی دەیبینن بپارێزن و بهێڵنەوە، هەروەها لەرسەیشیان پێویستە هەڵۆێستێکی ڕەخنەئامێزیش سەبارەت بە کارەکتەرەکە، لەلای بینەران بوورووژێنن. هەر بۆیە ناشبێت بینەران لە ڕێگای پێکداچوونێکی سیکۆلۆژییەوە بۆ کارەکتەری شانۆنامە، بە تەواوی خۆیان بدەن بەدەستەوە. لەم پرۆسەیەیشدا، دەبێت پەیوەندییەکانی ئەکتەر بە بینەرانەوە پەیوەندییەکی ئازاد و تەواو ڕاستەوخۆ بێت. بۆ ئەم مەبەستە و تێگەیشتنێکی ڕەخنەئامێزی ڕووداوەکانی نەمایشیش، دەبێت پابەندی تەکنیکی نامۆبوون بین: لە ڕێگای ئەم تەکنیکەیشەوە بارودۆخ و ڕووداوە (ئاساییەکان) دەبێتە شتێکی نامۆ و جێگای سەرنج و تووشی تێڕامان و سەرسوڕمانمان دەکات. ئەو نواندنەی نامۆبوون دەستەبەر دەکات، ئەو نواندنەیە، کە ئەو بوارەمان بۆ دەرەخسێنێت بە بابەتەکە ئاشنا بین، لە هەمان کاتدا وای لێ دەکات، کە ناتەبا و نامۆ بێت بە ئێمە. هەر لەڕێگای ئەم تەکنیکەوە بینەران چیتر لەسەر شانۆ ئەو مرۆڤانە نابینن، کە ناچنە ژێر هیچ کاریگەری و گۆڕانکارییەکەوە و لە بەرامبەر چارەنووسدا دەستەپاچە وبێتوانا بوەستن. گەیشتن بە نامۆبوونی ڕووداو یان کارەکتەر، لە پێش هەموو شتێکدا مانای ئەوە دەگەیەنێت، کە ئەو رووداوە یان کارەکتەرە هەموو سیفاتە تەبا و ڕۆشن و دیارەکانی خۆی لە دەست بدات، هەروەها بەم کارەیش ڕەوشێکی پڕ لە سەرسووڕمان و بە دواداچوون و پرسیار لە خودی ڕووداو و کارەکتەرەکاندا دروست بکات.  بینەر ئەم مرۆڤە بەم شێوەیە، کە لەم وێنەیەدا دەبینێت، لەوە دەگات، کە بارودۆخەکە بەم شێوەیەی خوڵقاندووە، هەر لەبەر ئەوەی بارودۆخەکەیش بەم شێوەیەیە، مرۆڤیش بەم شێوەیە وێناکراوە. دەشکرێت ئەو مرۆڤە بەوشێوەیە نا، کە لەو واقیعەدایە پێشان بدرێت، بەڵکو لە واقیعێکی تر و شێوەیەکی تردا، بەو واتایەی کە پێویستە ببێت، پێشان بدرێت. لەبەرئەنجامی ئەمەیشدا دەکرێت بینەر هەڵوێستێکی نوێ لە شانۆدا بدۆزێتەوە. برێشت دەڵێت: (بینەر لە ڕەهەندی ئازارەکانی پاڵەوانی شانۆیەکی دراماتیکی ڕادەمێنێت و دەڵێت “بەڵێ، منیش هەمان ئازار و ژانم چەشتووە، منیش هەر وەک پاڵەوانەکە وام. ئەمەیش شتێکی سرووشتییە و هەمیشە هەر وایش دەبێت. کارەساتی ئەم مرۆڤە دەمهەژێنێت، لەبەر ئەوەی هیچ ڕێگا چارەیەک شک نابات. ئەمە هونەرێکی گەورەیە، لەوە دەچێت هەموو شتێک لێرەدا ئاسایی بێت. من لەگەڵ ئەوانەی دەگرین، دەگریم و لەگەڵ ئەوانەیشی پێدەکەنن، پێدەکەنم.” بەڵام بینەری شانۆی داستان دەڵێت: “من ئەمەم بەخەیاڵدا نەهاتووە. ئەمە هەڵسوکەوتێکی هەڵەیە و تا ئاستێکی بەرز جێگای سەر سوڕمانە. ئەمە، کارێکی ناڕەوا و ناپەسندە و دەبێت سنوورێکی بۆ دابنرێت. کارەساتی ئەم پاڵەوانە دەمورووژێنێت، بۆیە، هەر چۆنێک بێت، پێویستە ڕێگاچارەیەکی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەمە هونەرێکی گەورەیە، هیچ شتێکی ئاسایی لە خۆ ناگرێت. من بەو کەسانە پێ دەکەنم، کە دەگرین بۆ ئەوانەیش دەگریم، کە پێدەکەنن” شاعیر یان نووسەری داستان و شانۆنامەنووسە درامییەکان پەیڕەوی کۆمەڵێک ڕێسا و بنەمای تایبەتی هونەری دەکەن، گرینگترینیان یاسای یەکەی بابەت و گەشە کردنە. دەکرێت ئەم یاسایانەیش چارەسەری هەمان بابەت بکەن و هەمان هۆکار بیان جووڵێنێت، بەڵام جیاوازی گەورەی نێوانیان ئەوەیە، کە (داستان) ئەو شتانە دەگێڕێتەوە کە لە ڕابردوودا ڕوویان داوە، درامایش ڕووداوەکانمان بۆ (دەستنیشان) دەکات، وەک ئەوەی، کە لەم چرکەساتەدا ڕووبدات. چیڕۆکێکی داستانئامێز وێنای مرۆڤمان لە دنیایەکی دەرەکیدا بۆ دەکێشێت، لە دنیایەکدا بە کردارێکی گەورەوە سەرقاڵە، کە دوورە لە خودی خۆیەوە، بۆ نموونە (شەڕ، گەشت) یان هەر شتێکی تر، کە پێویستی بە پانتاییەکی بەرینی هەستپێکردنە. بەڵام تراجیدیا وێنای ئەو مرۆڤانەمان بۆ دەکێشێت، کە زیاتر بە دەروونی خۆیاندا ڕۆدەچنە خوارەوە و گوزارشت لەو ڕووداوانە دەکەن، کە لە ناوەوەی خۆیاندا دەگوزەرێت. ئەمەیش مانای ئەوە ناگەیەنێت، کە داستان هیچ توخم و بنەمایەکی درامی لە خۆ ناگرێت یان دراما هیچ توخم و بنەمایەکی داستان لە خۆ ناگرێت، زۆرجار ڕێک دەکەوێت دراما چەندین توخمی داستان لە خۆ دەگرێت، هەروەها داستانیش توخمی درامی، بەڵام ئەوەی سەخت و دژوارە، ئەوەیە دراما لە ستراکتور و چوارچێوەیەکی داستان و داستانیش لە فۆرمێکی درامیدا نەمایش بکەیت.

برێشت باسی درامایەکی داستانئامێز ناکات، بەڵکو باسی شانۆی داستان دەکات، شانۆ لە دیدی ئەوەوە دەبێت داستانی بێت. ئەمەیش بۆ برێشت کارێکی ئاسان نەبووە، بەتایبەتی ئەو فۆرمە شانۆییەی ئەو دەیویست بیکاتە شانۆی داستان مێژوویەکی دێرینی هەبووە و سەرەتاکانی دەگەڕێتەوە بۆ شانۆی گرێکی کۆن. هەر لەبەر ئەوە برێشت کەوتە داڕشتنی تیۆرێکی نوێ و تایبەتیش بەم شانۆ نوییەی خۆی، تیۆرێک پێناسەیەکی تری هونەر بەگشتی و شانۆ بە تایبەتی بکات و بنەماکانی ئەو شانۆیە بە شێوەیەک دیاری بکات، کە هیچ کەسێک لەوەوبەر نەی کردبێت.

گرینگترین جیوازییەکانی شانۆیەکی درامی و شانۆیەکی داستانئامێزیش لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کۆدەبێتەوە:

شێوازەکانی دراما بۆ شانۆ شێوازەکانی داستان بۆ شانۆ
١-ڕووداوەکان ڕوودەدەن ١- ڕووداوەکان دەگێردڕێنەوە
٢- بینەران دەخرێنە چوارچێوەی ڕووداوەکانەوە، کە لەسەر شانۆ ڕوودەدەن ٢- بینەران دەکاتە چاودێر
٣-بینەران لە چالاکی و بەشداری دەخات ٣-بینەران دەکاتە تووخمێکی بەشدار
٤-هەست و سۆزی دەوروژێنێت ٤-ناچاری دەکات هەڵوێست وەربگرێت
٥-ئەزموونێکی زیندووە ٥-وێنەیەکی جیهانە
٦-بینەران هاوسۆزی ئازار و ژانی کارەکتەرەکان دەکات ٦-بینەران ڕووبەرووی دەبێتەوە و شیکاری بۆ دەکات
٧-مرۆڤ گۆڕانکاری قبول ناکات ٧-مرۆڤ گۆڕانکاری قبول دەکات و دەیگۆڕێت
٨-دیمەنەکەکان پەیوەستن بە یەکەوە ٨-هەموو دیمەنێک یەکەیەکی تایبەتمەندی هەیە
٩-هزر بوون دیاری دەکات ٩-بوونی کۆمەڵایەتی هزر دیاری دەکات
١٠-هەست باڵا دەستە ١٠-هۆش باڵادەستە

                

برێشت بۆ تەکنیک و چەمکەکانی نامۆبوون کاریگەری شانۆی سەردەمە دێرینەکانی بەسەرەوە بووە، بە تایبەتیش شانۆی ژاپۆنی، شانۆی ئیسپانی کلاسیکی، شانۆی ئێلیزابێسی و فۆرمەکانی شانۆی میللیی. برێشت ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە (شانۆی ژاپۆنی لە بەکارهێنانی جووڵەکانی دەستدا، گەیشتۆتە ئاستێکی بەرز. ئەکتەری ژاپۆنیش “کاریگەرییەکانی نامۆبوون” بەهۆی توانا بێ سنوورەکانییەوە لە چاودێری، بە شێوەیەکی ئاشکرا لە بەرامبەر چاوی بینەراندا بۆ خودی جووڵانەوەکانی بەدەست دەهێنێت.) ئەکتەری ژاپۆنی و چینی هەستەکان دەگوێزنەوە بێ ئەوەی خۆیان هەستئامێز (عاطفی) بن. برێشت لە ساڵی ١٩٣٧دا باسێک بەناوی (چەمکەکانی نامۆبوون لە هونەری نواندنی ژاپۆنیدا) دەنووسێت و هەوڵ دەدات هێڵە هاوبەشەکان و شێوەی بەرجەستەبوونی چەمکی نامۆبوون لە هونەری نواندنی ژاپۆنیدا بدۆزێتەوە و ئاوێتەی چەمکە هونەرییەکەی خۆی بکات. ئەمە جگە لەوەی ئاوڕێکی بە هەندی لە ڕێباز و تەکنیکە شانۆییەکەی مایرهۆڵدیش داوەتەوە و سوودێکی زۆری لێ وەرگرتووە.  برێشت هەر لەژێر ئەم کاریگەریانەدا چەندین تەکنیکی نوێ و تایبەتی بۆ نواندنی ئەکتەر و هونەری نواندن، بۆ بەرجەستەکردن و دەستەبەرکردنی چەمکەکانی (نامۆبوون) دەخاتەڕوو، لەوانە: ڕزگارکردنی تەختەی شانۆ و هۆڵی نەمایش لە هەموو شتێکی (ئەفسوونی) و شکاندنی هەموو وەهم و بوارە موگناتیسییەکان بە مەرجێکی گرینگ دادەنرێت بۆ بەرجەستەکردنی (کاریگەرییەتی نامۆبوون). برێشت دەڵێت، پێویستە ڕووناکییەکی بەهێز سەر شانۆ و هۆڵی بینەرانیش ڕووناک بکاتەوە، چونکە تاریککردنی سەرتەختەی شانۆ و هۆڵی بینەران وا دەکات بینەران یەکتر نەبینن و دۆخێکی ترسئامێزیش دێنێتە ئاراوە. یەکێک لە ئامڕازە تەکنیکییەکانی تریش ئەوەیە، کە هەندێک لە ناوی دیمەنەکان، وێنەی کارەکتەرەکان، دەقی گۆرانییەکان لەسەر شاشە و پلاکاتی گەورە بۆ بینەران پێشان بدرێت. کاتێک ئەکتەر نواندن بۆ کارەکتەرێک دەکات، پێویستە بە تەواوی نەچێتە ناو ڕۆڵەکەیەوە و هەر لە دەستپێکەوە هەوڵ نەدات تێکەڵی (کارەکتەرەکە) بێت؛ ئەکتەر دەبێت ڕۆڵەکەی ببینێت، لەگەڵ ئەوەیشدا دەبێت لەم ڕۆڵە دووربکەوێتەوە و نەچێتە ناویەوە، بەڵکو تەنیا نەمایشی بکات و شیبکاتەوە، بەمانای ڕۆڵەکەی وا ببینێت، کە نایبینێت. ئەگەر ڕۆڵی هاملێت ببینێت، دەبێت پێمان بڵێت، من هاملێت نیم و ناشمەوێت هاملێت بم و داوای ئەوەیش لە ئێوە ناکەم وەک هاملێت وابن، بەڵکو کارەکتەرەکەتان بۆ نەمایش دەکەم و ئەوەتان پێ دەڵێم هاملێت بەم شێوەیە بووە، من تەنیا بۆتان ڕوون دەکەمەوە، نەک ڕۆڵی ئەو ببینم. ئەکتەر بەرلەوەی بیر لە (ڕۆڵ)ەکەی خۆی بکاتەوە، دەبێت بیر لەوە بکاتەوە، کە چ شتێک تووشی سەرسوڕمانی دەکات و چ شتێکیش دەبێتە هۆکاری بەرپەرچدانەوە، ئەمانە ئەو ڕاستیانەن، کە دەبێت لەکاتی نواندندا دەربکەون و لە کارەکەدا ڕەنگ بدەنەوە. دەبێت ڕاڤەکردنی رۆڵ لە هەمان کاتدا ڕاڤەکردنی بابەتەکەیش بگرێتەوە، بە گوزارشتێکی ڕاستتر، لە خودی ڕاڤە و شرۆڤەکردنی بابەتەکەوە دەست پێ بکات، نەک ڕۆڵەکە: (چی بەسەر پاڵەوانەکەدا دێت؟ چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕووداوە هەنووکەییەکان دەکات؟ چۆن هەڵسووکەوت دەکات؟ ڕووبەرووی چ جۆرە بیر و باوەڕێک دەبێتەوە؟… هتد.) دەبێت ئەکتەر بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و سەربەست ڕووی لە بینەران بێت و شتێکیان بۆ بگێڕێتەوە؛ ئەو گێڕانەوەیەیش بکرێتە بنەمای هەموو کردارەکانی. لە کاتێکدا ئەکتەر بەم شێوە سەربەست و ڕاستەوخۆیە ڕووبەرووی بینەران دەبێتەوە، ڕێگا بۆ کارەکتەرەکەیشی دەکاتەوە، کە بدوێت و بجووڵێتەوە. بێگومان بەمەیش دەبێتە گێڕەرەوەی ئەو ڕووداو و کارەکتەرانە، هەروەها کارەکتەرەکەیش لە ژێر چاودێری بینەراندا دەمێنێتەوە و ملکەچی جۆرە تاقیکردنەوەیەکیش دەبێت. هەموو شتەکانی ئەم تەکنیکەیش لەم دوو وشەیەدا چڕ دەبێتەوە (بەم شێوەیەنا… بەڵکو بەوشێوەیە). لەبەر ئەوە ڕێگا بە ئەکتەر نادرێت، کە بە تەواوی لەگەڵ کارەکتەرەکەیدا تێکەڵاو ببێت و بچێتە ناو ڕۆڵەکەیەوە. ئەو (لیر) نییە، هەروەها (شڤایک)یش نییە، بەڵکو ئەو کەسانە نەمایش دەکات، ئەو بیروباوەڕەکانی ئەوان تا ئەو ئاستەی بکرێت، بەشێوەیەکی سرووشتییەوە دەگۆێزێتەوە. بە هیچ شێوەیەک ناکرێت و نابێت ئەوە پێشانی خۆی یان کەسانی تر بدات، کە بە شێوەیەکی تەواو چۆتە ڕۆڵەکەیەوە. لەسەر ئەکتەر پێویستە هەموو ڕووداوێک لە بوارە مێژووییەکەی خۆیدا پێشان بدات و لەنێو ڕەهەندی ئەم ڕووداوانەوە، پەیوەندییەکانی مرۆڤ لەنێو یەکتریدا کۆبکاتەوە. ئەم پەیوەندییانەی نێوان مرۆڤیش تەنیا مۆرکێکی گشتی لە خۆ ناگرێت، بەڵکو بەوەیش جیا دەکرێتەوە، کە خاوەنی سیما و سیفاتی تایبەتمەندی خۆیەتی و دەکەوێتە ژێر ڕەخنەی سەردەمێکی تریشەوە. پێشکەوتنە بەردەوامەکانیش وامان لێ دەکەن، بە چاوێکی نامۆبوونەوە بڕوانینە هەڵسوکەوتی سەردەمەکانی پێش خۆمان. شتێکی ئاسایشە، کە برێشت ڕێبازە نوێیەکەی لە هەموو پێکهاتە و بوارەکانی نەمایشی شانۆیدا بەرجەستە بکات: دەق، هونەری نواندن، سینۆگرافیا، ڕووناکی و هونەری دەرهێنان تا بتوانێت گەورەترین کاریگەری بەسەر بینەرەکانییەوە هەبێت. هزری برێشت بۆ تەختەی شانۆ لەوەدا کۆ دەبێتەوە، کە توانایەکی گەورەی لە نووسینی (زمانێکی جووڵەئامێز)دا هەبووە و وشە و دێڕەکان توانای ئەوەیان هەیە، کە ڕەوشە سەرەکییەکانی قسەکەر (ئەکتەر) بگوێزنەوە و بەرجەستەیان بکەن.

لەسەر هونەری دراما و شانۆی هاوچەرخ پێویستە، ئەو واقیعەی ململانێی چینایەتی تێدایە، بخاتە بەردەمی بینەرەکانی، بێئەوەی تۆسقاڵێک لە توندوتیژی ئەم ململانێیە کەم بکاتەوە. برێشت ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە لە سەردەمی ئێستادا، تێگەیشتنی بینەر بۆ کارە هونەرییەکان و کاردانەوە و هاوسۆزی لەگەڵ پاڵەوان، بەهەمان شێوەی ئەو زەمەنە نییە، کە ئەریستۆی تیا ژیاوە، چونکە بینەری ئەمڕۆ پێویستە لە دونیای سەرمایەداریی و ململانێی چینایەتی بگات و لەم ڕوانگەیەوە کاردانەوەی بۆ هونەر و شانۆ هەبێت.

برێشت لەم کتێبەدا، ڕەوتە ئەزموونگەرییەکانی شانۆی ئەوروپی لە دوو ئاڕاستەدا کۆدەکاتەوە (یەکێکیان کاریان لەسەر مەسەلەکانی چێژ کردووە و ئەویتریان لەسەر مەسەلەکانی فێرکردن) ئەوەیش دووپات دەکاتەوە، کە ئەزموونەکان جیاوازن و نەشیانتوانیووە بگەنە هیچ ئەنجامێکی یەکگرتوو و دیارکراو، هەرلەبەر ئەوە ناتوانین ئەم سەردەمە بە کۆتایی ئەزموونەکان هەژمار بکەین. ئاڕاستەکانیش هەندێک جار تێکەڵاو دەبن، بەڵام دەکرێت بەشێوەیەکی تایبەتی و جیاواز لە هەردووکیان بڕوانین. (دەکرێت لەژێر ڕەوش و هەل و مەرجی دوو جۆر کاردا، لە هەریەک لە بەرەوپێشەوەچوونی ئەم دوو ئاڕاستەیە بڕوانین: چێژ و فێربوون. ئەمەیش مانای وایە شانۆ چەندین هەوڵی پشکنینی داوە، کە لایەنی چێژ تیا بەهێز بووە، هەروەها ئەزموون و پشکنینی تر، کە ئاستی چەمکەکانی تێگەیشتنی بەرز کردۆتەوە.)

برێشت بەشێکی تری لەم کتێبەی بۆ گفتوگۆ و شەنوکەوکردنی سیستێمەکەی ستانیسلاڤسکی (١٨٦٣ – ١٩٣٨) تەرخان کردووە و ڕووبەڕووی شانۆ داستانییەکەی خۆی دەکاتەوە و بەراوردکارییەکی هونەری و هزرییان بۆ دەکات. برێشت ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە سرووشتێکی سۆفیزم و چەمکێکی پیرۆز فەرهەنگی سیستێم و شانۆکەی ستانیسلاڤسکی لە خۆ گرتووە؛ دەروونی مرۆڤ لەم شانۆیەدا تا ئاستێکی بەرز لە مەسەلە دینییەکان نزیک دەبێتەوە و هونەر دەبێتە ریتواڵێکی دینی و شێوێکی خواوەندی و سیحرکردن لە بینەران. ئەمە جگە لەوەی، کە (وشە) واتە دەقە شانۆییەکان، بەجۆرە سۆفیزمێک بارگاویکراوە و بەرگێکی پیرۆزی وای لە خۆ گرتووە، کە بە هیچ شێوەیەک شایەنی گۆڕین و دەستتێوەردان نییە. ئەکتەریش بۆتە (دەستوپێوەندی هونەر)، هەروەها ڕۆڵی هونەر تەموومژاوییە و بە هیچ شێوەیەک کردەیی نییە، هەموو شتێک لەم پرۆسە شانۆییەدا، لە جووڵەیەکەوە بۆ ئاشکراکردنی شتێک تا جووڵانەوە گەورەکان، پێویستیان بە هۆکارێک هەیە. بینەرانیش جۆرە پەیوەندییەکیان بەدەست هێناوە، وەک ئەوەی قوتابی مەسیح بن. شانۆکەی ستانیسلاڤسکی بە بۆچوونی برێشت نوێنەری ترۆپکی شانۆیەکی بۆرژوازییە، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە ستانیسلاڤسکی زۆر شتی فێرکردووین، بۆ نموونە گەوهەری شیعری لە شانۆنامەکاندا؛ ستانیسلاڤسکی لە ڕێگای کارە هونەرییەکانییەوە توانیویەتی چەمک و دیدە شیعرییەکانی لە نەمایشەکاندا بپارێزێت و لە شتی ڕووکەش دووربکەوێتەوە. ستانیسلاڤسکی ئەوەی فێری ئەکتەرەکانی کردووە، کە نواندنی شانۆیی بەهایەکی کۆمەڵایەتی هەیە. شانۆی (هونەریی مۆسکۆ) شانۆیەک بووە، کە بە هزر و بیروباوەر دەوڵەمەند بووە و گرینگی داوە بە چارەسەرکردنی هەموو وردەکارییەکان. ستانیسلاڤسکی لە چڕی و ئاڵۆزی ژیانی کۆمەڵایەتی گەیشتووە و هەر لەبەر ئەوەیشە، کە توانیوویەتی سەرلەنوێ وێنەی ئەو ژیانە، بێ ئەوەی تیا بزر بێت، بکێشێتەوە. (هەموو کارەکانیشی لە بواری دەرهێناندا پەردە لەسەر شتە گەوهەرییەکان هەڵدەماڵێت.)

جیاوازییەکانی برێشت و ستانیسلاڤسکی زیاتر لە قۆناخە بەرزەکانی پرۆسەکەدا دەردەکەون، بۆ نموونە لە قۆناخی بەرجەستەکردنێکی واقیعی کارەکتەر لەلایەن ئەکتەرەوە. ئەم مەسەلەیەیش پەیوەندی بە هۆشیاری ئەکتەرەوە لەسەر شانۆ هەیە، چۆن؟ ستانیسلاڤسکی زنجیرەیەک ئامڕاز دەخاتە بەر دەست ئەکتەرەکانی، کە یارمەتییان دەدات هۆشیاریی خۆیان لە دەست بدەن یان بیگۆرن بە هۆشیاری ئەو مرۆڤەی دەیانەوێت لەسەر شانۆ بەرجەستەی بکەن. برێشت یەکێک لە جیاوازییە سەرەکییەکانی خۆیی و ستانیسلاڤسکی بەم شێوەیە باس دەکات: (گرینگترین شت لەلای ستانیسلاڤسکی لە کاتی خۆ ئامادەکردنی نەمایشەکانیدا، ئەکتەرە، بەڵام سەبارەت بە من، ئەوەی لە کاتی ئامادەکردنی نەمایشدا گرینگە، نووسەری شانۆنامەکەیە.) برێشت مەبەستی ئەوەیە، کە مەشق و ئامادەکارییەکانی ستانیسلاڤسکی لە ئەکتەرەوە بۆ ئەکتەرە، بەڵام برێشت لە شانۆنامەکە و پێداویستییەکانییەوە دەست پێ دەکات. چیرۆکی شانۆنامەکە، بەمانای ئەوەی لەنێوان خەڵکیدا ڕوودەدات و بڕوای بەو بابەتە هەیە بۆ بینەران، بۆ ئەوەی (گفتوگۆ بکات، ڕەخنە بگرێت و گۆڕانکاری بکات.) لە کاتێکدا شانۆکەی ستانیسلاڤسکی بە دیواری چوارەم بەربەستێکی بەهێز لە بەینی شانۆ و هۆڵی بینەراندا دروست دەکات، برێشت هەموو شتێک: هونەری ڕووناکی و سینۆگرافیا و مۆسیقا بۆ ڕووخانی ئەو دیوارە بەکاردەهێنێت و هەموو شتێک دەخاتە خزمەتی دیدە داستانییەکەی شانۆ و پێداویستییەکانی بەرجەستەکردنی چەمکەکانی (نامۆبوون) و پەیوەندییەکانی تەختەی شانۆ و هونەری نواندن و ئەکتەر و بینەران و هۆڵی شانۆکەوە. (دەبێت ئەم شانۆیە سرووشتێکی بزۆزی هەبێت، قووڵاویی شانۆ بە شاشەیەک ئامادەبکرێت و ئۆرکێسترای مۆسیقایش لەم لاو ئەولای شانۆکەوە جێگایان بۆ بکرێتەوە.) لە ڕووی کردەییەوە مۆسیقا گرینگە، چونکە یارمەتی ئەکتەر دەدات مانا شاراوە کۆمەڵایەتیی و سەرەکییەکان، لە ڕووی هەموو پەیوەندی ڕووداوەکانی شانۆنامەکەوە بخاتە ڕوو. ساپیتەی شانۆکەی برێشت بە پێچەوانەی شانۆی واقیعی و سیستێمەکەی ستانیسلاڤسکییەوە، دەکرێتە بنەمایەکی پڕ لە جووڵە و بزۆز بۆ ئامادەکردنی هەموو گۆڕانکارییەکان، بیر لەوەیش بکرێتەوە تەختەی شانۆکەیش بگوێزرێتەوە بۆ ناوەڕاستی هۆڵی بینەران. ئەمەیش لەلای ستانیسلاڤسکی شتێکی نەویستراو بووە.

شانۆ بە پێی هزر و بیروبۆچوونەکانی برێشت، وێنەیەکی جیهانمان پێشکەش دەکات، جیهانیش بە پێی ئەو یاسایانەی، کە تا ئێستا بەشێوەیەکی تەواو شاراوە و نادیارن، لە گۆرانکاری دایە، لەبەر ئەوە دەبێت ئامادەکردنی شانۆ و سینۆگرافیا و پێکهێنەرەکانی تری نەمایش لە گۆڕانکاریەکی بەردەوامدا بن. گۆڕانکارییەکانی جیهانیش تەنیا هەر ئەکتەر، دەرهێنەر و ئامادەکاری سینۆگرافیا ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو بینەرەیش کە چاودێری ئەم گۆڕانکارییانە دەکات و بەشداری و ڕووبەرووی هەڵوێستەکان دەبێتەوە، دەگرێتەوە. لەم سینۆگرافیایەدا تەنیا بەرجەستەکردنی دیدی جیهان گرینگ نییە، ئەوەی گرینگە ئەوەیە تا چەند دەتوانێت یارمەتی بینەر بدات لە جیهان بگات. لەبەر ئەوە هونەرمەندی سینۆگراف، کە پەیوەندییەکی بنەڕەتی و سەرەکی بە دیدی دەرهێنان و هونەری نواندنەوە هەیە، دەبێت لە بۆچوونێکی ڕەخنەئامێزی پڕ لە گۆڕانکارییەوە کاربکات و ئەم دیدە بزۆز و پڕ لە گۆڕانکارییەیش لە خزمەتی بینەراندا بێت. (لەسەر سینۆگراف پێویستە، کە هیچ شتێک تا کۆتا لەسەر شوێنێک دانەنێت، هەروەها لەسەریشی پێویستە، کە بێ هۆ جێگۆڕکێی پێ نەکات یان شوێنی شتێک بگۆڕێت، لەبەر ئەوەی ئەو وێنەی جیهانمان پێشکەش دەکات، جیهانیش بە پێی ئەو یاسایانەی، کە تا ئێستا بە شێوەیەکی تەواو و کۆتایی ئاشکرا نەبوون، لە گۆرانکاریدایە. لەگەڵ ئەوەیشدا گەشەی جیهان تەنیا نەخشەکێش و سینۆگراف نایانبینێت، بەڵکو ئەوانەیشی لە ناو هۆڵی نەمایشدا چاودێری دەکەن، ئەوەی ئەو سینۆگرافە دروستی دەکات، دەبینن. تەنیا ئەوەیش گرینگ نییە، کە سینۆگرافەکە جیهان دەبینێت، بەڵکو ئەوەیش گرینگە تا چەند دەتوانێت ئەم بینینە یارمەتی بینەران لە تێگەیشتنی جیهان بدات.)

ئامێرەکانی مۆسیقا و جەستەی ئەکتەریش، بەبۆچوونی برێشت گرینگترین توخمەکانی سینۆگرافیان. باشترین ڕێگا بۆ بەرجەستەکردن و دروستکردنی سینۆگرافیا، ئەوەیە هاوشانی پرۆسەی خوڵقاندن و پرۆڤەی ڕۆژانەی ئەکتەرەکان و لە کۆتایی ڕۆژانی پرۆڤەدا، تەواو ببێت. ئەمەیش مانای وایە، کە ئەو سینۆگرافە بە بەردەوامی سینۆگرافیاکەی لە ئەنجامی ئەو مەشق و پرۆڤانەی ئەکتەرەکان دەیکەن، تاقی دەکاتەوە و بۆچوونی ئەکتەرەکانیش، کە بەشێکی سەرەکی گەمەکەن، لە خودی پرۆسە شانۆییەکەدا، بە شێوەیەکی کردەیی دەبنە زەمینەیەکی لەباری کردنەوەی نهێنی و چارەسەرکردنی لایەنەکانی سینۆگرافیاکە.

نابێت سینۆگرافیا ئەو وەهمە لەلای ئەکتەر دروست بکات، کە ئەو لە دنیایەکی واقیعیدا دەسوڕێتەوە، بەڵکو ئەوەی بۆ دووپات بکاتەوە، کە ئەم شانۆیەی ئەو کاری تیا دەکات ڕاستییە. لەبەر ئەوە سینۆگرافیا دوو لایەنی هەیە و ئەم دوو لایەنە، وەک دوو توخم و دوو کەرەسە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، لە هەمان کاتدا کاریگەریشیان بەسەر یەکترییەوە هەیە؛ سینۆگرافیا وەکوو لایەنە بینراوەکە لە بینەرانەوە، لە هەمان کاتدا دەبێت لەلایەن ئەکتەرەکانیشەوە ببینرێت. یەکێک لە بنەما گرینگەکانی ئەم سینۆگرافیایەیش ئەوەیە، کە لە ئامڕاز و توخمی بزۆز دروست بکرێت، ئەمەیش تەنیا بۆ ئەکتەر کارئاسانی ناکات، بەڵکو ئەم گۆرانکاری و جووڵانە بەردەوامە، کە دەچێتە بنەماکانی سینۆگرافیاوە، ڕێگاخۆشکەریش دەبێت بۆ چارەسەرە ڕاستەوخۆ تەکنیکییەکان و بینەرانیش دەخاتە بارودۆخێکی پڕ لە چاوەڕوانی و چاودێری ووردی بەردەوامەوە. پێویستە شانۆ زمانی تایبەتی خۆی هەبێت، زمانێکی شانۆیی، زیندوو و جۆراوجۆر، بەڵام ئەم زمانە پێویستە ئەو هەل و مەرجەی تیادا بێت، کە توانای گۆڕانکاری هەبێت.

کە برێشت و هێلینە ڤایگل لە دوای جەنگەوە لە بەرلینی ڕۆژهەڵات جێگیر دەبن، دەست بەجێ دەکەونە تەقەلای بەدەستهێنانی شانۆیەکی تایبەت بە خۆیان، بەرئەنجامی هەوڵەکانیشیان لە ساڵی ١٩٤٩دا بە دامەزراندن و کردنەوەی (بەرلین ئەنسێمبل) کۆتایی پێ دێت. ئەم شانۆیە ئەو دەرفەتەی بۆ برێشت ڕەخساند، کە تیۆرەکانی بخاتە بواری پراکتیکەوە، بۆ ئەم مەبەستەیش کۆمەڵێک ئەکتەری تایبەت بەخۆی، کە جەنگ پەڕەوازەی کردبوون، کۆبکاتەوە. یەکەم پرۆژەیشیان، کە دوای گەڕانەوەیان نەمایشی دەکەن، شانۆنامەی (دایکە ئازا) دەبێت و سەرکەوتنێکی گەورە بە دەست دەهێنێت. دروستکردنی ئەم گروپە و لە ماوەیەکی کەمدا، بەر لە کۆچی دوایی برێشت لە ساڵی ١٩٥٦دا توانی وێنەیەکی بێ هاوتای (شانۆی داستان) و دید و دیما هونەرییەکانی، لە ڕوانگەی نەمایشەکانەوە بخاتە سەر شانۆ. برێشت بۆ ئەم مەبەستەیش کەوتۆتە نەمایشکردنی دەقەکانی خۆی و ئامادەکردنی هەندێک لە شانۆی کلاسیکی، هاوکات دەقی نووسەرانی هاوسەردەمی خۆیشی. برێشت لەم بارودۆخە نوێیەدا، دیمەنەکانی یەک لە دوای یەک لەگەڵ ئەکتەرەکانی و لە پرۆژەیەکی بەردەوامدا تاقی دەکاتەوە و سەرلەنوێ لە ژێر ڕۆشنایی مەشق و پرۆڤەکانیاندا شانۆنامەکان دادەڕێژێتەوە و گۆڕانکاری بەردەوام و هەندێک جار بنەڕەتیشیان تیادا دەکات.

برێشت لەم کتێبەدا، بەشێک بەناوی (ئۆرگانۆنی بچووکی لێکۆڵینەوە بۆ شانۆ) تەرخان دەکات. وشەکەیش (ئۆرگانۆن) لە بنەڕەتدا گرێکی کۆنە و بۆ نووسینە لۆژیکی و بنەما مەعریفەییەکان بەکارهاتووە، هەروەها مانای (ئامڕاز)یش دەگەیەنێت و زیاتر قوتابییەکانی ئەریستۆ بۆ مانای لۆژیک، وەک تێگەیشتنێکی زانیاری بەکاریان هێناوە، هاوکات وشەی ئۆرگانون بۆ کۆمەڵە لێکۆڵینەوەی لۆژیکی ئەریستۆیش بەکارهاتووە. بەڵام برێشت بەمەبەستی ڕێبازی لێکۆڵینەوە بەکاری هێناوە و بە یەکێک لە نووسینە هزرییە پێگەیشتووە ئێستاتیکییە تیۆرییە گرینگەکانی سەبارەت بە شانۆ دادەنرێت، ئەم لێکۆڵینەوەیە لە ساڵی ١٩٤٨دا لە سویسرا نووسراوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٤٩دا بڵاو کراوەتەوە. برێشت لەم (ئۆرگانە بچووکەدا) ڕاڤەیەکی تەواوی دەق و هونەری دەرهێنان و نواندن لە شانۆ داستانییەکەیدا دەکات و هەموو بنەما تیۆرییەکانی لە ڕووی سیاسیی و هونەرییەوە ڕوون دەکاتەوە، هاوکات بەم شێوەیە ئاماژەی بۆ ئەم نووسینە کردووە: (ئەم لێکۆڵینەوەیە شرۆڤەیەک سەبارەت بە شانۆ، لەسەردەمی زانستدا، لە خۆ دەگرێت.) برێشت، کە لێکۆڵینەوە بنەماییە گرینگە تیۆرییەکەی بە (ئۆرگانۆنی بچووک) ناوزەد دەکات، بەردەوامییەکە بۆ هەوڵە یەک لەدوای یەکەکانی ئەو بۆ ئەو شانۆ نوێیەی، کە بە شانۆیەکی نا ئەریستۆیی یان دژە ئەریستۆ، ئاماژەی بۆ کردووە. ناوەکە لێرەدا جۆرە لۆژیک و تیۆرییەکە، کە دژ بە هونەری دراما و شانۆی تەقلیدی بەکاردەهێنرێت. هەروەها برێشت لەم ئۆرگانە بچووکەدا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە (زۆر گرانە وێنای تیۆری نامۆبوونی شانۆ، لە دەرەوەی سنوورەکانی زانستێکی ئێستاتیکای دیاریکراوەوە بکەین.) ئەمە جگە لەوەی، چەندین جار ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە ئێمە پێویستمان بە شانۆیەکە تەنیا ئەو توانایەی نەبێت، هەست و هۆش و هزرمان لە پەیوەندییەکانی نێو مرۆڤ و لە بارودۆخە مێژووییەکاندا بورووژێنێت، بەڵکو بتوانێت ئەو هزر و بیروباوەڕەمان بەشێوەیەکی وا پێ بناسێنێت، کە شتێکی پێویستە بۆ گۆڕینی ڕەوش و بارودۆخە مێژووییەکان. بۆ نموونە دەڵێت: (ناکرێت مرۆڤ بەو شێوەیەی هەیە بمێنێتەوە، بەڵکو دەبێت بەو شێوەیە ببینرێت، کە دەبێت وا بێت. نابێت تەنیا لەو ڕاستییەوە بەرەوپێشەوە بڕۆین، کە دەڵێت بەوشێوەیە، بەڵکو لەو خاڵەوە، کە دەڵێت پێویستە وا بێت. ئەمەیش ئەوە ناگەیەنێت، بە ساکاری خۆم بخەمە جێگای ئەوەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، دەبێت خۆم بخەمە هەمان ئاستەوە و رووبەرووی ببمەوە. لەم ڕەوشەدا بە ناوی هەموومانەوە هەڵسوکەوت بکەم، لەبەر ئەوە لەسەر شانۆکەمان پێویستە، هەموو ئەو شتانەی نەمایشیان دەکات، نامۆ بکات.)

برێشت لە دوا ساڵەکانی تەمەنیدا، کەمتر لە چەمکەکانی شانۆی داستان دەدوا، لە بری ئەوە باسی شانۆی دیالێکتیکی دەکرد، ئەمەیش وەنەبێت چەمک و زاراوەیەکی تازە بووبێت بۆ ئەو، بەڵکو هەر لەسەرەتای سییەکانەوە، لە پاڵ شانۆی داستاندا باسی لە شانۆی دیالێکتیکیش کردووە. بەڵام لە ساڵەکانی کۆتایی ژیانیدا، زیاتر دوو پاتی ئەم چەمکە دەکاتەوە و ئاماژەیش بۆ ئەوە دەکات، کە شانۆی دیالێکتیکی مانای پرۆسێسێکی بەردەوام و تەواو نەبوو دەگەیەنێت، تەواو نەبوو لەو ڕووەوەی، کە پڕۆژەکە لە پرۆسەیەکی بەردەوامی قووڵبوونەوە و گەشەکردن و بونیادنان دایە. هەر لەبەر ئەوە برێشت لە دوا بەشەکانی ئەم کتێبەدا، باسی پەڕینەوە لە شانۆی داستانییەوە بۆ شانۆی دیالێکتیکی دەکات: (ئێستا هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوات، کە لە شانۆی داستانەوە بچینە سەر شانۆی دیالێکتیکی. شانۆی داستان، وەکوو چەمکێکی ئێستاتیکی، لە ڕوانگەی ئێمە و بە پێی تێگەیشتنی ئێمە، بە هیچ شێوەیەک نامۆ و دورەوپەڕێز نەبووە لە دیالێکتیکەوە، شانۆی دیالێکتیکی بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت دەستبەرداری تووخمی داستان بێت. لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا ئێمە مەبەستمان ئەوەیە، کە پێویستە بە شێوەیەکی درکپێکراو شتەکان ڕێک بخرێنەوە.) برێشت ئەم پەڕینەوەیە بە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی شتەکان، لەسەر ئاستەکانی درککردن بە قووڵی و فرە مەودا و فرە ڕەهەند و فرە مانا و گشتگری ناوزەد دەکات.


سەرچاوە:

برتولد بریخت، نظریة ألمسرح ألملحمی، ترجمە د. جمیل نصیف، عالم ألمعرفة، بیروت-لبنان

بە سویدی:

Tjäder, Per Arne, Fruktan, medkänsla och kritisk distans. Den västerländska dramateorins historia. 2000

Tjäder, Per Arne, Uppfostran, Underhållning, Uppror. En västerländsk teaterhistoria. 2008