نامهی نووسهر شێرزاد حهسهن
سڵاو دانا-ی برام.. سەرەتا دەمەوێت پیرۆزبایی شانۆگەرییەکانی ناو ” چیرۆکەکانی با”ت لێبکەم کە خەونی من بوو کە تۆ ئەم شاکارانە بنووسیت، بە هەق و بێ ریاکاری وەک ئەوە وایە من شانۆگەری نووسەرە پرۆفێشناڵەکان بخوێنمەوە کە مایەی سەرسامی و تێڕامانە و زێدە ئاسوودە بووم، دیارە بە شەرمەوە سەرنجەکانی خۆم دەنووسم کە وا بەرەو کۆتایی دەچم، بەلام ئاسان نییە بتوانم گەمارۆی مانا شاراوە و تێما سەنگینەکانی بدەم، من نیازمە کە دوو جاران بیخوێنمەوە و هەر واش دەکەم، شاکارن و گەوهەردارن دڵنیا بە… هەر لە برەودا بن و پڕ داهێنان بن، من یەک لەسەر چواری هەردوو چاوم رۆشنایی تیایە و نەشتەرگەریم کردووە، چونکە هەردوو پەردەی چاوم دڕان و زامار بوون کە پەیوەستە بە ئەو بۆکس و شەقانەی کە (حەسەن پۆلیس)ی باوکم کاتێک لە قومار دەیدۆڕاند و زەبری کوشندەی دەهاوێشت، چونکە دکتۆرەکە گوتی کە دەمێک ساڵە من وام، بەست لەگەڵ تەمەن هەڵکشاندا هەنووکە دەرکەوتووە، گرفتی ئەم نەشتەرگەرییەی کە لە ئەلمانیا کردوومە، دوو ساڵی دەوێت تا رۆشنایی پتر بگەڕیتەوە چاوەکانم، ئەوەیان خوێندنەوە و نووسینی زەحمەت کردووە بۆ من، بەڵام دکتۆرەکان دەڵین کە مەرجە دلنیا بم کە هێدی هێدی چاکتر دەبمەوە لەگەڵ تێپەڕینی رۆژگاردا.
دیارە کۆی شانۆگەری “غۆرێلا”ت بۆ دەنێرمەوە، کە ئیدی تەواو پاکنووسم کردووە، بەڵام سەبارەت بە نووسینەکەی جەنابت لە چەند شوێنێکدا بە {بۆڵد} دەستنیشانم کردووە کە دیارە ویستوومە ئەو دوو تا سێ شوێن هەیە بۆم دەستکاریی بکەیت وەک تۆ خۆت تێدەگەیت کە ئیشی چەند خولەکێکە،، وەک ناوی شانۆگەرییەکە، لەگەڵ چەند رستە و دەستەواژەیەک بۆ ئەوەی بە هەڵە نەڕوات ویستوومە خۆت راستیان بکەیتەوە . وەک گوتم خۆ خراپ نییە کۆی پێشەکەکییەکەی خۆت بخوێنیتەوە، (ئۆکەی) بدەیتێ، هیچ پێویست ناکات بەسەر خودی شانۆگەرییەکە دابچیتەوە چونکە من سەر لەنوێ دوو جار پێداچوومەوە.
دیسانەوە پیرۆزبایی “چیرۆکەکانی با”ت لێدەکەم و دەستەکانت دەگووشم و چاوەڕوانی شاکاری دیکەتم.. هەر بژین… دڵسۆزتان…شێرۆ
شێرزاد حەسەن
٢٧/٢/٢٠٢١