سه‌فه‌ر و شانۆ

ناوی کتێب: سه‌فه‌ر و شانۆ (چه‌ند سه‌فه‌رێک به شار و شانۆکانی دونیادا)

ناوی نووسه‌ر: دانا ڕه‌ئووف

بابه‌ت: سه‌فه‌ر و شانۆ

دیزاینی به‌رگ: بڵاوکراوه‌ی که‌پر

دیزاینی ناوه‌وه: شاڵاو حه‌بیبه

نۆبه‌ی چاپ: ١

بڵاوکراوه‌ی که‌پر کتێبی ژماره: ٥

ژماره‌ی سپاردن: له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کتێبخانه ‌گشتییه‌کان ژماره‌ی ()ی ساڵی ()ی پێ دراوه.


سه‌فه‌ر و شانۆ (چه‌ند سه‌فه‌رێک به شار و شانۆکانی دونیادا)

سەفەر ئەزموونە. ئەزموونی سەفەر مەودایەکی فراوان و قووڵ بە دید و تێڕوانینی مرۆڤ دەبەخشێت و مرۆڤیش هەر لە زەمەنە دێرینەکانەوە لە سەفەرێکی بەردەوامدا بووە. زۆرجار سەفەر دەبێتە سەرچاوەیەکی گرینگ بۆ نووسەر و هونەرمەندان و لە دەروازەکانی سەفەرەوە دیدی هونەری و تێگەیشتنی مرۆڤ و فۆرمەلەکردنی دونیایەکی گشتگر، دونیادیدەی هونەرمەند دەوڵەمەند دەکات.

بەڵام سەفەر لەلای ئێمە کیشوەرێکی تازە دۆزراوەیە و لەم سی چل ساڵەی دوایدا، بە تایبەتی لە شەڕی عێراق/ئێرانەوە، بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی ئێمە بە وڵاتانی ئەوروپادا بڵاو بوونەتەوە.

منیش وەک هەر تاکێکی ئەم میللەتە، کە لەسەرەتای نەوەدەکانەوە، لە وڵاتی سوید جێگیر بووم، سەفەرم بە پێداویستییەکی هەرە گرینگی ژیانم زانیووە. سەفەریشم بۆ هەر وڵاتێک، چ لە ڕۆژئاوا، چ له‌ ئاسیا و ئاسیای ناوەڕاست کردبێت، چەندە بە دوای شانۆی ئەم وڵاتانەدا گەڕابم، هێندەیش هەوڵم داوە خەڵکی ئەو وڵاتانە بدوێنم و وێنەیەکی تەواوی ئەو کۆمەڵگەیانەم لەلا دروست ببێت.

زۆرجار بە تەنها سەفەرم کردووە، بەڵام بۆ هەر شوێنێک ڕۆیشتبم، هاوڕێم هەبووە: لەهەموو شوێنێک وا دەزانم دەچمە ماڵی خۆم و لە هیچ شوێنێکیش هەست بەوە ناکەم، کە لە ماڵەوەم.

ئەوەی لەم سەفەرانەیشدا جێگای سەرنجە، خانووبەرە، پارک و سەرشەقامەکان نین، بەڵکو ئەوەی لەنێوان مرۆڤدا، لەسەر شەقامەکان، لەناو پارک، لە قاوەخانە و شانۆ و بارەکاندا ڕوودەدەن.